Print
 لایه‌نه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانی‌ ژنان
له‌ ماده‌ی‌ 21 ی‌ پڕۆژه‌ی‌ ره‌شنووسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا
Tuesday, July 22, 2008


هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر

ده‌قی‌ ماده‌ی‌ 21 له‌ پڕۆژه‌ی‌ ره‌شنووسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان-عیراق، ده‌ڵێت:
"ئافره‌ت یه‌كسانه‌ له‌گه‌ڵ‌ پیاو و نابێ‌ جیاوازی‌ له‌ دژی‌ بكرێت‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌موو ئه‌و مافه‌ مه‌ده‌نی‌و سیاسیانه‌ی‌ له‌م ده‌ستوره‌و له‌و په‌یمان‌و رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌دا هاتوون كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق په‌سه‌ندیكردوون، ده‌سته‌به‌رده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌بێ هه‌ر شتێك به‌ربه‌ست دابنرێت له‌ به‌رده‌م یه‌كسانیان له‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و سیاسیدا، لابه‌رێت".

له‌گه‌ڵ‌ خراپ داڕشتن‌و وه‌رگێڕانی‌ نه‌شیاوی‌ ده‌قه‌كه‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ كوردیی، ئه‌م ماده‌یه‌ ته‌نها به‌ به‌كاربردنی‌ زاراوه‌ی‌"یه‌كسانیی" ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ هیچ جیاوازییه‌كی‌ له‌ نێوان ژن‌و پیاودا نه‌هێشتووه‌، كاركردن له‌سه‌ر چه‌مكی‌ یه‌كسانیی له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا بنیاتنانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ میكانیكیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام پێویستیی به‌چاودێریی‌و پێداچوونه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌گه‌لێك هه‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانیی به‌ڕێوه‌ناچێت، بۆیه‌ چه‌مكی‌ زاڵ‌‌و بایه‌خدار بۆ نه‌هێشتنی‌ په‌یوه‌ندیی ناباوی‌ نێوان ژن‌و پیاو یه‌كسانیی نییه‌ به‌ڵكو "دادپه‌روه‌رییه‌"، بۆ؟ چونكه‌ بێ‌ ئه‌م دادپه‌روه‌رییه‌ كه‌ ده‌شێت په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئۆرگانیی دروستبكات‌و ویژدان به‌ر له‌ یاسا زامنبكات بۆ هاوسه‌نگیی دروستكردن له‌ نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا، به‌به‌دیلێكی‌ شیاو نابینرێت له‌وه‌ی‌ ژن وه‌ك پیاو لێبكات ، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پیاو وه‌كو ژن لێبكات.

لێره‌وه‌ پرسیارگه‌لێك دێنه‌ كایه‌وه‌، ده‌كرێ‌ بكرێنه‌ ته‌وه‌ری‌ گفتوگۆكانی‌ به‌ر له‌ پاكنووسكردن‌و ده‌نگ له‌سه‌ردانی‌ هه‌ر ماده‌یه‌كی‌ ناو ئه‌م ره‌شنووسه‌ به‌گشتیی‌و ماده‌ی‌ 21یش به‌تایبه‌تیی:
- مافه‌ مه‌ده‌نیی‌و سیاسییه‌كان كامانه‌ن ؟
- رێككه‌وتن نامه‌كانی‌ عیراق مۆری‌ كردوون چی‌ له‌ ناوه‌ڕۆكیاندا هه‌یه‌؟
- ئه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاو ده‌رهاویشته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌ چییه‌؟
- ئاخۆ ئێمه‌ ئه‌كته‌ر بۆ شانۆ دیاریده‌كه‌ن، یاخود سیستم بۆ ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵك؟
- جیاوازییه‌كان چۆن ناهێڵرێن؟
- كێ‌ چاودێریی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كات؟
- به‌ربه‌سته‌كان پێویسته‌ له‌ هیچ كایه‌یه‌كی‌ ژیاندا نه‌هێڵرێن نه‌ك ته‌نها له‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌‌و رۆشنبیریی‌و ئابوریی‌و سیاسییدا.
- ئایا چه‌مكی‌ "هاوسه‌نگیی" له‌ "یه‌كسانیی"و چه‌مكی‌ "دادپه‌روه‌ریی" له‌ "یه‌كسانبوون" په‌سه‌ندترنین؟ بۆ؟ چۆن؟

