له‌سه‌ر راپۆرتی چوار حیزبه‌كه (زه‌حمه‌تكێشان، یه‌كگرتو، سۆسیالیست، كۆمه‌ڵ)، كه رۆژی شه‌ممه بڵاویان كرده‌وه، چه‌ندین تێگهیشتنو لێكدانه‌وه‌ی جیاواز دروست بو، به‌رپرسانی دو حیزب له‌م راپۆرته‌و له هه‌ڵوێسته كۆنه‌كانی تری ئه‌م چوار حیزبه نیگهرانو توڕه‌ن. ئه‌وان پێیانوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م حیزبانه به‌شداری دهسهڵاتنو وه‌زیریان هه‌یه، ئیتر مافی راده‌ربڕینیان نییه‌و ناكرێت پێیه‌كیان له‌نێو دهسهڵاتو پێیه‌كیان له‌نێو ئۆپۆزسیۆندا بێت. له ژماره‌ی دوێنێی رۆژنامه‌شدا به‌رپرسێكی یه‌كێتی، ئه‌و راپۆرته به پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ناودهباتو له بایه‌خی كه‌م ده‌كاته‌وه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دو حیزبه‌ش هه‌ندێك چاو‌دێر، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی چوار حیزبه‌كه به لاواز له‌قه‌ڵه‌م ئهدهنو پێیانوایه جۆرێكه له خۆجوانكردن، به‌تایبه‌ت هه‌مویان ساڵانێكه به‌شێكن له دهسهڵاتو له ئاست ئه‌و دو حیزبه بێده‌نگ بون‌و ته‌نها خه‌میان زیادكردنی ئیمتیازاتی خۆیانه.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ره‌خنه‌و تێبینییانه، با هه‌ندێك به وردی‌و كورتی خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی چوار حیزبه‌كه‌و ره‌خنه‌گرانیان بكه‌ین. جارێ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی كه له‌م حیزبانه ده‌گیرێت گوایه ئه‌وان به‌شدارن له دهسهڵاتو ناكرێت به‌شێكیش بن له ئۆپۆزسیۆن، هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن به‌رپرسی گه‌وره‌ی دو حیزبه‌وه دێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه نیشانه‌یه‌كی زه‌قی ههژاریو دهستكورتییه له تێگه‌یشتنی سیاسی‌و بێئاگایی له پرۆسه‌ی بهڕێوهبردنو به‌شداری سیاسی له وڵاتانی دیموكراسیدا. له هه‌مو كابینه‌یه‌كی ئیئتیلافیدا كه له چه‌ند حیزبێكی گه‌وره‌و بچوك پێكبێت، جۆرێك له رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كابینه‌و هێڵه گشتییه‌كانی كاركردن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه ناكاته ئه‌وه‌ی ئیتر هیچ جۆره ره‌خنه‌و تێبینییهكیان له‌سه‌ر كۆی كاره‌كانی حكومه‌ت نهبێتو ببنه كۆیله‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه، به‌دیوێكی تریشدا ئه‌و ره‌خنانه ناكاته ده‌ستبه‌رداربون له كابینه‌و وازهێنان له حكومه‌ت. حكومه‌تی له‌و چه‌شنه كۆكه‌ره‌وه‌ی لانی كه‌می بیروبۆچونی هاوبه‌شه له‌سه‌ر مه‌سه‌له سه‌ره‌كییه‌كان، به‌مه‌رجی پاراستن‌و رێزگرتن له جیاوازی تێڕوانینه ناكۆكه‌كان. ئه‌مه‌ش جه‌وهه‌ری كاری هاوبه‌شه. هاوپه‌یمانێتی ناكاته كوشتنی جیاوازییه‌كان‌و سڕینه‌وه‌ی سنوره‌كان، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌و به‌رپرسه گه‌ورانه‌ی هه‌ردو حیزب، به‌شداری له حكومه‌ت به جۆرێك له ته‌سلیم بون‌و بێده‌نگكردنی لایه‌نه بچوكه‌كان سه‌یر ده‌كه‌ن، كه ئه‌وه‌ش به زمانی ساده ده‌كاته كڕین‌و ده‌سته‌مۆكردن.
