د. له‌تیف شێخ مسته‌فا
به‌شی یه‌كه‌م: شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك
سیسمی دیموكراتی ته‌نها سیسمه كه تیایدا ماف و ئازادییه‌كانی تاكه‌كان دابین و پارێزراو ده‌بن، دیاره مه‌به‌ست له سیسمی دیموكراتی سیسمی دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تییه نه‌ك راسته‌وخۆ، سێ جۆری باوی هه‌یه ئه‌وانیش سیسمهكانی (سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی و په‌رله‌مانین).
هه‌ریه‌كێ له‌م سیسمانه تایبه‌تمه‌ندی و میكانیزم و توخمی جیاكه‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و توخمانه پێویسته هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه هه‌بن چ له رووی شكڵ (فۆرم) یان له رووی ناوه‌رۆكه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه ببێته سیسمێكی دیموكراتی، ئه‌وجا بتوانێ ماف و ئازادییه‌كان دابین بكات و بیپارێزێت.
دیاره سیسمی پارله‌مانی بریتی یه له سه‌ركه‌وتوترین و بهربلاَوترین سیسمی دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تی له جیهاندا، توانیویه‌تی له چاو دوو جۆره‌كه‌ی تردا له بار و زروفه كۆمهلاَیهتی و ئابوری و سیاسییه جیاجیاكاندا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له بواری پراكتیزهیدا به ده‌ست بهێنێ، چونكه ئه‌م سیسمه به‌وه ده‌ناسرێ كه بنه‌ماكانی نه‌رمن و توانای خۆگونجاندنی هه‌یه ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌م سیسمه به یه‌ك جار‌و له ئه‌نجامی تیورییه فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كان دروست نه‌بووه، به‌ڵكو زاده‌ی زروفی مێژوویی و كرده‌یه‌كی مێژوویی هێواش و له‌سه‌رخۆیه له كاری داموده‌زگا سیاسییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار سه‌ده.
سیسمی په‌رله‌مانی به دوو تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی و بنچینه‌یی ده‌ناسرێنه‌وه كه ئه‌وانیش بریتین له:
1-دوانه‌یی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن.
2-جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن و یاسادانان له یه‌كتری، بهلاَم جیاكردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی و بنبڕانهنا، به‌ڵكو لێك جیاكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌رم كه هه‌ریه‌ك له‌و دوو دهسهلاَته هاوكاری یه‌ك ده‌كه‌ن له بواری كار و پێكهاته‌كانیاندا، هه‌روه‌ها چاودێری یه‌كتریش ده‌كه‌ن، واتا هه‌ریه‌كه‌یان چه‌كی چاودێری به‌رامبه‌ر به یه‌كیان به گوێره‌ی ده‌ستوور پێدراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چاودێری یه‌كتر بكه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان ببێته له‌مپه‌ڕ له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتر له كاتی ده‌رچوونی له سنوری دهسهلاَتی ده‌ستووری، خۆی به‌م پێیه و له ئه‌نجامدا بالاَنسێك دروست ده‌بێ له نێوانیاندا كه هیچیان نه‌توانن به‌سه‌ر ئه‌ویتردا زاڵ ببن و تای ته‌رازووه‌كه به‌لای خۆیاندا خواركهنهوه و سیسمه پهرلهمانیهكه له رێگای خۆی یان له سكه‌ی خۆی لابده‌ن.
سه‌باره‌ت به پرنسیپی دوانه‌یی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن واتا دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن پێك دێت له دوو به‌ش یان دوو سه‌ر ئه‌وانیش سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌م پرینسیپه واتا پرینسپی دوانه‌یی دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن به خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی سیسمی پارله‌مانی داده‌نرێت، واتا له سیسمی ئه‌نجومه‌نی و له سیسمی سه‌رۆكایه‌تیدا نییه.
ئه‌م پرنسیپه پێداویستی و شكلی و بابه‌تی خۆی هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌نده به‌س نییه له ده‌ستووردا دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن له دوو به‌ش پێك بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بوترێ ئه‌و سیسمه په‌رله‌مانییه، به‌ڵكو پێویسته ئه‌و پێداویستییه شكلی و بابه‌تییانه چۆنن وه‌ك خۆیان هه‌بن.
له رووی پێداویستییه شكلییهكان یان لایه‌نی شكلی و پره‌نسیپی دوانه‌یی، دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن بریتی یه له چه‌ند شتێك، ئه‌ویش جیابوونه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ك و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به شێوه‌یه‌ك كه سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ی دواییان بپارێزێ به جۆرێك كه ئه‌بێته پاشكۆی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت یان ژێر ده‌سته‌ی، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردن یان ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پۆسته‌كه‌ی له دهسهلاَتی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تدا نه‌بێ، واتا نابێ رۆڵی فیعلی هه‌بێت له دانان و ده‌ستنیشان كردنیدا.
