Print
 به‌هۆی‌ وتارێكیه‌وه‌ له‌سه‌رای‌ ئازادی‌، له‌لایه‌ن ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ مامۆستا كامه‌ران عه‌لی‌ ماوه‌ی‌ دو رۆژه‌ ده‌ستگیركراوه‌
Monday, April 4, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دو رۆژ له‌سه‌ر وتارێكی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی ده‌ستگیركرا، له‌ دوێنێ‌ (سێشه‌ممه)‌‌‌شه‌وه‌ مامۆستا كامه‌ران عه‌لی‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی سه‌راوه‌ ده‌ستگیركراوه‌و دواتر راده‌ستی‌ ئاسایش كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی ناوبراو، مامۆستا مه‌حمو‌دی‌ ئازادی‌، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی زانایانی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند:  ئاسایش مه‌زبه‌ته‌ی‌ له‌سه‌ر مامۆستا كامه‌ران پڕكردوه‌ته‌وه‌و داویه‌تی به‌ دادگا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی سه‌راوه‌ ده‌ستگیركراوه‌و حاكمی‌ مه‌ده‌نی بینیویه‌تی.
وتیشی: بڕیاربو هه‌ر دوێنێ‌ ئازاد بكرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ وتویانه‌، ئیشی حاكمی مه‌ده‌نی ته‌واو بوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ بچێت بۆ لای حاكمی ئاسایش.
دوای‌ ئازادبونی له‌ 1/3 دا كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دو رۆژ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، مامۆستا كامه‌ران عه‌لی‌ به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند: ئه‌و كه‌سه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كردم، پێیوتم ئازادت ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی‌ نه‌چیته‌وه‌ به‌رده‌ركی سه‌را"، ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ وه‌ها مه‌رجێك رازی نه‌بو، رۆژێك دوای‌ ئازادكردنیشی رۆشته‌ ناو جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌رو پشتگیری‌ بۆ داواكانیان راگه‌یاند.
له‌سه‌ره‌تای‌ خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌كان له ‌سه‌رای‌ ئازادی‌، مامۆستا كامه‌ران له‌ وتارێكدا داوای‌ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌ به‌ جیهاد دایه‌ قه‌ڵه‌م.
به‌پێی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ مامۆستا مه‌حمودی‌ ئازادیش‌، له‌سه‌ر ئه‌و وتاره‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ناوبراو به‌ یاسای به‌ گژاچونه‌وه‌ی‌ تیرۆر دادگایی ده‌كرێت.
له‌ 9/3 شداو له‌ لێدوانێكدا بۆ (سبه‌ی)‌، مامۆستا كامه‌ران سه‌باره‌ت به‌و وتاره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌: ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رای ئازادی وتومه‌ كه‌ خۆپیشاندان جیهاده‌، ئێستاش ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوه‌رۆك و واتای جیهاد بكه‌یت، یان ئه‌گه‌ر ته‌رجه‌مه‌ی بكه‌ی بۆ كوردی، جیهاد به‌ مانای‌ خه‌باتكردن و تێكۆشان دێت بۆ ژیان یان بۆ دین، بۆیه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا كه‌سێك كه‌رامه‌ت و ماڵی داگیر كرابێت، هه‌ر هه‌وڵێك له‌و پێناوه‌دا بدات ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ جیهاده‌وه‌.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا‌: جیهاد هه‌یه‌ به‌ قسه‌ ده‌كرێت و هه‌شه‌ به‌ چه‌ك، خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری‌ مه‌یدانی‌ ئازادی سه‌راش كه‌ بۆ داواكردنی مافی زه‌وتكراوی خۆیانه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت؛ جوانترین شێوه‌ی جیهادو شه‌هامه‌ت و پیاوه‌تیه‌.
Sbeiy.com © 2007