Print
 سه‌نته‌ری‌ میترۆ: زۆرترین پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر میدیای‌ ئه‌هلی‌ ‌و ئۆپۆزسیۆن بوه‌
Saturday, April 23, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا میدیاكان بونه‌ هه‌ده‌فی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و به‌پیچی‌ راپۆرتێكی‌ سه‌نه‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نوسان زیاتر له‌ 100 پێشێلكاری‌ ‌و هه‌راسانكردنی‌ میدیاكان تۆمار كراوه‌، له‌وانه‌ برینداركردن و ده‌ستگیركردن و لێدان و رێگریكردن و شكاندنی كامێرا و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی. له‌نێو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا، ده‌ستگیركردنی دانا به‌كر، به‌رپرسی به‌شی كامێرای كه‌ناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی ده‌ستگیكراوه‌ و تا ئێستا ئازادنه‌كراوه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بێده‌نگی حكومه‌ت و به‌رپرسان له‌ ئاست ئه‌و پێشێلكارییانه‌ مایه‌ی نیگه‌رانین و قابیلی قبوڵكردن نیین.
هاوكات ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ به‌(سبه‌ی‌) راگه‌یاند: كه‌ زۆرترین پێشێلكارییه‌كان به‌را‌مبه‌ر به‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌ ‌و ئۆپۆزسیۆن كراوه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ راپۆرته‌كه‌یه‌......
سلێمانی، 3ی نیسان، 2011: سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نوسان نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رده‌وامبونی پێشێلكاری به‌ رۆژنامه‌نوسان، كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا ده‌یان پێشێلكاری ئه‌نجامدراون. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بێده‌نگی حكومه‌ت و به‌رپرسان له‌ ئاست ئه‌و پێشێلكارییانه‌ مایه‌ی نیگه‌رانین و قابیلی قبوڵكردن نیین.
له‌ رۆژی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان له‌ 17ی شوباته‌وه‌ سه‌نته‌ری میترۆ زیاتر له‌ 100 حاڵه‌تی پێشێلكاری دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان تۆماركردوه‌ له‌وانه‌ برینداركردن و ده‌ستگیركردن و لێدان و رێگریكردن و شكاندنی كامێرا و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی. له‌نێو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا، ده‌ستگیركردنی دانا به‌كر، به‌رپرسی به‌شی كامێرای كه‌ناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی ده‌ستگیكراوه‌ و تا ئێستا ئازادنه‌كراوه‌.
هه‌روه‌ها رۆژی 15ی ئازار له‌ شارۆچكه‌ی سه‌ید سادق، له‌ كاتی خۆپیشانداندا هێرشكرایه‌ سه‌ر زانا عه‌لی په‌یامنێری KNN كه‌ به‌ پێی راپۆرتی پزیشكی په‌راسویه‌كی شكاوه‌ ‌و یه‌كێكی تریان درزی تێبوه‌. شه‌وی 25ی ئازار له‌ شاری رانیه‌ چه‌ند كه‌سێك هێرشیانكردوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ڵگورد ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری زنار، و به‌ فیشه‌ك برینداریان كردوه‌. رۆژی 1ی نیسان له‌ شاری سلێمانی، به‌ هۆی پیاكێشانی پارچه‌ بلۆكێكه‌وه‌ قاچی چه‌پی ئالان جه‌لال، كامێرامانی كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، برینداركراوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ تا ئێستاش له‌ماڵه‌وه‌ كه‌وتوه‌.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون. سه‌نته‌ری میترۆ داوا ده‌كات كه‌ به‌پرسان ده‌ستبه‌جێ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ بكه‌ن و رێنمایی بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ربكه‌ن كه‌ چیتر پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامنه‌ده‌ن، هه‌روه‌ها رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر هه‌مو كه‌سێك بگیرێته‌به‌ر كه‌ هێرش ده‌كاته‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان.
پاش ئه‌وه‌ی له‌ رۆژی 20 شوباتدا، سه‌نته‌ری میترۆ نزیكه‌ی 30 حاڵه‌تی پێشێلكاری دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان بڵاوكرده‌وه‌، له‌ راپۆرته‌دا كۆمه‌ڵێكی تر له‌و پێشێلكارییانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌نته‌ری میترۆ، به‌ هاوكاری كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، لێیان ئاگاداره‌.
داوا له‌ هه‌مو رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ین كه‌ بۆ تۆماركردنی پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان په‌یوه‌ندی به‌ سه‌نته‌ری میترۆوه‌ بكه‌ن.
سه‌نته‌ری میترۆ له‌ رێگه‌ی شه‌ریكه‌كانی له‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌رده‌وامبوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردن ‌و ئه‌نجامدانی دیدار سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ناله‌باری ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ سه‌نته‌ری میترۆ لێیان ئاگاداره‌:

• سه‌باح نوری‌، هه‌واڵساز له‌ رادیۆ نه‌وا، رۆژی‌ 19ی شوبات له‌ فلكه‌ی‌ ئاسكه‌كه‌ و له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ وه‌ك نێردراوی‌ رادیۆ، له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌س لێیدراوه‌، "ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لێیاندام چه‌ندین جل و به‌رگی‌ جیاوازیان پۆشیبو، به‌شێكیان پێشمه‌رگه‌ بون و جلی‌ كوردییان پۆشیبو، ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ش به‌ جل و به‌رگی‌ به‌رگری‌ شارستانییه‌وه‌ بون. جگه‌ له‌ لێدانێكی‌ زۆر كامێرا و میمۆرییه‌كه‌یان لێم برد، به‌ڵام دواتر هه‌ردوكیان گه‌ڕانده‌وه‌." هه‌روه‌ها رۆژی دواتریش له‌ له‌ فلكه‌ی‌ خانه‌قا و نزیك بانكی‌ كشتوكاڵ و له‌كاتی‌ روماڵكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لێیدرا، "له‌ ناو په‌خشی‌ راسته‌وخۆ بوم و قسه‌م ده‌كرد كاتێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاتن و منیان پاڵنا و لێیاندام."