پێویسته له هه‌مان كاتیش‌دا بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن به هه‌ردوو به‌شه‌كه‌یه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رامبه‌ر دهسهلاَتی یاسادانان، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت سه‌ربه‌خۆبێ به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به هه‌ردوو دیوی پۆزه‌تیف و نیگه‌تیڤدا، واتا نه زاڵ بێ به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا و نه پاشكۆ و ژێرده‌سته‌شی بێت، بهلاَم لایه‌نه بابه‌تییه‌كانی ئه‌م پرینسیپه، ئه‌وه‌یه كه وه‌رگرتنی ئه‌م پرینسیپه وه‌كو خۆی ده‌بێته هۆی ته‌همیش كردن یان كه‌ناركردنی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، چونكه ئه‌و لێپرسراوێتی نییه به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان له به‌رامبه‌ردا هێز و قورسایی ده‌درێ به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران واتا تای ته‌رازووه‌كه به لای ئه‌ودا ده‌شكێته‌وه، به‌وه‌ی كه هه‌موو راسته‌قینه‌كانی دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن ده‌درێت به ئه‌و، چونكه ئه‌و واته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی لێپرسراون به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و په‌رله‌مان چاودێری و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌م پێیه سه‌رۆك له سیسمی په‌رله‌مانیدا ته‌نها رۆڵ و مه‌ركه‌زێكی ئه‌ده‌بی یان پڕۆتۆكۆلی ده‌بێ، وه‌ك ناوبژیوانێكی بێ لایه‌نی لێ دێت له نێوان هه‌رسێ دهسهلاَتی یاسادانان (په‌رله‌مان) و دهسهلاَتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) و دهسهلاَتی (دادوه‌ری)، كه‌واته پێویسته ئه‌م پرینسیپه به‌و شێوه‌یه بێ له سیسمی په‌رله‌مانی ره‌سه‌ندا.
بهلاَم ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تدا له ده‌ستدا به جۆرێك كه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت رۆڵی فیعلی و راسته‌قینه‌ی هه‌بوو له ده‌ستنیشان كردن یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی وه‌زیران یان رۆڵی هه‌بوو له لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵیدا، یان ئه‌گه‌ر ده‌ستوور رێگای دابوو به سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت كه هه‌ردوو پۆستی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ده‌ستی خۆیدا كۆبكاته‌وه، یان ده‌ستوور دهسهلاَتی راسته‌قینه و ره‌های دابوو به سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، یان مه‌ركه‌زی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی به‌هێزكردبوو له رێگای شێوازی هه‌ڵبژاردنییه‌وه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه ده‌بنه هۆی به‌هێزبوونی دهسهلاَتی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی تێكچوونی بالاَنسی دهسهلاَتهكان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و.
ئه‌م جۆره سیسمه دیموكراتییه نوێنه‌رایه‌تیانه كه پره‌نسیپی دوانه‌یی دهسهلاَت وه‌كو خۆیان وه‌رناگرن له هه‌ردوو رووه‌كانی شكلی و بابه‌تییه‌وه، به‌ڵكو سیسمهكهیان له تێكه‌ڵه‌یه‌ك له توخم و میكانیزمه‌كانی سیسمه جیاجیاكان دروست ده‌كه‌ن كه بریتین له توخم و میكانیزمی نه‌گونجاو و نارێك، ئه‌و جۆره سیسمانه ناكرێت ناویان بنرێ به سیسمی په‌رله‌مانی با له ده‌ستووره‌كه‌دا ئه‌و ناوه‌شی هه‌بێت، یان با له ده‌ستووردا دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردنیش له دوو سه‌ر یان دوو به‌ش پێكهاتبێت.
ئه‌م جۆره سیسمانه له توانایاندا نییه سیسمێكی دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تی وا دروست بكه‌ن كه بنه‌ما و توخم و پێكهاته‌كانی گونجاو و هه‌ماهه‌نگ بن. ئه‌م جۆره سیسمانه ته‌نها له رووی شكڵهوه به سیسمی دیموكراتی ده‌ناسرێن، بهلاَم له ناوه‌ڕۆكدا دورن له دیموكراتی و وه‌ك په‌رده‌یه‌ك یان روكهشێك به‌كارده‌هێنرێن بۆ شاردنه‌وه‌ی نیه‌ته راسته‌قینه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایان یان (دهسهلاَتداران) بۆ له ناوبردنی دیموكراتی و نه‌هێشتنی ئازادییه‌كان له ژێر په‌رده‌ی دیموكراتیدا.
