دیمانه: سیروان ره‌شید
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید زیاتر له سێ ساڵه و به به‌ده‌نگی خه‌ڵك بوه‌ته پارێزگاری سلێمانی، كه ئێستا له‌روی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه زیاتر له 2 ملیۆن كه‌سی تێیدا ده‌ژی و چواره‌م گه‌وره شاری عێراقه، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید هێشتا پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن له سنوری دهسهلاَتهكهیدا له ئاستی خواسته‌كانیدا نابینێ و پێیوایه كه‌موكورتی زۆر هه‌یه. پارێزگاری سلێمانی ده‌رباره‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ی كه ده‌ڵێن له‌رووی خزمه‌تگوزاریه‌وه هه‌ولێر له پێش سلێمانیه‌وه‌یه ده‌ڵێت: "له هه‌ولێردا شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت له گه‌ڕه‌كه‌كاندا یه‌ك شوێنی زێرابی نییه، من ناكرێت ده‌وروبه‌ری سلێمانی‌و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی جوان بكه‌م، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی خراپ بێت، هه‌ولێر 6 ملیار دۆلاری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌س زێرابی تێدا دروستبكرێت".
* با سه‌ره‌تا به‌و پرسیاره گشتییه ده‌ستپێبكه‌ین كه تێڕوانینی، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید، چۆنه له پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن له سنووری پارێزگای سلێمانی كه ئێستا زیاتر له دوو ملیۆن كه‌س له سنووره‌كه‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: پرسیارێكی زۆر مهنتیقیو واقیعیت كرد، هه‌ڵبه‌ته ئێستا پرۆسه‌ی ئیداریی له‌ناو پارێزگای سلێمانیدا له ئاستی داواكاریی‌و خواسته‌كاندا نییه، به‌و مانایه‌ی ئیشه‌كان هه‌مووی بێ كێشه‌و كه‌موكورتی نییه، به‌ڕێوه‌نه‌چوونی ئیشه‌كانیش كه له ئاستی ویستهكانماندا نییه، كۆمه‌ڵێك هۆكاری هه‌یه، له‌وانه بوونی رۆتینێكی زۆر له‌ناو فه‌رمانگه‌كاندا كه ناتوانرێت ئیشه‌كان وه‌كو خۆی بڕوات، هه‌روه‌ها هۆكارێكی تری ئه‌وه‌یه كه ئێمه تا ئێستا له‌سه‌ر سیستمێكی كۆن ئیشوكاره‌كان به‌ڕێده‌كه‌ین، ئه‌م سیستمه پێویستی به گۆڕانكاریی زۆر هه‌یه‌و پێویسته په‌رله‌مان به‌پێی یاسا ئه‌و گۆڕانه بكات، جگه له‌وانه‌ش هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه كه له سلێمانیدا كێشه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه‌و بووه‌ته مایه‌ی دروستكردنی كه‌موكورتی له فه‌رمانگه‌كاندا، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه یه‌كه ئیدارییه‌كانی سلێمانی شوێنی تایبه‌تی خۆیان نییه كه ئیشی تێدا بكهنو ده‌توانم بڵێم 75%ی فه‌رمانگه‌كانمان له بینای كرێدان، ئاشكراشه له خانووی كرێدا پێداویستی فه‌رمانگه‌ی تێدا دروست نابێت بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كان بتوانن ئیشوكاره‌كانی خۆیان تێدا جێبه‌جێ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گرفتی دیكه له سنووری ئیداره‌ی سلێمانیدا ئه‌وه‌یه كه به‌ڵێ له فهرمانگهكانماندا كۆمپیوته‌ر به‌كاردێت، به‌ڵام له مه‌جالێكی زۆر كهمو بچو‌وكدا ئێمه سوودمه‌ند بووین، له كۆمپیوته‌رو ئه‌ویش بۆ چاپكردن‌و خه‌زنكردنی هه‌ندێك زانیاریی كه نه‌مانتوانیوه سیستمێكی ئایتی تازه بهێنینه پێشه‌وه بۆ به‌ڕێكردنی كاره‌كان له‌و بواره‌دا، كه ئێستا لیژنه‌یه‌كمان خه‌ریكی تهنسیقكردنن له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بیانی بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌و ئه‌مه‌ش دیاره ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین، له‌لایه‌كی تره‌وه گرفتێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه له هه‌ندێك فه‌رمانگه‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه بۆیان داده‌به‌زێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كافیه نیه كه بتوانێت خۆی لێره كاره‌كانی پێ بهڕێبكاتو بۆ زۆربه‌ی كاره‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌ت، ئه‌مه‌ش ئهرقهلهیهكی تری جێبه‌جێكردنی ئیشوكاری هاوڵاتییانه له‌ناو یه‌كه ئیدارییهكاندا، خاڵێكی دیكه له‌و كهموكورتیانهی له‌ناو ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ماندا هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه هه‌ماهه‌نگی ته‌واو نییه له‌ناو هه‌موو ئیداره‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یه‌كه ئیداریانه كۆبكاته‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته‌ش ئێستا ئه‌نجومه‌نێكمان دروستكردووه به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی‌و له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا هه‌فتانه 18 فه‌رمانگه كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شته‌كان به كۆمه‌ڵ ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ین، بۆیه له راستیدا من خۆشم گله‌یی هه‌یه له به‌ڕێوه‌چوونی ئیشوكاره‌كان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌وڵی جدیی هه‌یه بۆ باشكردنی.