• حه‌یدر عومه‌ر، وێنه‌گر له‌ ئاژانسی میترۆگرافی، وتی كه‌ رۆژی 19 ی شوبات، چه‌ند چه‌كدارێك میمۆری كامێراكه‌یان لێسه‌ندوه‌.

• هۆگر كه‌مال، له‌ رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ و رادیۆی مه‌ده‌نیه‌ت، وتی كه‌ رۆژی 19ی شوبات هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌ستگیریانكردوه‌و كامێراكه‌یان لێسه‌ندوه‌و پاشان بۆیان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

• شه‌وقی‌ كانه‌بی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشوی نوسینگه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ KNN له‌ شاری‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ راگه‌یاند كه‌ رۆژی‌ 20ی شوبات، له‌ رێگای‌ ناردنی‌ نامه‌یه‌ك بۆ ئیمه‌یڵه‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌. هه‌روه‌ها وتی كه‌ رۆژی 23ی ئازار نامه‌یه‌كی تری بۆ هاتوه‌و به‌ ناوی "گروپی گه‌نجانی هه‌ولێر"ه‌وه‌ جارێكی تر هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌.

• شه‌وی 20ی شوبات، نزیكه‌ی 50 چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی ئاسمانی نالیا و ته‌قه‌یان كرد له‌ ئامێره‌كانی په‌خش و پاشان ئاگریان له‌ ته‌واوی بینا سێ قاتییه‌كه‌ به‌ردا. له‌و هێرشه‌دا یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كان برینداربو.

• محه‌مه‌د هاشم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌ناڵی‌ ناوخۆیی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ وت كه‌ رۆژی 20ی شوبات، به‌ چه‌ند ژماره‌یه‌كی جیاواز له‌ رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تی پێكراوه‌، "داوایان لێكردم هه‌ولێر به‌جێبهێڵم و بچمه‌ سلێمانی، چونكه‌ به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ ئه‌وان گێره‌شێوێنم. بۆیه‌ دوای‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ ماوه‌ی‌ 12 رۆژ له‌ سلێمانی‌ مامه‌وه‌ و پاشان هاتمه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. به‌ڵام له‌و ماوه‌یی‌ له‌ سلێمانی‌ بوم ژماره‌ی‌ كۆڕه‌كه‌كم داخستبو، كه‌ هاتمه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر له‌ 8/3به‌ ژماره‌یه‌كی‌ نه‌ناسراوی‌ دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتنم لێكرا."

• ماڵپه‌ری هه‌واڵی كوردیو، رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 20ی شوبات، چه‌ند چه‌كدارێكی ده‌موچاو چاوداپۆشراو له‌ شه‌قامی پیره‌مێرد هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ر په‌یامنێر به‌ڵێن عوسمان و ئازاریانداوه‌و پاشان كامێراكه‌یان شكاندوه‌.

• زانا حه‌مه‌ غه‌ریب، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی میدیا، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 20ی شوبات، له‌ نزیك فولكه‌ی مامه‌ڕیشه‌ له‌ شاری سلێمانی، له‌لایه‌ن هێزێكی چالاكی مه‌ده‌نییه‌وه‌و كامێراكه‌ی شكێنراوه‌.

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 21ی شوبات، له‌ناو زانكۆدا له‌لایه‌ن به‌رپرسێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عه‌گید سه‌لیم، په‌یامنێری كه‌ناڵی نالیا، كراوه‌و تۆمه‌تباركراوه‌ی كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی "نزیكه‌ له‌ گۆڕان".

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ له‌ زاری سیروان غه‌ریب، كارمه‌ندی ته‌له‌فزیۆنی نالیا، رایگه‌یاند كه‌ شه‌وی 21ی شوبات، چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو ته‌قان به‌سه‌ر بینای كه‌ناڵی نالیا كردوه‌.

• رۆژی 21ی شوبات له‌ شه‌قامی مامۆستایان له‌ شاری سلێمانی چه‌ند چه‌كدارێك هێرشیانكرده‌سه‌ر زمناكۆ ئیسماعیل، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌، و كامێراكه‌یان شكاند. هه‌روه‌ها زمناكۆ وتی كه‌ رۆژانی 13 بۆ 18 ئازار چه‌ندین جار له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌، "ژماره‌كان نه‌ناسراون پێم ده‌ڵێن وێنه‌كانت كێشه‌یان بۆ پارتی دروستكردوه‌‌و ئه‌تكوژین"

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 22ی شوبات له‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ رێگه‌نه‌دراوه‌ تیمی كه‌ناڵی KNN بچه‌نه‌وه‌ ناو شاری هه‌ولێر پاش ئه‌وه‌ی به‌كارێكی رۆژنامه‌نوسی چوبونه‌ شاری كۆیه‌.

