Print
 له‌ زمانی‌ به‌ڵَگه‌نامه‌كانه‌وه‌..
Monday, April 14, 2008

عه‌داله‌ت عومه‌ر*

یه‌كێك له‌ باشترین رێگاكان بۆ ناساندنی‌ جێنۆساید به‌ دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ دێكۆمنێت و به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ (بینراو ،بیستراو، خوێنراو)ن ، بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌م له‌ راسپارده‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ به‌رو ناساندنی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردستان به‌ جیهان  پیویست بوو ئاماژه‌ به‌ دروست كردنی‌ سه‌نته‌رێكی‌ ئه‌رشیڤی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ له‌ لێژنه‌یه‌كی‌ پسپۆر و شاره‌زا پێك بێت بكرێت، به‌ مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ كه‌ زه‌روره‌تێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ پێكاندنی‌ ئامانجی‌ كۆنگره‌كه‌ .

ئه‌م جاره‌ من باسی‌ قوربانیانی‌ نوگره‌ سلمان ده‌كه‌م، قه‌ڵای‌ نوگره‌ سه‌لمان ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌رگای‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ نوسراوه‌ "به‌خێربێن بۆ دۆزه‌خ" و له‌ سه‌ر ده‌رگای‌ پشته‌وه‌ش نووسراوه‌"كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێت كه‌سێك سێ‌مانگ له‌م شوینه‌دا بمێنێته‌وه‌"، به‌ پێ‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان ئازار و ئه‌شكنجه‌دان له‌ زیندانی‌ نوگره‌ سه‌لمان تا راده‌ی‌ كوشتن بووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زینده‌ به‌ چاڵكردنی‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ، له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ هۆكاری‌ مردنی‌ نێر و مێ‌ ،گه‌وره‌و گچكه‌ وا نوسراوه‌ راوه‌ستانی‌ كتوپری‌ سووری‌ خوێن له‌ ئه‌نجامی‌ خوین له‌ به‌ر چوون(نه‌زیف)ی‌ ناوخۆیی‌ ،به‌ پێ‌ی‌ ئه‌م به‌ڵگانه‌ كه‌ له‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ قه‌زای‌ سلمان ده‌رچووه‌ ناوی‌ هه‌واڵهێنی‌ مردنه‌كه‌ بۆ هه‌مووی‌ نووسراوه‌ ئه‌فسه‌ری‌ ئه‌منی‌ قه‌ڵای‌ سلمان ،هه‌روه‌ها له‌ به‌شی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ مردوه‌كه‌دا نوسراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ردا گیراو له‌ لای‌ ، ئه‌م به‌ڵگانه‌ له‌ لایه‌ن پزیشكێك به‌ ناوی‌ سمیر ودیع شاكر ئیمزا كراوه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ وه‌فاتیان بۆ دروست كراوه‌  هه‌ر هه‌مووشی‌ به‌پێ‌ی‌ نووسراوی‌ ره‌سمی‌ قه‌ڵای‌ نوگره‌ سه‌لمان به‌ ژماره‌ی‌ جوراجور به‌ ئیمزای‌ ئه‌فسه‌ری‌ ئه‌منی‌ قه‌ڵا نیردراوه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ نوسراوه‌كاندا نوسراوه‌" بۆ ئاگاداریتان مردووه‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ره‌سمی نیه‌"، یه‌كێك له‌ گه‌راوه‌كانی‌ نوگره‌سه‌لمان تا رۆژی‌ به‌ر بوونی‌ 520 كه‌سی‌ ژماردووه‌ كه‌ له‌ ژێر ئه‌شكنجه‌دا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، لێره‌دا من ناتوانم له‌ به‌ر زۆری‌ ناوه‌كان  یه‌ك به‌ یه‌ك نووسراوه‌كان بخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستان به‌ڵام هه‌ر جارێ‌  ناوی‌ به‌شێك له‌ قوربانیان بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ ،به‌شی‌ یه‌كه‌م ناویان به‌م شێوه‌یه‌:

