خالید ره‌زا
ماڵپه‌ڕی سبه‌ی کۆمپانیای وشه ده‌رگای بابه‌تی ( بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕوونیی له‌دابه‌شکردن وخهرجکردنیدا) کردۆته‌وه‌و، داوای له خوێنه‌ران کردوه به‌شداری بکه‌ن.
له پێشه‌کییه‌کی کورتیشدا نوسیوێتی: بڕیاربوو بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆساڵی 2008، له 1ی تشرینی دوه‌می ساڵی2007 بهێنرایه‌ته پارله‌مان، به‌ڵام نه هێنرا. سبه‌ی له کۆتایی کورته نوسینه‌که‌یدا ئه‌م پرسیارانه‌ی وروژانداوه:
- بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی ئاینده چی له خۆی بگرێت؟
- چۆن دابه‌ش بکرێت؟
- کێ چاودێره؟
- پێشبینی ده‌که‌یت بودجه‌ی ساڵی 2008 له سه‌ره‌تای ساڵدا ڕابگه‌یه‌نرێت و دابه‌شکردنه‌که‌ی عادیلانه و ڕون بێت؟
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م هه‌م وه‌ڵامی پرسیاره‌کان بده‌مه‌وه، هه‌م هه‌ندێ زانیاری تریش باسکه‌م:
پارله‌مان:
ئه‌ندامانی پارله‌مان له ده‌نگداندا ئازادی ره‌هایان هه‌یه، هیچ ڕهقیبێکیان له‌سه‌ر نییه.
((بڕگه‌ی 3 ی ماده‌ی 67 ی ده‌ستوری هۆڵاندی)).
پارله‌مان له وشه‌یparlerی فه‌ره‌نسی یه‌وه هاتوه، که به‌مانای قسه‌کردن دێت. که‌واته پارله‌مان یانی قسه‌کردن، مناقه‌شه‌کردن. واته کۆڕوکۆبونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکه بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر بابه‌تێک یان چه‌ند بابه‌تێک.
ئه‌ندامانی پارله‌مان نوێنه‌ری خه‌ڵکن. په‌ڕله‌مان یاسا داده‌نێت. کۆنترۆڵی ئیشوکارو هه‌ڵسوکه‌وتی حکومه‌ت ده‌کات. متمانه به حوکمه‌ت ده‌به‌خشێ و له‌کاتی پێویستدا لێی وه‌رده‌گرێته‌وه.
ژماره‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مانی هه‌ر وڵاتێک به‌پێی ده‌ستور دیاری ده‌کرێت. بۆنمونه به‌پێی بڕگه‌ی 2 له ماده‌ی 51 ی ده‌ستوری هۆڵاندی، ژماره‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مان سه‌دوپه‌نجا 150 ئه‌ندامه.
بۆ به‌رچاو رۆشنی خوێنه‌ر، له خواره‌وه ئه‌م زانیارییانه له‌سه‌ر په‌ڕله‌مانی هۆڵاندی باس ئه‌که‌م:
1- ده‌سه‌ڵاته‌کانی پارله‌مان:
1-1 په‌ڕله‌مانی هۆڵاندی بێجگه له 3 ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌مو په‌ڕله‌مانێک ئه‌بێ هه‌یبێ: به‌خشین و سه‌ندنه‌وه‌ی بڕوایه له حوکمه‌ت، دانانی یاسا و چاودێری کردنی ئه‌دای حکومه‌ت و، ئه‌م زۆر باش جێبه‌جێیان ئه‌کات، هه‌ندێ ئه‌رکی جیدی تریش رائه‌په‌ڕێنێ:
1-2 بودجه. بودجه دوای ئه‌وه‌ی له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ( هه‌ر وه‌زاره‌ته هی خۆی) ئاماده ده‌کرێت وبه وهردهکارییهوه ده‌خرێته به‌رده‌م پارله‌مان، له‌وێ به‌وردی تاوتوێی ده‌کرێت. په‌ڕله‌مان ده‌سه‌ڵاتی زیادوکه‌م کردن، په‌سه‌ندکردن یان نه‌کردنی بودجه‌ی هه‌یه. تا پارله‌مان بودجه په‌سه‌ند نه‌کات حکومه‌ت ناتوانێت له بودجه‌ی پێشنێارکراو خه‌رج بکات. لێره‌دا گرنگی کات بۆ ناردنی بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ پارله‌مان ده‌رده‌که‌وێت. که په‌ڕله‌مان بودجه‌ی ساڵی ئایندهی په‌سه‌ند کرد، ئه‌نجا یاسای تایبه‌ت بۆ خه‌رجکردنی به‌پێی خاڵ وبڕگه پێشنیارکراوه‌کان له‌لایه‌ن پارله‌مانه‌وه بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێک به‌جیا ده‌رده‌کرێت. تا وه‌زیرو کاربه‌ده‌ستان نه‌توانن به ئاره‌زوی خۆیان یاری و جێگۆڕکێ به پاره‌ی پرۆژه پێشنیارکراوه‌کانی وه‌زاره‌ته‌کان، بکه‌ن. بۆیه ده‌بێت بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی ساڵی ئاینده له‌واده‌ی خۆیدا بخرێته به‌رده‌م پارله‌مان تا پارله‌مان کاتی ته‌واوی هه‌بێت بۆ تاوتوێکردن، شه‌نوکه‌وکردنی بودجه و ده‌رکردنی یاساکان.