• رۆژی 22ی شوبات، كۆمه‌ڵێك كه‌س هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر هه‌ردی ئه‌بوبه‌كر، په‌یامنێری كه‌ناڵی كوردسات له‌ چه‌مچه‌ماڵ و برینداری ده‌كه‌ن. هه‌ردی به‌هۆی برینه‌وه‌ پێنج ته‌قه‌ڵ به‌ هه‌ردو ده‌ستیه‌وه‌یه‌و هه‌روه‌ها گوێیشی برینداربوه‌.

• داهێن هاشم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشوی‌ نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ له‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ راگه‌یاند كه‌ رۆژی 23ی شوبات، له‌ رێی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی "سوتاندنی خۆت و ماڵ و منداڵ" ی لێكراوه‌.

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 24 شوبات له‌ زاری رۆژنامه‌نوس له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج رایگه‌یاند كه‌ له‌رێی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌، "پاش ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند میدیایه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر روداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ قسه‌مكرد."

• رۆژی 25ی شوبات له‌ هه‌ولێر به‌ نامه‌و ته‌له‌فون و ئیمه‌یڵ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رزان عه‌لی، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ له‌ هه‌ولێر، كراوه‌.

• فه‌رمان محه‌مه‌د، په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ نالیا له‌ شاری‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ وت كه‌ سه‌له‌به‌یانی رۆژی 25 شوبات، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی نه‌ناسراودا ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ روماڵی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ نه‌كات كه‌ بڕیاربو ئه‌و رۆژه‌ له‌ به‌رده‌م بازاڕی‌ نیشتیمان ئه‌نجام بدرێت. فه‌رمان وتی كه‌ رۆشتوه‌ بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌، له‌ لایه‌ن "ئه‌ندامێكی پارتی دیموكرات" و له‌ چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ چاودێری كراوه‌. هه‌روه‌ها رۆژی 10ی ئازار له‌ له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌ به‌ناوی گروپی "گه‌نجانی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ولێر" فه‌رمان وتی‌ "پێیان راگه‌یاندم ژیانم له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ده‌بێت واز له‌ نالیا بهێنم، ئه‌گه‌رنا ده‌مكوژن."

• نیاز عه‌بدوڵڵا، به‌رنامه‌ساز و هه‌واڵنێر له‌ رادیۆ نه‌وا، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ رۆژی‌ 25ی شوبات، له‌ كاتی‌ روماڵكردنی‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی‌، كه‌ بڕیار بوله‌ به‌رده‌م بازاڕی‌ نیشتیمان ئه‌نجامبدرێت و پاشان بو به‌ گردبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ، له‌ كاتی په‌خشی راسته‌وخۆدا دو كه‌س كه‌ جلی‌ مه‌ده‌نیان پۆشیبو لێی نویك بونه‌وه‌و یه‌كێیان راسته‌وخۆ مۆبایله‌كه‌ی‌ لێسه‌ندو دایخست و كه‌وته‌ سه‌ركۆنه‌كرن و سوكایه‌تی‌ و جنێودان پێی، "له‌و كاته‌ی‌ كه‌ قسه‌شی‌ له‌گه‌ڵ من ده‌كرد ته‌له‌فۆنێكی‌ پێبو و ده‌یوت "سه‌یدی‌ ئه‌وه‌ پێمگۆت". پاش داوالێكردنی بۆ به‌جێهێشتنی ئه‌و شوێنه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌یان لێدردوه‌ كه‌ ده‌ستدرێژیده‌كه‌نه‌سه‌ر، "وتی‌ ئه‌گه‌ر لێره‌ نه‌ڕۆی‌ هه‌رچی‌ گه‌نجی‌ ئه‌و شاره‌ی‌ هه‌یه‌ لێت خڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وجا هه‌رچی‌ خراپه‌ با پێت بكه‌ن."

• شوان سدیق، له‌ ده‌سته‌ی‌ نوسه‌رانی‌ گۆڤاری‌ سڤیل، وتی كه‌ رۆژی 25ی شوبات، له‌ كاتی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك، كه‌ جلی‌ مه‌ده‌نییان پۆشیوه‌ به‌ زۆر ریكۆرده‌ره‌كه‌ی‌ لێسه‌ندراوه‌، "چوار كه‌س، كه‌ یه‌كێكیان جلی‌ كوردی‌ و ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ جلی‌ مه‌ده‌نیان پۆشیبو و ده‌مانچه‌شیان پێبو به‌ زۆر ریكۆرده‌ره‌كه‌یان به‌ به‌رچاوی‌ پۆلیسه‌ ئاماده‌بوه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ لێبردم."

• رۆژنامه‌نوس ئاری‌ عوسمان وتی كه‌ رۆژی 25ی شوبات، له‌ كاتی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ هه‌ولێر، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك به‌ جل و به‌رگی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌زۆر كامێراكه‌ی‌ لێده‌سه‌ندراوه‌، "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌م گرت، كه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ لێی‌ درا. زیاتر له‌ 10 كه‌س به‌ جلی‌ كوردی‌ و مه‌ده‌نییه‌وه‌ لێم كۆبونه‌وه‌ و به‌ زۆر كامێراكه‌یان لێسه‌ندم و دوای‌ سێ سه‌عات كامێراكه‌یان پێدامه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و وێنانه‌یان سڕیبوه‌وه‌، كه‌ وێنه‌ی‌ لێدان بو له‌و گه‌نجه‌. هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ به‌ منیان ده‌وت ئاژاوه‌گیڕ و مه‌نونبه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌نها كامێراكه‌مان لێسه‌ندی‌."