1.مه‌لێكه‌ تاهێر جوهر قادر له‌دایكبووی‌1978- خه‌ڵكی‌ نه‌وجول-به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌ 116له‌ 14\6\1988
2.ره‌زا محمد شه‌ریف له‌ دایكبووی‌ 1907-خه‌لكی‌ دوكان- به‌ نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌ 117 له‌ 15\6\1988 
3.شیرین صالح حسین -له‌دایكبووی‌ 1984-خه‌لكی‌ كه‌لار- به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌117 له‌15\6\1988
4.فاتح حسن سولتان له‌ دایكبووی‌ 1918-خه‌ڵكی‌ نه‌وجول- به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌ 117 له‌ 15\6\1988
5.كریم عزیز ئه‌مین له‌ دایكبووی‌ 1957-خه‌ڵكی‌ سه‌نگاو- به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌117 له‌ 15\6\1988
6.سواره‌ حسن قادر له‌ دایكبووی‌ 1918-خه‌ڵكی‌ سوورداش-به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌117له‌ 15\6\1988
7.نه‌زیره‌ حسین علی‌ له‌ دایكبووی‌ 1987-خه‌ڵكی‌ نه‌وجول-به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌ 117له‌ 15\6\1988
8.زوهره‌ عبید رسول له‌ دایكبووی‌ 1937-خه‌ڵكی‌ شوان- به‌نووسراوی‌ نهێنی‌ ژماره‌ 121 له‌ 16\6\1988
9.حمید محمد محمود له‌ دایكبووی‌ 1903-خه‌ڵكی‌ چه‌مچه‌ماڵ-به‌نووسراوی‌ ژماره‌ 121 له‌ 16\6\1988
10.صالح ئه‌حمه‌د حمد له‌ دایكبووی‌ 1908- خه‌ڵكی‌ كویسنجق- به‌نووسراوی‌ ژماره‌ 122 له‌ 18\6\1988 

به‌ پێ‌ی‌ ووته‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ بنكه‌كه‌ ئه‌وان به‌س به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ وه‌فاتیان بۆ قوربانیان  به‌ ناوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دروست كردوه‌  كه‌ به‌ نووسراو بۆیان هاتووه‌ به‌ڵام هه‌رگیز لاشه‌كانیان نه‌هاتووته‌ لایان، شاید عه‌یانیكی‌ ده‌ربازبووش ده‌ڵێت" له‌ نوگره‌ سه‌لمان دوو عه‌ره‌بانه‌ی‌ شكاوی‌ لێ‌ بوو،عه‌ره‌بانه‌ی‌ ده‌ستی‌ یه‌ك تایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌مردن له‌ سه‌ر ئه‌و عه‌ربانه‌ دایان ده‌نا، جار هه‌بوو  به‌یانیان كه‌ هه‌ڵده‌ستاین 6 مه‌یتیان تێده‌كرد  هێندێكیان ئه‌ونده‌ مابوونه‌وه‌ بۆگه‌ن ببوون، زۆر جارمه‌یته‌كان به‌رده‌بونه‌وه‌، خاكه‌نازێك و باڵته‌یه‌كی‌ شكاومان لا بوو خۆڵه‌كه‌ش زۆر ره‌ق بوو هه‌ڵنه‌ده‌كه‌ندرا ئه‌وه‌ ناشتن نه‌بوو، فڕێ‌دان بوو، چونكه‌ توَزێك خوَڵمان ده‌كرد به‌ سه‌ریاندا و دوای‌ ئێمه‌ سه‌گ مه‌یته‌كانی‌ ده‌خوارد. چونكه‌ سه‌گی‌ به‌ره‌ڵای‌ زوَر لێ‌ بوو.
 
 
         
  *چالاك له‌ بواری‌ ئه‌نفال و بێ‌ سه‌روشوینه‌كان
                                                                                                                   

Sbeiy.com © 2007