Print
 بودجه‌ی‌ 2011؛ 761 ملیار دینار بۆ (به‌خشین) ته‌رخانكراوه‌
Wednesday, May 25, 2011

(سبه‌ی‌):
ساڵانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر به‌ناوی‌ به‌خشینه‌وه‌ ته‌رخانده‌كرێت ‌و خه‌رجده‌كرێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌م پاره‌یه‌ بچێته‌ خزمه‌تی‌ گشتییه‌وه‌.
نه‌چونه‌ خزمه‌تی‌ گشتی‌ ئه‌م خه‌رجییه‌، ته‌نها كه‌موكورتییه‌كانی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نیه‌، به‌ڵكو حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ زیاتر له‌و پاره‌یه‌ی‌ خه‌رجكردوه‌، كه‌ په‌رله‌مان بۆی‌ په‌سه‌ند كردوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ زانیاری‌ هه‌ڵه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ی‌ داوه‌ته‌ په‌رله‌مان.
- له‌ نێو گه‌رمه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا، له‌نێو ئه‌و هه‌مو به‌ڵێنه‌ زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت دای‌ و به‌ ئێستاشه‌وه‌ ده‌یدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كان، حكومه‌ت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ به‌خشین كه‌مبكاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رچاو زیادیكردوه‌؛ له‌ پار ساڵدا 374 ملیار دینار بۆ به‌خشین ته‌رخانكرابو، به‌ڵام ئه‌مساڵ بوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بوه‌ به‌ 761 ملیار دینار، واته‌ به‌بڕی‌ 387 ملیار دینار زیادیكردوه‌.
- به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ رابردو په‌رله‌مان هیچ پاره‌یه‌كی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عێراق ته‌رخانی‌ كردبێت، حكومه‌ت له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پار ساڵدا ملیارێك ‌و 762 ملیۆن دیناری‌ بۆ خه‌رجكردوه‌و ئه‌مساڵیش ملیارێك ‌و 500 ملیۆنی‌ بۆ ته‌رخانكردوه‌.
ئایا بۆ ده‌بێت خه‌رجییه‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان بێت؟
- له‌ ساڵی‌ 2009 دا حكومه‌ت بڕی‌ 10 ملیار دیناری‌ بۆ رێكخراوه‌ زانستییه‌كان ته‌رخانكردبو، به‌پێی‌ راگه‌یاندن و بانگه‌شه‌كانیشی كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ رێكخراوه‌كان ده‌یكرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا پاره‌ی‌ رێكخراوه‌ زانستییه‌كان بوه‌ به‌ 25 ملیار دینار.
- حكومه‌ت له‌ ساڵی‌ 2010دا 11 ملیار دیناری‌ بۆ رێكخراوه‌ رۆشنبیرییه‌كان ته‌رخانكردبو، به‌ڵام ئه‌مساڵ بوه‌ به‌ 22.5 ملیار دینار.
- له‌ ساڵی‌ 2010دا بۆ (رێكخراوی‌ دیكه‌)، 40 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌و پاره‌یه‌ بوه‌ به‌ 67 ملیار دینار.
 ئایا زیادبونی‌ ئه‌م به‌خشینانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ چاكسازیدایه‌؟- بۆ ئه‌مساڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌خشینی‌ 7 ملیارو 128 ملیۆن دیناری‌ هه‌یه، په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌سه‌ڵاتی‌ 900 ملیۆن دینار، سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران 1 ملیارو 208 ملیۆن دینار، وه‌زاره‌تی‌ دارایی 603 ملیارو 411 ملیۆن دینار‌، ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان 149 ملیار دینار.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرفته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌:

ئایا ئه‌م به‌خشینانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌ و په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بۆ كێیه‌؟
له‌سه‌ر چی‌ بنه‌مایه‌كه‌؟

سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ 6 مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پارساڵدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ بۆ به‌خشین خه‌رجنه‌كردوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ یه‌ك ملیارو 208 ملیۆنی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌؟
ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان خۆی‌ داوای‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ نه‌كردوه‌ بۆ به‌خشین، به‌ڵام 149 ملیار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، ئایا ئه‌و  پاره‌یه‌ بۆ كێیه‌؟

 

Sbeiy.com © 2007