• كاوه‌ ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان، كه‌ له‌ گه‌رمیان دامه‌زرێنراوه‌، را گه‌یاند كه‌ رۆژی 25ی شوبات له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشانداندا له‌ كه‌لار هێزێكی پێشمه‌رگه‌ كه‌وتونه‌ته‌ لێدانی و به‌و هۆیه‌وه‌ ماوه‌ی دو رۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

• په‌یامنێر پشتیوان جه‌لال و وێنه‌گر سه‌نگه‌ر حه‌مید له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ و عه‌بدولره‌حمان نه‌ریمان، وێنه‌گری كه‌ناڵی KNN، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانیان راگه‌یاند كه‌ رۆژی 25ی شوبات له‌ كاتی روماڵی خۆپیشانداندا له‌ كه‌لار هێزێكی پێشمه‌رگه‌ ته‌قایان لیكردون و له‌ شوێنی خۆپیشاندانه‌كه‌ دوریان خستونه‌ته‌وه‌. سه‌نگه‌ر حه‌مید وتی كه‌ بۆ رۆژی دواتریش له‌لایه‌ن هه‌مان هێزه‌وه‌و قسسه‌ی ناشیرینی پێوتراوه‌و سوكایه‌تییان پێكردوه‌، "له‌ كاتێكدا باجی كاری رۆژنامه‌نوسیم له‌ ملدابو... سه‌بازه‌كان له‌ سنگ و پشت و ناوشانمیاندا و كانێراكه‌میان برد."

• زانیار ئه‌سعه‌د، په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ له‌ هه‌ولێر، وتی كه‌ رۆژی‌ 26ی شوبات، بۆ ئه‌نجامدانی‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر ناردنه‌وه‌ی خوێندكاران له‌گه‌ڵ سه‌یاف ئه‌حمه‌د، وێنه‌گری كه‌ناڵه‌كه‌، ده‌چن بۆ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ هه‌ولێر و له‌وێش له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانه‌وه‌ سوكایه‌تی‌ پێده‌كرێت و رێگای‌ كاردنی‌ پێنادرێت، "نه‌یانهێشت ئێمه‌ هیچ كارێك بكه‌ین و وتیان ئه‌گه‌ر لێره‌ ده‌ڕۆن باشه‌ ئه‌گه‌رنا كامێراكه‌تان ده‌شكێنین."

• رۆژی 26ی شوبات له‌كاتی خۆپیشاندانی قه‌زای سه‌ید سادق له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له‌ سه‌ید سادق هێرشكرایه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوس توانا شاره‌زوری‌و زانا عه‌لی په‌یامنێری كه‌ناڵی كه‌ ئین ئین لێدران.

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 26 شوبات له‌ زاری سۆران ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری هاوڵاتی، رایگه‌یاند كه‌ هێزێكی جلڕه‌ش له‌ نزیك باخی گشتی له‌ شاری سلێمانی سوكایه‌تی پێكراوه‌و "كامێراو مۆبایل و باجی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی" لێسه‌ندراوه‌ و رۆژی دواتر ستافی هاوڵاتی له‌ هۆبه‌ی ئۆپه‌راسیۆن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش كه‌لوپه‌له‌كانیان وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌.

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 26 شوبات رایگه‌یاند كه‌ رۆژنامه‌نوسان عیرفان ئه‌حمه‌د و ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب و سه‌لام حاجی عه‌لی و ناسیح عه‌بدولره‌حیم، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید بۆ ماوه‌یه‌ی نیو سه‌عات ده‌ستگیركراون.

• بێستون ژاڵه‌یی، به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ له‌ گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 26ی شوبات له‌ رێی كورته‌نامه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌ و تێیدا هاتوه‌، "زۆر نابات به‌ سزای ده‌م درێژییه‌كانت ده‌گه‌ی."

• سه‌ركه‌وت سه‌لام، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ له‌ گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 26ی شوبات له‌ كاتی روماڵی خۆپیشانداندا له‌ كه‌لار هێزێكی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌ی له‌یلا قاسم "به‌قۆناغه‌ تفه‌نگ په‌لاماردرام و به‌ توندی به‌ زه‌ویدا درام و ژێرپێخرام، شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ به‌پشت و سنگمه‌وه‌ هه‌یه‌."

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 27ی شوبات له‌ زاری رۆژنامه‌نوس ئالان ساحێبقران، په‌یامنێری رۆژنامه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر، رایگه‌یاند كه‌ 12 ئه‌ندامی ئاژانسی پارستن لێیانداوه‌ و ئازاری زۆری پێگه‌یشتوه‌.

• ماڵپه‌ری هه‌واڵی كوردیو، رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 28 شوباته‌وه‌و بۆ چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی ئاسیا سێڵه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ سواره‌ بیلال، وێنه‌گری كه‌ناڵی سپێده‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ، لێكراوه‌.

• رۆژی 28 شوبات چه‌ند كه‌سێك له‌ سه‌رای سلێمانی هێرشیانكرده‌سه‌ر مه‌ریوان قه‌ره‌داغی، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات، كه‌وتنه‌ ئازاردان و سوكایه‌تی پێكردن. 

