Print
 ئه‌مڕۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی گۆپته‌په ده‌چنه‌ ‌سه‌رای‌ ئازادی
Monday, April 4, 2011
(سبه‌ی‌):
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ گوندی‌ گۆپته‌په‌ به‌ڕێو ره‌سمێك له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بچنه‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌و پشتگیری‌ خۆیان بۆ داواكانیان ده‌رببڕن.
یه‌كێك له‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیده‌كانی‌ گوندی‌ گۆپته‌په‌ به‌ناوی‌ عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتگیری‌ له‌ خۆپیشانده‌ران و داواكانیان، بڕیارمانداوه‌ ئه‌مڕۆ بچینه‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، وه‌ك به‌ جێگه‌یاندنی ئه‌ركێكی نیشتمانی‌ له‌سه‌رشانمان.
وتیشی: ئه‌و ئازادیه‌ی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ شاروشارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوای‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ئازادیه‌یه‌ كه‌ شه‌هیده‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ پێناویدا كوژراون، بۆیه‌ له‌ ئێستادا هه‌ستده‌كه‌ین كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانین و ده‌توانین شانازی‌ به‌ خوێنیانه‌وه‌ بكه‌ین.
هاوكات ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌: مانه‌وه‌ی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ و به‌رده‌وامی‌ جه‌ماوه‌ر له‌ خۆپیشاندان له‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم، تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ هێنانه‌دی خه‌ونی كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان.

ئاری‌ لوقمان
Sbeiy.com © 2007