* تۆ له ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵی دهستبهكاربوونت له پۆستی پارێزگاری سلێمانی، تا چه‌ند رۆڵت بینیوه له كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌مانی رۆتین‌و گه‌نده‌ڵی؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: من حه‌زناكه‌م ئه‌و وشانه به‌كاربهێنم كه جه‌نابت به‌كاری ده‌هێنیت، چونكه به‌داخه‌وه وشه‌یه‌ك كه له زۆر شت‌دا به‌كارمان هێناونو مه‌عنایان نه‌ماوه‌و وای لێهاتووه كه زۆر به ئاسانی به‌كاریان دههێننو هه‌قه له شتی دیكه‌دا به‌كاربهێنرێت كه پڕ به قاڵبی خۆی بێت، بۆیه من پێت ده‌ڵێم كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی هه‌بووه له بواره‌كانی خزمهتگوزاریو شهفافیهتو به‌ڕێوه‌بردنی ئیشوكاره‌كان، به‌رده‌وام هه‌وڵی چاككردن‌و گه‌شه‌كردنی داوه‌و له زۆرێكیشدا پێشكه‌وتووه، ئه‌گه‌ر بتوانن ئێوه راپرسییه‌ك بكه‌ن له‌ناو پارێزگای سلێمانیدا كه بڵێین ئایا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری سلێمانی چی پێشكه‌ش كردون، ده‌توانن ئهنجامێكتان ده‌ستبكه‌وێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكیش هه‌یه گله‌یی هه‌یه، له رووی یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه ئێمه ئه‌و توانایه‌ی كه له‌به‌رده‌ستماندایه ئێستا شاره‌وانی سلێمانی كراوه به چوار شارهوانیو ئێستا دوو بینا له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری سلێمانی له دوو جێگه‌ی جیاواز بۆ شاره‌وانی دروستی ده‌كه‌ین كه هیوادارین له داهاتووشدا دوو بیناكه‌ی دیكه‌ش دروستبكه‌ین، فه‌رمانگه‌ی ئاو كه سێكته‌رێكی گرنگه له ژیانی خه‌ڵكدا، ئێستا خه‌ریكی دروستكردنی بینایه‌كی باشین بۆی، هه‌روه‌ها گرنگییه‌كی زۆرمان داوه به باخچه‌كان، هه‌روه‌ها ئێستا به‌رنامه‌مان هه‌یه كه له‌ناو شاری سلێمانیدا پاركێكی گه‌وره به‌ناوی پاركی دایك دروستبكه‌ین‌و له هه‌فته‌ی ئاینده‌وه خه‌بیره‌كان له ده‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌ستده‌كه‌ن به كاركردن تێیدا. پاركی مه‌ولانا كه جێگه‌كه‌ی قه‌سابخانه كۆنه‌كه‌یه 8 دۆنمو هه‌فته‌ی داهاتوو نهخشهسازییهكهیمان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌ستده‌كه‌ین به كاركردن تێیدا، ئه‌م دوو پاركه‌ش به مانای وشه ده‌یكه‌ین به پارك‌و جێگه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ حه‌وانه‌وه‌ی خه‌ڵك، له مه‌سه‌له‌ی وه‌به‌رهێنان كه دیاره سێكته‌رێكی گرنگه، ئێستا له به‌رنامه‌ماندا هه‌یه كه بینایه‌كی بۆ دروستبكه‌ین، ده‌یان مه‌كته‌بمان له سلێمانیدا دروستكردووه‌و پرۆژه‌مان هه‌یه بۆ دروستكردنی مه‌كته‌بی زیاتر، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له ئیشه گرنگه‌كان مه‌سه‌له‌ی ماستهرپلانهكهیه كه وا خه‌ریكه ته‌واوده‌بێت، بۆیه ده‌توانم بڵێم ده‌یان به‌رنامه‌ی ترمان هه‌یه بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتییانو گه‌شه‌پێدانی سلێمانی‌و یه‌كه ئیدارییه‌كان، هه‌روه‌ها له قه‌زاو ناحیه‌كاندا له‌وانه‌یه هه‌ندێك كێشه‌ی بچووك هه‌بووبێت كه خۆشبه‌ختانه كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر كراون، به‌ڵام ئه‌دای قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان له ناوچه‌كانیاندا زۆر زۆر باشه‌و له هه‌موو قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان رازیم.