كوردستان‌و عیراق، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی‌ سۆسیۆپۆله‌تیكی‌ خۆیان دووچاری‌ چه‌ندین شه‌ڕو ئاشوبی ئایینیی‌و مه‌زهه‌بیی‌و ئایدۆلۆژیی‌و سیاسیی‌و حیزبیی‌و نه‌ژادیی‌و ...تاد، بوون، ناكرێت به‌ دیدێكی‌ فێمێنیستانه‌ی‌ نێگه‌تیڤانه‌ كه‌ مه‌هامی‌ خۆی‌ له‌ پاكتاوكردنی‌ نێر، یان به‌دیدێكی‌ حیزبیانه‌ی‌ بازاڕگه‌رمكه‌ر بۆ دروشمه‌ بریقه‌داره‌كان، یان به‌و دیده‌ی‌ خۆی‌ به‌ ماكی‌ ته‌قه‌دومییه‌ت  ده‌زانێت‌و به‌ڵام پێی‌ وایه‌ ئازادیی له‌ توره‌كه‌كه‌ی‌ ئه‌مدایه‌و ئه‌و ده‌یدات، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستورو له‌ ناو ده‌ستوردا له‌گه‌ڵ‌ ژناندا بكرێت، ئه‌و دیده‌ راسته‌ كه‌ پێمان ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت له‌ كۆی‌ 366 یان 365 رۆژه‌كه‌ی‌ ساڵدا ته‌نها 8ی‌ مارس به‌هی‌ ژن بزانن، له‌كاتێكدا گه‌ر حه‌وا له‌ ئاده‌م بووبێت ئه‌وا ئیتر جه‌ده‌لیه‌تی‌ ژیان هه‌موومانی‌ له‌ حه‌واكان خوڵقاندووه‌، ده‌مه‌وێت بڵێم به‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات‌و ده‌ستورو ژیان، ژن هه‌یه‌، چیدی‌ ناكرێت له‌ ئه‌و هه‌موو ماده‌ ده‌ستوریانه‌دا ته‌نها ماده‌یه‌ك بۆ ژن جودا بكرێته‌وه‌، ده‌شێ‌ بڵێن ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و مافه‌ سروشتییه‌ هه‌بووه‌ی‌ پیاو قۆرغی‌ كردووه‌، لێره‌دا به‌م ماده‌یه‌ ره‌هاده‌كرێت‌و ناوی‌ لێده‌نێت‌و رێده‌گرێت له‌وه‌ی‌ چیتر توندوتیژیی‌و ناعه‌داله‌تیی‌و زوڵم‌و سته‌م به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بكرێن، به‌ڵام ئایا ئه‌م ماده‌یه‌ ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكات، یاخود نا؟ ئه‌ی‌ :

• چۆن‌و له‌چیدا‌و كه‌ی‌ ‌و له‌ كوێ‌، ژن‌و پیاو یه‌كسان ده‌بن؟ ئاخۆ ئه‌م ماده‌یه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زامنی‌ یه‌كسانییه‌ك بكات كه‌ گه‌شه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی لێبكه‌وێته‌وه‌؟ ئاخۆ ئیتر ئه‌و پیاوه‌ یه‌كسانیخوازانه‌ ده‌توانن كۆنترۆڵیی خودی‌ ئاه‌زووه‌كانیان بكه‌ن‌و باری‌ گه‌وهه‌رداری‌ مناڵه‌كانیان له‌ هه‌ناویاندا هه‌ڵبگرن‌و ژانی‌ ژیان بۆ ته‌نها جارێكیش بێت، به‌زه‌ینیاندا بێت؟ ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر نا، چۆن پیاوان وه‌كو ژنان ده‌بن، له‌كاتێكدا گه‌ر بشخوازن ببن، نه‌بن؟ ئایا لێره‌دا چه‌مكی‌ دادپه‌روه‌ریی، له‌ وه‌كویه‌كلێكردن گونجاوتر نییه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت پیاو خزمه‌تكارو هاوكارو هاوڕێ‌و دۆست‌و ئاسانكاری‌ ژن بێت؟ ئایا ژیان پێویستی‌ به‌ سالب‌و موجه‌ب نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بدره‌وشێته‌وه‌؟ ئایا كه‌ هه‌موومان وه‌كو یه‌كمان لێهات جوانییه‌كانی‌ ژیان ‌وهاوسه‌نگیی‌و هارمۆنییه‌ت‌و گه‌شه‌‌و ره‌وتی‌ مرۆڤایه‌تیی چی‌ لێدێت؟