1-3 پارله‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه که‌سی گونجاو بۆ هه‌ندێک ئیش و وه‌زیفه‌ی گرنگ و هه‌ستیار دیاری بکات. یان که‌سێک له‌ده‌ره‌وه‌ی دام‌و ده‌زگاکانی حکومه‌ت، که جێی متمانه‌ین، بۆ هه‌ندێک لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچونی سکاڵای هاووڵاتیان له‌سه‌ر حکومه‌ت، دابنێت. بۆنمونه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ساڵانه له دوکان روئه‌دات، لێره بوایه، پارله‌مان ده‌یتوانی که‌سێک، یان چه‌ند که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ، شاره‌زا و جێ متمانه بۆ لێکۆڵینه‌وه له خنکانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی ساڵانه له‌کاتی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوی دوکاندا ده‌خنکێن، دیاریبکات، تا لێیبکۆڵنه‌وه و بزانن خه‌تا یان خه‌له‌ل له کویایه، چاکی بکه‌ن. چاکردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی حکومه‌ت له‌سه‌ر بناغه‌ی رێنمایی و ئامۆژگاری ئه‌و که‌س یان چه‌ند که‌سه ئه‌بێت.
1-4 پارله‌مان له پرۆسه‌ی فۆرمۆله‌کردنی بڕیاری وهزارهتهکاند رۆڵی گرنگ ده‌بینێ. ئه‌و ده‌توانێ به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تێک یان کابینه‌یه‌ک، گه‌ر له بواری پراکتیکدا قابیلی جێبه‌جێ نه‌کردن نه‌بێت، بگۆڕێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر پارله‌مان ڕۆڵی چاودێرکردنی کابینه، که ئه‌رکێکی گرنگ وده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی، به‌باشی نه‌بینێ، ئه‌وا ناتوانێ په‌ی به خه‌له‌لی پلان و بڕیاری وه‌زاره‌ته‌کان و کابینه به‌رێ.
1-5 پارله‌مان فه‌رمانبه‌رو کارمه‌نده‌کانی خۆی داده‌نێت، بودجه‌ی خۆی دهخهمڵینێت، بڕی تێچوی ساڵانه بۆ ئیش وکاری ئیداری، کاروچالاکییه‌کانی تری پارله‌مان دیاری ده‌کات. پاش خه‌مڵاندن ده‌ینێرێت بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ. وه‌زاره‌تیش له‌گه‌ڵ بودجه‌ی ساڵانه‌ی خۆی تێکهه‌ڵکێشی ده‌کات. به‌پێی سیستم ویاسای ئه‌م وڵاته (هۆڵاند)، وه‌زیری ناخۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سکاریکردنی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی پارله‌مانی هه‌یه. به‌ڵام له‌به‌ر وردی په‌ڕله‌مان له خه‌مڵاندنی بودجه‌ی خۆی دا، هه‌تا ئێستا، بۆ جارێکیش، هیچ وه‌زیرێکی ناوخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌کارنه‌هێناوه.
