Print
 سه‌رگوڵ قه‌ره‌داخی: رێژه‌ی به‌خشین له‌ بودجه‌دا زۆره‌ و ده‌کرێت بۆ وه‌به‌رهێنان خه‌رج بکرێت
Thursday, May 19, 2011

(سبه‌ی‌):
پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی‌ هه‌رێم ‌بۆ ساڵی‌ 2011 که‌ ئێستا له‌ په‌رله‌ماندا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ده‌کرێت، ره‌خنه‌ی توندی په‌رله‌مانتارانی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ و په‌رله‌مانتارێکیش سه‌ره‌رای ره‌خنه‌گرتن له‌ دواکه‌وتنی هاتنی بودجه‌که‌ بۆ په‌رله‌مان، ره‌خنه‌ له‌و جۆره‌ دابه‌شکردنه‌ش ده‌گرێت که‌ بۆبه‌سه‌کانی بودجه‌ کراوه‌.
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داخی په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ كه‌ تائێستا رێكنه‌خراوه‌، كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان و پێشخستنی‌ باری‌ ئابوری‌ كوردستان، رێژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ به‌كابردنیش‌ زۆر زیاتره‌ له‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان ئه‌مه‌ش له‌ روی‌ ئابورییه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ ده‌بێت چونكه‌ بودجه‌یه‌كی‌ زۆر ته‌رخانكراوه‌ بۆ به‌كارهێنان كه‌ له‌ ستاندارده‌ جیهانیه‌كاندا ده‌بێت جۆره‌ هاوسه‌نگیه‌ك هه‌بێت له‌نێوان ئه‌و دو بودجه‌یه‌دا.
وتیشی: حساباتی‌ شه‌ش مانگی‌ کۆتایی تائێستا نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ ده‌بێت چونکه‌ تا ئێستا نازانین خه‌رجی‌ حیساباته‌كانی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ چه‌نده‌ و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئێمه‌ ته‌قدیری‌ خه‌رجییه‌كانی‌ ئه‌مساڵی‌ بۆ بكه‌ین .
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی ره‌خنه‌ی له‌ زۆریی رێژه‌ی به‌خشین گرت له‌ ناو بودجه‌ی ئه‌مساڵدا و وتی: له‌ ساڵه‌کانی   2010 و 2011 زۆرترین رێژه‌ بۆ به‌خشینی‌ داموده‌زگاكان دانراوه‌ كه‌ ده‌توانرێت ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ نه‌بێت و به‌ سه‌ر پڕۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان دابه‌ش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌سه‌ر پێشخستنی‌ بواری‌ ئابوری‌ له‌ كوردستاندا،
هاوكات ره‌خنه‌ی له‌ پرۆژه‌ ته‌واونه‌کراوه‌کانی ساڵی رابردو گرت و وتی: ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ پاردا جێبه‌جێكراون،‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌میان چونه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئه‌مساڵ بونه‌ته‌‌ پرۆژه‌ی‌ به‌رده‌وام و پاره‌ی‌ تریان بۆ ته‌رخانکراوه‌ته‌وه‌‌، سندوقی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خوێندكاران به‌پێی‌ راپۆڕته‌كان ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆی‌ دانرابو له‌ 60%ی‌ سه‌رف نه‌كراوه‌ ساڵی پار که‌ ئه‌مه‌ جێی‌ پرسیار بو، ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێیانه‌ش که‌‌ دروست ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌درێت به‌كۆمپانیاكان، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ یاسایه‌كمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ یاسای‌ ژماره‌ (7)ی‌ ساڵی‌ 2008 كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ حكومه‌ت له‌نێوان وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و وه‌زاره‌تی‌ ئاوادانكردنه‌وه‌ ده‌توانێت یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون به‌ نرخێكی‌ زۆر ره‌مزی‌ بدات به‌ خه‌ڵك، به‌ڵام ئێمه‌ كارمان به‌و یاسایه‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر یاسای‌ وه‌به‌رهێنان ژماره‌یه‌كی‌ زۆر زه‌وی‌ دراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌‌كان كه‌ قازانجێكی‌ زۆری‌ لێده‌كرێت و به‌نرخێكی‌ زۆر گران ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌خه‌ڵك، داوامان كرد ئه‌وه‌ بوه‌ستێنرێت.

Sbeiy.com © 2007