Print
 دیسانه‌وه مقۆمقۆی ده‌ستوره‌ له‌ په‌ڕله‌مانی هه‌رێم!
Thursday, July 24, 2008

میران محه‌مه‌د

هێند له‌مێژه‌ باس له‌ ته‌واوبوونی نوسینه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم ده‌كرێت، گه‌ر ناو به‌ناو مقۆمقۆی تاوتوێی په‌سه‌ندكرندی له‌ په‌ڕله‌ماندا نه‌خرابایه‌ سه‌ر زاران، ئه‌وا دڵنیابن زۆر ده‌مێكبوو هه‌ر له‌ بیریشكرابوو!
هه‌رچه‌نده‌ به‌نده‌ به‌م نه‌فامییه‌ی خۆمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووم له‌ دانیشتنی یه‌كه‌می، یه‌كه‌م  په‌ڕله‌مانی كوردستاندا (لێره‌دا بێ ره‌چاوكردنی تێبینیه‌كان له‌ سه‌ری!)هه‌وڵی راسته‌قینه‌ بدرایا بۆ گه‌ڵاله‌كردنی ده‌ستورێك به‌ناوی ده‌ستوری كوردستان، كه‌ له‌ ژێر سایه‌یدا ده‌سته‌ڵاته‌كانیان دیاری بكردایه‌. ساتی خۆی ئه‌م باسه‌م له‌ یه‌ك دوو كۆڕو كۆبوونه‌وی گشتییدا‌ به‌ گوێی هه‌ندێ له‌ به‌رپرساندا داوه، وه‌ڵی له‌وه ده‌چوو گاڵته‌یان پێی هاتبێت! جا ئه‌وان كه‌ی گوێیان له‌ هاوڵاتیان گرتووه!
  
گریمان ئه‌مجاره‌یان په‌رله‌مانتاران گرفتێكی لاوكی نایه‌ته‌ پێشیان و داده‌نیشن و ده‌كه‌ونه‌  تاوتوێكردنی په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوره‌كه‌‌!
 
تۆ بڵێیت له‌م دانیشتنانه‌‌شدا هه‌روه‌ك ئه‌وانی پێشو، بڕگه‌كان به‌ گاڵته‌و گه‌پ‌و شێروخه‌ت‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێن؟
یان تۆ بڵێیت، راوێژكارانی پسپۆڕی كارامه‌ی شاره‌زاو به ‌ئه‌زمونی خۆماڵی‌و بیانی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان بكرێن و رێیان پێبدرێ پوخته‌ی ئامارو ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواچوونه‌ پڕفێسیوناڵه‌كانیان بخه‌نه‌ پێش چاوان‌ و گوێ له‌ ئامۆژگاریه‌كانیان بگیرێت؟

ئایا مه‌به‌ستیانه‌،  دانیشتنه‌كان  ئاڕاسته‌كه‌ن  به‌ره‌و ده‌وڵه‌مه‌‌ندكردن‌و  كامڵكردنی  ره‌شنوسی  ده‌ستوره‌ چاوه‌روانكراوه‌كه‌مان؟
ئایا له‌ نیازدایه‌ ده‌ستوره‌كه‌ بیگه‌یه‌نرێته‌ ئاستێك، كه له‌گه‌ڵ ته‌واوی خواست‌و ویستی‌  رۆڵه‌كانی گه‌ل‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه باڵاكانماندا یه‌كیان پێبگیرێته‌وه‌؟

بڵێیت دانیشتنه‌كانی ئه‌م جاره‌ش هه‌ر بۆ رازانه‌وه‌ی ره‌شنوسه‌كه‌و زه‌ردو سه‌وزكردنی بێت و ئاو بێنین ‌و ده‌ست بشۆینه‌وه؟

 بۆیه‌ ده‌ڵێین:    
٭ ده‌ستورێكمان ناوێت په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئاسا، ته‌زبیحی ده‌ستی سه‌ركرده‌كان بێت و به‌رژه‌وه‌ندی تاك و حیزبه‌كان له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی رۆڵه‌كانی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مانه‌وه‌ دابنێت!

