|
سلێمانی؛ رێوڕه‌سمی چله‌ی ماته‌مینی قوربانییه‌کان له سه‌رای ئازادی به‌ڕێوه‌ده‌چێت |
Saturday, March 26, 2011 |
(سبه‌ی):
پاش ئه‌نجامدانی رێوره‌سمی نوێژی هه‌ینی، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی به به‌شداری هه‌زاران که‌س له چین و توێژه جیاوازه‌کان له سه‌رای ئازادی سلێمانی، به‌رده‌وامی هه‌یه.
هاوکات تا دێت ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران و کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌که زیاتر ده‌بێت و خۆپیشانده‌ران سوربونی خۆیان له‌سه‌ر درێژه‌دان به خۆپیشاندان دوپات ده‌که‌نه‌وه، تا ئه‌وکاته‌ی ده‌سه‌ڵات به کردار وه‌ڵامی داواکارییه‌کانیان ده‌داته‌وه.
له لێدوانێکیشدا بۆ (سبه‌ی)، ناسک قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی سلێمانی رایگه‌یاند، که رێکه‌وتی 29/3/2011 رێوره‌سمی چله‌ی ماته‌مینی بۆ قوربانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، له دوای روداوه خوێناوییه‌که‌ی 17ی شوباتی شاری سلێمانییه‌وه، سازده‌که‌ن.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له چوارچێوه‌ی ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ئه‌و رێوره‌سمه، سه‌ردانی که‌سوکاری قوربانییه‌کان ده‌که‌ن و بۆچون و پێشنیاره‌کانیان وه‌رده‌گرن، تاوه‌کو به‌وشێوه‌یه‌ی ئه‌و‌ان ده‌یانه‌وێت، رێوره‌سمه‌که به‌ڕێوه‌بچێت.
ئاکام ئه‌بوبه‌کر |
|
|