Print
 بودجه‌ی‌ 2011ی‌ هه‌رێم؛ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌مو دونیاوه‌، بودجه‌ی‌ (وه‌به‌رهێنان) گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی‌ (به‌كاربردن)
Wednesday, May 18, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ راپۆرتێكی شیكاریدا كه‌ له‌لایه‌ن توێژه‌رێكی ئابوریه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ به‌ناوی‌ (شیكردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئابوریانه‌ بۆ پێكهاته‌و ده‌رخسته‌و ته‌رخانكردنه‌كان)، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌مو بودجه‌یه‌كی ولاَتانی جیهانه‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كان بودجه‌ی‌ (به‌كاربردن) له‌ نێوان 30% بۆ 35% ته‌رخان ده‌كرێت و بودجه‌ی‌ (وه‌به‌رهێنان)یش له‌ نێوان 65% بۆ 70% دایه‌؛ له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌م پێوه‌ره‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوه‌ته‌وه‌.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نابێت 70% بودجه‌ بۆ بواری‌ (به‌كاربردن) بێت، به‌ڵام له‌ كوردستان به‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌م 70% یه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون ‌و پاره‌ی‌ بودجه‌ی‌ (وه‌به‌رهێنان)یشیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن.
ئه‌وه‌ش رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌: خه‌رجی‌ فیعلی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 2009دا 9 ترلیۆن ‌و 952 ملیار دینار بوه‌، له‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ش 1 ترلیۆن و 599 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌ بوه‌، به‌م پێیه‌ش 16% بودجه‌ بۆ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان بوه‌و 84%ی‌ بۆ بواری‌ به‌كاربردنه‌، كه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی‌ پێشكه‌وتودا ئه‌مه‌ بونی‌ نییه‌.
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌، ئه‌و 16%ش بۆ وه‌به‌رهێنان ته‌رخانكراوه‌ له‌ بودجه‌، هه‌موی‌ وه‌ك خۆی‌ و  به‌ دروستی‌ خه‌رجناكرێت و ئه‌گه‌ر له‌ حیساباتی‌ خیتامی‌ 2009 بڕوانین؛ 501 ملیار دیناری‌ پرۆژه‌كان بۆ پرۆژه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ خه‌رجكراوه‌و 28 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستییه‌، به‌م پێییه‌ش هه‌ژده‌ ئه‌وه‌نده‌ زیاتر له‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌؛ پاره‌ پۆ پرۆژه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ خه‌رجكراوه‌، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش 71 ملیار بۆ پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خه‌رجكراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌وێشدا حه‌وت جار ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ته‌رخانكراوه‌، زیاتر بوه‌ له‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ خه‌رجكراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌ره‌وه‌رده‌‌و ته‌ندروستی‌ دو وه‌زاره‌تی‌ خزمه‌تگوزارین‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆش وه‌زاره‌تێكی‌ ئه‌منییه‌.
به‌ گوێره‌ی‌ راپۆرته‌كه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و 501 ملیار دیناره‌ش كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌ دروستی‌ خه‌رجكرابێت بۆ پرۆژه‌كانی‌، به‌و پاره‌یه‌ نزیكه‌ی‌ 313 بینا دروستده‌كرا، ئه‌گه‌ر هه‌ر بینایه‌كیش به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ 27 پۆلی‌ بوایه‌و هه‌ر یه‌كێكیان یه‌ك ملیارو 600 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخان بكرایه‌، به‌ڵام ده‌كرێ بپرسین ئه‌و 313 بینا له‌ كوێن  كه‌ له‌ ساڵی‌ 2009 دروستكراون؟.

 

Sbeiy.com © 2007