Print
 بیلال سلێمان: حكومه‌تی نایه‌وێت داهاته‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكات ‌و كه‌س نازانێت بۆكوێ‌ ده‌ڕوات
Monday, May 23, 2011

(سبه‌ی):
بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا گفتوگۆی له‌ سه‌ر‌ ده‌كرێت، روبه‌ڕوی چه‌ندین ره‌خنه‌ی توندی په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كانی ناو په‌رله‌مان بوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت: "هه‌ر په‌رله‌مانتارێک كاره‌كه‌ی وه‌ك پێویست نه‌كرد، ئه‌وه‌ لای میله‌ت تاوانباره‌و لای خواش لێپرسینه‌وه‌ی هه‌یه‌  .
بیلال سلێمان، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: ساڵی 2009، داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی 31 ملیار دینار بوه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ داهات زیادیكردوه‌ و به‌پێی زانیاریه‌كانی ئێمه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار راپۆرتیان به‌رزكردۆته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ داهاتیان 37 ملیار و 584 ملیۆن دیناره‌، كه‌چی کاتێک پرسیاری به‌رزبونه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌م له‌وه‌زیر كرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بو كه‌ خه‌رجییان لێ ده‌كردوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش هێشتا ئه‌و بڕه‌ی كه‌ وه‌زیر وتی ‌و ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ جیاوازن، له‌ لایه‌كی‌ تروه‌ 43 ملیار دینار له‌ بودجه‌ خه‌رجكراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی، ئه‌مه‌ش له‌داهاتی‌ گشتی‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ رون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دوجار خه‌رجی‌ هه‌بوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌.
بیلال سلێمان که‌ هاوکات سه‌رۆکی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شت و گوزاره‌، سه‌باره‌ت به‌ داهاتی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، وتی: داهاتی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ملیارێك و 800 ملیۆن دیناره‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ داهاتی هه‌ردو فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر هاتبێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌زیری‌ دارایی ده‌ڵێت یه‌ك ملیار و 500 ملیۆن دیناره‌، واته‌ جگه‌ له‌ داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كان، 300 ملیۆن دیناری تر ونبوه‌.
ئه‌وه‌شی ئاشکراشکرد: فڕۆكه‌خانه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر 44 ملیار دیناری بۆ سه‌رفكراوه‌‌، كه‌چی داهاته‌كانی سفره‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نایه‌وێت داهاته‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكات ‌و شه‌فاف نیه‌ له‌ بودجه‌دا و كه‌س نازانێت بۆكوێ‌ ده‌ڕوات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ هه‌مانکاتدا ترسی خۆی له‌ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ ده‌ربڕی به‌و هه‌مو كه‌موكوڕیانه‌وه‌، راشیگه‌یاند: چونكه‌ ده‌نگدان به‌ زۆرینه‌و كه‌مینه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌، ئێمه‌ ته‌نها ده‌توانین ئه‌و ناشه‌فافیانه‌ ئاشكرا بكه‌ین، به‌ڵام ئاشكرایه‌ وه‌ك رابوردو حكومه‌ت هه‌رچی بڵێت زۆرینه‌ په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا‌ هه‌مو په‌رله‌مانتارێك وه‌ك پارێزه‌ر وایه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ی وه‌ك پێویست نه‌كرد، ئه‌وه‌ لای میله‌ت تاوانباره‌و لای خواش لێپرسینه‌وه‌ی هه‌یه‌  .

Sbeiy.com © 2007