Print
 ئایه‌ ( رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان )ی كوردستان چه‌ند له‌وانه‌ی ئه‌وروپا ده‌چێت؟
Monday, January 19, 2009

 

له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند نوسینێك بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئایه‌ حیزب بۆی هه‌یه‌ رێكخراو و سه‌ندیكای هه‌بێت؟ وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یبێت  شێوه‌ی كاركردن و په‌یوه‌ندی نێوانیان چۆن ده‌بێت.

به‌نده‌ش له‌ رۆژنامه‌ی ( رۆژنامه‌) ی ژماره‌ 25 ی 27/07/2007  نوسینێكم ده‌رباره‌ی هه‌مان بابه‌ت بڵاوكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ رۆژنامه‌ی  (چاودێر ) دا كاك حمه‌ زیاد مه‌ولود ده‌رباره‌ی هه‌مان بابه‌ت نوسینێكی له‌ ژماره‌كانی 190 و 191 ی رۆژانی 18 و 25/08/2008  بڵاوكرده‌وه‌ و  ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ حیزبه‌كانی ئه‌وروپا به‌ گشتی حیزبی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا SPD به‌ تایبه‌تی ئه‌وانیش رێكخراو و سه‌ندیكای سه‌ر به‌ حیزبی خۆیان هه‌یه‌..

پێم باش بوو كه‌ ئه‌و نوسینه‌ی ئه‌و دوو ژماره‌یه‌ كه‌مێ‌ لێكۆلینه‌وه‌ و باسی خاڵی لێكچون و جیاوازی ئه‌و رێكخراونه‌ی ئه‌وروپا و كوردستان بونایه‌، نه‌ك ته‌نها ته‌رجومه‌ی پرۆگرام و شێوه‌ی كاركردنی رێكخراوه‌كان بوایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین و كه‌مێ‌ رونبێته‌وه‌ كه‌ كێ‌ له‌ كێ‌ ده‌چێ‌ و جیاوازیه‌كان له‌ كوێدان ؟

كارێكی باش و پر سوده‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن یان شاره‌زاییان هه‌یه‌، راو بۆچونی خۆیان ده‌ڕبریایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجام دا بۆچونێكی نزیك به‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ بكرایه‌ و به‌ سود بۆ سه‌رجه‌م هه‌یكه‌لی رێكخستن و كار و گه‌شه‌كردنی رێكخراو و سه‌ندیكا و ده‌زگا جیاوازه‌كانی كوردستان بگه‌رایه‌وه‌ و ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌دا روی داوه‌ راست بكرێنه‌وه‌ و ئه‌م رێكخراوانه‌ی كوردستانیش به‌ گشتی و رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی به‌ تایبه‌تی هه‌وڵیان بدایه‌ كه‌ كه‌مێ‌ له‌ رێكخراوه‌ ده‌سته‌ خوشكه‌كانیان له‌ناو پارت و رێكخراوه‌ سوسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپادا نزیك بكه‌ونه‌وه‌ و لێیانه‌وه‌ فێربن..

ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر مه‌به‌سته‌ بوترێت ئه‌وه‌یه‌، ئایه‌:
حیزب پێویست ده‌كات رێكخراو و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ و بنكه‌ و سه‌نته‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌یبێت، پێویسته‌ چۆن بێت؟ ئایه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌زگا و سه‌ندیكا گه‌وره‌ و جه‌ماوه‌ری و كاریگه‌ره‌كان، حیزبین یان سه‌ربه‌خۆ و ئازادن؟

حیزب وه‌ك ئامراز له‌ وڵاتی دیموكراتیدا له‌ رێگای كاریگه‌ری په‌یره‌ و پرۆگرامه‌كه‌ی و بۆچونه‌كانیه‌وه‌ هه‌وڵ‌ ئه‌دات زۆرترین و باشترین خه‌ڵك له‌ ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه‌ و ئاراسته‌یان بكات بۆ سیاسه‌تێك كه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ كه‌ناری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی..واتا هه‌موو حیزبێك له‌ كۆمه‌ڵگای دیموكراتی دا تێده‌كۆشێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ رێگای سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌، بێگومان ئه‌و حیزبه‌ كاتێ‌ ئه‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ ته‌نها یان له‌گه‌ڵ‌ پارتێك یان له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند پارتیه‌كی تره‌وه‌ وه‌ربگرێت كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆر حیزبی و غه‌یر حیزبی له‌ ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌ و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ وا هه‌ست بكه‌ن كه‌ خواست و ویست و خه‌وه‌كانیان له‌ رێگای ئه‌و پارتیه‌وه‌ دێنه‌ دی‌.

