ئاماده‌كردنی: ئه‌مین جاف
پێشه‌کی:
خۆبه‌ستنه‌وه به کورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه ترسناکترین ژێرپه‌نجه‌ی سیاسیه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به ئێمه‌شه‌وه ئه‌م عه‌قڵیه‌ته سیاسیه گۆڕانی ده‌سه‌ڵاتی له ناوچه‌که‌دا بێ ئومێدکردوه.
ئه‌م خۆبه‌ستنه‌وه‌یه چ له لایه‌ن حیزبێکه‌وه بێت، یان که‌سێکه‌وه، مێژوی گه‌لانی ناوچه‌که‌ش پڕه له ده‌یان ئه‌زمون له‌م جۆره، هه‌مو ئه‌و حیزبانه‌ی که ده‌ستیان گه‌یشتوه به ده‌سه‌ڵات له رێگای هه‌ر هۆیه‌ک له هۆیه‌کانه‌وه بێت هه رسێ ده‌زگا سه‌ره‌کیه‌که‌ی حوکمڕانیان کۆنترۆڵ کردوه، ئه‌وه نه‌بێ ئه‌م ده‌س به‌سه‌راگرتنه له‌لایه‌ن ئه‌و ئۆرگان و رێکخستنانهوه بێت که سه‌رکه‌وتنه‌که‌یان به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵکو له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که لێره‌و له‌وی هه‌لێکیان قۆزتوه‌ته‌وه، به‌م جۆره به‌رهه‌می ره‌نج و تێکۆشانی حیزب بوه به پردی په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وانه، ئیتر خۆیان سه‌رکردایه‌تی حیزب، سوپا، هه‌مو داموده‌زگا، حکومیه‌کانن، له‌ناو چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کی ته‌سکدا ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌چێ، به‌رژه‌وه‌ندیه ستراتیجیه‌کانی وڵات پشتگوێدهخرێ وقه‌یرانه‌کان سه‌رهه‌ڵ ئه‌ده‌ن و ده‌بن به‌هۆی:
*له ده‌سدانی دڵسۆزی کۆمه‌ڵگا، پشتگوێخستنی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری حیزب، که به‌شێکن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که حیزبیان گه‌یاندوه به ده‌سه‌ڵات.
*بێبه‌شکردنی که‌سانی، خاوه‌ن سه‌روه‌ری، دڵسۆز، له بینینی رۆڵی خۆیان له بواره جیا جیاکاندا.
*به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی وڵات له لایه‌ن ئه‌م جۆره سیستمانه‌وه هه‌مو پرنسیپه سهرهتهیهکانی ژیان پێشێل ده‌کات.
* په‌یڕه‌وکردنی ئه‌م سیستمه، ده‌بێ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان، په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌کان، وڵات به‌ره‌و هه‌ڵدێرێکی نادیار و چاوه‌ڕوان نه‌کراو ده‌بات.
هیچ کاتێ له هیچ وڵاتێکی ناوچه‌که‌دا نه‌مان دیو، نه‌مان بیست هیج حیزب، کهسو، گروپێک له‌وانه به ره‌زامه‌ندی خۆیان، یا له سه‌ر داخوازی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌س له‌کار بکێشنه‌وه، به‌ڵکو هه‌میشه خۆیان و وڵاتیان پێکه‌وه زینده بهچاڵکردوه، نه‌وه‌ک به سه‌ربه‌رزی بانگی جه‌ماوه‌ر بکه‌ن بڵێن، فه‌رمون نۆبه‌ی ئێوه‌یه ئیمه له‌مه زیاترمان پێ نه‌کرا.
له ده‌سپێشخه‌ریه‌کی له‌و جۆره، ئه‌و کاته جه‌ماوه‌ر ئه‌وان له‌سه‌ر سه‌ر دائه‌نێ، مێژویش به پێنوسی زێڕ له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی زیو ناوه‌کانیان ده‌نوسێ، به‌م جۆره ده‌چنه نێوان لاپه‌ڕه پرشنگداهرکانی هه‌تا هه‌تای مێژوه‌وه، که کاتێکیش ماڵئاوای له ژیان ده‌که‌ن، خه‌ڵکان به‌ڕێزه‌وه گوڵبارانی کهژاوهکانیان ده‌کات، جۆگای فرمێسکیان بۆ ده‌ڕێژن، که‌سوکاریشیان له دوای خۆیان سه‌ربه‌رز و ئاسوده له‌ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا جێگای رێزن، ئه‌مه‌ش هیواو ئاواتی هه‌مو ئه‌و که‌س و لایه‌ن و حیزبانه‌یه که له پێناوی میلله‌تدا خه‌باتیان کردوه.
