Print
 ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی‌ ئازادی: پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون، ئازاد بکرێن
Saturday, April 23, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ئیدانه‌ی ره‌شبگیری و ده‌ستگیرکردنی هاوڵاتیان و مامۆستایانی ئاینی ده‌کات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و پێیانوایه‌، ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان توڕه‌تر ده‌کات.
له‌به‌یاننامه‌که‌دا که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، تێیدا هاتوه‌: ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ و بێڕێزیكردن به‌رامبه‌ریان به‌هۆی‌ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌كان و پشتیوانیان بۆ داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، مامۆستایانی‌ به‌شداربو بوێرانه‌ وته‌ی‌ حه‌قیان به‌ره‌و روی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناعادل و سه‌ركوتكاردا وتوه‌.
ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: "به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌تی‌ ره‌شبگیر و كرده‌وه‌ نایاسایی و ناشارستانیه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین و هۆشداریان ده‌ده‌ینێ‌، كه‌ به‌م كردارانه‌یان هه‌موان توڕه‌تر ده‌كه‌ن".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌


به‌یاننامه‌ی‌ ئیدانه‌كردن:
جه‌ماوه‌ری‌ خۆڕاگری‌ كوردستان/
ئاشكرایه‌ لای‌ هه‌موان كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشێلكاریه‌كانی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤ و درێژه‌ دان به‌ كرداره‌ توندو تیژه‌كانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ كوردستان.
دوایین تاوانی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌ بریتی‌ بوو له‌و هه‌ڵمه‌تی‌ ده‌ستگیر كردنه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ ده‌ستیانپێكرد، له‌ دوای‌ نوێژی‌ خه‌وتنانی‌ شه‌وی‌ 3 له‌سه‌ر 4 ی‌ مارسی 2011 ده‌سته‌یه‌ك چه‌كداربه‌ ناوی‌ ئاسایشی‌ سلێمانیه‌وه‌  هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی‌ مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌د نصرالله ی‌ پێش نوێژ وتار خوێنی‌ مزگه‌وتی‌ عه‌لی‌ كه‌مال و یه‌كه‌م وتار بێژی‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ و بێ فه‌رمانی‌ دادوه‌ر و به‌به‌رچاوی‌ ماڵ و منداڵه‌كانی،‌ ڕاپێچی‌ زیندانیان كرد.
له‌سیناریۆیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ترسنۆكانه‌دا ویستویانه‌ مامۆستا عوسمان عه‌بدولڵا، وتارخوێنی‌ مزگه‌وتی‌ نه‌وره‌سی‌ ده‌ستگیر بكه‌ن، به‌ڵام پلانه‌كه‌یان سه‌رینه‌گرتوه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ و بێڕێزی‌ كردن به‌رامبه‌ریان به‌هۆی‌ به‌شداریان له‌ خۆپیشاندانه‌كان و پشتیوانیان بۆ داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، مامۆستایانی‌ به‌شداربوو  بوێرانه‌ وته‌ی‌ حه‌قیان به‌ره‌و ڕووی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناعادل و سه‌ركوتكاردا وتوه‌.
ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ له‌ سلێمانی‌ به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌تی‌ ره‌شبگیر و كرده‌وه‌ نایاسایی و ناشارستانیه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین و هۆشداریان ده‌ده‌ینێ‌ كه‌ به‌م كردارانه‌یان هه‌موان توڕه‌تر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ و سه‌رجه‌م هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ به‌ هۆی‌ به‌شداریان له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌ستگیر كراون بێقه‌یدو شه‌رت ئازاد بكرێن و ئه‌م هێرشانه‌یان بۆ سه‌ر هاونیشتمانیان ڕابگرن.

ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌  
4-4-2011 

Sbeiy.com © 2007