|
حاكم شێخ له‌تیف: یه‌كێتی و پارتی باوه‌ڕیان به ده‌ستور نییه |
Monday, January 19, 2009 |
سازدانی: سیروان ره‌شید
ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی ساڵێكه ئاماده‌كراوه، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێت ئه‌و ده‌ستوره له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه په‌سه‌نده‌كرێت یان ره‌تده‌كرێته‌وه، شه‌فافیه‌تی ئه‌م پڕۆژه ده‌ستوریه له كوێدایه؟، تائێستاش نازانرێت سه‌ركردایه‌تی كورد بۆچی په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری دواخستووه؟، هه‌رێمی كوردستان به بارودۆخێكی نائاسایدا تێپه‌ڕده‌بێت، دانان و خه‌ملاندن و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناڕه‌زاییه‌كی زۆری دروستكردووه له‌ناو چین و توێژه جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا، حكومه‌تی ته‌وافوقی و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی حكومه‌ت و ئاڵوگۆڕكردنیان له نێوان یه‌كێتی وپارتیدا یه‌كێكه له مه‌سه‌له هه‌نوكه‌ییه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان، وابڕیاره به‌م نزیكانه رێكه‌وتنه ستراتیژیه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی په‌سه‌ندبكرێت و كاری پێبكرێت كه زۆرینه‌ی راكان وای بۆ ده‌چن ئه‌م رێكه‌وتنه به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و ئیداریه!، مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ له كوردستان و راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس ۆچ و راپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌م باره‌یه‌وه پرسیار گه‌لێكیان له شه‌قامی كوردیدا وروژاندووه، بۆ به‌دواداچون سه‌باره‌ت به‌م باس و خواسانه، به‌ڕێز حاكم شێخ له‌تیف دادوه‌ر و مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ له بواری یاسادا دواند له میانه‌ی كۆمه‌ڵێك پرسیاردا.
* با له پرۆژه‌ی ده‌ستوری كوردستانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، شه‌فافیه‌ت له كوێدایه كه نزیكه‌ی ساڵێكه پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم ئاماده‌كراوه به‌لام تا ئێستا نازانرێت ئاخۆ ئه‌و ده‌ستوره په‌سه‌ند ده‌كرێت یاخود ره‌تده‌كرێته‌وه، جه‌نابتان وه‌ك پسپۆرێكی ده‌ستوری بۆچووتان له‌و باره‌یه‌وه چۆنه؟
حاكم شێخ له‌تیف: من سه‌ره‌تا هه‌ندێك بۆچوونم هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ستور هه‌میشه ده‌ڵێم گرنگ دانانی ده‌ستور نییه، گرنگ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره، خۆی گرنگه ده‌ستورت هه‌بێت، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه ده‌ستور پیاده بكه‌یت، من وه‌كو خۆم به حوكمی ئه‌وه‌ی سروشتی سیسته‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و كوردستان‌م به‌تایبه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندووه، له 1991وه ده‌زانم بوونی ده‌ستور و نه‌بوونی هه‌ریه‌ك شته، ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌كه داشبنرێت ئیشی پێناكرێت و نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه ده‌ستورمان هه‌بێت پیاده‌ی بكه‌ین.
دانانی ده‌ستوری عیراق به شه‌قی ئه‌مریكا و شه‌قی ده‌ره‌وه بوو، به‌ڵام ده‌ستوری كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست خۆمانه و ئه‌مریكا هه‌قی نییه داینانێین، یان كردومانه به‌شتێكی بێ‌مانا و گاڵته‌جاڕی، له‌به‌رئه‌وه من هیچ ئومێدم به‌و ده‌ستوره نییه ،ئومێدیشم به‌م ده‌سه‌ڵاتانه نییه كه ببن به ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوری، چونكه ده‌سه‌ڵاتێكن به‌ڕاستی له ئاست ئه‌وه‌دا نین ئێمه پیاوی ده‌وڵه‌ت نین، ده‌ستوریش هه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه هیچ كاری پێناكه‌ن، به‌لای منه‌وه ئێستا شتێك وجودی نه‌ماوه ناوی ده‌ستور بێت له سایه‌ی ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كه ئێستا له حوكمڕانیدان.