٭ ده‌ستورێكمان ناوێت په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئاسا، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتداران لێ سودمه‌ند بن و له
  ‌ میدیاو ناوه‌نده‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كاندا خۆیانی پێوه‌ هه‌ڵكێشن و رووی خۆیانی پێ گه‌شبكه‌ن!

٭ ده‌ستورێكمان ناوێت په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئاسا، بوونی چه‌شنی ئه‌و په‌ڕاوانه‌ بێت كه‌ ته‌نها و ته‌ها ره‌فه‌ی ژوری ماڵ و بیرۆكانیانی  پێده‌ڕازێننه‌وه‌ و هیچی تر!
 
٭ ده‌ستورێكمان ناوێت، ده‌سه‌ڵات داران مافی ئه‌وه‌یان تێیدا هه‌بێت، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گه‌ل، هه‌ر ئان و ساتێ
   ئاره‌زویان كرد، بژاری كه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌‌دیه‌كانی خۆیاندا بیگونجێنن(واته ته‌رهیمیكه‌ن)!(كوڕه
  ‌ كوردێكی وه‌ك به‌شارول ئه‌سه‌دی پێ بگه‌یه‌ننه‌ كورسی‌ سه‌رۆكایه‌تی!)  

راسته‌ ده‌ستور شاده‌سكه‌وت‌و‌ به‌رهه‌می خه‌بات‌و تێكۆشانی سه‌خت‌و خوێناوی نه‌بڕاوه‌ی رۆڵه‌ی گه‌لانی زیندوه دژ به‌ سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌و كۆیلایه‌تی ژێرده‌ستی تاك‌و رژێمه‌ دیكتاتۆرو كۆنه‌په‌رسته‌كان، له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ گه‌ل‌، سه‌روه‌ری بۆ یاسا، دابینكردنی یه‌كسانی ودادوه‌ری،‌ رێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌كه‌وه‌،‌ هه‌ردوو لایان له‌ نێوان خۆیاندا له‌ لایه‌كیتره‌وه، ده‌ستنیشانكردنی ئه‌رك ودابینكردنی مافی هه‌موو لایه‌نه‌كان،‌ دیاریكردنی جۆرو راده‌ی سزای سه‌رپێچیكه‌ران به روون‌و ئاشكرا ‌و كۆنكرێت، بێ هیچ پێچ‌ و په‌نایه‌ك. 
  
وه‌لێ، ده‌بێت سودی ئه‌و ده‌ستوره‌ چی بێت، گه‌ر پاش به‌ چاپگه‌یاندن‌و به‌‌رگتێگرتنی، له‌ سه‌ر ره‌فه‌ی دۆڵابی ئه‌رشیفه‌كان تۆز دایپۆشێ‌و كه‌س  تاقه‌تی نه‌بێت  بیخوێنێته‌وه‌، جا چجای ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی بێت؟ خۆ ماده‌ی 140 به‌زه‌قی له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا نوسراوه‌! كه‌چی ئێمه‌ی كورد نه‌بێ باسی ده‌كه‌ین و دڵمان لایه‌تی، ئه‌وان هه‌ر به‌(ئینسوها) كه‌ی جاران دایانناوه‌!
 
دوای ئه‌و هه‌موو گێرمه‌و كێشه‌و هات و هه‌رایه‌، گه‌ر ته‌نیا بوونی ده‌ستور گرینگ بووایه‌؟  ئه‌ی بۆچی جێبه‌جێ نه‌كرا؟ خۆ له‌وانه‌یه‌ مه‌ره‌كه‌بی نوسینی ئه‌و ده‌ستوره‌،‌ هێشتا هه‌ر وشك نه‌بووبێته‌وه!‌
دڵنیام كه‌ ئه‌وان هه‌رگیز نیازی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140یان نه‌بووه‌ و نیازیشیان نابێت، گه‌ر ناچار نه‌كرێن!