وه‌ک ده‌بینین له وڵاتانی جیهاندا، ده‌یان تێکۆشه‌ری دێرین که ده‌ستیان له کارکێشاوه‌ته‌وه، له ئاهه‌نگه نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیه‌کاندا ده‌یان میدالیای رێز به سهرسینگیانهوهیه، کاتێ ئاماده ده‌بن له‌ریزی پێشی پێشه‌وه دائه‌نرێن، دوباره و رێزیان لێ ده‌گیرێ.
چه‌ند وشه‌یه‌یه‌کی پێویست:
*له سه‌ره‌تای راپه‌ڕیندا ئاواتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئه‌وه‌بو رژێمی به‌عس نه‌گه‌ڕێته‌وه کوردوستان.
*پاشان هه‌مو حیزب و لایه‌نه‌کان شان به‌شان له تێکۆشان‌دا بون له پێناوی به‌دی هێنانی جۆرێک له حوکمڕانی .
*هه‌مو تواناکان خرانه کار بۆ پڕکه‌دنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایه ئیداریه‌ی که سه‌دام له ناوچه‌کدا به‌جێی هێشت.
* سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو ئاڵۆزیه‌ی ناوچه‌که، ئه‌و هه‌مو ئه‌رکه قورسانه‌ی که له رژێم به‌جێمابو سه‌رکردایه‌تی کورد و گه‌له‌که‌مان به‌ره‌نگاریه‌کی ئیداری و سیاسی باشیان کرد، کورد سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌ویش وه‌ده‌س هێنانی نیمچه ئیداره‌یه‌کی کوردی بو.
* په‌رله‌مان هاته‌کایه‌وه، بۆ یه‌که‌مجار له مێژوی کوردا، به‌ڵام هه‌میشه مه‌ترسی هاتنه‌وه‌ی رژێم خه‌ته‌ر بو له سه‌ر کورد، ئه‌و کاته وه‌ڵامی گله‌یی خه‌ڵک به دو جۆر ده‌درایه‌وه، ده‌گوترا: حکومه‌ته‌که تازه‌یه (ساوایه) و بێ ئه‌زمونه، یاخو له‌وانه‌یه به‌عس بگه‌ڕێته‌وه، جه‌ماوه‌ر به‌و په‌ڕی دڵفرهوانیهوه ئه‌و به‌و دو وه‌ڵامه رازیبو، ئه‌و په‌ڕی پشتگیری بۆ سه‌رکردایه‌تی راگه‌یاند، لێره‌دا رۆڵی کۆمه‌ڵانی گه‌له‌که‌مان ده‌رکه‌وت.
* پاش پرۆسه‌ی ئازادی و روخاندنی به‌عس، له‌و رۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ زۆر که‌من ئه‌و که‌سانه‌ی که به هیچ وه‌ڵامێک رازیبن بۆ قه‌یرانه‌کان، که‌واته هیچ پاساوێک نه‌ماوه، به‌ڵام بارودۆخه‌که تا ئێره هاتوه به هه‌مو که‌مو کورتیهکانیشیهوه.
*راستیه‌ک هه‌یه له هه‌مو دونیای ئه‌مڕۆدا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌مو حیزبێک هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌دات بگات به ده‌سه‌ڵات، حیزبیش که گه‌یشت به ده‌سه‌ڵات به‌مانای وه‌دیهێنانی ئامانجه سیاسیه کانی خۆیه‌تی، که ده‌بێ ئامانجی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که ده‌سه‌ڵات له لوتکه‌وه تا بچوکترین کارمه‌ند به‌ده‌ست حیزبه‌که‌وه بێت.
