Print
 سه‌میر سه‌لیم: ئه‌ندامانی فراکسیۆنی ده‌سه‌ڵاتیش ره‌خنه‌ له‌ بودجه‌ ده‌گرن، به‌ڵام ئیرداه‌ی سیاسیان شتێکی تره‌
Thursday, May 26, 2011

(سبه‌ی):
بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ئێستادا له‌ په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی توندی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بوه‌ته‌وه‌و په‌رله‌مانتارێکی یه‌کگرتوی ئیسلامیش ئاشكرای ده‌کات، که‌ هیچ پاره‌یه‌کی داهاتی ناوخۆ له‌ بودجه‌ دیار نیه‌و پێشیوایه‌ به‌ مه‌به‌ست وایلێکراوه‌.
سه‌میر سه‌لیم، ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی زۆری خرایه‌ سه‌ر، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر داهاته‌کان، چونکه‌ ئه‌و داهاته‌ی خه‌رجکراوه‌ و نوسراوه‌ له‌ناو بودجه‌دا، ته‌نها ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ که‌ له‌ به‌غدا‌وه‌ دێت، هیچ پاره‌یه‌کی ناوخۆی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا سه‌رفنه‌کراوه‌و دیاری نه‌کراوه‌.
باسی له‌وه‌شکرد، دیارنه‌بونی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم ئیحراجی بۆ وه‌زیری دارایی و لیژنه‌کانیش دروستکردوه‌، چونکه‌ هه‌ندێک وه‌زاره‌ت نزیکه‌ی 400 ملیار داهاتی بۆ نوسراوه‌، به‌ڵام له‌ ناو بودجه‌دا خه‌رجنه‌کراوه‌، هه‌روه‌ها دۆسیه‌ی نه‌وتیش تا ئیستا به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ و که‌س نازانێت داهاتی نه‌وت چی لێ دێت و چۆن ده‌فرۆشرێت.
سه‌میر سه‌لیم، که‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و کاروباری ئابوریی په‌رله‌مانه‌ وتیشی: بودجه‌ی وه‌گه‌ڕخستن له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌ندروست نیه‌ و ساڵانه‌‌ زیاد ده‌کات، چونکه‌ له‌ڕوی خه‌مڵاندنه‌وه‌ ناهاوسه‌نگی زۆری تێدایه‌، له‌ هه‌مان کاتدا زانیاریمان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ ‌له‌ باره‌ی موچه‌خۆره‌وه تا به‌دواداچونی بۆ بکه‌ین.
ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له‌و بڕوایه‌دا بو، که‌ "ونبونی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم به‌ نه‌زانی نیه‌، به‌ڵکو به‌ ئاگایی و به‌ مه‌به‌ست وه‌های لێکراوه‌"، ئه‌وه‌شی وت: بێ پلانی به‌ دابه‌شکردنی بودجه‌وه دیاره،‌ چونکه‌ نه‌خراوه‌ته‌وه‌ خزمه‌تی په‌ره‌پێدان و بوژانه‌وه‌ی که‌رته‌ جیاوازه‌کان، بۆ نمونه‌ که‌رته‌کانی کشتوکاڵ و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان په‌ره‌ی پێنه‌دراوه‌، بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانیش که‌ ته‌رخانکراوه‌ ته‌نها بۆ بونیادنانه‌، نه‌خراوه‌ته‌ خزمه‌تی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و پیشه‌سازییه‌وه‌.
ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌گرتنی ئه‌ندامانی فراکسیۆنی ده‌سه‌ڵات و له‌به‌رامبه‌ردا چاره‌سه‌رنه‌کردنی که‌موکورتییه‌کان، سه‌میر سه‌لیم، رایگه‌یاند: "ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ فراکسیۆنی ده‌سه‌ڵاتیش ره‌خنه‌ له‌هه‌ڵه‌و که‌موکوڕیی بودجه‌ ده‌گرن، به‌ڵام ئیرداه‌ی سیاسیان شتێکی تره‌".

 

Sbeiy.com © 2007