Print
 عه‌بدوڵای‌ مه‌لا نوری‌: نا دادپه‌وه‌ریی زۆر هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنی بودجه‌دا له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگاكان و ناوچه‌كان
Sunday, May 22, 2011
(سبه‌ی):
پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی هه‌رێم كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا گفتوگۆی له‌ سه‌ر ده‌كرێت، ناڕه‌زایی توندی په‌رله‌مانتارانی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: به‌رپرسیارێتی مێژویی و ئه‌خلاقی له‌سه‌ر شانی په‌رله‌مانه‌
عه‌بدوڵای مه‌لا نوری، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ له‌ چاو ساڵی پاردا هیچ جیاوازییه‌كی نیه‌ و پێشكه‌وتنی بابه‌تیانه‌ روینه‌داوه‌، ئێمه‌ له‌ ساڵی پاردا به‌ شێوه‌یه‌كی ورد په‌نجه‌مان خسته‌ سه‌ر گرفته‌كان، به‌ڵام هه‌ست ناكه‌ین حكومه‌ت هیچ سودێكی له‌ ره‌خنه‌ و تێبینیه‌كانی په‌رله‌مانتاران به‌ گشتی و ئۆپۆزسیۆن به‌ تایبه‌تی بینیبێت، چونكه‌ به‌ هه‌مان كێشه‌وه‌ بودجه‌یه‌كی تری هێناوه‌ته‌ په‌رله‌مان.
ئه‌وه‌شی وت: داهات رۆشن نیه‌ و ناهاوسه‌نگی فراوان له‌ نێوان بودجه‌ی به‌كاربردن و بودجه‌ی پرۆژه‌كاندا هه‌یه‌ ‌و چه‌ندین ناونیشانی ناڕۆشنی تێدایه‌، بودجه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ست ده‌كه‌یت که‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك دانراوه،‌ كه‌ هیچ شاره‌زاییه‌كیان له‌ بودجه‌دا‌ نیه‌، هه‌ر بۆیه‌ بودجه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و ته‌ندروستانه‌ دایان نه‌ڕشتوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ داهاتی هه‌رێم به ‌گشتی‌ ‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا، عه‌بدوڵای مه‌لا نوری كه‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی په‌رله‌مانیشه‌ وتی: داهاتی هه‌رێم به‌ گشتی و سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵدا كه‌مه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌بێت یان داهاتی هه‌ر نه‌بێت یان ده‌بێت زۆر بێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ داهاتێكی نامه‌نتیقی هاتۆته‌ په‌رله‌مان كه‌ بڕه‌كه‌ی 370 ملیۆن دنیاره‌، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كه‌دا جێی گومانه‌، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كانزایه‌كی‌ گرانبه‌هادا ده‌كات.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی ئاشکراشکرد: نا دادپه‌وه‌ریه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنی بودجه‌دا له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگاكان و ناوچه‌كاندا، چونكه‌ ناحیه‌ هه‌یه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی قه‌زایه‌كی بۆ دیاریكراوه،‌ یاخود ناحیه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سنوری هه‌مو گه‌رمیان بودجه‌ی بۆ دانراوه‌.
ده‌رباره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بودجه‌ بۆ حكومه‌ت، عه‌بدوڵای مه‌لا نوری رایگه‌یاند: "به‌ دانپێدانانی هه‌مو فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان، بودجه‌ كه‌موكوڕیی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام ئایا په‌رله‌مان چه‌ند به‌ شێوه‌یه‌كی جدی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بودجه‌دا ده‌كات و ڕێگر ده‌بێت له‌وه‌ی وه‌ك ساڵی پار به‌ كه‌موكورتیه‌وه‌ تێپه‌ڕێت؟ ئێستا په‌رله‌مان له‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌كدایه،‌ كه‌ یان ده‌بێت بودجه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، یا له‌ ناو په‌رله‌ماندا كۆی كه‌موكوڕییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژویی و ئه‌خلاقی له‌سه‌ر شانی ئێمه‌یه".
Sbeiy.com © 2007