یه‌كێ‌ له‌و ئامرازانه‌ی كه‌ حیزب بیه‌وێت هاوڵاتی له‌ ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌، هاندانه‌ بۆ دروستكردنی  رێكخراو و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ی هه‌مه‌جۆره‌ بۆ كار و پیشه‌ و خواستی هه‌مه‌لایه‌ن كه‌ بتوانێت له‌و رێگایه‌وه‌ هاوڵاتیان له‌ پارته‌كه‌ نزیك بكاته‌وه‌ و پارته‌كه‌ش هاوكاری و پاڵ‌پشتیان بێت و هه‌م خۆشیان له‌و بواره‌ی كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن بتوانن خواست و ویست و بۆچونه‌كانیان بهێننه‌ دی.

ئه‌م كۆمه‌ڵ‌ و رێكخراو و سه‌نته‌رانه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌كانن له‌ ئه‌وروپا، حیزبیانه‌ی كار و جموجوڵ‌ ناكه‌ن و به‌ ( ریمۆن كۆنترۆڵی ) حیزب ناجوڵینه‌وه‌، به‌ڵكو حیزبه‌كان ئازادیان كردون كه‌ سه‌ربه‌ستانه‌ چالاكی بنوێنن و ئازادانه‌ كاربكه‌ن و ده‌رگایان كراوه‌ بێت بۆ خه‌ڵكانی حیزبی و غه‌یر حیزبی و مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردنی ئه‌ندامه‌كانیان بێت، زۆر جار به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كه‌یان ده‌وه‌ستێتێت و ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ندامه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن، چالاكی و خۆپیشاندان و مانگرتنی چه‌نده‌ها جاری رێكخراوی خوێنكاران و لاوانی سۆسیال دیموكراته‌كان دژ به‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری سۆسیال دیموكرات باشترین به‌ڵگه‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان روو ئه‌دا به‌ گشتی و له‌ ناو ( مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان ) دا به‌ تایبه‌تی دوره‌ له‌ پرنسیپی زه‌روره‌تی دروستكردن و پێویستی رێكخراوی پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر نزیكه‌ له‌ زیادكردنی ژماره‌ی رێكخراو و سه‌نته‌ر و سه‌ندیكا و زیادكردن و قه‌به‌كردنی ژماره‌ی بێ‌ بناغه‌ی ئه‌ندامانیان..!!

بۆ نمونه‌ پارتی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا SPD ته‌نها 9 رێكخرای حیزبی هه‌یه‌( چاودێر ژماره‌ 190) و پارتی سۆسیال دیموكراتی نه‌مساوی  10 رێكخراو، به‌ڵام مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان 77 رێكخراو و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكا و NGO و بنكه‌ و سه‌نته‌ر ی هه‌یه‌ !! كه‌ ته‌نها 29 یه‌كێتی و كۆمه‌ڵه‌یان نزیكی نیوو ملیۆن ئه‌ندامیان تۆمار كردوه‌ (( بانكی زانیاری مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان – ته‌موزی 2006 )!!

گه‌وره‌ترین رێكخراوی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا رێكخراوی لاوانی و خوێنكارانه‌ Jusos كه‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م رێكخراوه‌ ته‌نها 78 هه‌زار كه‌سه‌ ( چاودێر ژماره‌ 190) له‌ وڵاتێكدا كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی 82 ملیۆنه‌، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌ندامانی رێكخراوی ئازادی لاوان و كۆمه‌ڵه‌ی خوێنكارانی كوردستانی سه‌ر به‌ رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی كه‌ ده‌سته‌خوشكی Jusosی ئه‌ڵمانیایه‌، زیاتر له‌ 156 هه‌زار ئه‌ندامه‌ی ناونوس كردوه‌ ( بانكی زانیاری مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان – ته‌موزی 2006 ) له‌ كوردستانێكی 4 ملیۆن كه‌سی دا !!
باشه‌ ئه‌م خه‌له‌ل نیه‌!؟ ئایه‌ ئه‌م شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان نیه‌ ؟، ئایه‌ نیشاندانی ئه‌م ژماره‌ ناراسته‌،چه‌ند خزمه‌ت به‌و رێكخراوه‌ خۆی و سه‌رجه‌م خوێنكاران و لاوان و ئینجا چه‌ند خزمه‌ت به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات ؟

ژماره‌ی ئه‌ندامانی رێكخراو و سه‌ندیكا و یه‌كێتیه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نزیكی یه‌ك ملیۆنه‌، بێگومان رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ پارتی ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌یان زیاتر نه‌بێت ئه‌وا كه‌متر نیه‌، ئینجا هه‌موو حیزبه‌كانی تریش هه‌ریه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری رێكخراوی پیشه‌یی له‌ ده‌وری خۆی تۆمار كردوه‌ و بێگومان چه‌ند سه‌د رێكخراوێك و NGO یه‌كی سه‌ربه‌خۆش له‌ كوردستان دا هه‌ن، ئه‌گه‌ر  ژماره‌ی مناڵ‌ و پیر و په‌كه‌وته‌ له‌ ژماره‌ی دانیشتوانی كوردستان ده‌ربكه‌یت، ئه‌وا به‌ ئاسانی هه‌موو هاوڵاتیه‌كی كوردستان، ئۆتۆماتیك ئه‌ندامی یه‌كێ‌ له‌و رێكخراوانه‌یه‌!!