• مسته‌فا عه‌بدوڵا، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام له‌ گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 1ی ئازار، له‌ كاتی روماڵی خۆپیشانداندا له‌ كه‌لار ئه‌فسه‌رێكی ئاسایشی گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی كامێرای ڤیدیۆییان لێسه‌ندوه‌و پاش دو سه‌عات كامێراكه‌یان پێداوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام شریته‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆژی 9ی ئازار له‌لایه‌ن هێزێكی ده‌مامك به‌سه‌ر رێگری لێكراوه‌ روماڵی خۆپیشاندانێكی تر بكات.

• په‌یامنێر ئه‌سعه‌د موحه‌مه‌د و وێنه‌گر سه‌نگه‌ر حه‌مید له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ له‌ كه‌لار، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانیان راگه‌یاند كه‌ رۆژی 3ی ئازار كاتژمێر 2:35 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشی گه‌رمیانه‌وه‌ "رفێنراون" و پاش سوكایه‌تیپێكردن براون بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌یمیان و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌و ئازاردراون.

• ئه‌سعد عه‌لی ئیسماعیل، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی‌ بۆچون، وتی كه‌ رۆژی 4ی ئازار چه‌ند چه‌كدارێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوه‌. هه‌روه‌ها وتی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنی كه‌ناڵی نالیا بوه‌.

• شاسوار مامه‌، په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN، وتی كه‌ رۆژی 5ی ئازار له‌ رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌.

• ئازاد عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگ، به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت كه‌ كاتژمێر دوی به‌ره‌به‌یانی 6ی ئازار،كۆمه‌ڵێك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار و زۆربه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان تێكشكاندوه‌و به‌شێكی تریشان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوه‌. هێرشه‌كه‌ بوته‌هۆی له‌كاركه‌وتنی رادیۆكه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك.

• فه‌ریق حه‌مه‌ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌نگی یه‌كگرتو رادیۆی گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 7ی ئازار له‌رێی كورته‌نامه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كارمه‌ندانی رادیۆكه‌ كراوه‌. هه‌روه‌ها رۆژی 10 ئازار له‌رێی كورته‌نامه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خۆی كراوه‌.

• هه‌ژار ئه‌نوه‌ر، په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ KNN، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار له‌ رێی كورته‌نامه‌وه‌، كه‌ بۆ براكه‌ی نێردراوه‌، به‌ ناوی گروپی "كه‌نجانی توڕه‌ی هه‌ولێر" هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌. هه‌ژار وتی كه‌ له‌ "رۆژی‌ 17ی‌ شوبات له‌و كاته‌ی‌ كه‌ باره‌گای‌ گۆڕان و رادیۆی‌ گۆڕان سوتێندران، من له‌ ماڵی‌ خۆمان نه‌ماومه‌ته‌وه‌ و شه‌وان له‌ شوێنی‌ جیاواز ده‌خه‌وم."

• سه‌ركه‌وت سه‌لام، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ له‌ گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار له‌ ناو بازاری كه‌لار له‌ لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌و پاش سوكایه‌تی پێكردن له‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی كه‌لار ئازادكراوه‌.

• هێمن عومه‌ر، بێژه‌ری ده‌نگی یه‌كگرتو رادیۆی گه‌رمیان، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كار له‌ لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشی بنكه‌ی رزگاری سوكایه‌تی پێكراوه‌و به‌ قۆناغه‌تفه‌نگ لێیدراوه‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ به‌ تۆمه‌تی به‌شداریكردن له‌ خۆپیشانداندا.

• كاوه‌ ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ له‌ كه‌لار، به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار له‌ ناو بازاری كه‌لار له‌ لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشه‌وه‌ هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌یاننامه‌ی دابه‌شكردوه‌، هاوكات كاوه‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

• ئازاد عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار، چه‌ند كارمه‌ندێكی چه‌كداری ئاسایش به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند خۆپیشانده‌رێك به‌ره‌و بینای رادیۆكه‌یان هه‌ڵهاتون، چونه‌ته‌ سه‌ر رادیۆكه‌یان.

• گه‌رمیان حه‌مه‌ پور، په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN له‌ كه‌لار، به‌ به‌ كه‌مپینی نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 9ی ئازار له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندا له‌ ناحیه‌ی رزگاری له‌گه‌ڵ وێنه‌گری كه‌ناڵه‌كه‌ عه‌بدولره‌حمان نه‌ریمان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سه‌عاتێك ده‌ستگیركراون و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ردامبێت،"ڕه‌می" ده‌كرێت.

• رۆژی 15ی ئازار له‌ شارۆچكه‌ی سه‌ید سادق، له‌ كاتی خۆپیشانداندا هێرشكرایه‌ سه‌ر زانا عه‌لی په‌یامنێری KNN و سالار مه‌حمود په‌یامنێری گۆڤاری لڤین. ئه‌و ئێواره‌یه‌ رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ سه‌ردانی زانا عه‌لی كرد كه‌ كه‌ به‌ پێی راپۆرتی پزیشكی په‌راسویه‌كی شكاوه‌‌و یه‌كێكی ته‌ریان درزی تێبوه‌. زانا وتی" ئازاری سه‌ر سنگم زۆره‌ كۆمه‌ڵێك په‌لاماریان دام‌و دو په‌راسویان شكاندم" جه‌ختیكرده‌وه‌" داوای یاسایم تۆمار نه‌كردوه‌ چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌سه‌رو یاساوه‌ن‌و پاش ئه‌و لێدان‌و ئازاره‌ به‌ نامه‌ش هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كه‌ن". سالار مه‌حمود به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت، "پاش لێداون‌و سوكایه‌تی ده‌سگیركرام‌و پاشان به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كرام."

• رۆژی 16ی ئازار، كاروان سالار، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی چه‌تر و رۆژنامه‌نوس یاسر گوڵی له‌كاتی كارێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی نشینگه‌ی سلێمانی به‌بیانوی وێنه‌گرتنی بێمۆڵه‌ت ده‌ستبه‌سه‌ده‌كرێن و پاشان به‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی به‌ندینخانه‌ ده‌یانگوازنه‌وه‌ بۆ ئاسایشی سلێمانی و له‌وێش پاش وه‌رگرتنی وته‌ی هه‌ردوكیان و سڕینه‌وه‌ی وێنه‌كان له‌كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌و ئازاد ده‌كرێن.

• دانا ره‌زگه‌یی، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌ قه‌زای سۆران، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ رۆژی 16ی ئازار له‌رێی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ی كوشتن لێكراوه‌ دوای لێكراوه‌ كه‌ شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵێت.

• زمناكۆ عه‌لی مسته‌فا، وێنه‌گری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، وتی كه‌ رۆژی 18ی ئازار كۆمه‌ڵێك كه‌س كه‌ نوێژی هه‌ینیان كردوه‌ له‌ مزگه‌وتی حاجی حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ له‌ سلێمانی، كۆمه‌ڵێك كه‌س هاواریان كردوه‌ به‌ روی وتارخوێنی مزگه‌وته‌كه‌ "ئێمه‌ گۆڕانین، نامانه‌وێت وا قسه‌ بكه‌یت،" پاشان پاشان "په‌لاماری ئێمه‌یانداو كاسێتی كامێراكه‌یان لێبردین‌ونه‌یانگێڕایه‌وه‌."

• پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی نوسینێك له‌ رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌، رابه‌ر فاریق تۆمه‌تباركراوه‌ كه‌ به‌ ناوزڕاندنی‌ خه‌ڵكی‌ گه‌ڕه‌كی‌ مه‌لایانی‌ شاری‌ هه‌ولێر. رۆژی 20ی ئازار له‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ فه‌یسبوك داوای‌ لێبوردن ده‌كات. هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی كه‌ ته‌واوی‌ میدیای‌ ئه‌هلی‌ و ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌ویان گۆشه‌گیر كردوه‌ و داوای‌ لێبوردنه‌كه‌یشی بۆ بڵاوناكه‌نه‌وه‌.

• نیوه‌رۆی 21ی ئازار له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان‌و له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانێكی كه‌سوكاری گیراوه‌كانی گرتوخانه‌ی محته‌ی هه‌ولێر هێرشكرایه‌ سه‌ر تیمێكی كه‌ناڵی ئاسمانی KNN. هه‌ژار ئه‌نوه‌ر، په‌یامنێری KNN، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند " چه‌ند چه‌كدارێكی مه‌ده‌نی به‌ كلاشنكۆف‌و ده‌مانچه‌وه‌ به‌به‌رچاوی پۆلیسیه‌وه‌ رێگریان لێكردین‌و ئه‌فسه‌رێكیان جوێنی پێداین‌و په‌لاماری وێنه‌گره‌كه‌ی داین‌و لێیدا‌و ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر كامێراو مۆبایل‌و ئۆتۆمبێلی كه‌ناڵه‌كه‌مان" جه‌ختیكرده‌وه‌" ئه‌و تیمه‌ هه‌مومان شوفێرو وێنگرو په‌یامنێر خه‌لێكی هه‌ولێرین كه‌چی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ بریاری ده‌ركرد ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازگه‌ی هه‌ولێرو له‌ سنوری شاره‌كه‌ نه‌مێنین رێگه‌شمان پێنه‌درێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو هه‌ولێر" رونیشیكرده‌وه‌" پاشان گواستراینه‌وه‌ بۆ پۆلیسی فریاكه‌تنی هه‌ولێر ئه‌وان مامه‌ڵه‌یان باش بو له‌گه‌ڵمان كه‌لوپه‌له‌كانمان درایه‌وه‌ به‌ڵام هه‌مو وێنه‌كانمان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌وه‌ سڕێنرابونه‌وه‌."

• به‌رقی‌ ئیسلام، په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ئامێدی‌، رۆژی‌ 22ی ئازار له‌ كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌یران له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌درێته‌به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ به‌رقی‌ به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت، "له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م و براكه‌م، كه‌ منداڵیشمان پێبو له‌ نێوان شێلادزێ‌ و سێرێ‌ ئوتومبێلێكی‌ نه‌ناسراو له‌ جۆری‌ هیوندای‌ سپی‌ به‌ روی‌ ئێمه‌ هات و لایته‌كانی‌ كوژانده‌وه‌ و به‌ گولله‌ ده‌ستڕێژی‌ له‌ ئوتومبێله‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كرد. ئوتومبێله‌كه‌مان 8 گولله‌ی‌ به‌ركه‌وتوه‌."