بۆ گرتنی رۆژوی موسوڵمانان، مه‌رجه ‌پێش‌ سات به‌ دڵێكی ساف‌و ده‌رونێكی خاوێن‌و ویستێكی راسته‌قینه‌وه‌ نییه‌تی لێبهێنری، گه‌ر مه‌به‌ست قه‌بوڵكردنی بێت!
به‌ڕای من به‌هه‌مان شێوه، ‌پێویسته‌‌ پێش نوسین و په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوریش: هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌موولایه‌نه  ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ دڵێكی ساف ‌و ده‌رونێكی خاوێن‌و ویستێكی راسته‌قینه‌وه‌ نییه‌تی لێبهێنن‌و په‌یمان و به‌ڵێنی شه‌ره‌ف بده‌ن، كه‌ پابه‌ندی به‌ند به‌ به‌ندو رسته‌ به‌ رسته‌و وشه‌ به‌ وشه‌ی ئه‌و ده‌ستوره‌ ده‌بن، كه مه‌رجه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌ لایه‌ن ‌هاوڵا‌تیانه‌وه‌ په‌سه‌ندبكرێت. (به‌ڵێن و په‌یمانێك، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی برا گه‌وره‌ عه‌ره‌به‌كانمان له‌ شیعه‌و سوننه پێیاندابووین!! وه‌لێ كاتێ باس هاته‌ سه‌ر باسی مافی كورد و كه‌ركوك، ده‌سته‌ به‌ خوێن سوره‌كانیان نایه‌وه گیرفانیان‌و دوژمنایه‌تیه‌ قوڵه‌كانی نێوان خۆیانیان به‌لاوه‌ نا و كه‌وتنه‌ گه‌له‌كۆمه‌كی له‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و به‌ناو عێراقه‌وه‌ كه‌ به‌‌ زۆری زۆرداری پێمانه‌وه‌ لكێندراوه.‌ ئه‌وعێراقه‌ كاول بووه‌ی، كه‌ دوای سه‌دامیش ئه‌ركی بنیادنانه‌وه‌كه‌یان هه‌ر به سوغره سه‌پانده‌وه ‌به‌سه‌ر‌شانی ئێمه‌دا! ئێمه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌  دڵسۆزانه‌ كارمان بۆ كرد، وه به‌شێوه‌یه‌ك بۆمان سافكرد‌ونه‌وه‌، كه‌ هه‌نوكه‌ به‌نوگره سولفێكی 140 ده‌كه‌ونه‌وه‌ دوژمنایه‌تیكردنمان!

تا كه‌ی ئه‌وه‌ند بێ به‌رابه‌ر دڵساف و دڵسۆزبین؟؟؟
ئای كه‌ پێش سات هاوار كرا!‌!!
لۆژیك نیه‌ ئه‌وڕۆ، ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد گله‌یی له‌‌و، یابه‌، برا یه‌كلایه‌نیانه‌مان ده‌كه‌ن! چونكه‌ ئه‌وان له‌ رێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و گه‌له‌كه‌یاندا هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن! حه‌قی خۆشیانه‌، ده‌با ئێمه‌ش هه‌روك ئه‌وان بیرمان له‌ برایه‌تیه‌كه‌مان  بكردایه‌ته‌وه!

ئه‌وان به‌ڕاشكاوانه‌ و بێ شه‌رم، له‌ كاتی ئه‌و په‌ڕی بێ لاوازییاندا، چه‌ندین جار به‌ ده‌می خۆیان له‌ هه‌موو جۆره‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌یان نه‌ڕاند: كه‌ ئه‌وان ده‌ستیان له‌ گه‌چگیراوه، با له‌ گه‌چه‌كه‌ ده‌ری بێنن،  بزانه‌ ئه‌وسا چی به‌سه‌ر كورد دێنن!

گه‌ر به‌رپرسانی ئێمه‌ ئه‌و بالۆرانه‌یان به‌ سوعبه‌ت له‌ قه‌ڵه‌مدابێت، ئیتر تاوانی ئه‌و برایانه‌مان چیه‌؟؟
ئه‌وان وته‌نی: ئه‌و كه‌سه‌ی ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌،  ئۆباڵی خۆی له ‌ملی خۆیه‌تی!).