* هۆكار چییه سه‌ركردایه‌تی كورد په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری دوا خستووه، ئایا ده‌ستوری كوردستان به ڕای ئێوه له ریفراندۆمی جه‌ماوه‌ریدا ده‌نگی پێبدرێت یا له پارله‌ماندا؟
حاكم شێخ له‌تیف: خۆی دانانی دهستورچهند شێوازێكی هه‌یه، له دیموكراتیدا دوو شێوازمان هه‌یه شێوازێك له‌ژێر بڕیاری پارلهماندابێت و په‌سه‌ندبكرێت، شێوازێكی تر له‌لایه‌ن پارله‌مان یان له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی فه‌نیه‌وه دانراوه بخرێته رفراندۆمه‌وه، له رووی عه‌مه‌لیه‌وه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان سه‌ركه‌وتووتره، واته ئه‌وه‌ی كه پارله‌مان دایده‌نێت (جهمعیهیهكی ته‌ئسیسی دایده‌نێت)، ریفراندۆم چاوبه‌سته له گه‌ل، گه‌لێك ئاستی هوَشیاری نه‌بێت له حاڵێكی خراپ‌دا ده‌بێت، له قۆناغێكی زه‌مه‌نی دیاریكراودا كار له‌سه‌ر عاتیفه‌ی جهماوهردهكرێت ده‌نگیان پێبده‌درێت بۆ ده‌ستور، له كاتێكدا نازانن ده‌ستوره‌كه چییه؟
راستیه‌كه‌ی ریفراندۆم له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كانیشدا زۆر كاری پێناكرێت، ته‌نها یه‌ك وڵات ریفراندۆمی تیادا سه‌ركه‌وتووه ئه‌ویش سویسرایه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌لتورێكی دێرینی هه‌یه، سیسته‌مه‌كانی دیموكراتی لیبراڵی و زۆر جار دیموكراتی نیابیش له دانانی ده‌ستوردا ناچنه ریفراندۆمه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌له ئاستی هۆشیاری به‌رز نه‌بێت ئه‌وا كاره‌سات دروست ده‌بێت، ریفراندۆم ته‌نها به‌كاردێت بۆ په‌رده‌پۆشكردن، تا حاكمه‌كان بڵێن ئه‌م ده‌ستوره دیموكراتیه و گه‌ل ده‌نگی له‌سه‌رداوه له كاتێكدا گه‌ل ئاگای لێنییه ختوكه‌ی جهماوهردراوه و له قۆناغێكی دیاریكراودا سیاسیه‌كان ئیستغلالی عاتیفه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن.
یه‌كێتی و پارتی بۆ ده‌ستور دواده‌خه‌ن؟ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك دوای ده‌خه‌ن له‌وانه:
یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه به كه‌یفی خۆیان حوكمڕانی بكه‌ن، دووه‌م پێم وایه ده‌ستوریش دابنێن هه‌روا حوكمڕانی ده‌كه‌ن ئه‌مه ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان نه باوه‌ڕیان به ده‌ستووره، نه تێیده‌گه‌ن، نه حسابیش بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌م عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانیكردنه ته‌قریبه‌ن شه‌ش سه‌د ساڵه له ئه‌وروپا به‌سه‌ر چووه، ئه‌م شێوازه‌ی كه ئێستا حوكمڕانانی كوردستان حوكمی پێده‌كه‌ن حوكمی مۆدێلی شه‌ش سه‌د ساڵ پێش ئێستایه له سه‌ده‌ی پازده‌وه ئیتر ئه‌م مۆدێله كۆتایی پێهات، ئه‌م سیسته‌مه سیاسیه‌ی كه ئێستا له كوردستاندا هه‌یه ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه پێیده‌وترا سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی، به‌مانای سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه ناڵێم له ڕووی سیسته‌مه دهستوریهكهیهوه كه هیچ شتێك نییه غه‌یری میزاجی فه‌رمانڕه‌وا نه‌بێت هیچ شتێك نیه حاكم موخه‌یه‌ر بكات له غه‌یری میزاج، ئه‌مه پێیده‌وترێت شهخصهنهی ده‌سه‌ڵات كه تیایدا ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واكان تێكه‌ڵ ده‌بن و ئه‌مه ئه‌وجۆره شێوازه‌یه كه وه‌كو وتم شه‌ش سه‌د ساڵه له ئه‌وروپا به‌سه‌رچووه، ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مان هه‌م نازانن ده‌ستور چییه و ناشیانه‌وێت كاری پێبكه‌ن، ئیراده‌ی خه‌ڵكیش به‌لایانه‌وه گرنگ نییه، زۆرجار ده‌ڵێم هیوادارم خه‌ڵك ئه‌وه‌نده خه‌و خۆش نه‌بێت.