سه‌باره‌ت به پێداویستی یه شكلییهكانی پرنسیپی دوانه‌یی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن به گوێره‌ی سیسمی پارله‌مانی ره‌سه‌ن له سێ شتی سه‌ره‌كیدا خۆی ده‌بینێته‌وه ئه‌وانیش:-
شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی وه‌زیران هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو پۆسته له یه‌ك ده‌ستدا:
سه‌باره‌ت به شێوازی ده‌ستنیشانكردن یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت به‌وپێیه‌ی توخمی جێگیر و بێلایه‌نی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردنه، پێویسته شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی بۆ پۆسته‌كه‌ی بگونجێ له‌گه‌ڵ سیسمی په‌رله‌مانیدا، به جۆرێك كه پارێزگاری له‌و بالاَنسه بكات كه پێویسته ببێ له نێوان هه‌ردوو دهسهلاَتی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن، بۆیه هه‌روه‌كو وتمان پێویسته سه‌ربه‌خۆبێ له په‌رله‌مان به هه‌ردوو دیوی پۆزه‌تێف و نیگه‌تیڤدا واته نه پاشكۆ و ژێرده‌سته‌ی بێت و نه به‌سه‌ریشدا زاڵ بێت، وه‌ك ئاشكراشه سێ شێوازی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ ده‌ستنیشان كردن یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له سیسمی دیموكراتیدا ئه‌وانیش:
1-هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه. ئه‌م شێوازه ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌گیرێ كه ده‌بێته هۆی پاشكۆیه‌تی و ژێرده‌سته‌ی سه‌رۆك بۆ په‌رله‌مان، چونكه ئه‌و هه‌ڵیبژاردووه یان ئه‌و دایناوه، به‌تایبه‌تی پاشكۆیهتییهكه زیاتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان دهسهلاَتی لێ پێچینه‌وه و له‌سه‌ركارلابردنی سه‌رۆكی هه‌بێت، به‌مه‌ش سه‌رۆك سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست ده‌دات به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان، سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆكاری تێك چوونی بالاَنسی نێوان دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن به‌رامبه‌ر به دهسهلاَتی یاسادانان، سیسته‌مه‌كه له سیسمی په‌رله‌مانییه‌وه لاده‌دات یان ده‌گۆڕێت به‌ره‌و سیسمی حكومه‌تی ئه‌نجومه‌نی، نمونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م جۆره سیسمانهی كه لادان له سیسمه پهرلهمانیهكهیاندا به‌ره‌و سیسمی حكومه‌تی ئه‌نجومه‌نی بوو له ئه‌نجامی له ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆی سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر په‌رله‌ماندا، ده‌ستوری كۆماری سێیه‌می فه‌ڕه‌نسی ساڵی 1875 كه تا ساڵی 1940 خایاندی، هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین تا راده‌یه‌ك ئه‌م جۆره لادانه‌ی پێوه دیاره و دهسهلاَتی زۆر دراوه به په‌رله‌مان له‌سه‌ر حسابی دهسهلاَتهكانی تر، دهسهلاَتی دانان و محاسهبهكردنی سه‌رۆك له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه وای كردووه كه ئه‌و سیسمه‌ی له سیسمی په‌رله‌مانیه‌وه بۆ سیسمی حكومه‌تی ئه‌نجومه‌نی نزیك كردۆته‌وه، بهلاَم هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له رێگای په‌رله‌مانه‌وه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن گه‌له‌وه باشتره بۆ سیسمی په‌رله‌مانی.
2- هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك به‌شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی میللی له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، ئه‌م رێگایه به گوێره‌ی رای زۆرینه‌ی شاره‌زایان، هه‌روه‌ها به‌و پێیه‌ی ئه‌زموونه‌كان ده‌ریانخستووه له‌گه‌ڵ سیسمی په‌رله‌مانیدا ناگونجێ، چونكه به پێچه‌وانه‌ی شێوازی یه‌كه‌مه‌وه ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی رۆڵ و مه‌ركه‌زی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیرانیش، سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی زاڵ بوون و كۆنترۆڵ كردنی هه‌موو دهسهلاَتهكان، سیسمه‌كه له سیسمی سه‌رۆكایه‌تی نزیك ده‌كاته‌وه، به تایبه‌تیش له ناو ئه‌و گه‌لانه‌ی كه هۆشیاری میللی و موماره‌سه‌ی دیموكراتییان نه‌بێ سیسمه‌كه ده‌گۆرێ بۆ سیسمی دیكتاتۆری یان تاكڕه‌و، زۆرینه‌ی شاره‌زایان پێیانوایه ئه‌م شێوازه بۆ سیسمی په‌رله‌مانی ده‌ست نادات نموونه‌ی ئه‌م جۆره ده‌ستوورانه ده‌ستووری ساڵی 1958ی فه‌ڕه‌نسی و ده‌ستووری 1971ی میسری و جه‌زائیری، ده‌توانین بڵێین دانه‌رانی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ویستویانه ئه‌م جۆره نموونانه دووبار بكه‌نه‌وه.
