Print
 "بودجە"، یان هەگبەیەك لە تاوان؟!
Wednesday, May 18, 2011

ئازاد چالاك  
هەمو ساڵێك لەمانگی حوزەیرانەوە، ئامادەكاریی بودجە لە قەزا و ناحیەكانەوە دەستپێدەكات و پێداویستییەكانیان ئاراستەی پارێزگار و ئەنجومەنەكەی دەكەن، ئەوانیش دوای كۆكردنەوەی ئەو پرۆژانە و هەڵسەنگاندنیان لەسەر ئاستی هەمو پارێزگا، ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دەكەن و رۆژی (15/11)یش، دوایین مۆڵەتە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكات.

پاش ئەوەی كە هەمو وەزارەتەكان، بەئامادەبونی وەزیری دارایی، گفتوگۆیەكی هەمەلایەنەی چڕوپڕ لەبارەی بودجەی هەر وەزارەتێك لە پێداویستی و پرۆژە و دەرەجەی وەزیفی و... تاد دەكرێت، هەروەها لە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمیندارێتییەكی گشتی هەیە بۆ دانانی بودجە و خەمڵاندنی بە هاوكاری (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی دەولی)و هەمو لایەنە سیاسییەكان كە وەزیر و نوێنەریان هەیەو ئەوانەش كە لە حكومەتدا وەزیریان نییە، چاودێرن بەسەر ئەو بودجەیەوە و بەگومانەوە دەڕواننە ئەو ژمارانەی كە پەیوەندییان بەوەزارەتی دارایی و داهاتی نەوت و كڕینی چەكو قەرز و مینحەكانەوە هەیە و بەچاوێكی پڕگومانترەوە دەڕواننە حیساباتی كۆتایی و ئەو پارانەش كە مۆڵ دەدرێن، یان دەگەڕێنەوە.

كاتێكیش بودجە دەگاتە لیژنەكانی پەرلەمان، دیسان هەمو لایەنەكان بەئەندامەكانی حیزبی دەسەڵاتیشەوە، تێبینیی خۆیان لەسەر بودجە دەردەبڕن و كەسێك نابینیت كە بەئاشكرا، پارێزگاریی لە كەموكورتی و گەندەڵی و پرۆژەی وەهمی بكات، ئەگەر لەحیزبەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بێت، كەچی لە هەرێمە كڵۆڵەكەی ئێمەدا:
1- كەس نازانێت، كێن ئەو لایەنە بەرپرس و پسپۆڕانە و لەسەر چ بنەماو بە چ پێوەرێك، بودجە ئامادە دەكرێت؟! هەندێك لەو پرۆژانە دوبارە دەبنەوە و هەندێكی تریش كە پێش پێنج شەش ساڵ پێشكەش كرابون، ئاخنراونەتە بودجەی ئەمساڵەوە.

2- بەشێكی زۆری لیستی دەسەڵات، پێیوایە كە لەبەر خاتری سەركەوتنی كابینەی شەشەم، ئەگەر بودجەكەش پڕكەموكورتی بێت، دەبێت هەر دەنگی پێبدەن.

3- ئەم بودجەیەش، دیسانەوە دوئیدارەیی هەرێمی كوردستانی سەلماندەوە و لە (43%)ی بودجە بۆ ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و (57%)ی بودجەش بۆ ئیدارەی پارتییە.

4- بۆ لەبیربردنەوەی نەهامەتییەكانی بودجەو وەگێڕانی سۆزی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانیو كەمكردنەوەی ناڕەزایەتییەكانیان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمو وەزارەتی دارایی، لهمکاتهدا رازیبون بەگەڕاندنەوەی ئەو بڕەپارەیەی كە لە موچەی فەرمانبەران، بەناهەق قرتێنرابو لەساڵی (2004)ەوە، كە بەردەوام نكوڵییان لێدەكرد.

5- نابێت ئەندام پەرلەمانەكان، ئەوەیان لەبیر بچێت كە بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لەئەستۆدایە، جگەلەوەش سوێندیان خواردوە كە «پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك بكەن»، هەروەها  نابێت سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمیش، ئەو سوێندە لەبیر بكەن، چونكە تێپەڕاندنی بودجە بەهۆی زۆرینەی ئەندام پەرلەمانی هەردو حیزبی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ بونی كەموكورتییەكی زۆرو زەقو بەفیڕۆدانی سەروەتو سامانی گشتی، هیچ بەهاو رەواییەكی نییە و دەچێتە بازنەی خیانەتی نیشتمانییەوە.

Sbeiy.com © 2007