• هه‌نگاو هاشم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ له‌ هه‌ولێر، شه‌وی‌ 23ی ئازار له‌لایه‌ن ئوتومبێلێكی‌ نه‌ناسراو له‌ هه‌ولێر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ی‌ به‌سه‌ردا ده‌كرێت. هه‌نگاو وتی، "له‌ كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خۆم و خێزانه‌كه‌م له‌ بازاڕی‌ ماجدی‌ مۆڵ، كاتژمێر 10ی‌ شه‌و له‌ شه‌قامی‌ بنه‌سڵاوه‌ی‌ پشت بازاڕكه‌ ئوتومبیلێكی‌ نه‌ناسراوی‌ سپی‌ جام ره‌شی‌ قه‌مه‌ره‌ كه‌ ئاڵایه‌كی‌ پێوه‌ بو. له‌ دواوه‌ هۆڕنێكی‌ زۆری‌ لێداو فول لایتی‌ پێكرد منیش هاتمه‌ ده‌سته‌ راستی‌ شه‌قامه‌كه‌ و هیواشم كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیواش كردنه‌وه‌ی‌ من نزیك بۆوه‌ و ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ی‌ به‌سه‌ردا كردین و به‌ خێراییه‌كی‌ زۆر رۆیشت."

• ره‌نگین سه‌لام، په‌یامنێری كوردسات له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، كه‌ رۆژی 15ی ئازار له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌. ره‌نگین وتی، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت، "له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڵاتییه‌كه‌وه‌ كه‌ خزمه‌كانیان له‌ خۆپیشاندانی ئه‌و رۆژه‌دا بریندار بوبون له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڕه‌شه‌م لێكرا پاشان پۆلیسه‌كان پاراستمیان و بۆماوه‌ی دو سه‌عات نه‌متوانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌."

• ماَلپه‌ری هه‌واڵی سبه‌ی، رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 25ی ئازار ئه‌میر ئه‌بوبه‌كر، وێنه‌گری كه‌ناڵی KNN له‌ هه‌ولێر، بۆ ماوه‌ی دو سه‌عات و له‌لایه‌ن پۆلیسی فریاكه‌تنه‌وه‌ به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك ده‌ستگیركراوه‌، "به‌ ئۆتۆمبیل ده‌ڕۆشتن، ئاگاداربوم ئۆتۆمبیلێكی ته‌كسی به‌دوامه‌وه‌بو.... هاته‌به‌رده‌مم و رایگرتم، كه‌سێك به‌ جلی سه‌ربازییه‌وه‌ وتی تۆ ده‌بێت بگیرێیت."

• هه‌ڵگورد ئه‌حمه‌د، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری زنار، وتی كه‌ شه‌وی 25ی ئازار له‌گه‌ره‌كی كێوه‌ ڕه‌ش له‌ شاری رانیه‌ هێرشكرای كراوه‌ته‌سه‌ر، "نازانم چه‌ند كه‌س بن به‌ڵام گوێم له‌ ته‌قه‌ بو 3 فیشه‌ك ته‌قێنرا 2 فیشه‌كم به‌ركه‌وت" جه‌ختیكرده‌و" دوژمنایه‌تیم نییه‌ له‌گه‌ڵ كه‌شس تا گومانم له‌ كه‌سَێكی دیاریكراو هه‌بێت."

• نه‌شمیل موحه‌مه‌د، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان، وتی كه‌ رۆژی 19ی ئازار له‌ناو یاریگای یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ سلێمانی له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هێرشیكرایه‌ سه‌ر به‌ڵام له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پارێزگاری لێكرا، "من په‌یامنێری وه‌رزشیم هاتبوم روماڵی هه‌واڵی وه‌رزشی بكه‌م چ په‌یوه‌ندییه‌كم هه‌یه‌ به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ جوێیان پێدام و هێرشم كرایه‌سه‌ر."

• عه‌بدولره‌حمان ئه‌بو به‌كر، په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 31ی ئازار، له‌ بازگه‌ی ده‌به‌ندیخان به‌رپرسان رێگه‌یان لێگرتون له‌ رۆیشتن بۆ شاری كه‌لار بۆ روماڵكردنی خۆپیشاندانێك كه‌ له‌و شاره‌دا به‌ڕێوه‌چو، "پێانوتین ئه‌مری سه‌رو خۆمانه‌، ئێمه‌ش ناچار بوین له‌ رێگه‌یه‌كی ناره‌سمیه‌وه‌ بچینه‌ ناو شاری ده‌ربه‌ندیخان‌و پاشانیش بۆ كه‌لار."

• ماڵپه‌ری هه‌واڵی سۆمه‌رییه‌ رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 31ی ئازار، هێزه‌كانی ئاسایش له‌ بازگه‌ی‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان رێگریانكردوه‌ له‌ تیمێكی كه‌ناڵی ئاسمانی سۆمه‌رییه‌ له‌ رۆشتنیان بۆ شاری كه‌لار بۆ روماڵكردنی خۆپیشاندانێكی ئه‌و شاره‌.

