Print
 بودجه‌ی‌ 2011؛ به‌ناوی‌ (باربو)ه‌وه‌ پاره‌ بۆ كۆمپانیا نادیاره‌كان ته‌رخانكراوه‌
Monday, May 23, 2011

(سبه‌ی‌):
ساڵانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر به‌ناوی‌ باربوه‌وه‌ (اعانات) ده‌درێته‌ كۆمپانیاكان، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ پاره‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش دیارنییه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ له‌م پاره‌ سودمه‌ندبون كێن و هی كێن و به‌پێی‌ چی‌ پێوه‌رێك پاره‌یه‌یان پێدراوه‌.
- ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیانه‌ له‌ بواری‌ پیشه‌سازیدا كاربكه‌ن، بانكی‌ پیشه‌سازی‌ هه‌یه‌و له‌ پارساڵدا له‌ یاسای‌ بودجه‌دا په‌سه‌ندكراوه‌.
- ئه‌گه‌ر له‌ بواری‌ نیشته‌جێبوندا كاربكه‌ن، سندوقی‌ نیشته‌جێبون هه‌یه‌و له‌ پارساڵدا له‌ یاسای بودجه‌دا په‌سه‌ندكراوه‌.
- ئه‌گه‌ر له‌ بواری‌ كشتوكاڵیشدا كار بكه‌ن، سندوقی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌یه‌و له‌ پارساڵدا له‌ یاسای‌ بودجه‌دا په‌سه‌ندكراوه‌.
 بۆیه‌ پێویست ناكات، ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ له‌و بوارانه‌دا كارده‌ن، له‌ پاره‌ی‌ باربو سودمه‌ند ببن.
پاره‌ی‌ باربو
له‌ پارساڵدا 398 ملیار دینار بۆ باربو ته‌رخانكرا، به‌ڵام ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پار ساڵدا 512 ملیار دینار خه‌رجكراوه‌، واته‌ ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پارساڵدا 114 ملیار دینار زیاتر له‌و پاره‌ خه‌رجكراوه‌ كه‌ بڕیاربو بۆ باربو خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شه‌ش مانگی‌ دوه‌م كه‌ نازاندرێت چی‌ خه‌رجكراوه‌.
باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و پاره‌ی‌ بۆ باربو ته‌رخانده‌كرێت خه‌رجی‌ ناپێویسته‌؛ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن له‌ ساڵی‌ 2009دا 773 ملیار دینار بۆ باربو خه‌رجكراوه‌و ئه‌مساڵ بۆ 85 ملیار دینار كه‌میكردوه‌، ئه‌گه‌ر پێویسته‌ چۆن ده‌بێت به‌و بڕه‌یه‌ كه‌م بكات؟
به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ وه‌ك باربو خه‌رجكراوه‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ خه‌رجیكردوه‌، بۆ نمونه‌ له‌و 737 ملیار دیناره‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2009دا خه‌رجكراوه‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ 669 ملیار دیناری‌ لێ خه‌رجكردوه‌.

 

Sbeiy.com © 2007