*به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بازنگه سودمه‌نده ته‌سکه‌کانی ناو حیزب هیچ کات رێگای چاکسازی و پاکسازی یاخو ریفۆرم، بۆ ئه‌وه‌ی حیزب به‌کۆی ده‌نگ به پرۆسه‌یه‌کی دیـموکراتی، خۆڕێکستن، خۆئاماده‌کردن، بۆ حکومه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک خۆئامادهبکات، که جێی متمانه و جێبه‌جێکه‌ری داخوازیه‌کانی جه‌ماوه‌ر بێت.
شێوازی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کان بوه بهعورفێکی حاشا هه‌ڵنه‌گر، چاکسازی له حیزب، په‌رله‌مان، حکومه‌ت، کاریکی مه‌حاڵه، چونکه ئه‌و سێ ده‌زگایه سێ ئه‌ڵقه‌ی تێکههڵكێشراون.
ئێمه‌ی کورد ئه‌مڕۆ له هه‌مو کاتێ زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه که هه‌ندێ به خۆمانا بچینه‌وه، چونکه ئه‌وانه‌ی له سه‌روه باسمان کرد سیستمی ئه‌و رژێمانه‌یه که چاوی خیریان به کوردا هه‌ڵنایه‌ت، به‌و سیستمانه ئێمه‌یان دهچهوسانهو، ده‌بێ به‌پێچه‌وانه‌وه کاربکه‌ین دژێ هه‌مو ئه‌و جۆره حوکمڕانیانه له ناوچه‌که‌دان، نه‌ک پێمان بڵێن به‌شێکن له‌و سیسته‌مانه.
پڕۆژه‌كه:
بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێ هه‌ر نه‌بێ که‌مێ گۆڕانکاری له سیستمی حوکمرانێدا بکات ببێ به نمونه‌یه‌کی پرشنگدار له ناو وڵاتانی ناوچه‌که‌دا، هیوادارم که ئه‌م پرۆژه بگاته شوێنی کاریگه‌ر.
یه‌که‌م: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
ا/هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌ن ودهزگانهی که هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانن (به پله‌ی وه‌زاره‌تن) و به‌ستراون به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، وه‌ک: ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا، ده‌زگای وه‌به‌رهێنان ...هتد.
ب/هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پلان و بکرێ به ئه‌نجومه‌نی پلان دانان که لهخواهرهوه باسی ده‌که‌ین.
ج/که‌مکردنه‌وه و چالاککردنی وه‌زاره‌ته‌کان له پێناوی که‌مکردنه‌وه‌ی رۆتینه کوشنده‌کاندا، به‌م جۆره‌ی خواره‌وه:
1- وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ گه‌شتوگوزار بکرێ به یه‌ک.
2- وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌گه‌ڵ پیشه‌سازی بکرێ به‌یه‌ک.
3- وه‌زاره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، مافی مرۆڤ، ئه‌نفال و شه‌هیدان، کۆچ، ئاواره...بکرێ به یه‌ک.
4- وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ ژینگه بکرێ به‌یه‌ک.
5- وه‌زاره‌تی گه‌یاندن له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه، بکرێ به‌یه‌ک.
6- وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سامانه ئاوییه‌کان بکرێ به یه‌ک.
7- وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده بکرێ به یه‌ک.
8- ئاوه‌دانکردنه‌وه له‌گه‌ڵ ژیاننه‌وه‌ی دێهاته‌کان (احياء القرى) بکرێ به وه‌زاره‌تێک.
9- وازاره‌تی سامانه‌سروشتیه‌کان و نه‌وت و کاره‌با (الطاقة)، بکرێ به یه‌ک.
10- وه‌زاره‌تی دارای له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان بکرێ به‌یه‌ک.
11- وه‌زاره‌تی داد وه‌ک خۆی.
12- ناوخۆ وه‌ک خۆی.
13- پێشمه‌رگه وه‌ک خۆی.
14- وه‌زاره‌تی پیشه‌و راهێنان و کار دابمه‌زرێت، به‌شی زۆری کاره‌کانی وه‌زاره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی پێ بسپێرێت، جگه له ئه‌رکه‌کانی خۆی.
15- وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وه‌ک خۆی.
