Print
 بودجه‌ی هه‌رێم؛ چه‌ندین پرۆژه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی پاره‌ی بۆ ته‌رخان کراوه‌، به‌ڵام پاره‌که‌ خه‌رج نه‌کراوه‌
Sunday, May 29, 2011
(سبه‌ی):
خه‌رجنه‌كردنی‌ پاره‌ی‌ پرۆژه‌كان یه‌کێکی تره‌ له‌ هه‌ڵه‌و که‌موکوڕییه‌کانی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان و ده‌یان پرۆژه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی پاره‌ی بۆ ته‌رخان کراوه‌، به‌ڵام خه‌رج نه‌کراوه‌.
ساڵانه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ که‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێناندا بۆ پرۆژه‌كان ته‌رخانده‌كرێت، خه‌رج ناكرێت، بۆنمونه‌ له‌ ساڵی‌ 2009دا 704 ملیار دیناری‌ پرۆژه‌كان خه‌رجنه‌كراوه‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌م پاره‌یه‌ش بێ ئاگاداری‌ په‌رله‌مان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن، پار ساڵیش 350 ملیار دیناری‌ پرۆژه‌كان خه‌رجنه‌كراوه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، رۆژنامه‌نوسی ئابوریی له‌ راپۆرتێکیدا سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی (2011) هه‌رێم، چه‌ندین نمونه‌ی له‌و پرۆژانه‌ ئاشکراکردوه‌، که‌ پاش پاره‌یان بۆ ته‌رخانکراوه‌، به‌ڵام خه‌رج نه‌کراوه‌، که‌ لێره‌دا به‌شێکی پرۆژه‌کانی وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی‌ داد ده‌خه‌ینه‌ڕو.
له‌ پرۆژه‌کانی وه‌زاره‌تی‌ داد؛ دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌یمانگای‌ دادوه‌ری‌ له‌ هه‌ولێر 20 ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربو پار ساڵ 2 ملیار دیناری‌ بۆ خه‌رج بكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه‌، دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ داواكاری‌ گشتی‌ 3 ملیارو 500 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربوو پار ساڵ ملیارێك دیناری‌ تێدا خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه‌.
دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ تۆمارگه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ له‌ دهۆك له‌ پارساڵدا 2ملیارو 500 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربو پارساڵ ملیارێك‌و 500 ملیۆن دیناری‌ تێداخه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه.‌
دروستكردنی‌ بینای‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ تێبینه‌رایه‌تییه‌ دادییه‌كان له‌ دهۆك كه‌ پارساڵ 400 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربو هه‌ر پار ساڵ ته‌واو بێت، به‌ڵام هیچی‌ لێ‌ خه‌رجنه‌كراوه‌.
بینای‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خانوبه‌ره‌ له‌زاخۆ، پار ساڵ ملیارێك‌و 500 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پار ساڵ یه‌ك ملیار دیناری‌ بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام خه‌رج نه‌كراوه‌.
دروستكردنی‌ بینای‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ تێبینه‌رایه‌تییه‌ دادییه‌كان له‌ زاخۆ كه‌ پارساڵ 350 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربو پار ساڵ ته‌واوبێت، به‌ڵام هیچی‌ لێ‌ خه‌رجنه‌كراوه‌.
دروستكردنی‌ بینای‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ تێبینه‌رایه‌تییه‌ دادییه‌كان له‌ئاكرێ،‌ كه‌ پارساڵ 350 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاربو هه‌ر پار ساڵ ته‌واوبێت، به‌ڵام هیچی‌ لێ‌ خه‌رجنه‌كراوه‌.
هه‌روه‌ها له‌ پرۆژه‌کانی وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ مه‌سحی‌ جیۆلۆجی‌‌و تاقیگه‌كانی‌ له‌پار ساڵدا ملیارێك‌و 712 ملیۆن دینار بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پارساڵ 500ملیۆن دیناری‌ تێدا خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه‌، عه‌مباری‌ سوته‌مه‌نی‌ بازیان كه‌ پار ساڵ 12 ملیار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكرا، بڕیاربو له‌پارساڵدا 2 ملیار دیناری‌ تێدا خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه‌.
عه‌مباری‌ سوته‌مه‌نی‌ له‌ كه‌لار، پار ساڵ بڕیاری‌ خه‌رجكردنی‌ 6 ملیار دیناری‌ بۆ دراو بڕیاربو له‌ پارساڵدا ملیارێك‌و 500 ملیۆن دیناری‌ بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا.
دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ مه‌سحی‌ جیۆلۆجی‌ له‌ دهۆك كه‌ ملیارێك‌و 764 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پار ساڵ  ملیاریك 500 ملیۆن دیناری‌ بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا.
له‌ 20 پرۆژه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان ته‌نیا دو پرۆژه‌ كاری‌ تێدا كراوه‌و بڕیاربو پارساڵ 6 ملیارۆ 958 ملیۆن دینار له‌و پرۆژانه‌دا خه‌رج بكرێت، به‌ڵام ته‌نیا 252 ملیۆن خه‌رجكراوه‌.
Sbeiy.com © 2007