به‌ڵام ئایا له راستیدا ئه‌م حیزبانه شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، وه یان به‌شدارێكی لاوه‌كی‌و ره‌مزین؟ وه‌ك ده‌زانین هه‌ردو حیزب زۆرینه‌ی پۆسته گرنگه‌كانی وه‌زاره‌تیان له‌ده‌ست خۆیان كۆكردوهتهوهو بڕیاره سیاسییه گرنگهكانیش له نێوان هه‌ردو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كلا ده‌كرێته‌وه، به‌بێ به‌شداریكردن‌و گوێگرتن له حیزبه‌كانی تر، كه ئه‌مه‌ش چه‌ندجارێك مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌و حیزبانه بوه. ته‌نانه‌ت كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش كات‌و ساتی بۆ نییه‌و جاری وا هه‌یه به چه‌ند مانگ جارێك كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن. به‌ڵام هێشتا ئه‌و به‌شدارییه ته‌نها له سه‌ره‌وه بوه‌و تا ئێستا شۆڕنهبوهته خواره‌وه: حیزبه‌كان له هیچ پۆستێكی تر به‌شدار پێنهكراونو هه‌ندێك ده‌زگای هه‌ستیار هه‌یه به تهواویو سه‌د ده‌رسه‌د حیزبینو دورو نزیك په‌یوه‌ندییان به حكومه‌ته‌وه نییه‌و حیزب‌و لایهنو كه‌سه سه‌ربه‌خۆكانیان لێدورخراونهتهوه. كه‌واته به‌شداریپێكردنی ئه‌و حیزبانه زیاتر روكهشیو ره‌مزیی بوه نه‌ك به‌شداریپێكردنێكی حه‌قیقی. بۆیه‌ش گه‌ر باس له‌و گریمانه‌یه بكرێت كه ئه‌و حیزبانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی خۆیان به‌شدارییان له حكومه‌ت كردوه (كه به‌ڕای من ئه‌وه‌ش عه‌یبه نییه‌و هه‌مو حیزبێك پێویسته بیر له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی‌و ئه‌ندامه‌كانی بكاته‌وه)، هه‌قیش وایه بیر له‌و ئه‌گه‌ره‌ش بكرێته‌وه كه ئه‌م حیزبانه له‌وانه‌یه بۆ به‌هێزكردن‌و پێشاندانی یه‌كگرتویی كورد له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ئه‌و بهشدارییهیان هه‌ڵبژاردبێت. به‌كورتیش ئه‌و ره‌خنه‌یه له قازانجی ئه‌و چوارحیزبهیه نه‌وه‌ك له دژیان، چونكه پاراستنی نه‌فه‌سی ره‌خنه‌گرانه‌و به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر ده‌ربڕینی تێبینی‌و رای جیاواز، جه‌وهه‌ری كاری هاوپه‌یمانێتی له‌م چه‌شنه‌یه. به‌ڵام به‌داخه‌وه یهكێتیو پارتی هه‌میشه به عه‌قڵییه‌تی كۆیله‌و ده‌ستوپێوه‌ند مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی تر كردوه، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ر ره‌خنه‌و هه‌ڵوێست وهرگرتنێكیش هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی یارمه‌تی مالییان كردوه‌و هه‌ندێك جاریش پیاده‌یان كردوه!