ده‌ستور گرنگه دابنرێت، به‌ڵام چۆن ده‌ستور ده‌كه‌یت یه‌كێك له زاناكان ده‌ڵێت "با ده‌ستورێكی خراپیش هه‌بێت به‌ڵام جێبه‌جێ بكرێت باشتره له‌وه‌ی ده‌ستورێكی نموونه‌یی هه‌بێت به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرێت"، ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌ستورێكی خراپمان هه‌بوو به‌س ئه‌وه‌نده هاتینه سه‌ر سكه‌ی جێبه‌جێكردن ده‌شێت له ده‌هاتوودا ورده ورده چاكی بكه‌ین، چاكسازی تێدا بكه‌ین، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه تۆ ده‌شێت جوانترین ده‌ستور دابنێیت به‌ڵام هه‌روه‌كو دیكۆر و وه‌كو روكه‌ش بمێنێته‌وه بۆ جوانكردنی روكه‌شی ده‌سه‌ڵات، بۆ ئه‌وه‌ی به جیهان بڵێیت ده‌ستورم هه‌یه و په‌یوه‌ستم به ده‌ستوره‌وه.
* بۆچوونتان له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم چۆن بوو له‌لایه‌ن پارله‌مانی كوردستانه‌وه؟، رایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت گوایه یه‌كێتی و پارتی به‌رله‌وه‌ی بودجه بچێته پارله‌مانه‌وه له مه‌كته‌ب سیاسی هه‌ردوولاوه دابه‌شیانكردووه؟
حاكم شێخ له‌تیف : ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ده‌یكه‌ن له هه‌موو رووه‌كان تاوانه، ئه‌وه‌ی ئێستا یه‌كێتی و پارتی ده‌یكه‌ن چه‌ند ساڵه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كوردستان ئه‌و بودجه‌یه كه له به‌ینی خۆیاندا ده‌یدزن، ده‌دزرێت به‌راستی ئێستا زۆرجار ده‌ڵێن فه‌سادی و دژایه‌تی و گه‌نده‌ڵی دزه‌كان من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر فه‌سادی و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی بكه‌ین ده‌بێت یه‌كه‌م كه‌س یه‌كێتی و پارتی مه‌حكه‌مه بكه‌ین، دزی گه‌وره له‌م كوردستانه‌دا دوو حزبی گه‌وره‌ن، هه‌ره دوو دزه گه‌وره‌كه یه‌كێتی و پارتین، یان ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت ئیداره‌ی گشتی و فه‌له‌ك (فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان) نازانم له‌ولا چی پێده‌ڵین.
