Print
 پەرلەمانتارێك: حسابی خیتامی ساڵی (2010) پڕبو لە هەڵەو كەموكورتی
Wednesday, May 18, 2011
(سبه‌ی):
لە یەكەم دانیشتنی تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2011)ی هەرێمی كوردستاندا، چەندین هەڵەو كەموكورتی لە حیسابی خیتامی (2010) لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاشكرا کران و په‌رله‌مانتارێکیش به‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی په‌رله‌مان له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات.
دانیشتنی ژمارە (13)ی ئاسایی خولی گرێدانی دوەمی پەرلەمانی كوردستان، كە دوێنێ (دوشه‌ممه‌) 16/5 له ته‌لاری په‌رله‌مان له هه‌ولێر بەڕێوەچو، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە بودجەی (2011)ی هەرێمی كوردستان كراو بایز تاڵەبانی، وەزیری دارایی و ئابوری راپۆرتی گشتیی وەزارەته‌که‌ی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم بۆ ساڵی (2011) خوێندەوە.
د.رێباز فەتاح، ئەندامی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە رۆژنامه‌ی (رۆژنامه‌)ی راگه‌یاند: "حیسابی خیتامی بۆ تاوتوێكردنی بودجەو بەرچاوڕونیی  پەرلەمانتاران، كە هاتوەتە پەرلەمانی كوردستان، لە دو نوسراودا ژمارەی زۆر هەڵەو كەموكورتی تێدایە".
ئەو پەرلەمانتارە نمونەی ئەوەی هێنایەوە "لە نوسراوێكی وەزارەتی داراییدا، كە ناردویەتی بۆ پەرلەمان بۆ (6) مانگی یەكەمی ساڵی (2010)، بڕی (83) ملیارو (177) ملیۆن دینارە، بەڵام دوایی كە كۆی بودجەی خیتامی نێردراوە، بە (512) ملیارو (986) ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، واتا نزیكەی (7) بەرامبەر بەرزبوەتەوە".
لای خۆشیەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان جەختی له‌وه‌كردەوە؛ "راپۆرتەكەی وەزیری دارایی هیچ هەڵسەنگاندنێكی تێدا نەبوە، سەبارەت بە بێكاریی و نیشتەجێكردن و چەندین شتی تر، كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان روبەڕوی دەبێتەوە".
كاردۆ محەمەد، وتیشی: لە بودجەی ئەمساڵدا (700) ملیار دینار كورتهێنان هەیە، ئەمەش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە زیادەڕەویی تێیدا كراوە.
پرۆژە بودجەی (2011)ی هەرێمی كوردستان، ماوەی (2) مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناردویەتییە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان تا دوێنێ نەیخستبوە گفتوگۆوە، چاودێرانی سیاسیش پێشبینیی دەكەن، بەهۆی زۆریی كەموكورتییەكانی بودجەوە، پێویستی بە كاتێكی زۆرتر هەبێت بۆ گفتوگۆكردنی.
لەیەكەم رۆژی گفتوگۆكردنی پرۆژەی بودجەدا، تەنیا گفتوگۆ لەسەر حسابی خیتامی (2010) كرا، لەمبارەیەشەوە رێباز فه‌تاح ئاماژە بەوە دەكات؛ "سەرجەم ژمارەكان لەژێر پرسیاردان، ئەمەش ئەوە دەردەخات، دانانی حسابی خیتامی لەسەر بنەمایەكی هەڵەیەو لەسەر بنەمایەكی زانستیی نییە".
ئەو پەرلەمانتارە، ئه‌وه‌شی وت: ئەمە هەڵخەڵەتاندنی په‌رله‌مانه‌و وەزارەتی دارایی دەیەوێت پەرلەمان هەڵخەڵەتێنێت.
Sbeiy.com © 2007