Print
 د.سه‌باح به‌رزنجی: تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ به‌م که‌موکورتییانه‌وه‌، گوناهێكی شه‌رعی و ئه‌خلاقیه‌
Sunday, May 22, 2011
(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتاران ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ت ده‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو که‌موکوڕی و نادادپه‌روه‌رییه‌ی له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمدا هه‌یه‌، په‌رله‌مانتارێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش داوا له‌ په‌رله‌مانتاران ده‌كات، رێگه‌ نه‌ده‌ن بودجه‌ به‌و هه‌مو كه‌موكوڕییه‌وه‌ تێپه‌ڕێنرێت.
د.سه‌باح به‌رزنجی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ‌ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: بودجه‌ كه‌موكورتی تێدایه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌، ورده‌كاری بۆ نه‌كراوه‌ و پرۆژه‌ی دوباره‌ و كه‌ڵه‌كه‌بوی ساڵانی تری تێدایه‌، حساباتی خیتامی له‌به‌رده‌ستدا نیه‌، بڕی بودجه‌ی ماوه‌ی ساڵانی پێشو دیار نیه‌، هه‌روه‌ها پاره‌ی زۆریش ته‌رخانكراوه‌ بۆ شتی ناپێویست.
وتیشی: ده‌بێت گرنگی بدرێت به‌ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوری له‌ كوردستاندا، نه‌ك ساڵ به‌ ساڵ ئێمه‌ كورتهێنانمان هه‌بێت و ئاگامان لێ نه‌بێت پرۆژه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه‌ به‌و كه‌موكورتییانه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌دا هه‌یه‌، ده‌نگی پێ ناده‌ین.
له‌ هه‌مان کاتدا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ به‌م كه‌موكورتیانه‌ی ئێستاوه‌، به‌ گوناهێكی شه‌رعی و ئه‌خلاقی ده‌زانێت، ئه‌وه‌شی وت: ده‌بێت هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان هه‌ستن و داوا بكه‌ن که‌ ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌وکات تێپه‌ڕێنرێت، چونکه‌ گه‌ر به‌و كه‌موكورتیانه‌وه‌ تێپه‌ڕێنرێت، ئه‌وه‌ گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ڕوی شه‌رعی و ئه‌خلاقیه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتیه‌كی یاسایی ‌و ئه‌خلاقیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا.
سه‌باح به‌رزنجی كه‌ هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌، ره‌خنه‌ی له‌و بودجه‌یه‌ گرت که‌ بۆ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ته‌رخانكراوه‌ و راشیگه‌یاند: ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ی بۆ په‌ره‌وه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ته‌رخانده‌كرێت، نابێت (23%)كه‌متر بێت، وه‌ك له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتو هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵدا بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخانكراوه‌(19%)یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌متره‌ له‌و بڕه‌ جیهانیه‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن دیاریكراوه‌.
ناوبراو رونیشیکرده‌وه‌: ئێمه‌ هیوادارین بڕه‌‌ بودجه‌ی‌ زیاتر بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردن ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام ده‌بینین له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ زۆربه‌ی بودجه‌كه‌مان بۆ بواری ئه‌منی ته‌رخانكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بوارانه‌ گرنگه‌، به‌ڵام نابێته‌ ژێرخانێك بۆ پێشكه‌وتنی ئابوری كوردستان، بۆیه‌ لێره‌شه‌وه‌ داواكارم په‌رله‌مانتاران به‌ئه‌ركی‌ خۆیان هه‌ستن ‌و رێگه‌ نه‌ده‌ن بودجه‌ به‌و هه‌مو‌ كه‌موكوڕییه‌وه‌ تێپه‌ڕێنرێت.
جێی ئاماژه‌یه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2011)ی هه‌رێمی‌ كوردستان که‌ دوای 7مانگ له‌ دواکه‌وتن له‌واده‌ی یاسایی خۆی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان کرا، گه‌وره‌ترین بودجه‌یه‌ له‌مێژوی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌دا، که‌ بڕه‌که‌ی (13,94) ترلیۆن دیناره‌ و تێیدا بڕی (4,15) ترلیۆن دیناری بۆ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان و (9,687) ترلیۆن دیناریشی بۆ بودجه‌ی وه‌گه‌ڕخستن ته‌رخانكراوه‌.
Sbeiy.com © 2007