ماوه‌ بڵێین، ده‌ستوره‌ێكمان لاپه‌سه‌نده ئه‌م خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ له‌ خۆی بگرێت‌:
٭ تاكه‌ به‌ تاكه‌ی هاوڵاتیانی خاوه‌ن مافی ده‌نگدان( به‌ پێوه‌ره‌ یاساییه‌كان) بواربدرێن ‌ئا‌زادانه ده‌نگ بۆ ئه‌گه‌ری
   په‌سه‌‌كردنی بده‌ن. نه‌ك به‌سه‌ریاندا بسه‌پێندرێت!

٭ له‌سه‌رو هه‌موو یاساكانه‌وه‌ بێت، ئه‌وروپی  ووته‌نی دایكی یاساكان بێت.

٭ به‌ ڕاشكاوی، ئه‌رك و فه‌رمان و ده‌سته‌ڵاته‌كانی په‌ڕله‌مان و حوكومه‌ت و دادوه‌ری دیاریبكات ‌و له‌ یه‌كتر جیایان بكاته‌وه.

٭ یاساكان سه‌روه‌ركات و هه‌مووان یه‌كسانكات به‌رامبه‌ریان.

٭ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان بخاته‌ پێش گشت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دیكه‌وه‌.
 
٭ ماف‌و ئه‌ركی سه‌رشانی تاك و كۆمه‌ڵ‌و حیزب‌و رێكخراوه‌كان‌و هتد، به‌ راشكاوی دیاری بكات و بیان
   پارێزێت، بێ جیاوازیكردن له نێوان چین و توێژ، ساواو و منداڵ، گه‌نج و پیر، كچ و كوڕ،  ژن و پیاو،
   هاوڵاتی وتا ده‌گاته‌ میوانه‌ بیانیه‌كانی ناو خاكی كوردستانیش!

٭ ده‌ستورێك كه‌ بێ ره‌زامه‌ندی گه‌ل هیچ تاك‌و لایه‌نێك بۆی نه‌بێت گۆڕانكاری ته‌نانه‌ت له‌ تاكه بڕگه‌یه‌كیا بكات.

٭ ده‌ستورێك به‌ربه‌ست بێت له‌ گه‌یشتنی كه‌سانی له‌كه‌دارو نه‌شیاو به‌هیچ پۆستێكی گرینگ له‌هه‌ر ئاستێكدا بێ.

٭ ده‌ستورێك هه‌ل بۆ كه‌سانێك بڕه‌خسێنی، كه‌ گه‌ل‌و نیشتمانیان له ‌كورسی‌و گیرفانه‌كانیان له‌ پێشتره‌ به‌لایانه‌وه‌ و له‌كاتی  كاتانا  لێزان و مه‌ردانه‌ به‌رگری له‌ گه‌ل و ده‌ستوره‌كه‌یان ده‌كه‌ن وچاوبه‌ره‌ژێری‌هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك نابن!

٭ ده‌ستورێك ئه‌وه‌‌نده‌ باڵاده‌ست بێت، له‌ كاتی لادان‌و سه‌رپێچیدا، زه‌نگینترین و پایه‌به‌رزترین هاوڵاتی پێش
  هه‌ژارترین و ساكارترین هاوڵاتی  ڕاپێچی دادگاكان بكات وهیچ كه‌س نه‌توانێت له‌ سزای پڕ به ‌پێستی
  سه‌رپێچی و تاوانه‌كانی ده‌ربازی ببێت.

به‌ كورتی و به‌ كوردی، گه‌ره‌كمانه‌ ده‌ستوره‌كه‌مان ده‌ستور بێت نه‌ك دیكۆر!
ده‌نا وازی لێبێن، ئه‌ویش مه‌ وروژێنن وه‌ك كێشه‌ و خه‌یاڵه‌كانی ترمان. وازبێنن با بابه‌تی خه‌ونه‌كانمان كه‌م نه‌بنه‌وه‌! خه‌ونه‌كانیشمان پێ ڕه‌وا ببینن هه‌ر خۆشه‌!

Sbeiy.com © 2007