د/مه‌رجه‌کانی کاندید بۆ پله‌ی وه‌زیر:
هه‌مو وه‌زیره‌کان و جێگره‌کانیان:
1- تهکنۆقورات، خاوه‌ن ئه‌زمون و توانابن.
2- هه‌ڵگری بروانامه‌ی به‌کالۆریوس که‌مترنه‌بن، له بواری وه‌زاره‌ته‌که‌یاندا.
3- لای که‌می زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی جگه له کوردی بزانن.
4- ئه‌گه‌ر نه‌کرا بێلایه‌ن بێت، با حیزبیه‌کی موعته‌دیل بێت.
5- کاتێ که حیزب که‌سێک کاندیت ده‌کات بۆ پۆستێکی وه‌زاری، ده‌بێ ئه‌و راستیه بزانی که ئه‌گه‌ر وه‌زیر له کاره‌که‌یدا سه‌رکه‌وتو نه‌بو ئه‌وه گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر به‌خودی ئه‌و که‌سه ده‌گه‌یه‌نێ له پێش حیزبهکیدا.
دوه‌م: دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی پلاندانان
بونی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه یه‌کێکه له پێویستیه هه‌ره‌گرنگه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئیشوکاری سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌نجومه‌نه‌که ده‌بێ خاوه‌ن که‌سایه‌تی بێلایه‌نی خۆی بێت، هه‌ر وه‌ها ده‌بێ له‌ئاستی ده‌زگای دادگای ته‌میز که‌مترنه‌بێت، به‌مانایه‌کی تر ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ته‌نها له‌روی ئیداریه‌وه به‌سراوه به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، سه‌رۆک وه‌زیران بۆی نیه وه‌ک داموده‌زگا حکومیه‌کانی تر ده‌س بخاته ناو کهرهکانیهوه، به‌ڵکو به‌راوێژ و بڕیاری هاوبه‌ش.
ێ/ده‌زگاکانی ئه‌نجومه‌ن:
1- سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پلاندانان، سه‌نته‌ری به‌رپرسیارێتی هه‌مو ده‌زاگاکانی ئه‌نجومه‌نه، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن به‌پله‌ی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێ.
2- ده‌زگاکان بریتین له 22 ده‌زگای سه‌رکی، هه‌ر یه‌که له بوارێک‌دا له‌بواره‌کانی که له خواره‌وه باسی ده‌که‌ین، بۆنمونه، هه‌یئه، دیوان، ده‌زگا ...هتد.
3- هه‌یکه‌لی ئیداری هه‌ریه‌که له‌و ده‌زگانه بریتیه له: نوسینگه‌ی به‌رپرس و به‌شه‌که‌نی، هونه‌ری، حیسابات، کارگێڕی، ئامار و کۆمپیوته‌ر.
4- ده‌بێ فه‌رمانبه‌ر و کادره‌کانی له کادره چالاکه‌کانی هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کان هه‌ڵبژێرێن، بۆ کارکردن له‌م دهزگانهدا.
ب/مه‌رجه‌کانی به ئه‌ندام بون له ئه‌نجومه‌ن:
1- هه‌مو ئه‌ندانمانی ئه‌نجومه‌ن به پله‌ی وه‌زیر ده‌بن .
2- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس که‌م تر نه‌بێ.
3- بێ لایه‌ن بێت، یاخوههڵسوکهوتی حیزابایهتی له‌کاره‌کانیدا ره‌نگ نه‌داته‌وه.
4- خاوه‌ن ئه‌زمون و ناسراو به تواناکانی له‌سه‌ر ئاستێکی به‌رز.
5- لای که‌می ده‌بێ زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلزی بزانێ، جگه له زمانی کوردی.
ج/.پێکهاته‌ی ئه‌نجومه‌ن :
*دو ئه‌ندام له بواری ئابوری‌دا.
*دو ئه‌ندام له‌بواری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، ته‌کنۆلۆجیا، توێژێنهوهکان له هه‌مو بوارێ ...هتد.
*دو ئه‌ندام له بواری دادوه‌ریدا.
*دو ئه‌ندام له بواری ئه‌من و دفاع.
*دو ئه‌ندام له بواری کشتوکاڵ.
