Print
 بودجه‌ی 2011؛ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مساڵدا كه‌مترین پرۆژه‌ی‌ تازه‌ی‌ به‌رده‌كه‌وێت
Saturday, May 28, 2011

(سبه‌ی):
به‌پێی راپۆرتێکی شیکاری بۆ بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان، که‌ له‌لایه‌ن توێژه‌رێکی ئابورییه‌وه‌ ئاماده‌کراوه‌، ته‌نها رێژه‌ی 7%ی بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ پرۆژه‌كانی‌ ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخانكراوه‌.
گوژمه‌ی‌ په‌سندكراو له‌ 2010 بۆ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان بریتی بو له‌ (3,543,074,000,000 ) دینار بۆ جێبه‌جێكردنی‌ (768)پرۆژه‌، خه‌رجی‌ فیعلی‌ بۆ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌مان ساڵ به‌پێی‌ ده‌رخسته‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان كه‌ له‌ لیستی‌ پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ 2011 نیشانیداوه‌، بریتیه‌ له‌ (3,192,462,000,000) دینار، به‌وپێیه‌ش ده‌توانرێ‌ رێژه‌ی‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان به‌ به‌راوركردنی‌ ئه‌و دو ره‌نوسی‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستبه‌ر بكرێ‌، كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ (90.1%).
هێڵكاری‌ خواره‌وه‌ رێژه‌ی‌ جێبه‌جێبونی‌ پرۆژه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ 2010 نیشانده‌دات:
هێڵكاری‌ ژماره‌ (4)


 

له‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی ساڵی‌ 2011دا جیاواز له‌ ساڵانی تر، پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان (3)جۆری‌ به‌ شێوه‌ی‌ لیست به‌خۆوه‌ گرتوه،‌ كه‌ بریتین له‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
1- پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ (2007- 2008- 2009- 2010)
2- پرۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كانی‌ 2011.
3-  پرۆژه‌ دواكه‌وتوه‌كان (2003- 2004- 2005)

أ- زۆرینه‌ی‌ گوژمه‌ی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ 2011، بۆ پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كان ته‌رخانكراوه‌ و بریتیه‌ له‌ (2,802,695,000,000) دینار، واته‌ رێژه‌ی‌ به‌ركه‌وتی‌ پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كان كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (2264) پرۆژه،‌ بریتیه‌ له‌ (67.53%) ی‌ تێكڕای‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ (2011)دا.

ب- كۆی‌ گوژمه‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ پرۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كانی‌ (2011) بریتیه‌ له‌ (988,197,000,000) دینار، واته‌ رێژه‌ی‌ به‌ركه‌وتی‌ پرۆژه‌ پێشنیار كراوه‌كان له‌ تێكڕای‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ (2011)، بریتیه‌ له‌ (23,81%)، واته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مساڵدا كه‌مترین پرۆژه‌ی‌ تازه‌ی‌ به‌رده‌كه‌وێت، كه‌ بریتیه‌ له‌ (543) پرۆژه‌و به‌واتایه‌كی‌ تر 7%ی بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ پرۆژه‌كانی‌ ئه‌م ساڵ ته‌رخانكراوه‌.

ج - پرۆژه‌ دواكه‌توه‌كانیش (2003- 2004- 2005) ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (61) پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی‌ (68,108,000,000) دینار، واته‌ رێژه‌ی‌ به‌ركه‌وتی‌ پرۆژه‌ دواكه‌وتوه‌كان له‌ تێكڕای‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ (2011) بریتیه‌ له‌ (1.46%)، ده‌بێت حكومه‌ت لێپێچنه‌وه‌ی‌ لێ‌ بكرێت بۆ ده‌بێت 61 پرۆژه‌ له‌ ساڵه‌كانی‌ 2003‌و 2004‌و 2005ه‌وه‌ كاركردن تێدا ده‌ست پێكرابێت‌و تا ئێستاش ته‌واو نه‌بوبێت، كه‌ لێره‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌كی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو.
باخچه‌یه‌كی‌ ساوایان كۆیه‌ له‌ 7/12/2004ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیداو بۆ ئه‌مساڵیش 134 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه،‌ له‌كاتێكدا ده‌بو بینای‌ ئه‌م باخچه‌ی‌ ساوایانه‌ به‌ 274 رۆژ ته‌واو ببێت.
دروستكردنی‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ 12 پۆلی‌ له‌ شیلادزێ‌ له‌ 27/3/2004ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیداو بۆ ئه‌مساڵیش 551 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌.
دروستكردنی‌ قوتابخانه‌ی‌ 4 پۆلی‌ له‌ قه‌ڵادزێ له‌گه‌ڵ چوار خانوی‌ مامۆستا له‌ 1/6/2004ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیداو بۆ ئه‌مساڵیش 228 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بو ئه‌م پرۆژه‌ به‌ 200 رۆژ ته‌واو ببێت.
دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ له‌ دوكان له‌ 26/10/2004ه‌وه‌ ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ تێیداو ئه‌مساڵیش 601 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه،‌ له‌ كاتێكدا ده‌بو ئه‌م پرۆژه‌ به‌ 409 رۆژ ته‌واو بوایه.‌


هێڵكاری‌ خواره‌وه‌ پشكی‌ جۆری‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان ده‌رده‌خات:
هێلكاری‌ ژماره‌ (5)
 

Sbeiy.com © 2007