Print
 وێڵبون بەدوای ژمارەكاندا!
Tuesday, May 24, 2011

ئازاد چالاك
باس هەر باسی ژمارە و خانەكانی بودجەیە، گەورە و بچوك، خوێندەوار و بێسەواد، كاسبكار و خانمی ماڵ، هەمو هەر باسی ژمارە دەكەن، بەڵام ژمارەی سەر كاغەز، لەجیاتی یەكان و دەیان و سەدان، باس لە ملیار و ترلیۆنە. ئەم ژمارانە، چین، لەكوێوە دێنو بۆ كوێ دەچن؟ بۆ هاوڵاتییان هەستی پێ ناكەن و نایانبینن؟

هەمو هەر قسە دەكەین، بە ئەندام پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن و بەرپرسانیشەوە، هەمو هەر باسی ژمارە دەكەین، بەڵام كەس نییە وەڵام بداتەوە! دەبێ چی بكەین بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ ئەم هاوكێشە نالەبارە بدۆزرێتەوە؛ كە بەردەوام لایەكی لە لاكەی تر كەمترە و تای تەرازو هەر لاسەنگ دەبێت، مەتەڵێكی كەموێنە و قورسە.

شارەزایان دەڵێن، تەنیا لە بودجەی بەكاربردندا، زیاد لە (2) ترلیۆن بەهەدەر دراوە؛ كە هەر خودی ئەو بودجەیە، دەبوایە (50%) كەمبكرایەتەوە و بخرایەتە سەر بودجەی وەبەرهێنان.

حكومەتەكەمان، بەڵێنی دا كە شەفاف بێتو بە كردار دەیسەلمێنێت كە پارێزگاری لە موڵك و ماڵی هاوڵاتییان دەكات و خەرجییەكانی هەردو حیزبی دەسەڵات و دەزگاكانی سێبەر وشك دەكات، كەچی هەر بە كردار پێچەوانەكەی سەلماند و هاوڵاتییانی هەرێم (هەزار رەحمەت بۆ كفندز دەنێرن).

هەندێك دەڵێن، دەبێت بودجە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و هەندێكیش دەڵێن، هەرچۆنێك بێت، با ئەم بودجەیەش بەڕێبكەین و دەنگی لەسەر بدەین و بوار نەدەین ئۆپۆزسیۆن ترشو پیازی پێوە بخۆن!

لە یاسادا، ئەگەر تاوانێك بە پلان و نەخشەی پێشوەخت ئەنجامدرا، ئەوا دەبێتە تاوانێك كە سزاكەی زۆر قورس دەبێت و وەكو ئەوە نابێت كە تاوانبار لە بێئاگایی، یاخود نەزانی و بەبێ مەبەست، ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت.

شارەزایانی وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نەزانی و بێئاگاییەوە ئەم بودجەیەیان نەناردوەتە پەرلەمان، بەڵكو ئاراستەكان بۆ ئەوە دەچن كە زۆر بیریان لێكردبێتەوە كە چۆن و بە چ رێگایەك چەند ((تریلیۆنێك)) بخەنە ئەولاوە، بۆ ئەوەی حیزبەكان و دەزگاو مەكتەبەكان و رێكخستنەكانیان بژیه‌نن و كارە نایاساییەكانی حیزبی پێ ئەنجام بدەن.

لەم هەرێمەدا، جگە لە حكومەت خۆی و وەزارەتەكانی كە دەبێت چاودێربن بەسەر بودجە و سامانی گشتییەوە، دیوانی چاودێریی دارایی و داواكاری گشتی هەیە، ئەم دو دەزگا گرنگ و پڕبایەخە، بەدەستی ئەنقەست ئیفلیج كراون و بەدواداچون بۆ راپۆرتەكانیان ناكرێت و رێگە نادرێت بە داواكاری گشتی كە لەم هەمو كەموكورتییەی بودجە و حكومەت بكۆڵێتەوە و بزانێت ئایا پسپۆڕانی بواری بودجە و وەزارەتەكان، لە نەزانییەوە ئەم كارەیان كردوە، یان زۆر بەئاگاییەوە بودجەیان گەڵاڵە كردوە؟ ئایا لە بودجەی ساڵی پار و چەند ساڵی رابردودا، كێ لە پرۆژە وەهمییەكانی كۆڵیوەتەوە؟ كێ بەحیساباتی كۆتاییدا چوەتەوە؟ پارەی ئەو پرۆژانەی كە جێبەجێ نەكراون، گەڕاونەتەوە سەر بودجە؟ ئایا پارەی فرۆشتنی نەوت و شیرینی گرێبەستەكان و باجە جۆراوجۆرەكان و داهاتی خاڵە سنورییەكان، چەندن و خراونەتە سەر بودجە؟ ئەگەر لەم هەرێمەی ئێمەدا، یاسا سەروەر بوایە، دەبو بەرپرسانی باڵای حكومەت، لەجیاتی ئامادەبونیان لە هۆڵی پەرلەمان، روبەڕوی داواكاری گشتی و یاسا بونایە؟

ئەوەی كە ئەمڕۆ زۆر بە زەقی بۆ هەموان دیار و رونە، ئەوەیە كە هەرێم و ئەزمونەكەی، بەمشێوەیە بەڕێوەناچن و پێش ناكەون، بۆیە دەبێت گفتوگۆ چاوەڕوانكراوەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ئەم لایەنە بگرنەخۆ و وەك كێشەیەكی سەرەكیی نێوان هاوڵاتی و حكومەت، بایەخی زۆری پێ بدرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.

 

Sbeiy.com © 2007