Print
 کاردۆ محه‌مه‌د: به‌وپێیه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌که‌ین له‌باره‌ی گفتوگۆکردنی بودجه‌وه‌
Wednesday, May 18, 2011

(سبه‌ی):
سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین که‌موکوڕی ده‌کات له‌باره‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، که‌ به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌که‌ن له‌باره‌ی گفتوگۆکردن له‌باره‌ی بودجه‌وه‌.
کاردۆ محه‌مه‌د، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بۆ (سبه‌ی) وتی: هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌کانی رابوردودا چه‌ندین جار به‌هۆی پشتگوێخستنی داواکارییه‌کانی هاوڵاتیانه‌وه‌، بایکۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانمان کرد، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی بودجه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌که‌ین له‌باره‌ی گفتوگۆکردنی بودجه‌ی ساڵی 2011ی هه‌رێمه‌وه‌.
ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: چه‌ندین که‌موکوڕی و ناهاوسه‌نگی له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵدا هه‌یه، به‌ جۆرێک که‌ زۆربەی بودجەی وەبەرهێنانی ئه‌مساڵ بۆ پڕۆژە بەردەوامەكانی ساڵانی رابوردو دابینکراوه‌و تا ئێستاش تەواو نەبوه‌.
کاردۆ محه‌مه‌د، که‌ هاوکات ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری په‌رله‌مانیشه‌، باسی له‌وه‌شکرد، هەندێك له‌ پڕۆژه‌کان تا ئێستا ده‌ست نه‌کراوه‌ به‌ کارکردن و دیاریش نییە ئەو بڕه‌پاره‌یه‌ی ساڵی رابوردو بۆیان تەرخان كراوە، چی لێ هاتوە، وتیشی: ده‌یان پڕۆژه‌ی ساڵەكانی 2003 تا 2005ـ تا ئێستا تەواو نەبون و هەمو ساڵێكیش دوبارە پارەیان بۆ داده‌نرێته‌وه‌.
ئه‌وپه‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ هه‌یه‌ له‌رابوردودا ته‌واوکراون، به‌ڵام ئه‌مساڵیش دوباره‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخانکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌لایه‌ن دو شوێنه‌وه‌ بودجەیان بۆ تەرخان كراوه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم 13,94 ترلیۆن دیناره‌، تێیدا بڕی (4,15) ترلیۆن دیناری بۆ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان و (9,687) ترلیۆن دیناریشی بۆ بودجه‌ی وه‌گه‌ڕخستن ته‌رخانکراوه‌.

Sbeiy.com © 2007