*دو ئه‌ندام له بواری پیشه‌سازیدا (نه‌وت، کاره‌با، وزه، کانزا‌کان په‌یوه‌ندیدار...
*دوئهندام له بواری ته‌ندروستی و کۆمه‌لایه‌تی، ژینگه، په‌یوه‌ندیدار...
*دو ئه‌ندام له بواری ئاوه‌دانکردنه‌وه و شاره‌وانی، رێگاوبان، نیشته‌جێکردن، په‌ێوه‌ندیدار...
*دو ئه‌ندام له‌بواری رۆشه‌نبیری (ئه‌ده‌ب، هه‌نه‌ر، مێژو و گه‌شتوگوزار ...په‌یوه‌ندی) دار.....
*هه‌ر بوارێکی ترله داهاتودا پێویست بکات...
د/. ئه‌رکه‌کانی ئه‌نجومه‌ن:
1- ئاماده‌کردن و دابه‌شکردنی بودجه‌ی ساڵانه، به‌پێی پێویست بۆ پارێزگاکان، به‌شێوه‌یه‌کی عادیلانه.
2- پیاچوننهوه به ئیمکانیاتی هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کان، له بواره‌کانی، توانا کارمهندیهکان، بودجه، قه‌واره‌ی کارگێڕی (اعاده بنا‌و الهیکل الاداری)، بۆکهمکردنهوه و زیادکردن (ته‌رشیق و تنشیگ ).
3- دانانی پلانی کورت، مامناوند، درێژخایه‌ن، له بواری گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێداندا، بۆ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کان.
4- دانانی ناوه‌ندێکی، دارایی و کارگێڕی، به‌رپرسبێت له تواناکانی ئه‌و دو بواره، ده‌به‌سرێت به ئه‌نجومه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی، دامه‌زراندنی پله‌کانی له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیه‌وه تا به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کان، قائیمقام، مودیر ناحیه، لهوناوهنده تاقیکردنه‌وه‌یان بۆ بکرێ پێش دامه‌زراندنیان، پێشتر که له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه ته‌زکیه کراون، هه‌مو پله به‌رزکردنه‌وه‌یه‌ک له‌و دهرهجانهی سه‌ره‌ودا ده‌بێ له‌م ناوه‌نده تاقیکردنه‌وه بکات.
5- دانانی ناوه‌ندی کۆنترۆڵکردنی جۆرێتی، که هه‌مو بواره‌کان ده‌گرێته‌وه.
6- دانانی ناوه‌ندێک بۆ ئامار و سه‌رژمێری هه‌ڵبژاردنه‌کان راسته‌وخۆ له لایه‌ن ناوه‌نده‌وه که به‌ستراوه به ئه‌نجومه‌نه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێ.
7- چاوخشاندنه‌وه به‌هه‌مو ئه‌و پڕۆژانه که له رابردودا، ئێستا له‌ژێر جێبه‌جێکردندان.
8- کردنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و ته‌نده‌رانه‌ی که کولفهکهیان له 1000000 دۆلار (یه‌ک ملیۆن) دۆلار زیاتره، ناردنی بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، بۆ ته‌واوکردنی کار.
9- دانانی سه‌نته‌ری پڕۆژه ستراتیجیه‌کان، ئه‌م سه‌نته‌ره هه‌ڵئه‌سێ به ئاماده‌کردنی دیراسات و پلانی درێژ بۆ:
ێ/ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی دێهاته‌کان (واچاکه له‌م بواره‌دا کار به پڕۆژه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بکرێ، چونکه هه‌مو لایه‌نه‌کانی ژیانی گونده‌کانی گرتوته‌وه و کاری جدی بۆ بکرێ).
ب/ رێگاوبان، هێڵی ئاسن: له شێوه‌ی تۆڕێکی سه‌رتاسه‌ری بۆ کوردستان.
ج/ ئاو و ئاودێری، بۆ سه‌وزکردن و تێرئاوکردنی ناوچه‌کان، ده‌شتی ئاکرێ، قه‌راج، حه‌سار، قه‌ره‌حه‌سه‌ن، زه‌نگاباد، له رێگای به‌نداوه‌کانه‌وه، به‌تایبه‌ت، به‌نداوی موسڵ که ده‌توانێ له فائیده و شێخان ... تا ئاکرێ و به‌رده‌ش ئاوبدات.
