Print
 ئۆپۆزسیۆن هۆشداری‌ ده‌دات له‌باره‌ی‌ بڕینی‌ مینحه‌ی‌ مانگانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌
Saturday, May 28, 2011
(سبه‌ی‌):
هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ كوردستان بڕیاری‌ بڕینی‌ مینحه‌ی‌ مانگه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌ پێشێلكاریی‌ یاسا ناوده‌به‌ن و هۆشداری‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامی‌ ترسناكی‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و پێیان وایه‌ ئامانج له‌و كاره‌ بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ڕوی‌ سیاسییه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌كو فشارێك به‌كاربهێنرێت تاوه‌كو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بڕێكی‌ زۆری‌ دارایی‌ گشتییان له‌به‌رده‌ستدا بێت.
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ (سۆمه‌ریه‌ نیوز)ی‌ راگه‌یاندوه‌: قۆرخكردن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ پشت بڕیاره‌كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕینی‌ مینحه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ سێ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌.
ناوبراو پێی‌ وایه‌ كه‌ واده‌ی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ و سزادانی‌ نایاسایی‌ به‌سه‌رچوه‌ و هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ ئه‌نجامی‌ ترسناكی‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ یوسف محه‌مه‌د به‌رپرسی‌ ژوری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ (سۆمه‌ریه‌ نیوز)ی‌ راگه‌یاندوه‌: هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌، بونه‌ته‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م دیاریكردنی‌ پێوه‌رێك بۆ میكانیزمی‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ رێژه‌ی‌ مینحه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌پێی‌ یاسا.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وان به‌و كاره‌یان ده‌یانه‌وێت له‌لایه‌كه‌وه‌ مینحه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ حیزبه‌كان وه‌كو كارتێكی‌ فشار له‌دژی‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌كاربهێنن، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بڕێكی‌ زۆر له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ به‌ نایاسایی‌ بۆ خۆیان ته‌رخان بكه‌ن.
هاوكات عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ به‌ نایاسایی‌ ناوبرد و رایگه‌یاند: حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌ره‌ڕای‌ بڕینی‌ مینحه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ ئێمه‌، موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ ئێمه‌شی‌ بڕیوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ نایاساییه‌.
وتیشی‌: ئه‌و بڕیاره‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر داواكانی‌ ئێمه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ رێگریكردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ له‌ كاروباری‌ حكومه‌تدا، ئه‌گه‌رنا گوناهی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرینی‌ كۆمه‌ڵ چیه‌ كه‌ موچه‌كه‌ی‌ ببڕدرێت.؟
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا، جه‌میل هه‌ورامی‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و هاوكات به‌رپرسی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌ (سۆمه‌ریه‌ نیوز)ی‌ راگه‌یاندوه‌: راگیرانی‌ موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نیه‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ته‌كنیكییه‌ و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ پێداچونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ دۆسیه‌ی‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان كه‌ موچه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن.
Sbeiy.com © 2007