Print
 سلێمانی؛ سه‌دان چه‌کدار له‌ سه‌رای ئازادی کۆکراونه‌ته‌وه‌
Saturday, April 9, 2011

(سبه‌ی):
له‌ شه‌ڕوپێکدادانه‌کانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) شاری سلێمانی دا ده‌یان که‌س برینداربون.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی، له‌ فولکه‌ی ئاسکه‌کان و مزگه‌وتی گه‌وره‌و نزیک قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێکدادان له‌نێوان ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا رویداو ماوه‌ی زیاتر له‌ 2 سه‌عاتی خایاند.
په‌یامنێرمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ هێزێکی زۆری پێشمه‌رگه‌و ئه‌منی بڵاوکرابونه‌وه‌و بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌رانیش ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کرد.
له‌ سه‌عات (05:00)ی ئێواره‌ به‌دواوه‌ هێزێکی زۆرو سه‌دان چه‌کدار له‌ سه‌رای ئازادی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری بڵاوکراونه‌وه‌و به‌وته‌ی چه‌ند شایه‌تحاڵێکیش، داوایان له‌ ژماره‌یه‌ک له‌ دوکانداره‌کانی ده‌وروبه‌ری سه‌رای ئازادی کردوه‌ دوکانه‌کانیان دابخه‌ن و ناوچه‌که‌ به‌جێبهێڵن.
هاوکات د.هاوار حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی سلێمانی له‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) وتی: 42 بریندار گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌که‌مان، که‌ سه‌رجه‌میان به‌ به‌رد و لێدان برینداربون و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌.
ئه‌وه‌شی وت: "هیچ بریندارێکی گوله‌ نییه‌و له‌نێو برینداره‌کانیشدا، رۆژنامه‌نوسێک و دو هاوڵاتی و 39که‌سله‌ پۆلیسی چالاکییه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هه‌یه‌".
له‌ هه‌مان کاتدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ریش به‌هۆی لێدان و به‌کارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ریان، برینداربون و له‌ترسی گرتن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌، نه‌چونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌.
چه‌ند شایه‌تحاڵێکیش ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، که‌ ئۆتۆمبێله‌ ئاوپرژێنه‌کانی پۆلیسی چالاکییه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ره‌نگیان تێکراوه‌و به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌کارهێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ره‌نگه‌ خۆپیشانده‌ران بناسرێنه‌وه‌و دواتر ده‌ستگیر بکرێن.

Sbeiy.com © 2007