• ماڵپه‌ری سبه‌ی، رۆژی 31ی ئازار، رایگه‌یاند كه‌ له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵێك خوێندكار له‌ دهۆك، كه‌ ناویان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رایی ده‌رنه‌چوبو، لوتفی دۆسكی، په‌یامنێری ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێكی په‌روه‌رده‌وه‌ هێرشیكرایه‌سه‌ر، "له‌و كاته‌دا كه‌ هێرشیكرده‌سه‌رم.... پێیوتم هه‌مو میدیاكانی جیهان لێره‌بن ئاساییه‌، به‌ڵام نابێت میدیاكانی كۆمپانیای وشه‌ لێره‌بن."

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ رۆژی 31ی ئازار له‌ زاری هه‌ژار ئه‌نوه‌ر، به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ناڵی KNN له‌ هه‌ولێر، رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند چه‌كدارێك به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ له‌كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانێكی ژماره‌یه‌ك خوێندكار له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ر تیمێكی كه‌ناڵه‌كه‌، مه‌ریوان مه‌لاحه‌سه‌ن، وێنه‌گره‌كه‌ی و كامێراكه‌یان شكاندون، "ئه‌م كاره‌ به‌ به‌رچاوی هێزێكی زۆری پۆلیسه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌وان بێده‌نگ بون له‌و هێرشه‌.

• ئالان جه‌لال، كامێرامانی كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، وتی كه‌ رۆژی 1ی نیسان له‌ گه‌ڕه‌كی كانێسكانی شاری سلێمانی، به‌ هۆی پیاكێشانی پارچه‌ بلۆكێكه‌وه‌ قاچی چه‌پی برینداركراوه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ تا ئێستاش له‌ماڵه‌وه‌ كه‌وتوه‌.

• به‌رپرسانی كه‌ناڵی ئاسمانی نالیا، به‌ سه‌نته‌ری میترۆیان راگه‌ساند كه‌ رۆژی 1ی نیسان، ئاڤار حامید، وێنه‌گری كه‌ناڵه‌كه‌، له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

• دانا به‌كر، به‌رپرسی به‌شی كامێرای كه‌ناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی ده‌ستگیكراوه‌. هاوكارانی دانا به‌ سه‌نته‌ری میترۆیان راگه‌یاند كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانیان دانا به‌كر به‌ گرتوخانه‌ی كانی گۆمه‌ زیندانیكراوه‌.

• ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ رایگه‌یاند كه‌ رۆژی 1ی نیسان، له‌ كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی، له‌لایه‌ن دو كارمه‌ندی ئاسایشه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر ژیار موحه‌مه‌د، هاوكاری ماڵپه‌رو رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌، "دو كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئاسایش (له‌ مه‌یدانی ئازادی) كه‌ زانییان وێنه‌ده‌گرم هێرشیانكرده‌سه‌رم و ئاش ئه‌وه‌ی میللی تفه‌نگیان لێهێنامه‌وه‌ به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ لێیاندام." هه‌روه‌ها وتی كه‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر رزگاریان كردوه‌، "پشت و سكم به‌هۆی ئه‌و لێدانه‌وه‌ توشی ئازارێكی زۆر بوه‌."

• رۆژی 1ی نیسان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ نزیك به‌رده‌ركی سه‌را (مه‌یدانی ئازادی) هێرشیانكرده‌ سه‌ر چه‌ند ستافێكی رۆژنامه‌ی چه‌تر. هه‌ر یه‌ك له‌ زانكۆ سه‌ردار، ئاسۆ خه‌لیل، و ئاراس عوسمان، په‌یامنێرانی رۆژنامه‌ی چه‌تر، هێرشیانكراوه‌ته‌سه‌ر. ئاسۆ وتی كه‌ جگه‌ له‌ لێدان كامێراكه‌شیان شكاندوه‌. ئاراس وتی كه‌ هێزه‌كان كامێراو باجه‌ی رۆژنامه‌نوسیان بردوه‌و تا ئێستا بۆیان نه‌گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

• ئاكۆ موحه‌مه‌د، په‌یامنێری ماڵپه‌ری ده‌ستور و ئاژانسی میترۆگرافی، وتی كه‌ رۆژی 1ی نیسان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ری، "فۆتۆم ئه‌گرت هاتن كامێراكه‌یان لێسه‌ندم دو زلله‌یان لێدام ‌و وتیان نابێ ره‌سمان بگری."

• ئاكۆ مه‌جید عه‌لی، په‌یامنێری گۆڤاری هاوده‌م، وتی كه‌ رۆژی 1ی نیسان، پۆلیس له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی بۆ ماوه‌ی 3 كاتژمێر له‌ بنكه‌كه‌یان هێشتویانه‌ته‌وه‌و پاش ئه‌وه‌ی میمۆری كامێراكه‌یان لێسه‌ندوه‌ ئازادیان كردوه‌. ئاكۆ وتی كه‌ پێیوتراوه‌، رۆژی دواتر میمۆری كامێراكه‌ی ده‌درێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ رۆشتوه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوباره‌ هێشتویانه‌ته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ مه‌فرزه‌یه‌كی ئاسایش هاتوه‌و بردویه‌تی بۆ ئاسایش، " ته‌حقیقم له‌گه‌ڵ كراو وێنه‌یان گرتم‌و ئیمزایان پێكردم كه‌ من به‌شداری خۆپیشاندنم نه‌ كردوه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر هێشتیانمه‌وه‌."


سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوسان و مافه‌كانیان. ئه‌م رێكخراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كان (JFO) ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدایه‌.

Sbeiy.com © 2007