• ماده‌كه‌ ده‌ڵێت: "نابێ‌ جیاوازی‌ له‌ دژی‌ بكرێت"، ئایا ئه‌م نابێیه‌ ده‌توانێت ته‌نها به‌ له‌فزی‌ خۆی‌ رێ‌ له‌و هه‌موو پێشێلكارییانه‌ی‌ ده‌رهه‌رق به‌ ژنان ده‌كرێن، رابگرێت؟ دیاره‌ نه‌خێر، بۆیه‌ پێویسته‌ لێره‌دا سنوورو سزاو میكانیزمی‌ وه‌ها دابنێت كه‌ رێ‌ له‌و هه‌بێتانه‌ بگرێت، كه‌ به‌ بیانووی‌ جیاجیا به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ده‌كرێن.

• "حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌موو ئه‌و مافه‌ مه‌ده‌نی‌و سیاسیانه‌ی‌ له‌م ده‌ستوره‌و له‌و په‌یمان‌و رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌دا هاتوون كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق په‌سه‌ندیكردوون، ده‌سته‌به‌رده‌كات"، دیسان ده‌پرسین چۆن؟ كام ده‌وڵه‌تی‌ عیراق (ئێستا، رابردوو)؟ ئه‌و په‌یمان‌و رێكه‌وتنانه‌ كامانه‌ن كه‌ عیراق په‌سه‌ندیكردوون؟ چه‌ند له‌مانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ژنانن، چه‌ندیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حاكمییه‌تی‌ پیاوانن؟

• "ده‌بێ هه‌ر شتێك به‌ربه‌ست دابنرێت له‌ به‌رده‌م یه‌كسانیان له‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و سیاسیدا، لابه‌رێت"، به‌ربه‌سته‌كان كامانه‌ن، كێ‌ دیارییان ده‌كات؟ ئه‌وانه‌ی‌ خه‌مه‌كانی‌ ژنان ده‌كه‌ن به‌ چیرۆك‌و به‌ پیاوانی‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئازادیی ده‌كه‌ن‌و له‌ ژنی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و...تاد، پیاوه‌كانی‌ ده‌سێننه‌وه‌؟ ئایا ته‌نها ئه‌م چوار بواره‌ به‌سه‌؟ "كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و سیاسیدا"، ئه‌ی‌ بواره‌كانی‌ تر؟ ئه‌ی‌ یه‌كسانیی لێره‌دا چۆن هاوكێشه‌كه‌ پارسه‌نگ ناكات؟

ئه‌مانه‌ی‌ وتران بۆ ئه‌وه‌ن، له‌ پێداویستیی‌و خه‌م‌و زه‌روره‌تی‌ ژنی‌ كورده‌وه‌، ماده‌كه‌ یان هه‌موو ده‌ستوره‌كه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت، نه‌ك له‌ شكستی‌ یه‌كێك یان رقی‌ یه‌كێكی‌ تر یان ئه‌زموون‌و تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كه‌سێك له‌ شوێنێكی‌ تری‌ غه‌یره‌ كوردستان، یان له‌و ریكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی‌ كه‌ بۆ ئینسانیه‌ت ده‌نووسن، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ده‌نووسن كاری‌ پێناكه‌ن‌و دواجار ژن وه‌كو كه‌ركوكی‌ جوان ده‌خه‌نه‌وه‌ بازنه‌ی‌ گه‌مه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

Sbeiy.com © 2007