Print
 كه‌لار؛ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی یه‌كێتیه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان و هاوڵاتیانی‌ خۆپیشانده‌ر
Monday, April 4, 2011
(سبه‌ی‌):
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ قه‌زای‌ كه‌لار، چوار چه‌كداری‌ ئاسایشی‌ قه‌زاكه‌ به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان و برینداریان كرد.
به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست (سبه‌ی)‌ كه‌وتوه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌‌ ئاسایش ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری‌ (مارسیدس)یان پێبوه‌و هاتونه‌ ناو جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ره‌وه‌و به‌ به‌رد په‌لاماری چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی گۆڕانیان داوه‌و له‌ ئاكامدا‌ (نه‌ریمان عه‌بدوڵا) و چه‌ند هاوڵاتیه‌كی خۆپیشانده‌ریان برینداریان كردوه‌.

به‌پێی‌ وته‌ی چه‌ند شایه‌تحاڵێك، هه‌مان ئه‌و ئۆتۆمۆبێله‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی هێناوه‌ بۆ ناو خۆپیشانده‌ران، دوای‌ هێرشه‌كه‌یان بۆسه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان، چوار كه‌سه‌كه‌ی‌ سواركردوه‌و بردونیه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی‌ خۆیان.
هێرشی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان له‌ كاتێكدایه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ كه‌لار له‌ رێو شوێنێكی توندی ئه‌منیدا به‌ڕێِوه‌ده‌چێت و چوارده‌وری‌ خۆپیشانده‌ران به‌ چه‌كدار ته‌نراوه‌.
به‌ گوێره‌ی‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرابكرێت، دوێنێ‌ (چوارشه‌ممه)‌ مه‌حمود سه‌نگاوی‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ و سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ ئابڵۆقه‌ی‌ ئازادیان خستوه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ یه‌كێتی‌، به‌ چه‌كداره‌كانی‌ وتوه‌، "له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێدا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر په‌رله‌مانتارانی گۆڕان و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ كه‌لاردا به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، به‌ كوژراوی‌ بنێرنه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌.


هاوكار ئازاد

Sbeiy.com © 2007