* باس له‌وه ده‌كرێت كه تۆ جیاواز له پارێزگاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان په‌یڕه‌وی سیستمی لامه‌ركه‌زی دهكهیتو ده‌سه‌ڵاتێكی باشت داوه به قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: ئینجا دیاره ئه‌و چاككردنه له‌وێوه دێت، ئێمه دوای هه‌ڵبژاردنمان داوامان له حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه پارێزگا ده‌بێت ببێت به ئیداره‌یه‌كی لامه‌ركه‌زی له رووی ئیداری‌و دارایشه‌وه، دیاره به سوپاسه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌وكاته ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر نیشاندا.
* له ماوه‌ی سێ ساڵی ده‌ستبه‌كاربوونی ئێوه‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا بإی 427 ملیار دینارتان له حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌ك بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان وه‌رگرتووه، ئه‌م بودجه‌یه چۆن‌و له چ پرۆژه‌یه‌كدا خه‌رجكراوه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: له‌كاتی ته‌رخانكردنی بودجه‌ی 2006 ئێمه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیارماندا به شه‌فافانه بودجه‌كه‌ی خۆمان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكه‌ین‌و داواشمان له هه‌موو قایمقام‌و شارهوانییهكانو یه‌كه ئیدارییه‌كانی قه‌زاو ناحیه‌كان كرد كه به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خۆیانمان بۆ بنێرن‌و لێره تاووتوێ بكرێت‌و به‌گوێره‌ی بودجه ده‌ستبكرێت به ئیش، لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بده‌م كه له‌ساڵی 2007دا به‌ڕێز كاك عومه‌ر فه‌تاح 170 ملیار دیناری دیكه‌ی بۆ تهرخانكردین، جگه له ئه‌مساڵ كه زیاتر له 300 ملیار دیناری دیكه‌ی به هه‌مانشێوه بۆ تهرخانكردووین، كه به‌ته‌ماین چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێ جێبه‌جێ بكه‌ین له شار‌و شارۆچكه‌كاندا.
* ئێوه جگه له بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، تا ئێستاش ئیداره‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر به جیا بودجه‌ی هه‌رێم له به‌غدا وه‌رده‌گرن، تا چه‌ند له بودجه‌ی ئیداره‌ی سلێمانی پاره دراوه به ئێوه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه كه باس له‌وه ده‌كرێت سلێمانی به به‌راورد به هه‌ولێر كه‌متر گرنگیی به ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌درێت؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: ئه‌وه وانیه، من حه‌زده‌كه‌م ئێوه وه‌كو رۆژنامه‌نووس بچن لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن له‌و مه‌سه‌له‌یه، ئینجا ئه‌و بودجه‌یه‌ش كه وه‌ریده‌گرین به‌ناوی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان ئه‌وه‌ش هی حكومه‌تی هه‌رێمه جگه له 67 ملیاره‌كه‌ی ساڵی یه‌كه‌م.
ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم ئێستا به‌داخه‌وه به جیا وه‌ریده‌گرێت له ئیداره‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر، له‌و بودجه‌یه مووچه‌ی پێده‌درێ، مووچه‌ی سه‌دان هه‌زاری مووچه‌خۆری فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی خۆ له بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی نادرێت، به‌ڵكو هه‌موو له وه‌زاره‌تی دارایی خه‌رجكراوه، پرۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان جگه له پرۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌م دوو بودجه‌یه‌ی كه جیاكراوه‌ته‌وه هه‌مووی یه‌ك بودجه‌یه‌و هی حكومه‌تی هه‌رێمه، به‌ڵام ناوی لێنراوه به جیاجیا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه به‌رپرس بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیشانه‌ی كه جێبه‌جێ ده‌بێت.
* له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا به به‌های 11 ملیار دۆلار پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له كوردستان ئه‌نجامدراوه، كه له 85%ی قه‌باره‌ی پرۆژه‌كان له هه‌ولێر بووه، تۆ چۆن سه‌یری ئه‌م هاوكێشه‌یه ئابوریه ده‌كه‌یت؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: من گومانم به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره‌یه هه‌یه.
* ئه‌وه لێدوانی نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێره؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: مادام قسه‌ی ئه‌وه گومانم لێی نییه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌مووی وه‌به‌رهێنان نییه، ئه‌وه كاری حكومه‌ته‌و وه‌به‌رهێنانیشی له‌گه‌ڵدایه.
* هه‌ندێك له چاودێران پێیان وایه به به‌راورد به سلێمانی هه‌ولێر به‌جوڵه‌یه‌كی سه‌رنجراكێشی ئابوری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا بهلاَم سلێمانی به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستانه‌و هه‌موو بازرگانه‌كان له‌وێ ده‌ستپێده‌كه‌ن به حوكمی بوونی قونسوڵخانهو سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌و فه‌عالیه‌ته دبلۆماسیه‌ی پێشتر له سلێمانی هه‌بووه ئێستا لێره‌ش هه‌ر ماوه‌و ئه‌و وه‌فدانه‌ی كه دێنه هه‌ولێر زۆبه‌شیان دێنه سلێمانی‌و له رووی دبلۆماسیه‌وه سلێمانی دوانه‌كه‌وتووه، بۆ مه‌سه‌له‌ی دواكه‌وتن هیچ سلێمانی‌و هه‌ولێر ناتوانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌ك هه‌بێت، به‌ڵام بۆ پێشكه‌وتن كاریگه‌ریان ده‌بێت، شاره‌كانیش تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه. ئه‌و جیاوازییه‌ی كه تۆ له‌نێوان سلێمانی‌و هه‌ولێردا باسی ده‌كه‌یت، سلێمانی ژێرخانی ئابووری ته‌واوبووه، كه نه‌ك هه‌ر ناو سه‌نته‌ری شاری سلێمانی به‌ڵكو ته‌واوی قه‌زاو ناحیه‌كانیش ئاو‌و ئاوه‌ڕۆی ته‌واوبووه، له هه‌ولێردا شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت له گه‌ڕه‌كه‌كاندا یه‌ك شوێنی زێرابی نییه، من ناكرێت ده‌وروبه‌ری سلێمانی‌و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی جوان بكه‌م، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی خراپ بێت، هه‌ولێر 6 ملیار دۆلاری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌س زێرابی تێدا دروستبكرێت، ئێمه ئه‌و 6 ملیارهمان له‌پێشه‌وه خه‌رجكردووه‌و جارێكی تر شه‌قامه‌كان ههڵنادهینهوهو به‌و شه‌ش ملیاره‌ی كه له هه‌ولێر بۆ زێراب خه‌رج ده‌كرێت من شه‌ش ئه‌وه‌نده سلێمانی پێشده‌خه‌م، حه‌قیشه هه‌ولێر پێش سلێمانی بكه‌وێت، چونكه ئه‌وێ پایته‌خته.
* كه‌واته ده‌ته‌وێت بڵێی سلێمانی هه‌ر زیندووه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: سلێمانی قه‌ت نه‌خۆشیش ناكه‌وێت (به پێكه‌نینه‌وه).
* ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی كه ئێستا هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ناردویانه‌ته په‌رله‌مان، له تێڕوانینی تۆوه چۆن لێك ده‌درێته‌وه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: من بڕوایه‌كی زۆرم هه‌یه به گۆڕینی سیستم له عێراقداو به‌رنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به به‌رنامه‌یه‌كی چالاك‌و سه‌ركه‌وتوو دهزانمو حه‌ق وایه سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد‌و پهرلهمانو حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و یاسایه‌ی عێراق لێره‌ش كارپێبكاتو یاساكه‌ش له قازانجی خهڵكیشدایه، له حاڵه‌تی جێبه‌جێكردنیشی له سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم په‌یوه‌ست ده‌بێت به سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی ههرێمو جێبه‌جێ ده‌كرێت، جگه له‌وه‌ش ده‌توانم به شانازییه‌وه ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی جیاواز له هه‌موو ئه‌نجومه‌نه‌كان بێ كێشه بووه له‌و سه‌دان كێشانه‌ی له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كانی تردا هه‌بووه له پارێزگاكانی تری عێراق، بۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی كه یه‌ك كه‌س حوكمی پارێزگایه‌ك بكات باشتروایه 40 كه‌س له ئه‌نجومه‌نێكدا حوكمی پارێزگا بكه‌ن، دووباره له رێگه‌ی رۆژنامه‌كه‌تانه‌وه داوا له سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد‌و په‌رله‌مان ده‌كه‌م كه هه‌مان ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی كه له په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر دراوه هه‌مان یاسا لێره‌ش جێبه‌جێ بكرێت‌و گۆڕانكاریی تێدا نه‌كرێت، ته‌نها ئه‌وه بێت كه په‌یوه‌ست بن به سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم.
* سێ ساڵ به‌ر له ئێستا د. به‌رهه‌م ساڵح وتی یاریگایه‌كی نێودهوڵهتیو به ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌وه له هه‌ڵه‌بجه دروستده‌كرێت له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و یاریگایه به‌ردێكی له‌سه‌ر بنیاد نه‌نراوه، تۆش باسی ئه‌وه‌ت كرد كه له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دروستی ده‌كه‌ین، ئایا ئه‌و پاره‌یه هه‌مان پاره‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌و ئه‌وه‌یه كه دكتۆر به‌رهه‌م بۆی ته‌رخانكردووه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: نا، هه‌مان پاره نییه، من نازانم كه به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م وتوویه‌تی كه له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ دروستی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ی كه ده‌كرێت 100% له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و ئه‌و به‌شه‌ی كه بۆ پارێزگای سلێمانی دروستكراوه به ره‌زامه‌ندیی به‌ڕێز كاك عومه‌ر فه‌تاح جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه، پرۆژه‌كه‌ش تهندهرو ئیحاله كراوه‌و ماوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر ئیشهكهو ده‌ست پێبكرێت جگه له‌وه‌ی كه گۆڕانكاریی زۆری تێدا كراوه‌و ئێستا ته‌نها هه‌ر یاریگای فتبۆڵێن نییه.
* كاتی خۆی پارتی دوای ئاشتبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌نیازی دروستكردنی پرۆژه‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه بوون، به‌ڵام چه‌ند جارێك له میدیاكان وا بڵاوكراوه‌ته‌وه كه یه‌كێتی رێگریی كردووه له دروستبوونی یاریگایه‌ك شتی وا هه‌بووه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: نه‌ك پارتی هه‌ر لایه‌نێك بێت كه بیه‌وێت پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌شی خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی بكات ئێمه زۆر زۆر مه‌منون دهبینو هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن.
* یه‌كێك له‌و هۆكارانه، كه خه‌ڵك پێیوایه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئیشوكار له هه‌ولێر باشتر بڕوات، ئه‌وه‌یه كه پارێزگار ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی دراوه‌تێ كه هیچ مه‌سئولێكی پارتی ده‌ستوه‌رنه‌داته ئیشوكاریهوه، ئایا له سلێمانی به‌رپرسه باڵاكانی حیزب ده‌ستوه‌رده‌نه ئیشوكارتانهوه؟
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: وه‌كو مه‌ركه‌زی پارێزگای سلێمانی، هه‌تاكو ئێستا نه مه‌كته‌بی سیاسی و نهمهڵبهندو نه هیچ رێكخستنێكی حیزب ده‌ستی وه‌رنه‌داوه‌ته ئیشوكاری پارێزگای سلێمانیه‌وه، له‌وانه‌یه له وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستوه‌ردان هه‌بێت ، به‌ڵام بۆ ئیشوكاری پارێزگا به هیچ شێوه‌یه‌ك نیه، كه من زۆر سوپاسیشیان ده‌كه‌م بۆیه له‌ناو پارێزگای سلێمانیدا حیزب‌و حكومه‌ت جیایه.