2- ئه‌رک و ماف و ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مانتار:
* به‌پێی بڕگه‌ی 2 له ماده‌ی 57 ی ده‌ستور، له وڵاتی هۆڵاند ئه‌ندام پارله‌مان ناتوانێت هاوکات وه‌زیر، جێگری وه‌زیر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی، یان ئه‌ندامی دادگای باڵا بێت.
* هه‌موو هاوڵاتییه‌کی هۆڵه‌ندی له ته‌مه‌نی 18 ساڵ یه‌وه ده‌توانێت ببێته ئه‌ندامی پارله‌مان( ماده‌ی 56 له ده‌ستوری هؤڵهندی).
2-1 وه‌زاره‌ت، وه‌زیر، حکومه‌ت به‌گشتی له‌سه‌ری پێویسته وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێکی پارله‌مانتار بداته‌وه. ئه‌مه یه‌کێکه له مافه‌کانی ئه‌ندام پارله‌مان. جا ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌که، پرسیاره‌که‌ی به ده‌م بکا، یان به‌نوسین. له هۆڵاند له‌سه‌ر حکومه‌ت پێویسته (ملزم) له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا وه‌ڵامی پرسیاری پارله‌مان یان ئه‌ندام په‌رله‌مان بداته‌وه. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت زانی ناتوانێت له‌ماوه‌ی 3 هه‌فته‌دا وه‌ڵام بداته‌وه، ده‌بێت به ره‌سمی داوا له په‌ڕله‌مان بکات، ماوه‌که‌ی بۆ درێژ بکاته‌وه. حکومه‌ت له داواکارییه‌که‌یدا له‌سه‌رێتی رونی بکاته‌وه، بۆچی ناتوانێت له‌ماوه‌ی دیاریکراودا وه‌ڵام بداته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی قه‌ناعه‌ت به په‌رله‌مان بهێنێ، 3 هه‌فته که‌مه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه، حوکمه‌ت ناچاره به‌و 3 هه‌فته‌یه وه‌ڵامه‌که بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مان.
2-2 ئه‌ندام پارله‌مانی ئیشی فوڵتایم ه. واته نابێت له‌پاڵ ئیشی ئه‌ندام پارله‌مانیدا ئیشێکیتر بکات.بۆنمونه ناکرێت ئه‌ندام پارله‌مان بیت له هه‌مانکاتدا وه‌زیری ده‌وڵه‌تیش بیت !
2-3 ئه‌ندام پارله‌مان په‌رژین (حصانة) ی هه‌یه. بۆ هیچ داودهزگایهکی یاسایی وئیداری نییه ڕاوی بنێ یان لێکؤڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکات، ئه‌گه‌ر پێشتر حهسانهکهی لێ نهسهندرابێتهوه.
2-4 ئه‌ندام پارله‌مان له ده‌نگداندا سه‌ربه‌سته. هیچ که‌س وئۆرگانێک ناتوانێت پارله‌مانتار ناچار بکات ده‌نگ بۆ پێشنیارێک یان یاسایه‌کی پێشنیارکراو بدات، یان نه‌دات. لێره (هۆڵاند) ئه‌م مافه به پێی بڕگه‌ی 3 ی ماده‌ی 67 ی ده‌ستور مسۆگه‌ر کراوه.
2-5 ئه‌ندام پارله‌مانه‌کان مافی پێشنیارکردن بۆ ده‌رکردنی یاسایان هه‌یه. ئه‌وانه‌ی پێشنیاره‌که ده‌که‌ن خۆیان له ناو پارله‌مان داکۆکی له پرۆژهیاسییهکهیاندهکهن له به‌رامبه‌ر وه‌ڵامی پارلهمانتاراندا.
2-6 هه‌ر په‌رله‌مانتارێک مافی هه‌یه خۆی بۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان کاندید بکات.ده‌بێت زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌نگ بێنێت.
2-7 ئه‌ندام پارله‌مان مافی گه‌یاندن، به‌دواداچون، لێکۆڵینه‌وه‌ی گله‌یی وگازاندهی هاوڵاتیان، به‌رزکردنه‌وه‌ی داواوپێشنیاریانی، بۆ ناوپارلهمان، هه‌یه.