باشتر نیه‌ رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان بیرێ‌ له‌ دوارۆژی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و واز له‌ هه‌ڵچونی ژماره‌ بهێنن و واز بهێنن با رێكخراو و سه‌ندیكا و ده‌زگای راسته‌قینه‌ و ئازاد دروست ببێت ئه‌م رێكخراوانه‌ی كه‌ ئێستاش هه‌ن بخرێنه‌ قاڵه‌به‌ ئاساییه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ و ببن به‌ رێكخراوی ( دیموكراتی ) چالاك و ئازاد و سه‌ربه‌ست!!
ئایه‌ زۆركردن و قه‌به‌كردنی ژماره‌ی رێكخراو و ئه‌ندامه‌كان چ سودێ‌ ده‌گه‌یه‌نێت،له‌كاتێكدا كه‌ چالاكیه‌كانیان له‌ نزمترین ئاستایه‌ و بون و نه‌بونیان وه‌ك یه‌كه‌ و ئه‌و رێكخراوانه‌ بون به‌ ده‌زگای حیزبی نه‌ك رێكخراوی دیموكراتی جه‌ماوه‌ری زیندوو..

كامانه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌ و سه‌ندیكا گه‌وره‌ و كاریگه‌ر و به‌هێزانه‌ی ئه‌وروپا !!
بێگومان هه‌ره‌ مه‌زنترین و كاریگه‌ریگه‌رترین رێكخراو و سه‌ندیكای ئه‌وروپا، ئه‌و رێكخراو سه‌ندیكاكایانه‌ نین كه‌ سه‌ر به‌ پارته‌كانن یان سه‌ر به‌ پارته‌ سۆسیال دیموكراته‌كانن له‌ ئه‌وروپا.! به‌ڵكو ئه‌و رێكخراو و سه‌ندیكایانه‌ن كه‌ بێلایه‌نن و سه‌ربه‌خۆن و ئه‌ندامانی هه‌موو پارته‌كان له‌ ده‌وری خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.

بێگومان هه‌موو حیزبێكیش هه‌وڵ‌ ئه‌دات زۆرترین ئه‌ندامی خۆی بنێرێته‌ ناو ئه‌و سه‌ندیكایانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری و رۆڵی هه‌بێت له‌ ناویاندا، به‌ڵام نه‌ پارته‌كه‌ ئه‌توانێت رێكخراو و سه‌ندیكاكان بكات به‌ رێكخراوی حیزبی خۆی و نه‌ رێكخراوه‌كه‌ش رێگا به‌ هیچ حیزبێك ئه‌دات كه‌ ده‌ست بخاته‌ ناو كاروباری ناوخۆیه‌وه‌..

بێگومان هه‌ر له‌ كۆن و له‌ سه‌ره‌تای دروستكردن و گه‌شه‌كردنی سه‌ندیكاكانه‌وه‌، حیزبه‌ سۆسیال دیموكراته‌كان به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و سه‌ندیكایانه‌ بون و ئێستاش لێپرسراوه‌كانیان زۆر جار ئه‌ندامی چالاكی حیزبه‌ سۆسیال دیموكراتنن، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ پارته‌ محافیز و لیبراڵ‌ و سه‌وزه‌كانیشیان رۆڵی سه‌ركردایه‌تی له‌ ناو ئه‌و ده‌زگایانه‌دا ده‌بینن.

