Print
 شه‌هید سوركێو، سیمبولی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌
Wednesday, April 13, 2011

 
ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی‌

له‌ چركه‌ساتێكدا كه‌ بینه‌ر و بیسه‌ری‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن بوم ده‌رباره‌ی‌ ژیان و شه‌هیدبونی‌ سوركێو، له‌ته‌ك هه‌ر فرمێسكێكی‌ كه‌س و كاره‌كه‌یدا، منیش وه‌ك ئینسانێك كه‌ به‌قوڵی‌ ژانی‌ مرۆڤبون گرتبێتی‌ ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ هه‌ژاندمی.

ئه‌وه‌ی‌ ئێجگار گرنگه‌ و من له‌م به‌رنامه‌یه‌وه‌ گوێبیستی‌ بوم، ده‌نگی‌ سوركێوه‌ كه‌ له‌ ڤیدیۆیه‌كدا پیشاندرا، له‌وێدا و له‌ ساته‌كانی‌ به‌رله ‌شه‌هیدبونیدا، هاوار له‌هاوڕێیانی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و سه‌له‌ی‌ خۆڵانه‌ مه‌سوتێنن، ئه‌وانه‌ هی‌ شاره‌وانین".

هه‌ڵبه‌ت سوركێو لێره‌دا به‌ڕونی‌ نمایشی‌ كه‌سایه‌تی‌ خۆی‌ ده‌كات، ئێمه‌ له‌و وته‌یه‌ی‌ سوركێوه‌وه‌ ده‌توانین له‌و گه‌شه‌كردنه‌ ئه‌قڵی‌ و مه‌عریفییه‌ تێبگه‌ین، كه‌ سوركێو له‌وێدا تێیدا ده‌ژی‌، چونكه‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ له‌ ئاست نیشتمان و مرۆڤه‌كاندا مه‌رجه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ كه‌سێك بڵێین بونه‌وه‌رێكی‌ مرۆیی‌ ره‌سه‌ن و خاوه‌ن كه‌رامه‌تی‌ مرۆیی‌. به‌رپرسیاریه‌تی‌ ئه‌و به‌ڕاده‌یه‌ك گه‌وره‌ و قوڵه‌، كه‌ له‌بارودۆخێكی‌ وه‌ك ئه‌و چركه‌ساته‌ نائاساییه‌ی‌ هاواره‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌ گوێی‌ هاوڕێكانیدا ده‌دات، رێگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌گرێت په‌نا بباته‌ به‌ر سوتاندنی‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ژینگه‌پارێزی‌، كه‌ نه‌ تاوانباره‌ و‌ نه‌سوتاندنیشی‌ كه‌ڵكی‌ ده‌بێت بۆ وه‌دیهێنانی‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ی‌، كه‌ هه‌زاران سوركێوی‌ شۆرشگێڕ و به‌رپرسیاری‌ هێناوه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كانی‌ وڵاتی‌ پڕ له‌ غه‌در و تاوان. به‌ده‌ر له‌وه‌، ئه‌و تێگه‌یشتبو له‌وه‌ی‌ كه‌ تێكۆشانه‌ مه‌ده‌نیه‌كه‌ی‌ ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌یه‌ ژیانێكی‌ شكۆمه‌ندانه‌ و ئالیه‌تی‌ خزمه‌تكردنی‌ راسته‌قینه‌ بۆ مرۆڤه‌كان بهێننه‌ گۆڕێ‌، بێگومان سوركێو نه‌ك ته‌نها رێز له‌ مرۆڤه‌كان ده‌گرێت، به‌ڵكو ئه‌و رێزده‌گرێت و پارێزگاری‌ ده‌كات له‌ ژینگه‌ و هه‌مو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ش، كه‌ خزمه‌ت به‌ جوانڕاگرتنی‌ ئه‌و دونیایه‌ ده‌كات كه‌ مرۆڤی‌ تێدا ده‌ژی.
 