10- له کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌ن وه‌زیر یا وه‌کیله‌که‌ی به‌شداری ئه‌و کۆبونه‌وه‌کانه ده‌کات، که په‌یوه‌ندی به کاره‌که‌یانه‌وه هه‌بێ.
11- پرۆژه یاساکانی وڵات پێش ئه‌وه‌ی بچێت بۆ په‌رله‌مان به ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا ده‌ڕوات.
د/ چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کان:
1- کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌درێژای مانگه‌کان.
2- ئه‌نجومه‌ن سه‌رۆک و جێگر‌و سکرتێری ده‌بێ.
3- سه‌رۆک و جێگره‌که‌ی به ناو ده‌بێ به‌پێی پیته ئه‌بجه‌دیه‌کان، له‌نێوان هه‌مو ئه‌ندامه‌کاندا و سکرتێریش دائیمی ده‌بێ.
4- به‌پێی پێویست یه‌کێ له ئه‌ندامه‌کانی ئه‌نجومه‌ن له کۆبونه‌وه‌کانی پارله‌مان و و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌شداری ده‌کات له بواره گرنگه‌کاندا، له‌کاتی داواکردندا له بواری خۆیدا.
5- ئه‌نجومه‌ن یاسای خۆی ئاماده ده‌کات، ده‌ینێرێت بۆ پارله‌مان...
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان
له هه‌مو وڵاتانی فیدراڵ و دیموکرات، ئه‌م سێ ئیداره نیمچه حکومه‌تن:
ێ/ پارێزگار سه‌رۆکی حکومه‌تی پارێزگایه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پارله‌مانی ئه‌و شاره‌یه.
ب/ قائیمقام و ئه‌نجومه‌نی قه‌زا...
ج/ مدیرناحیه و ئه‌نجومه‌نی ناحیه...
ا – ب – ج، هه‌ر یه‌که له‌وانه نیمچه حکومه‌تێکه، ده‌بێ بودجه‌ی خۆیان له سه‌ری هه‌مو سالێکدا ته‌سلیم بکرێ، به‌پێی یاسا کارکردنیشیان ئاسانه، ده‌بێ یاسای بۆ دانرێت، لێره‌دا پێویست ناکات باسی ورده‌کاریه‌کانی بکه‌ین.
چواره‌م: ئه‌من و دیفاع
1- ناوخۆ
ێ/ یه‌کخستنی، پۆلیس، پۆلیسی رێگاوبان، نه‌جده ...هتد، له یه‌ک ده‌زگای ئه‌کادیمیدا، له سه‌ر ئاستێکی زۆر زانستی، له ژێر ناوی پۆلیسدا، به‌مه‌رجێ هه‌مو ده‌زگاکانی پۆلیسی تر بێنه ژێر ئه‌م چه‌تره‌وه، هه‌مو ده‌زگا کۆنه‌کانی پۆلیس هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
ب/ دامه‌زرانی ده‌زگای نوسینگه‌ی هاوڵاتی، به‌شێوه‌یه‌کی زانستی بۆ کاروباری ته‌سجیلی سه‌یاره، نفوس، پاسه‌پۆرت، مانه‌وه...
ج/ ده‌زگای ئاسایش، کاره‌کانی ته‌نها پاراستن بێت، به‌و شێوه ئاشکرایه کارنه‌کات، به‌ڵکو چاودێری نهێنی بێت (وه‌ک کریمیناڵی جیهان )نه‌وه‌ک له زاڵگهو، خاڵی گومرگ، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستێکی ئه‌کادیمی، به به‌کارهێنانی تهقهنیهکانی جیهان.
2- دیفاع
کارکردن بۆ بنیاتنانی هێزێکی سه‌ربازی هاوچه‌رخی مۆدێرن، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌زگاکانی ته‌جنید، به‌شێوه‌یه‌کی زانستی:
1- هه‌موکه‌س ئه‌گه‌ر قوتابی نه‌بێ 6 مانگ خزمه‌ت بکات.
2- دانانی یاسایه‌کی تازه بۆ ده‌رچوانی، پله جیاجیاکانی خوێندن، بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی.