ئه‌م دوو حزبه جگه له‌وه‌ی كه سه‌روه‌ت و سامانێك كه خۆیان كردووه به خاوه‌نی، خۆیان له ده‌وڵه‌تیش باڵاتر كردووه، له سیسته‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا یان له سیسته‌می به‌عسیشدا كه هاو شێوه‌ی سیسته‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵات بوو حزب له ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌تر نه‌بوو به‌س حزب هیچ نه‌بێت هاوتای ده‌وڵه‌ت بوو، واته هاوشانی ده‌وڵه‌ت ده‌ڕۆشت، حزب ره‌گی داكوتیبوو له‌سه‌ره‌وه تا خوارێ به هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌ت، له هه‌موو شوێنه‌كان به‌رامبه‌ر ههردامودهزگایهكی ده‌وڵه‌ت حزب هه‌بوو، هه‌روه‌كو چۆن دار هه‌یه داری لاولاوی پێوه ده‌به‌ستیته‌وه، ئاواش حزب وه‌كو ئه‌و داره‌یه كه داری لاولاوی پێدهبهستینهوه، به‌ڵام له كوردستان حزب له ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌تره شتێك نییه ناوی ده‌وڵه‌ت بێت لێره موجه‌ره‌د دوو میلیشیای حزبی و دوو حزب حوكم ده‌كه‌ن كه شتێك نییه ناوی موئه‌سه‌ساتی ده‌وڵه‌ت بێت.
سیسته‌می ئێمه له سیسته‌می به‌عس و رۆژهه‌ڵات زۆر خراپتره، چونكه وه‌كو وتم له سیستمی به‌عس و رۆژهه‌ڵاتدا كه سیسته‌می تاك ده‌وڵه‌ت بوون حزب و ده‌وڵه‌ت هاوتابوون كه خۆی وا نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه نه‌ك هه‌ر حزب گه‌وره‌تره له ده‌وڵه‌ت به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت وجودی نیه له‌واقیعدا ئه‌م یه‌كێتی و پارتییه كه دێن سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت ده‌به‌ن له 1991تا ئێستا دزی له میلله‌ت ده‌كه‌ن ئه‌مه له‌لایه‌ك له له‌لایه‌كی تره‌وه دزی له خۆشیان ده‌كه‌ن هه‌ربۆ نموونه تۆ ته‌ماشای ئیداره‌ی گشتی بكه هه‌موو ئه‌و پارانه‌ی كه 1991وه ده‌خرێته به‌رده‌می ئیداره‌ی گشتی و به‌رده‌می پیاوێكی نه‌زان كه یان به‌رده‌می كه‌سانێكی نه‌زان كه له‌جیاتی پسپۆری، عیلاقاتی براده‌رایه‌تی و حزبایه‌تی ده‌ورده‌بینێ عیلاقاتی موئه‌سه‌ساتی نیه، كه‌س نازانێت چی له‌و پاره‌یه ده‌كه‌ن، ئه‌و پارانه‌ی كه ئه‌وان ده‌یده‌ن ئه‌گه‌ر حزب بۆخۆی بیدایه به پڕۆژه‌ی تایبه‌ت، واته كه‌رتی تایبه‌ت ئێستا هه‌زاره‌ها پرۆژه‌ی پێده‌كرا، هه‌ر حزب خۆی ناپرسێته‌وه ئه‌رێ كاكه ئه‌و پارانه چی لێده‌كه‌ن؟ ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له میزانیهوه وه‌ریده‌گرن، هه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌یده‌ن به پرۆژه‌كه، بۆ ئه‌مه وایلێدێت؟ چونكه هه‌میشه پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی فاشله چونكه كۆمه‌ڵه مۆزه‌فێك دروست ده‌بن كه ده‌بن به مشه‌خۆر تیایدا.