سوركێو به‌ قوڵی‌ دابڕاوه‌ له‌و سیسته‌مه‌ نائه‌قڵانییه‌ی‌ كه‌ ته‌واوی‌ دونیای‌ سیاسه‌ت و ئه‌و دونیایه‌ی‌ داگیركردوه‌، كه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ تێدا ده‌ژین، ئه‌م دابڕانه‌ ره‌هایه‌ زۆر به‌ئاسانی‌ ده‌ركی پێده‌كرێت؛ سوركێو ده‌ڵێ‌ :"ئه‌و شوێنخاشاكانه‌ مه‌سوتێنن، ئه‌وانه‌ هی‌ شاره‌وانین"، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر دونیابینی‌ سوركێودا، دونیابینی‌ ده‌سه‌ڵاتداران هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن : " ده‌ستتان ده‌بڕین"، دیاره‌ نه‌ك هه‌ر ده‌ستبڕین رق و ئه‌قڵی‌ به‌ربه‌ریانه‌ی‌ ئه‌وانی‌ تێرنه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌وان رۆحی‌ كۆمه‌ڵێك فریشته‌یان بڕی‌، هه‌روه‌ك چۆن ته‌یموری‌ له‌نگ ده‌ڵێت :"جوانترین دیمه‌ن له‌م جیهانه‌دا بینینی‌ فیچقه‌كردنی‌ خوێنی‌ گه‌ردنی‌ دوژمنه‌كانمه‌، له‌وكاته‌ی‌ شمشێره‌كه‌میان لێده‌ده‌م"، ته‌یموره ‌مۆدێرنه‌كانی‌ كوردیش هه‌مان حه‌ز و ئیستاتیكای‌ ته‌یمورله‌نگیان هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ك هه‌ر ناتوانن ئینسان بن، به‌ڵكه‌ زۆر به‌ ئاشكرایی‌ چونه‌ته‌ سه‌نگه‌ری‌ دژ به‌ سوركێوه‌كانه‌وه‌، كه‌ سیمبولی‌ مرۆڤگه‌لی‌ به‌رپرسیارن، بڕوام وایه‌ ته‌واوی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ و بنكردانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ چنگی‌ خۆیاندا ئه‌سیر كردوه‌، به‌درێژایی‌ هه‌مو مێژوی‌ خۆیان نه‌یانتوانیوه‌ رۆڵێكی‌ به‌رپرسیارانه‌ وازی‌ بكه‌ن كه‌ هاوتا بێت له‌ته‌ك تاقه‌ چركه‌ساتێكدا كه‌ سوركێو به‌ده‌نگێكی‌ شكۆمه‌ندانه‌ هاوارده‌كات –ئه‌وانه‌ مه‌سوتێنن .

بێگومان سوركێو له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌وه‌، هه‌م به‌ڵگه‌ی‌ مرۆڤبون و به‌رپرسیاریه‌تی‌ خۆی‌، هه‌م نابه‌رپرسیاری‌ و نا ئینسانیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ بۆ سه‌لماندین. ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ له‌ ته‌مه‌نێكی‌ هه‌رزه‌كاریدایه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پیاوه‌ پێگه‌یشتوه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، سوركێو زۆر ئه‌قڵانی‌ و به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك ده‌وروبه‌ریدا ده‌كات، ئه‌و نه‌ك هه‌ر ئاماده‌نه‌بوه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ ئینسان بكات، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بو كه‌ره‌سته‌یه‌ك و مادده‌یه‌كی‌ بێگیان بسوتێنێ‌، كه‌ بۆ سوركێو ئه‌وه‌ش مانا و ناوه‌رۆكی‌ ئینسانی‌ هه‌بوه‌. 

ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و دابڕانه‌ قوڵه‌ مه‌عریفی‌ و ئینسانییه‌ی‌ كه‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ‌ و به‌رپرسیار له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ و تاقم و بنه‌ماڵه‌ی‌ خۆسه‌پێنه‌ر به‌ته‌واوی‌ لێكجودا ده‌كاته‌وه.

Sbeiy.com © 2007