2-8 ئه‌ندام پارله‌مان بۆی هه‌یه له لیستێکه‌وه بگوێزێته‌وه بۆلای لیستێکی تر، به‌کوردییه‌که‌ی ( سه‌نگه‌ر بگوێزێته‌وه)، یان له لیست بێته‌ده‌ر و، به‌ته‌نها وه‌کو که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ بمێنیته‌وه. چونکه ئه‌ندامانی پارله‌مان با له ڕێی لیستی حیزبیشه‌وه هاتبێت، نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌که‌ن نه‌ک حیزب. له‌حاڵه‌تی وه‌هادا، ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌تا ماوه‌ی یاسایی ته‌وا نه‌کات نه حیزب و نه‌هیچ هێز و قانونێک ناتوانێت مافی ئه‌ندامه‌تی په‌رله‌مانی لێوه‌ربگرێته‌وه. به‌ڵام حیزب ئه‌توانێت له حیزب ده‌ری بکات. گرنگی ئه‌م مافه له‌وه‌دایه که پارله‌مانتار هه‌م ئازادی تاک، هه‌م سه‌ربه‌ستی ویژدانی بۆ فه‌راهه‌مه.
بۆ پشتگیری ئه‌م خاڵه ئه‌م نمونانه به پێویست ده‌زانم:
خاتو ریتا فێردۆنک ( (Rita Verdonkله‌سه‌ر لیستی پارتی گه‌ل بۆ ئازادی ودیمۆکراتی (VVD)بوبه پارله‌مانتار. ئه‌م خاتونه ساڵی پێش‌و، له‌سه‌ر بیروڕای سیاسیی جیاواز له‌گه‌ل سه‌رۆکی فراکسێۆنی حیزبه‌که‌ی مارکڕوتته Mark Rutte)) تێکچون. دوای قوڵبونه‌وه‌ی کێشه‌که، حیزبه‌که نه‌یتوانی ڕیتا فێردۆنک له ئه‌ندام پارله‌مانی ده‌ربکات. ڕیتا له 15 ئۆکتۆبه‌ری2007 دا وازی له حیزب هێنا. ئێسته ئه‌ندام پارله‌مانه و به‌ته‌مایه حیزبێک بۆ خۆی دروست بکات و خۆی ئاماده ده‌کات بۆ خولی داهاتوی پارله‌مان به‌شداری بکات. ڕیتا له 22 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2006 وه بوه‌ته ئه‌ندامی پارله‌مانی هۆڵاند تا خولی داهاتوو به ئه‌ندام پارله‌مانی ئه‌مێنێته‌وه.
هه‌ر له‌م حیزبه‌دا پارله‌مانتارێکی تر به‌ناوی
خییرت فیڵدهرس(Geert Wilders) له 2 سێپته‌مبه‌ری 2004 له حیزبه‌که‌ی وازی هێناو وه‌ک ئه‌ندام پارله‌مانێکی سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه. بۆ هه‌ڵبژاردنی 22 نۆفه‌مبه‌ری 2006 حیزبێکی دامه‌زراند به‌ناوی
(Groep Wilders- Partij voor de Vrijheid)، واته: پارتیی گروپی فیڵدهرس بۆ ئازادی. به‌شداری هه‌ڵبژاردنی گشتیی پارله‌مانی کرد و 9 کورسی به‌ده‌ست هێنا. ئێسته خۆی سه‌رۆکی فراکسێۆنه و وه‌ک حیزبێکی ئۆپۆزسێون له پارله‌ماندا چالاکه.
به‌پێی بڕگه‌ی 1ی ماده‌ی 66 له‌ده‌ستوری هۆڵاند، کۆبونه‌وه‌کانی پارله‌مان کراوه‌ن. ناوه‌ڕۆکیان به نوسین، بینین و بیستن بۆ خه‌ڵک بڵاوئه‌کرێنه‌وه.
سه‌رۆکی پارله‌مان:
بڕگه‌ی 1 ماده‌ی 61 له ده‌ستوری هۆڵاند:
ئه‌ندامانی پارله‌مان خۆیان سه‌رۆکی پارله‌مان هه‌ڵده‌بژێرن .
تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده له هۆڵاند باو بوه، سه‌رۆکی پارله‌مان له‌گه‌وره‌ترین فراکسێونی ناو پارله‌مان بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م باوبونه له‌ده‌ستوردا نییه و قانونی پێ ده‌رنه‌چوه، به‌یه‌کجاری نه‌چه‌سپیوه. واته مه‌رج نییه هه‌میشه سه‌رۆکی پارله‌مان له گه‌وره‌ترین فراکسێۆنی پارله‌مان بێت. یان وه‌کو لای خۆمان رێکه‌وتنی سیاسی نێوان دوو حیزب بێت. له‌م وڵاته هه‌موو ئه‌ندام پارله‌مانێک مافی خۆکاندیدکردنی بۆ سه‌رۆکی پارله‌مان هه‌یه. سه‌رۆکی پارله‌مانیش له یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی پارله‌ماندا به ده‌نگدانی نهێنی وڕاسته‌وخۆ بۆ ماوه‌ی چوارساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت. سه‌رۆک ده‌بێت زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی پارله‌مانتاران به‌ده‌ست بهێنیت. بۆ خۆشی مافی ده‌نگدانی هه‌یه.
بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی که مه‌رج نییه سه‌رۆکی پارله‌مان له گه‌وره‌ترین فراکسێون بێت سه‌یری ئه‌م خشته‌یه بکه:
ناوی سه‌رۆکی پارله‌مان
|
له ماوه‌ی
|
سه‌رۆکی پارله‌مان له حیزبی
|
گه‌وره‌ترین فراکسێۆن
|
Gerardina Alida (Gerdi)
|
2010-2006
|
PvdA
|
CDA
|
Frans Weisglas
|
2002-2006
|
VVD
|
CDA
|
Dirk Dolman
|
1986-1989
|
PvdA
|
CDA
|
Dirk Dolman
|
1981-1982
|
PvdA
|
CDA
|
F.J.F.M. Van Thiel
|
1971-1972
|
KVP
|
PvdA
|
L.G. Kortenhorst
|
1956-1959
|
KVP
|
PvdA
|
Dirk Fock
|
1918-1920
|
Lib. Unie
|
RKSP
|
ئیش وکاری سه‌رۆکی پارله‌مان:
سه‌رۆکی پارله‌مان ئه‌م ئه‌رکانه جێبه‌جێ ئه‌کات:
1- سه‌رپه‌رشتی کردنی کۆبونه‌وه‌کانی پارله‌مان.
2- دیاریکردنی کات و واده‌ی کۆبونه‌وه‌کانی پارله‌مان.
3- په‌یوه‌ندیکردن له‌گه‌ل پارله‌مانی وڵاتانی تر.
4- لێپرسراوه له لییژنهکانی پارله‌مان و، له دیاریکردنی کات (سه‌قفی زه‌مه‌نی) بۆ ته‌واوکردنی ئه‌و کارانه‌ی پێیان ده‌سپێردرێت.
5- له‌کاتی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ دا، ئهدفیس ده‌داته شاژنی وڵات.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌رکه‌کانی سه‌رۆکی پارله‌مانی هۆڵاندی بکه‌یت، ده‌رئه‌که‌وێت، ئه‌رکی سه‌رۆکی پارله‌مان زۆرتر ته‌کنیکی و پرۆتۆکۆلییه. ئه‌و له کۆبونه‌وه‌کاندا که‌مترین قسه و (مداخلة) ئه‌کات. رۆڵی گه‌وره له پارله‌مانی هۆڵاندی دا سه‌رۆکی فراکسێونهکان به پله‌ی یه‌ک و، ئه‌ندامانی پارله‌مان به پله‌ی دوو، ئه‌یبینن.
که‌چی ئه‌گه‌ر دیقه‌تی چالاکی و کۆبونه‌وه‌کانی پارله‌مانی کوردستان بده‌ین، ئه‌بینین جیاوازییه‌کی زۆر له‌نێوان ئه‌م دوو پارله‌مانه‌دا هه‌یه: هه‌ر میوانی ئه‌ملاولایه دێت و ده‌چێت. هه‌ر پێشوازی و خواحافیزییه له‌م و له‌و ده‌کرێت. زۆربه‌ی کاتیش هه‌ست ئه‌که‌یت هۆڵی کۆبونه‌وه‌کانی پارلهمانهکهمان بوه به پۆلی خوێندن: مامۆستا وه‌عز داده‌ر و ته‌له‌به‌ش گوێگره!.