3-هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی تێكه‌ڵ له په‌رله‌مان و بۆ خۆلادان له‌و ره‌خنانه‌ی كه له هه‌ریه‌ك له دوو شێوازه‌كه‌ی پێشه‌وه وه‌رگیراون، هه‌ندێ له ده‌ستووره په‌رله‌مانییه تازه‌كان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ده‌رچوون وه‌ك ده‌ستووری ئیتاڵی و هیندی و ده‌ستوری فه‌ره‌نسای ساڵی 1958تا ساڵی 1962 رێگه‌یه‌كی تریان داهێناوه، ئه‌ویش رێگای تێكه‌ڵه له نێوان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له لایه‌ن په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی له لایه‌ن گه‌له‌وه، به گوێره‌ی ئه‌م شێوازه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌ڵده‌بژێردرێ كه پێك دێت له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵێك نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراو یان ده‌ستنیشان كرا‌و له هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه ژماره‌یان ده‌شێ هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و زیاتریش بێت، ئه‌م ده‌سته‌یه كۆده‌بێته‌وه هه‌ڵده‌ستێ به ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی، واتا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ئینجا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، واتا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌چنه سه‌ركاری خۆیان بۆ په‌رله‌مان نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كانیش دوای ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان كه لێی هاتوون، به‌م جۆره‌ش سه‌رۆك له ره‌خنه‌كانی هه‌ردوو شێوازه‌كه‌ی پێشوو رزگاری ده‌بێت، نابێته پاشكۆ و ژێرده‌سته‌ی په‌رله‌مان، چونكه به ته‌نها په‌رله‌مان ئه‌وی هه‌ڵنه‌بژاردووه بۆیه ناتوانێ محاسهبهشی بكات، یان له‌سه‌ر كاری لاببات، به‌مجۆره سه‌ربه‌خۆیی سه‌رۆك و دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردنیش به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان ده‌پارێزێ، به هه‌مان شێوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به شێوازی هه‌ڵبژاردنی میللی نه‌هاتووه نابێته دیكتاتۆر و زاڵ نابێ به‌سه‌ر دهسهلاَتهكان و داموده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی تردا.
بۆیه من پێشنیاز ده‌كه‌م كه ماده‌ی (100) له پڕۆژه كۆنه‌كه و ماده‌ی (60) له دوا پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم كه به ره‌سمی بلاَو نه‌بۆته‌وه، تایبه‌ته به شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم كه ده‌ڵێ ((سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له رێگای ده‌نگدانی گشتی و نهێنی و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هاولاَتیانی هه‌رێمه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێ)) بگۆڕدرێ به رێگای تێكه‌ڵ، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی تێكه‌ڵه‌وه هه‌ڵبژێردرێ كه پێك دێت له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی تری هاوشێوه یان زیاتر، ئه‌و ژماره‌یه‌ی تر ده‌شێت یان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم بن یان ئه‌ندامێك بن كه له‌لایه‌ن پارێزگاكانی هه‌رێمه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، واته مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وكات ئه‌و ژماره‌یه‌ی تر، جا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بن یان نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراو بن، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه له شێوه‌ی كۆنفراسێكدا هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه ئینجا ئه‌و كۆنفراسه كۆتایی پێدێت و هه‌ركه‌س ده‌گه‌ڕێته‌وه جێگای خۆی، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌چنه‌وه په‌رله‌مان نوێنه‌ره‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان، به‌م شێوه‌یه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم نه به هه‌ڵبژاردنی میللی هاتۆته سه‌ر حوكم تا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ بكرێ داوای دهسهلاَتی زیاتر بكات بۆ خۆی، لاسه‌نگی هێزی نێوان دهسهلاَتهكان به‌لای خۆیدا بشكێنێ و سیسمی په‌رله‌مانییه‌كه له سكه‌ی خۆی لابدات و ئینحرافی پێ بكات، نه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانیشه‌وه هه‌ڵبژێردراوه كه ببێته كۆیله و پاشكۆی په‌رله‌مان و له ئه‌نجامیشدا سه‌ربه‌خۆی دهسهلاَتی جێبه‌جێ كردن به‌رامبه‌ر دهسهلاَتی یاسادانان نه‌مێنێ و سیسمی په‌رله‌مانی ئینحراف بكات به‌ره‌و حكومه‌تی ئه‌نجومه‌نی، سه‌ره‌نجام ئه‌م شێوازه هاوجوته له‌گه‌ڵ سیسمی پارله‌مانی سه‌ركه‌وتوو زیاتر ده‌توانێ خزمه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و سیسمه بكات له هه‌رێمدا.