بۆ نمونه‌ رێكخراوی كرێكارانی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا  SPDناوی AfA كه‌ رۆڵی سه‌ندیكای كرێكارانی ئه‌و حیزبه‌ ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌م رێكخراوه‌ زۆر بچوك و كه‌م كاریگه‌ره‌ و هیچ رۆڵێكی دیاری نیه‌ له‌سه‌ر ئاستی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاراندا له‌ ئه‌ڵمانیا، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌یت له‌گه‌ڵ‌ سه‌ندیكای كرێكارانی خزمه‌تگوزاری ver.di  كه‌ نزیكی  2.3 ملیۆن ئه‌ندامی هه‌یه‌، یاخود رێكخراوی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی سه‌ر به‌ سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا  AfB كه‌ ئه‌ویش رۆڵێكی گه‌وره‌ و دیاری نیه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌یت له‌گه‌ڵ‌ سه‌ندیكای (په‌روه‌رده‌ و زانست GEW) كه‌ سه‌ندیكایه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئازاده‌ و زیاتر له‌  250 هه‌زار ئه‌ندامی هه‌یه‌.
نه‌خشه‌ی هه‌موو رێكخراو و سه‌ندیكا سه‌ربه‌خۆكانی ئه‌وروپاش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، واتا ته‌نها رێكخرا و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ربه‌خۆ و ئازاده‌كان ئه‌توانن ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام له‌ ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ و چالاك بن و كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر بریاری ده‌زگا جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌ت..

هه‌موو حیزبێكی سیاسیش مافی خۆیه‌تی و پێویسته‌ رێكخراو ده‌زگا و بنكه‌ و سه‌ندیكا و یه‌كێتی جیاوازی هه‌مه‌جۆره‌ی هه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی هه‌مه‌جۆر و بۆ ئه‌وه‌ی  بتوانێت له‌و رێگایه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكات و لێان نزك بێته‌وه‌ و له‌و رێگایه‌وه‌ باشترین كه‌سیان بۆ ناو حیزبه‌كی رابكێشێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێ‌ ئه‌مانه‌ رێكخراو و بنكه‌ و سه‌ندیكای راسته‌قینه‌ و زیندو بن و پێویستی پیشه‌یی دروستی كردبن، چه‌ندایه‌تی نه‌بێت به‌ قوربانی چۆنایه‌تی یاخود منافه‌سه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ژماره‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌كانی تر یان منافه‌سه‌ی باڵ‌ باڵێنه‌ بێت له‌ناو حیزبێك دا، چونكه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌ نایباته‌وه‌، به‌ڵكو چۆنایه‌تی و كار و چالاكی و پوختی ئه‌ندامان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت.

رێكخراوی (كۆمسۆمۆل )ی یه‌كێتی سۆڤێت له‌ 1980 دا باسی ده‌كرد كه‌ 40 ملیۆن گه‌نجی له‌ نێوان ته‌مه‌ن 14 بۆ 28 ساڵی له‌ ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ كاتێ‌ له‌ ئابی 1991 قه‌ده‌غه‌ كرا، ئه‌ندامه‌كانی به‌ جۆرێك په‌رش و بڵاوبونه‌وه‌ و بون به‌ هه‌ڵم دوای چه‌ند سالێكیش نه‌یان توانی رێكخراوێكی بچوك دروست بكه‌نه‌وه‌..بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ رێكخراوه‌كان كارتۆنی و ده‌ستكرد و لاواز و مردوو نه‌بن، به‌ڵكو ( پاك و پوخت ) بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی خۆیان بكه‌ن و له‌ كۆتایشدا به‌ سود بۆ میله‌ته‌كه‌ بگه‌رێته‌وه‌.
كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ( مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان ) به‌ چاوێكی كراوه‌ی گه‌وره‌ی ره‌خنه‌ ئامێز به‌سه‌ر كاروباره‌كانیدا بچێته‌وه‌ و كه‌مێ‌ سود له‌ مێژووی حیزبه‌ سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا و ته‌ڤگه‌ری رێكخراوی و سه‌ندیكایی ئه‌وروپی وه‌رگرێت، ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغێك دا و له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ملمڵانێی سیاسی و حیزبی، قه‌به‌كردن و زیاد كردنی ژماره‌ رێكخراوه‌كان بیانوی‌ هه‌بوبێت، ئه‌وا له‌م كاته‌دا هیچ بیانویه‌ك نیه‌ و گرنگه‌ كه‌ حیزبه‌كان به‌ گشتی و مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كان به‌ تایبه‌تی پرۆگرامێك بۆ ( رێجیم ) ی خۆی دابنێت و ژماره‌ی رێكخراو و ئه‌ندامه‌ وه‌همیه‌كان زۆر كه‌م بكاته‌وه‌ و گرنگی به‌  چۆنایه‌تی بدات، له‌ كاتێك دا باس له‌ ئه‌ندامێتی له‌ رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی سوسیال دیموكرات ده‌كرێت.

تێبینی‌: ئه‌م نوسینه‌م له‌ 15/09 ی ئه‌مساڵدا نارد بۆ رۆژنامه‌ی چاودێر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند وتار و رونكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌بوو له‌و رۆژنامه‌یه‌دا، به‌ڵام دوای تێپه‌ربونی یه‌ك مانگ به‌سه‌ریدا، بڵاونه‌كرایه‌وه‌.

 

Sbeiy.com © 2007