Print
 سلێمانی؛ رۆژنامه‌نوسان روبه‌ڕوی توندوتیژی بونه‌وه‌و ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کرا
Monday, April 4, 2011

(سبه‌ی):
له‌میانی پێکدادانی نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا له‌ نزیک فولکه‌ی ئاسکه‌کانی شاری سلێمانی، ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نوس له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ روبه‌ڕوی توندوتیژی بونه‌وه‌.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) له‌کاتێکدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر به‌ره‌و قائیمقامیه‌تی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی چون و داوای جێبه‌جێکردنی داواکاری خۆپیشانده‌رانیان کرد، به‌هۆی هه‌وڵدان بۆ بڵاوه‌ پێکردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ پێکدادان له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا دروستبو و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و پۆلیسی چالاکیه‌ مه‌ده‌نییه‌کان برینداربون.
له‌هه‌مانکاتدا بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌‌وه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کراو ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نوس ده‌ستگیرکران و ژماره‌یه‌کی دیکه‌شیان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڵاتییه‌ک روبه‌ڕوی لێدان و ئازاردان بونه‌وه‌.
له‌لای خۆشیه‌وه‌ ناسک قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی سلێمانی رایگه‌یاند: خۆپیشاندانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رای ئازادی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌و داوامان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌ که‌ هه‌ر له‌ سه‌رای ئازادی بمێننه‌وه‌و درێژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌کانیان بده‌ن.
پێشتریش د.هاوار حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی سلێمانی له‌ لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاندبو، (12) بریندار گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌که‌یان.

زمناکۆ ئیسماعیل

Sbeiy.com © 2007