ئێستا مام جه‌لال و كاك مه‌سعود بیربكه‌نه‌وه بلێن ئه‌و پارانه‌ی وه‌رتانگرتووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و مهشروعانهی كه كردویانه ئه‌گه‌ر 1%ی ئه‌و پارانه بوو من ته‌حه‌دایان ده‌كه‌م، ئه‌مه له‌لایه‌ك ئه‌وه تاوانه به‌رامبه‌ر به میلله‌ت و تاوانه به‌رامبه‌ر به حزبه‌كه خۆشی كه هه‌ر خۆی له خۆیدا ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه نه‌بووایه ئێستا ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه كردویانه هه‌زاره‌های ئێستا ده‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره سیستمه واته سیستمی گشتی كه له ئابووریدا فه‌شه‌لی هێناوه به تایبه‌تیش سیستمێكی وا كه وه‌كو وتم ئه‌و جۆره عیلاقاته حزبی و برادهرایهتیه ده‌وری تێدا ده‌بینێت كه هه‌موو شتێك بۆ یه‌كتری ده‌پۆشن بۆیه جگه له‌وه‌ی كه كاری رۆتین و سواندنی دام‌و ده‌زگاكانی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌هه‌ده‌ردان و دزی و راو و رووتیشی لێبكه‌وێته‌وه كه‌س خه‌به‌ر له كه‌س نادات، كه‌س مراقه‌به‌ی كه‌س ناكات، خۆیان موراقبی خۆیانن له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه تاوانه دوو جۆر تاوانه، تاوانێكه دژی گه‌ل و تاوانێكه دژی دوو حزبه‌كه خۆشی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مان ده‌یكه‌ن له هیچ سیستمێكی جیهاندا نییه، باڵاده‌ستكردنی حزب به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا كه خراپه، نابێت حزب هاوتا بێت به ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت حزب موئهسهسهیهك بێت شتێك بێت له‌ناو ده‌وڵه‌تدا له جیهانی ئه‌مڕۆدا میزانیه پێشتر حكومه‌ت ئاماده‌ی ده‌كات، حكومه‌ت به‌گوێره‌ی پێداویستی هه‌موو بواره‌كان دوای ئه‌وه ده‌درێته پارله‌مان، پارله‌مانیش ته‌سدیقی ده‌كات ئه‌مه‌ی ئه‌مان له ناوه‌ڕاستی ساڵدابوو، بودجه‌كه‌ش خۆمان ده‌زانین هیچ نییه و هه‌روه‌ها یه‌كێتی و پارتیش خێریان كردووه به حكومه‌ته‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه شتێكه به‌راستی نموونه‌ی نییه ئه‌مه شه‌ش سه‌د ساڵ پێش ئێستایه.
* له‌ئێستادا قسه و باس له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كرێت له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دا بۆچونت له‌سه‌ر ئه‌م ئاڵوگۆره چۆنه؟، پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
حاكم شێخ له‌تیف: من هه‌میشه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌م به ده‌سه‌ڵات نه‌زانیوه، شتێك نیه پێی بڵێیت ده‌سه‌ڵات به‌و مه‌فهومه‌ی كه له خۆرئاوادا هه‌یه، ئه‌مه وه‌كو وتم شتێكه جۆری به‌سه‌رچووه و ئێستا باوی نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی و پارتی ته‌وافق ده‌كه‌ن، ئه‌مه ته‌بادولی ده‌سه‌ڵات نییه، ئه‌مه رێكه‌وتنه له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌م جۆره حوكمڕانیهتهی كه حوكمڕانیه‌تی نایاسایییه.
به حوكمی ئه‌وه‌ی پسپۆڕییه‌كه‌م قانوونه له زه‌مه‌نی سیاسی‌دا له جیهاندا شتێك نییه پێی بلێیت دیموكراتیه‌تی ته‌وافوقی، ئه‌مه بیدعه‌یه، دایان ناوه به حكومه‌تی ئیتیلافی، حكومه‌تی وه‌حده‌ی وه‌ته‌نی هه‌یه، ئه‌مه بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه رووبه‌ڕووی جه‌نگ یان حاڵه‌تی نا یاسایی ده‌بێته‌وه، به‌ریتانیا له ساڵی 1265وه پارله‌مانیان هه‌یه وه‌كو ئێستا كه له ساڵی 1965دا ئیحتیفالی حه‌وت سه‌د ساڵهیانكرد به موناسه‌به‌ی تێپه‌ڕبوونی حه‌وت سه‌د ساڵ به‌سه‌ر پارله‌ماندا له هه‌موو ژیانیاندا سێ جار حكومه‌تی ئیتیلافیان هه‌بووه، واته ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵێك حزب حكومه‌ت تهشكیلبكهن نه‌ك هه‌موو حزبه‌كانیش ئه‌ویش دوو له‌و حكومه‌تانه له جه‌نگه جیهانیه‌كاندا بوون یه‌كێكیشیان له ساڵی 1832دا بوو ده‌ڵێن له هه‌رسێكیان په‌شیمانین ئه‌لێن هه‌رسێكیان خاڵی ره‌شن به ناوچاوانی به‌ریتانیای دیموكراتیه‌وه.
