Print
 بۆ پشتگیری خه‌ڵکی کوردستان، ره‌وه‌ندی کوردی له‌ نه‌رویج خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامدا
Saturday, March 26, 2011

(سبه‌ی):
تا دێت پشتیوانییه‌کان له‌ خه‌ڵکی کوردستان و خۆپیشاندانه‌کانیان به‌رفراوانتر ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جارێکی تر ره‌وه‌ندی کوردی له‌ وڵاتی نه‌رویج خۆپیشاندانیان کرد.
بە سەرپەرشتی کۆمیتەی پشتگیری لەخواستەکانی خەڵکی کوردستان/ نەرویج، دوێنێ (هه‌ینی) 25/3 ره‌وه‌ندی کوردی له‌و وڵاته‌ میتینگی نەورۆزی پشتگیرییان لەبەردەم پەرلەمانی نه‌رویج ئه‌نجامداو پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی ناوچه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕی.
له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی ره‌وه‌ندی کوردی به‌شدارییان تێدا کردو ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌، که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، تا ئه‌وکاته‌ی به‌ کرده‌وه‌ داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان جێبه‌جێده‌کرێت.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی خۆپیشاندانه‌که‌دا، کۆمیته‌ی پشتگیری بۆ داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، یاداشتێکیان له‌ ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و پشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی نه‌رویج کرد.

Sbeiy.com © 2007