3- کردنه‌وه‌ی مه‌رکه‌ز تهدریبهکان به‌شێوه‌یه‌کی هاوچه‌رخ.
4- ورده‌کاری بکرێ بۆ دروستکردنی فه‌وجی سه‌ربازی نمونه‌ی، له هه‌رسێ پارێزگاکه، هه‌تا کاتی دروستبونی لیوا، فیرقه، فه‌یله‌ق، دێت به‌م شێوه:
ێ/ فه‌وجی یه‌ک باره‌گای له دهۆک ده‌بێ به باره‌گای فه‌یله‌قی یه‌ک، که سنوری چالاکیه‌کان له زاخۆ تا زابی گه‌وره ده‌بێ له داهاتودا.
ب/ فه‌وجی دو باره‌گای له هه‌ولێر ده‌بێ به باره‌گای فه‌یله‌قی دو، که سنوری چالاکیه‌کانی له زابی گه‌وره‌وه تا زابی بچوک ده‌بێ له داهاتودا.
ج/فه‌وجی سێ باره‌گای له سلیمانی ده‌بێ باره‌گای فه‌یله‌قی سێ له داهاتودا، که سنوری چالاکیه‌کانی له زابی بچهکهوه تا سیروان و خانقین ده‌گرێته‌وه.
پێنجه‌م: فراوانکردنی یه‌که کارگێڕیه‌کان
ێ/ بڕیاری به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی لای که‌می 41 گوند له هه‌ر چوار پارێزگاکه‌دا بۆ پله‌ی ناحیه، وه‌ک نمونه‌یه‌کی سه‌ره‌تای، له داهاتودا هه‌ر 5 تا 6 گوند ناحیه‌یه‌کی بۆ دروست بکرێ، به‌م جۆره:
*دهۆک 5 ناحیه، ئاکرێ 3، ئامێدی 1 زاخۆ 1
*هه‌ولێر 10، کۆیه 2، ده‌شتی هه‌ولێر 2، شه‌قلاوه 2، سۆران 2، چۆمان1، که‌ڵه‌ک1.
*سلێمانی و گه‌رمیان 26 ناحیه، کفری 2، که‌لار 3، ده‌به‌ندیخان 1، قه‌ره‌داخ 2، چه‌مچه‌مال 3، دوکان و بنگرد 2، رانیه 2، قه‌ڵادزێ 2، شارباژێر 2، پێنجوێن 1، هه‌ڵه‌بجه 1، سه‌یدسادق 1، زه‌ڕاین وعهربهت 2، بازیان 1، پیرمه‌گرون 1.
*بۆ دابینکردنی کارمه‌ند بۆ ئه‌و ناحیانه، ده‌توانین سود له ئه‌و کارمه‌نده زیادانه وه‌رگرین، که له شار و شارۆچکه‌کاندا هه‌ن.
تێبینی:
ئه‌گه‌ر بایه‌خ به‌م پڕۆژه‌یه بدرێت واته دروستکردنی ئه‌و ناحیانه، له‌و گوندانه‌دا، زۆر کێشه چاره‌سه‌ر ده‌کات، له‌وانه:
*که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی ناوشاره‌کان.
*رێخۆشکردنه بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری.
*جۆرێکه له دابینکردنی کار، که‌مکردنه‌وه‌ی بێ‌کاری.
*بوژاندنه‌وه‌ی که‌رتی کشتوکاڵی ...و چه‌ندها ...هتد .
ب/ به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی هه‌ندێ له ناحیه کۆنه‌کان بۆ قه‌زا، به‌پێی پێویست.
ج/ هه‌رچه‌نده ئێستا هه‌ندێ له قه‌زاکان رۆڵی پارێزگا ده‌بینن، به‌ڵام راگه‌یاندنی ناوی پارێزگای تازه له‌م بارودۆخه‌ی عێراقدا ئاسان نیه، بۆیه وا چاکه کار بکرێ هه‌ر له‌ئێستاوه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، چونکه له کوردستاندا پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌کانی تر، بواری ئه‌وه هه‌یه که 3 تا 4 پارێزگای تازه بڕیاری له سه‌ر بدرێ.