پێش ماوه‌یه‌ك هه‌واڵی كه‌سێكم له دۆستێك پرسی، كه به‌رپرسێكی یه‌كێك له‌و چوار حیزبه‌یه، وتی وازی له حیزب هێناوه، كه پرسیاری هۆكاره‌كه‌م كرد، وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی كراوه به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك! دیاره بۆ پۆستێكی له‌م چه‌شنه ده‌بێت ئه‌ندامی حیزبی گه‌وره بێت‌و واز له حیزبه‌كه‌ی خۆی بهێنێت. ئه‌م چیرۆكه نموونه‌یه‌كه له‌و گه‌مارۆ مالی‌و ئیداریی‌و جه‌ماوه‌رییه‌یه كه حیزبه بچووكه‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه ده‌درێن. سه‌دان كادری به توانا‌و كارامه‌ی ئه‌م حیزبانه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئهندامو لایه‌نگری حیزبی گه‌وره نین، فهرامۆشكراونو سوود له تواناكانیان نه‌بینراوه. مووچه‌ی كادری ئه‌و حیزبانه ته‌نها مه‌مره‌و مهژییهو له كه‌مترین ئاستدایه، ئه‌و بڕه یارمه‌تییه‌ی ده‌درێن، هه‌ر به‌شی ئه‌وه ده‌كات به‌م قه‌واره‌یه‌ی خۆیان بمێننه‌وه. زۆرجاریش ئه‌گه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌و حیزبانه سه‌ره‌ڕۆیی‌و بزێوییهكی كردبێت‌و هه‌وڵی دابێت ئاراسته‌ی كاركردن‌و قسه‌كانی جیاوازتربێت له حیزبی گه‌وره، ئه‌وا به توندترین شێوه سزادراوه (هه‌ر له هه‌وڵی ئینشیقاقو دووبه‌ره‌كی، تا فشاری ئابووری‌و چاوسووركردنه‌وه). به كورتیش مامه‌ڵه‌ی دو حیزبی گه‌وره له‌گه‌ڵ حیزبه براكانیان، هاوچه‌شنی ئه‌و ماڵبهشكردنهوهی دو براكه‌یه، كاتێك براگه‌وره ماڵی باوكی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا دابه‌شده‌كات‌و له ئه‌رزه‌وه بۆ سه‌ربان بۆخۆی دادهنێتو له سهربانیشهوه تا ئاسمان بۆ براكه‌ی!
راپۆرتی چوار حیزبه‌كه نابێت زیاد له حهجمو قورسایی خۆی ببینرێت‌و واپیشان بدرێت كه ئیتر ئه‌وه وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌یه له سیاسهتو حیزبایه‌تی له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و راپۆرته به رای من له دو لایه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر به باشی ئیشی له‌سه‌ر بكرێت، گرنگیی خۆی هه‌یه:
لایه‌نی یه‌كه‌م، ئاشتبوونه‌وه‌ی ئه‌و حیزبانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی خۆیان. ساڵانێكه له‌نێو كادری ئه‌م حیزبانه جۆرێك له ناڕهزایهتیو گله‌یی هه‌یه له سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان له‌مه‌ڕ ههڵوێستو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ حیزبی گه‌وره‌دا. راسته لێره‌و له‌وێ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان ره‌خنه‌یان له سیاسه‌تی حیزبه گه‌وره‌كان هه‌بووه، به‌ڵام نه‌توانراوه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌یی فۆرمۆڵهو گشتگیر بكرێت، بۆیه ئه‌م كۆده‌نگییه‌ی چوار حیزب له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له بایه‌خدارانه، خۆی له خۆیدا جۆرێكه له ئاشتبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ قاعیده توڕه‌و نیگهرانهكهیدا.
لایه‌نی دوه‌میشی ئه‌و جورئهتهیه كه به پرۆژه‌كه‌وه دیاره‌و توانیویه‌تی په‌نجه بخاته سه‌ر خاڵه بناغه‌ییه‌كان. ئه‌وه‌ش پێده‌چێت سه‌ره‌تای وازهێنان بێت له موجامه‌له‌و شه‌رمكردن له ئاراسته‌كردنی ره‌خنه له به‌رپرسه سه‌ره‌كییه‌كانی وڵات.