حكومه‌تی ئیتلافی دژی دیموكراتیه، حكومه‌تی وحدهی وه‌ته‌نی، حكومه‌تی ته‌وافقی دژه له‌گه‌ڵ دیموكراتی كه بریتیه له‌گه‌مه‌ی زۆرینه و كه‌مینه و ئیشكردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن. من به‌رنامه‌یه‌ك ئاشكرا ده‌كه‌م له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌هێنمه‌وه له ماوه‌ی چوار ساڵدا ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێده‌كه‌م ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بووم ده‌نگه‌م ده‌ده‌نه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش نه‌بووم ده‌نگده‌ران ده‌گۆڕێن ده‌نگ ده‌ده‌ن بهكهمیهنه، واته ئه‌و حزبه‌ی ئه‌مرۆ موعاره‌زه‌یه سبه‌ینێ دێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئێمه لێره ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ده‌یكه‌ن خۆی له خۆیدا درێژه‌دانه به سیاسه‌تی تاكحزبیهكهی كه جاران دوو ئیداره‌ی هه‌بوو.
یه‌كێتی و پارتی دیموكراتی نه‌بوون ئه‌گه‌ر دیموكراتی بوونایه له 1994دا یه‌كتریان پێ قبوڵ ده‌كرا و له ناو پارله‌ماندا گه‌مه‌ی دیموكراسیان ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموكراتی نه‌بوون هه‌ریه‌كه‌یان كوردستانیان دابه‌ش كرد و هه‌ریه‌كه بوو به حزبی ئه‌وحه‌د له مهنتیقهكهی خۆیدا، ئێستا له ئه‌نجامی زۆرلێكردنی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی و ئیحراج بوونیان به ناچاری ده‌یانه‌وێت یه‌كبگرنه‌وه، یه‌كگرتنه‌وه‌كه هه‌مان سیاسه‌تی یه‌ك حزبیه، من هه‌میشه ده‌ڵێم ئه‌مه پێی ناوترێت دیموكراتی ئه‌مه بریتیه له یه‌كگرتنێك له دژی گه‌ل و ئه‌مه‌ش درێژه‌دانه به‌و سیاسه‌ته‌ی كه له ساڵی 1992وه هه‌یه ته‌نها جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له دوای ساڵی 1996وه هه‌ریه‌كه له ناوچه‌یه‌ك بۆخۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی پیادهكردبێت، ئێستا هه‌ردووكیان رێكه‌وتوون هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته له هه‌موو كوردستاندا پیاده بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش به‌هه‌مان شێوه نه دیموكراتییه نه سلمی سوڵته‌یه، درێژه‌دانه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زعه و هه‌ق وایه خه‌ڵك به‌راستی ئه‌مانه بزانێت و زوو هۆشی بێته‌وه، موشكیله ئه‌وه‌یه هه‌تا ئێستا خه‌ڵك هۆشی نایه‌ته‌وه خه‌ڵك تا ئێستا ده‌روێشه به ده‌روێشی دوای یه‌كێتی و پارتی كه‌وتووه، تا ئێستا درۆ و ده‌له‌سه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێنه‌وه، دوژمنه وههمیهكانمان له ده‌ره‌وه سه‌یرمان ده‌كه‌ن تا ئێستاش كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێت ئه‌مه خه‌به‌ر نه‌بوونه‌وه‌یه میلله‌ت ئێستا كۆمه‌ڵێك نارازی هه‌یه له‌ناو شاری سێمانیدا به‌تایبه‌تی و له كوردستان به گشتی، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ببێته زه‌ختێكی راسته‌قینه بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌م خه‌به‌ر نهبوونهوهیی خه‌ڵك كاره‌ساته من هیوام وایه خه‌ڵك هۆش بێنێته‌وه سه‌ر خۆی ئه‌م شته‌ی كه یه‌كێتی و پارتی ده‌یكه‌ن درێژه‌دانه به حكومێكی زۆر ناشه‌رعی و زۆر نایاسایانه و زۆر نادیموكراتیانه كه له هیچ پێوه‌ره‌كاندا جێگه‌ی نابێته‌وه.
* بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا ئه‌و رێكه‌وتنه ستراتیژیه‌ی به‌ینی یه‌كێتی و پارتی كه له مانگی رابردوودا له نێوان مه‌كته‌بی سیاسی قسه‌ی له‌سه‌ر كرا مۆر بكرێت، رایه‌ك هه‌یه پێی وایه ئه‌و رێكه‌وتنه به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسی و زیاتر قۆرخ كردنه‌وه‌ی باری سیاسی و ژیانی ئیداری و سیاسییه، بۆچوونی ئێوه له‌و باره‌یه‌وه چۆنه؟
حاكم شێخ له‌تیف : من بۆخۆم هیچ موتهفائیل نیم به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی یه‌كێتی و پارتی، من نازانم ئه‌و رێكه‌وتنه له‌سه‌ر چییه؟ به‌ڵام موسبهقهن وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشووتر بینیومانه ئه‌توانم بڵێم رێكه‌وتن نییه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل، ئێمه ئه‌وه‌مان بۆ دروست بوو كه‌وا ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی ئه‌وان بیری لێده‌كه‌نه‌وه له‌و جۆره عه‌قڵانه نین كه بیر له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل بكه‌نه‌وه یان دیموكراتیانه بیر بكه‌نه‌وه، تائێستاش ئیمانیان به به‌جێهێشتنی كورسیه‌كانیان نییه، پێم وایه ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كه‌نه‌وه رۆژێك له رۆژان دیموكراتیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئاگام له ورده‌كارییه‌كانی نییه، نامه‌وێت زۆرتر له‌و باره‌یه‌وه قسه‌بكه‌م؟.
* باس له‌وه ده‌كرێت كه سه‌ركردایه‌تی كورد له پشتی په‌رده‌وه موفاوه‌زات له‌سه‌ر دواخستنی ماده‌ی 140 ده‌كات، ئه‌گه‌ر وابێت بۆچی به شه‌فافانه سه‌ركردایه‌تی كورد باس له‌م مهوزعه ناكات ؟
حاكم شێخ له‌تیف: من پێم وایه ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵه‌یه بڵێیت موفاوه‌زاتی كردووه، من پێم وایه ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ئیشی بۆ ماده‌ی 140 نه‌كردووه و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ته‌نها و ته‌نها بیر له مهساڵیحه مادیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی و پێگه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، له‌كاتی روخانی سه‌دامدا كۆمه‌ڵێك شتم وت، ده‌بێت ئه‌مری واقیع دروست بكه‌ین، وتم دوای ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و واقیعه دروست نه‌كه‌ین و ئه‌م مهوزعه بڕوات دوایی كه‌ركوكمان له ده‌ست ده‌چێت و وتیشم وا هه‌ست بكه‌ین دوای روخانی سه‌دام مهوزعهكه كۆتایی پێدێت نه‌خێر ئه‌و كاته ده‌ست پێده‌كات.
ئێمه سیاسیه‌كانمان له ئاستی مقۆناغهكهدا، سیاسی چیه؟ سیاسی ئه‌وه‌یه كه پێشبینی بكات جیاوازی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا، به‌ڵام من بۆم ده‌ركه‌وتووه و پێم وایه خه‌ڵكی ئاسایی زیاتر تێده‌گات له سیاسیه‌كانمان، ده‌لیلی ئه‌وه‌ی زۆرێك له خه‌ڵك زۆر تهنهبوئاتی كرد، ئه‌مان نه‌یانكرد و كه‌چی وای لێهات، ماده‌ی ئیشی بۆ نه‌كراوه، ئه‌و ئیشكردنانه هیچ نین كه ئێستا ده‌یكه‌ن ئه‌مه هیچ نیه ته‌نها كل كردنه چاوی خه‌ڵكه و مادده‌ی 140 ئیشی بۆ نه‌كراوه.
* جه‌نابت وه‌كو چاودێرێك و یاساناسێك، بۆچوونت له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس ۆچ چی بوو، له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌مساڵ راپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش باسیان له‌پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌كوردستان كرد ، ئایا به‌بڕوای تۆ ئه‌و راپۆرتانه ڕاستن؟
حاكم شێخ له‌تیف: به‌ڵێ من پێم وایه كه‌میشیان وتووه، چونكه سروشتی ئه‌م سیسته‌مه وایه كه زانیاری نادات به‌ده‌سته‌وه، واته ئه‌وه‌ی كه هیومان رایتس ۆچ وه‌ری ده‌گرێت به‌ئاسانی ده‌ستیان ناكه‌وێت و زانیاری باوه‌ڕپێكراویش نه‌بێت وه‌ری ناگرن، ئێستا من و تۆ ده‌چین ده‌ڵێین ته‌عزیب دراوین، لێت وه‌رناگرن ئه‌گه‌ر ته‌حقیق نه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی كه باسكرا كه‌متریشه، ئه‌م ئه‌من و ئاسایشه‌ی كه چه‌ندین ساڵه خۆیان به‌پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل ده‌زانن، ئێستا وا ده‌كه‌ن.
خۆی هه‌میشه حكومه‌ت له داموده‌زگای ئه‌منییه‌وه ده‌ڕوخێت، هه‌موو حومهتهكان یه‌كه‌م رووخانیان له داموده‌زگای ئه‌منییه‌وه‌یه كه مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن، ئێستاش ئه‌م داموده‌زگایانه‌ی ئاسایش و پاراستن و زانیاری بریتین له‌و ده‌زگایانه‌ی حكومه‌تی پێدهڕوخێت، ئه‌وه‌ی ئاسایش و ده‌زگاكانی تر ده‌یكه‌ن له كوردستاندا حكومه‌تی به‌عس نه‌یده‌كرد، من نمونه‌ت بۆ دێنمه‌وه:
ئاسایشی به‌عس ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه ده‌یكرد به‌رامبه‌ر به‌میلله‌تی خۆی نه‌یده‌كرد، كه تۆ ده‌چوویت بۆ ئه‌و شوێنانه هه‌ستت به وجودی سوڵته نه‌ده‌كرد، ئه‌وان به‌رامبه‌ر منی كورد ده‌یانكرد كه دوژمنیان بووم، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا ئاسایشی یه‌كێتی و پارتی ئه‌و تهسهروفاتانهی كه ئه‌منی به‌عس به‌رامبه‌ر كورد ده‌یكرد، ئه‌و به‌رامبه‌ر به من ده‌یكاته‌وه.
* ئاشكرایه ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی كه لهراپۆرتهكاندا هاتوون سومعه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه ناشیرین ده‌كه‌ن، ئه‌ی بۆچی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ڵامیان نه‌بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و راپۆرته؟
حاكم شێخ له‌تیف: من ناڵێم شكاندنه، ده‌ڵێم سه‌ره‌تای ئه‌و كونه‌یه كه ده‌یانه‌وێت بمانڕوخێنن، ئه‌وه‌ش ئیسپات بوو كه ئێمه شایسته‌ی حوكمرانی نین له‌هه‌موو بواره‌كاندا، بۆیه به‌راستی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی به‌م شێوه‌یه حوكمرانی بكه‌ن، 5 ساڵ تا 10 ساڵی تر ئیداره ناكه‌ن و دنیاش پشتمان تێده‌كات، ئه‌گه‌ر خۆمان چاك نه‌كه‌ین ئه‌وا سه‌ره‌تایه‌كی موحه‌قه‌قه بۆ رووخان، به‌راستی ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆدا خۆمان چاك نه‌كه‌ین رووخان له‌ده‌ره‌وه نایه‌ت، تۆ له‌ناوخۆدا بتوانیت عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بهرپابكهیت، ئه‌وا بچوكترین گه‌ل ته‌حه‌دای گه‌وره‌ترین دوژمن ده‌كات. |
|
|