خاڵێكی بایه‌خداری ئه‌م راپۆرته (یان پرۆژه‌یه) له‌وه‌دایه چوار حیزبی كۆكردوه‌ته‌وه، كه خاوه‌نی دیدگای فكریی‌و سیاسیی جیاوازن. لێره‌دا ده‌ستخۆشی له زه‌حمه‌تكێشان‌و سۆسیالیست ده‌كه‌م كه به‌شێكن له‌م هه‌وڵانه، سه‌رباری جیاوازی ئایدۆلۆژییان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌و دو حیزبه دروستكردنی كۆده‌نگییه‌كی فراوانی سیاسییه دوور له دیدگای ئایدۆلۆژی به‌رته‌سك‌و رێگه‌گرتنه له ئینفرادكردنی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان به ره‌خنه‌و گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، هه‌روه‌ها خاڵێكی ئیجابیشه بۆ دو حیزبه ئیسلامییه‌كه كه ده‌ریانخست ئه‌وان مه‌سه‌له سیاسییه رۆژانهكانو خه‌می خه‌ڵكی‌و چاره‌نووسی هه‌رێمیان له هه‌ندێك قاڵبی فكری به‌رته‌سك‌و گوتاری ئایدۆلۆژیی لا گرنگتره. دیاره ئه‌و رۆحییهتهش وایكردووه ئه‌م چوار حیزبه بتوانن فۆرمه‌ڵه‌یه‌كی باشی له چه‌شنی ئه‌و راپۆرته بهێننه به‌رهه‌م.
به كورتیش لێره‌دا سه‌رنجه‌كانم له سێ خاڵدا كورت ده‌كه‌مه‌وه:
1- خاڵێكی سلبی ئه‌م راپۆرته ره‌خنه‌گرتنه له جه‌ماوه‌ر، كه وا خه‌مساردو بێباكن. سه‌یره حیزبی سیاسی گله‌یی له خه‌ڵكی بكات‌و بیه‌وێت ئه‌و دوای جه‌ماوه‌ر بكه‌وێت، ئه‌و ره‌خنه‌یه ده‌بووایه له خۆیانی بگرن كه نوێنه‌ری به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌م كۆمهڵگایهنو خهمساردییو بێباكی ئه‌وانیش كاری سلبی كردوه‌ته سه‌ر كادره‌كانی خۆیان‌و جه‌ماوه‌ریش.
2- كارێكی باشیان كردوه ئه‌و راپۆرته‌یان بۆ رای گشتی كوردستان (واته خه‌ڵكی كوردستان) نووسیوه، به‌ڵام لێره‌و له‌وێ باس له چاوه‌ڕێكردنی وه‌ڵامی دو حیزبه‌كه ده‌كرێت. له راستیدا نابێت چوار حیزبه‌كه چاوه‌ڕێی وه‌ڵام بن‌و ئه‌م راپۆرته‌یان وه‌ك پێشنیاز بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم سه‌یر بكرێت، ئه‌مه ده‌بێت به‌رنامه‌ی خۆیان بێت‌و له ئێستاشه‌وه بیر له هه‌نگاوی تر بكه‌نه‌وه‌و خۆیان بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی تر ئاماده بكه‌ن، نه‌وه‌ك چاوه‌ڕێی وهڵامو كۆبوونه‌وه بن له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی تر (دیاره مه‌به‌ست داخستنی ده‌رگاكانی وتوێژ نییه)، له جیاتی وه‌ستان له‌به‌ر ده‌رگای دو حیزبی گه‌وره، هه‌ق وایه ئه‌م حیزبانه ئیتر بیر له به‌رنامه‌و هه‌نگاوی تایبه‌ت به خۆیان بكه‌نه‌وه.
3- نابێت ئه‌م حیزبانه له‌وه بترسن كه ئه‌م هه‌نگاوه‌یان وه‌ك ریكلامێكی هه‌ڵبژاردن سه‌یربكرێت، له راستیشدا ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوه به‌شێك بێت له خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان (لیستی هاوبه‌ش بێت یان جیا جیا).
گۆمی سیاسهتو حیزبایه‌تی له كوردستاندا ده‌بێت بگۆڕدرێت‌و سیمای نوێ بێته پێشه‌وه، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌م حیزبانه به‌شێك بێت له‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌ڕێوه‌ن.