نه‌وشیروان مسته‌فا
له پاش 16 ساڵ حوکمڕانی گوێ له هه‌ر هاوڵاتیه‌کی کوردستانی بگری به ده‌نگی به‌رز و به ئاشکرا ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ:
ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ له سه‌ر که‌می خزمه‌تگوزاری
ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ له سه‌ر خراپیی "ئه‌دائی" دائیره‌کانی حکومه‌ت
ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ له سه‌ر جیاوازی کردن له نێوان کابرایه‌کی حیزبی و کابرایه‌کی ناحیزبی و، له نێوان حیزبیه‌ک و حیزبیه‌کی تردا
ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ له سه‌ر بێعه‌داله‌تی
ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی کاربه‌ده‌ستانی باڵا
ئه‌م ناڕه‌زاییه له ناو هه‌مو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ دا له هه‌مو بواره‌کانی ژیان دا ئه‌بیسترێ و به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌رئه‌بڕدرێ:
به نوسین، له رۆژنامه و گۆڤار و سایته ئه‌لیکترۆنیه‌کان دا
به قسه، له ده‌می هاوڵاتییانه‌وه له ده‌زگاکانی بیستن و بنینی راگه‌یاندن دا: رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری و ئاسمانی
به قسه، له ده‌می خه‌ڵکه‌وه رۆژانه له ناو بازاڕ و کۆڵان و سه‌رشه‌قام و شوێنه‌کانی کۆبونه‌وه
به جوڵان، مانگرتن و خۆپیشاندانی پچڕپچر
به مانگرتن، له ناونوسین بۆ ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا
رۆژبه‌ڕۆژ گله و گازنده، سکاڵا، بێزاری، ناڕه‌زایی، توڕه‌یی، ره‌خنه، ئاهونزوله، ته‌نانه‌ت جنێو و دوعای شه‌ڕ، زیاد ئه‌کا، کۆئه‌بێته‌وه و که‌ڵه‌که ئه‌بێ و ئه‌بێته "دیارده‌ی گشتی" و "خوی کۆمه‌ڵایه‌تی". سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌بونی به‌رده‌وامی ئه‌م ده‌رکه‌وته مه‌ترسیداره ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات، نهئهبیستن و نهئهبینن، نه هیچ ههنگاوێکی جدی ئه‌نێن بۆ چاره‌سه‌رکردنی.
لێره‌دا پرسیارێ سه‌ر هه‌ڵئه‌دا: دوای ئه‌م هه‌مو ره‌خنه‌یه، دوای ئه‌م هه‌مو ناڕه‌زاییه، دوای ئه‌م هه‌مو بێدادیه، ئینجا چی و ئه‌بێ چی بکرێ؟
وه‌ڵامه‌کان جیاوازن و ئه‌شێ له سیناریۆی جیاوازدا بخوێنرێنه‌وه:
· یه‌کێ ئه‌ڵێ وازهێنان
· یه‌کێکی تر ئه‌ڵێ بێده‌نگی
· یه‌کێ ئه‌ڵێ هه‌وڵی چاکسازی
· یه‌کێکی تر ئه‌ڵێ هه‌وڵی گۆڕین
وازهێنان
هه‌ندێک ئه‌ڵێن، که‌میش نین ئه‌وانه‌ی وا ئه‌ڵێن، گه‌نده‌ڵی بۆته سیسته‌م، داووده‌زگاکانی حیزب و حکومه‌ت گه‌نده‌ڵی دای رزاندون، چاره‌سه‌ر ناکرێن با واز بێنین بیده‌ینه ده‌ست رۆژگار و چاوه‌ڕێ بین روداوه‌کانی عیراق و کوردستان به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕۆن چونکه:
هه‌ردو ده‌سه‌ڵات: هه‌ردو حیزب داووده‌زگاکانی حکومه‌تیان زه‌وت کردوه. سامان و دارایی وڵات، موچه‌ی سه‌دان هه‌زار فه‌رمانبه‌ر، کارمه‌ند، خانه‌نشین، سوته‌مه‌نی، زه‌وی، خۆراکی.. خه‌ڵکی ولاته‌که‌یان به ده‌سته ئه‌توانن بیبڕن و خێزان بێده‌رامه‌ت بکه‌ن و فڕێی بده‌نه سه‌ر جاده.
هه‌ردو ده‌سه‌ڵات: ئاسایش، پۆلیس، پێشمه‌رگه، ده‌زگای نهێنییان هه‌یه، دادگا و زیندانیان به ده‌سته. له به‌ر ئه‌وه خه‌ڵک لێیان ئه‌ترسێ و هه‌رچی بکه‌ین سودی نیه، کاریگه‌ری نیه، به ئاسانی ئه‌توانن هه‌رچی جوڵانه‌وه‌یه‌ک ببێ سه‌رکوتی بکه‌ن.
له به‌ر ئه‌وه ئێمه هیچمان پێ ناکرێ چاک وایه سه‌ری خۆمان کز بکه‌ین بێده‌نگ بین بزانین چی ئه‌بێ.
ئه‌مه جۆرێکه له به‌ردانی وره و بێئومێدی، بێهیوایی، ره‌شبینی... نیشانه‌ی تێشکانی که‌سایه‌تی كورد و داروخانی هه‌ندێ توێژی کۆمه‌ڵایه‌تیه، که بێگومان سیسته‌می حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه له به‌رهه‌مهێنانی. به‌ڵام دیارده‌یه‌کی کاتیه دره‌نگ یا زو ئهڕهویتهوه.
بێده‌نگی
هه‌ندێک ئه‌ڵێن: ته‌جروبه‌ی هه‌رێمی کوردستان هێشتا جێگیر نه‌بوه له به‌ر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌دایه، له ململانێی سیاسیدایه له گه‌ڵ به‌غداد و له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا.
هه‌ندێکی تر له‌مه دورتر ئه‌ڕۆن ئه‌ڵێن: پیلان دژی هه‌رێم هه‌یه له به‌ر ئه‌وه ئه‌بێ له که‌موکوڕیه‌کان بێده‌نگ بین، له ناشیرینه‌کان چاو بپۆشین، تا له‌و پیلانه ده‌رئه‌چێ.
ئه‌مه بیانویه‌کی کۆنه 15 ساڵه ئه‌وترێته‌وه. ئه‌گه‌ر جاران هه‌ندێ راستی تێدا بوبێ، ئیستا هیچ بنه‌مایه‌کی نه‌ماوه نه مه‌ترسی له‌شکرکێشی جه‌نگیی عه‌ره‌بی – به‌غداد، نه مه‌ترسی له‌شکرکێشی جه‌نگیی ئیرانی – تاران، نه مه‌ترسی له‌شکرکێشی جه‌نگیی تورکی – ئه‌نقه‌ره بۆ داگیرکردنی سه‌ربازیی هه‌رێمی کوردستان له کایه‌دا نیه.
ره‌نگه بۆردومانی ئه‌رزی و ئاسمانی ناوچه سنوریه‌کان بکه‌ن. ره‌نگه گوشاری سیاسی و ئابوری دروست بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مانه قه‌واره‌ی ده‌ستوریی و داووده‌زگا حکومه‌تیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیان پێ ناروخێ. وڵاتانی دیمۆکراتی که توشی کێشه‌ی سیاسی گه‌وره ئه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی میلله‌ته‌که‌یان به ده‌س بهێنن هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌که‌ن. حکومه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانی پێک ئه‌هێنن تا به ریزی ناوخۆی یه‌کگرتوه‌وه روبه‌روی قه‌یران ببنه‌وه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی چونکه هه‌مو شتێکی بۆ خۆی پاوان کردوه و به‌مه‌ش میلله‌ته‌که‌ی له خۆی ره‌نجاندوه، هه‌میشه له هه‌ڵبژاردن و هه‌مو گۆڕانێکی دیمۆکراتی ئه‌ترسێ. به هه‌ر جۆرێ بێ ئه‌یه‌وێ حکومه‌تی به ده‌سته‌وه بێ، ده‌سه‌ڵاتی له ده‌س ده‌رنه‌چێ، بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ڵک به هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی ئه‌تۆقێنێ و، وا له خه‌ڵکی کوردستان ئه‌که‌ن به دایمی له ترس و دڵه‌راوکێ دابن و وا تێ بگه‌ن که ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن عیراق و ئیران و تورکیا ئه‌یان خۆن.
ئه‌م قسانه هه‌ندێ له سودمه‌ندانی گه‌نده‌ڵی ئه‌یکه‌ن بۆ سازدانی پشتیوانی رای گشتی له ده‌سه‌ڵات و هێشتنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئیستا به راوه‌ستاوی.
هه‌وڵی چاکسازی
هه‌ندێک ئه‌ڵێن: باشترین رێ هه‌وڵدانه بۆ چاکسازی ده‌سه‌ڵات له ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه به هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
ئه‌م رێگه‌یه له هه‌مو رێگه‌کانی تر سه‌لامه‌تتر و ئاسانتره.
سه‌لامه‌تتره، چونکه پشێوی سیاسی، ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌کداری لێ ناکه‌ویته‌وه.
ئاسانتره، چونکه رێگه‌یه‌کی قانونیه، داووده‌زگا ده‌ستوریه‌کان ئه‌توانن له پرۆسه‌یه‌کی قانونی دا، به هێمنی و شێنه‌یی، جێبه‌جێی بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به‌وه‌یه:
سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزب، له ناو ئه‌وان دا به تایبه‌تی هه‌ردو سه‌رکرده‌ی هه‌ردو حیزب، ئیراده‌ی چاکسازییان له ئیراده‌ی قسه‌وه له لا بوبێته ئیراده‌ی جێبه‌جێ کردن. مه‌کته‌بی سیاسی و مه‌کته‌به‌کانیان، مه‌ڵبه‌ند و کۆمیته و لق و ناوچه‌کانیان قه‌ده‌غه بکه‌ن له ده‌ستێوه‌ردانی رۆژانه‌ی هه‌مو داووده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ته‌شریعی، ته‌نفیزی، قه‌زایی هه‌روه‌ها له بازاڕ و زانکۆ و پۆلیس و ئاسایش. میکانیزمی سزادان دابنرێ بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌م بڕیاره ده‌رئه‌چن، له هه‌ر پله‌یه‌ک دا بن.
وه‌زاره‌ت حه‌فتانه کۆ ببێته‌وه. وه‌زیره‌کان به‌رنامه‌کانی خۆیان باس بکه‌ن. پرسوڕا به یه‌کتری بکه‌ن، ئاگایان له ئیشه‌کانی یه‌کتری بێ، له یه‌کتری بپرسنه‌وه. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن چاودێری جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌کانیان بکا
پارله‌مان به ئازادی کار بکا. ئه‌ندامانی پارله‌مان له گه‌ڵ ده‌نگده‌رانی ناوچه‌کانیان دا تێکه‌ڵاو ببن و کۆببنه‌وه. بۆیان هه‌بێ به ئازادی بدوێن، له قه‌فه‌زی فراکسیۆنی حیزب ده‌ربێن، ئه‌گه‌ر پێویستی کرد فراکسیۆنی نوێ و ریزبه‌ندی نوێ دروست بکه‌ن. ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانی پارله‌مان ئه‌نجام بده‌ن:
لێپرسینه‌وه له گه‌ڵ وه‌زیره‌کان بکه‌ن ئه‌گه‌ر پێویستی کرد متمانه‌یان لێ بسێننه‌وه
بودجه‌ی هه‌رێم تاووتوێ بکه‌ن و ئاشکرای بکه‌ن بۆ خه‌ڵک
کێشه‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵک باس بکه‌ن و به هاوکاری له گه‌ڵ حکومه‌ت چاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به هێز بکرێ. بژار بکرێ له که‌سانی نه‌شیاو. ده‌رگا بۆ شکات و سکاڵای هاوڵاتییان بکاته‌وه. هیچ لایه‌ن و هێج که‌سێ نه‌توانێ ده‌س وه‌ر بداته کار و بڕیاره‌کانیانه‌وه.
دیوانی چاودێری دارایی به کادری شاره‌زا به‌هێز بکرێ. رابسپێردرێ و ده‌سه‌ڵاتی بدرێتێ لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد بکا له سه‌ر هه‌مو گرێبه‌سته‌کان، بێ لێده‌رهێنان و شاردنه‌وه. به بودجه‌ی هه‌رێم دا بچیته‌وه. نه‌هێڵێ دارایی گشتی به فیڕۆ بڕوا. که‌موکوڕیه‌کان بۆ خه‌ڵک ئاشکرا بکا
له راستی دا ئه‌مه به بڕیاری دوکه‌س و ته‌نیا به دو که‌س ئه‌کرێ که ئه‌وانیش: مام جه‌لال و کاک مه‌سعودن. مام جه‌لال سه‌رکۆماری عیراقه، له هه‌مان کات دا، سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستانه. کاک مه‌سعود، سه‌رۆکی هه‌ریمی کوردستانه، له هه‌مان کات دا، سه‌رۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانه.
پێ ئه‌چێ ئه‌م دو سه‌رکرده‌یه باوه‌ڕیان به‌م رێگهچاکسازیه نه‌بێ. له به‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕێ کردنی ئه‌وان کارێکی بێهوده‌یه. ئه‌بێ بۆ رێگه‌یه‌کی تر بگه‌ڕێین.
هه‌وڵی گۆڕین
ئه‌وانه‌ی باسی گۆڕین ئه‌که‌ن بیروبۆچونی جیاواز و رێگه‌چاره‌سه‌ری جیاواز و سیناریۆی جیاواز باس ئه‌که‌ن، هه‌ر له هه‌وڵی گۆڕینه‌وه له ناو حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه تا زه‌بروزه‌نگی شۆڕشگێڕانه و شه‌ڕی چه‌کدار، تا راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی شار و تا بایکۆتی هه‌ڵبژاردن و تا شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌کان و زۆر شتی تر.
هه‌وڵی گۆڕین له ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه
هه‌ندێک ئه‌ڵێن: گۆڕین به ته‌نیا به ره‌خنه و نوسین ناکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕین بکری ئه‌بێ به‌شداری بکرێ له ده‌سه‌ڵاته‌کان دا و، هه‌ر یه‌که له لای خۆیه‌وه هه‌وڵی چاکسازی و گۆرین بدا.
هه‌وڵی گۆڕین له ناو 3 ده‌سه‌ڵاته‌که‌وه: ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی – ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی – ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی - دادگاکان... واته هه‌وڵی گۆڕین له ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌رچه‌ندی وه‌زیره‌کان و پارله‌مانتاره‌کان و دادوه‌ره‌کان باش و داواکاری چاکسازی یا خوازیاری گۆڕین بن، له هه‌لومه‌رجی ئیستادا، به هۆی ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه‌وه که له وڵاته‌که‌دا پێڕه‌وی ئه‌کرێ کارێکه له کردن نایه‌ت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی وڵات نین. له پشتی ئه‌مانه‌وه ده‌سه‌ڵاتێکی تر هه‌یه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌ڕێوه ئه‌با و حوکمی وڵات ئه‌کا، ئه‌ویش "ده‌سه‌ڵاتی تارمایی" ه که حیزب و ده‌سته‌به‌ندیه‌کانی ناو سهرکردایهتیهکانێتی. بۆیه ئه‌بێ به ته‌مای ئه‌مه نه‌بین.
هه‌وڵی گۆڕین له ناو حیزبه‌وه
له‌م وڵاته‌دا حیزب چۆته ناو هه‌مو جومگه و ده‌ماره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه. حیزب حکومه‌ت دروست ئه‌کا. حیزبێکی باش حکومه‌تێکی باش دروست ئه‌کا حیزبێکی خراپ حکومه‌تێکی خراپ دروست ئه‌کا. که‌واته گۆڕین له ناو حیزب دا به باری باشه دا ئه‌بێ به هۆی گۆڕین له ناو حکومه‌ت دا به باری چاکسازی دا.
گۆڕین له ناو حیزب دا له کۆنگره و کۆبونه‌وه حیزبیه‌کانی ده‌زگا باڵاکانی دا ئه‌کرێ. له کۆنگره‌دا ئه‌توانرێ پرۆگرام و ده‌ستوری حیزب و، سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی بگۆڕێ. به‌ڵام ته‌جروبه‌ی دو کۆنگره‌ی گشتی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و، ته‌جروبه‌ی چه‌ند هه‌ڵبژاردنی ناو ئۆرگانه‌کانی و هه‌ڵبژاردنی ناو هه‌ردو کۆنگره‌کانی ده‌ریان خست، هیوا هه‌ڵچنین له سه‌ر هه‌ڵبژارنێکی پاک و ئازاد، دور له پێلانگێڕان و به‌کارهێنانی گفت و گه‌ف، بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له ناو حیزبه‌که‌دا، ئه‌نجامێکی چاوه‌ڕوانکراوی نابێ.
هه‌مان تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری ناو سه‌رکردایه‌تی حیزب به هه‌مو رێگایه‌ک، ته‌نانه‌ت به رێگای به‌کارهێنانی تفه‌نگ، داکۆکی له مانی خۆی و جێگه‌کانی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی و ئیمتیازه‌کانی ئه‌کا. دوانگه‌ی ئازاد و بیروبۆچونی جیاواز ده‌مکوت ئه‌کا و، باڵی چاکسازی و گۆڕین سه‌رکوت ئه‌کا.
حیزب، له دوای راپه‌ڕینه‌وه به هۆی پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات و دارایی و ده‌سکه‌وت و ئیمتیازهکانیهوه له لایه‌ن توێژێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، قابیلی تازه بونه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه نیه.
که‌واته گۆڕین له‌م رێگایه‌وه ئه‌گاته به‌رده‌م ده‌رگایه‌کی داخراو.
هه‌وڵی گۆڕین له ده‌ره‌وه‌ی حیزب
حیزب ئامڕازه یا ئامانج؟
ئه‌گه‌ر ئامانج بێ ئه‌بێ بمێنێ و، ئه‌گه‌ر ئامڕازیش بێ ئه‌شێ بگۆڕێ و، ئه‌گه‌ر که‌ڵکی نه‌ما ئه‌شێ ده‌ستی لێ هه‌ڵبگیرێ و، ئه‌گه‌ر رێگه‌ی گرت ئالته‌رناتیڤی بۆ دروست بکرێ.
حیزب بێگومان ئامڕازه بۆ به‌دیهێنانی ئامانج بۆیه ئه‌بێ له گه‌ڵ ئامانج دا گونجاو بێ. ره‌نگه له قۆناغێکی مێژویی درێژدا ئامانج به نه‌گۆڕی بگره به پیرۆزی بمێنێته‌وه به‌ڵام ئامڕاز ئه‌بێ به پێی زه‌مان و زه‌مین بۆ ته‌ختکردنی رێگه‌ی به‌دیهاتنی ئامانج له گۆڕان دا بێ. کاتێ ئامڕاز واته حیزب ناتوانێ ئامانج به‌دی بهێنێ یا ئه‌بێته رێگر له به‌رده‌م به‌دیهاتنی ئامانج دا ئیتر پێویستی بون و مانی له ده‌س ئه‌دا.
راستیی ئه‌م رێسایه هه‌روه‌کو له سه‌رانسه‌ری دنیادا سه‌لماوه، له کوردستانیش راسته. له کوردستان زیاتر له سه‌د ساڵه ئامانجی کورد و بزوتنه‌وه‌که‌ی نه‌گۆڕاوه، به‌ڵام له هه‌مو قۆناغه‌کان دا ئامڕاز که حیزب یا هه‌ر رێکخراوێ بوبێ گۆڕاوه، به تایبه‌تی که نه‌یتوانی بێ له گه‌ڵ گۆڕان و پێشکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی کوردا بگۆڕێ و پێش بکه‌وێ. به‌ڵام ئیستا له کوردستان دا، دوای ئه‌وه‌ی حیزب قۆناغی شۆڕشی به جێ هێشت و چوه قۆناغی حوکمڕانیه‌وه، خه‌ریکه "حیزبپه‌رستی" له ناو هه‌ندێ له‌وانه‌دا که سودمه‌ندن له حیزب و له ناو هه‌ندێ له‌وانه‌دا که له یاداوه‌ری رابوردودا ئه‌ژین ئه‌بێته ئامانج و بیروباوه‌ڕ. سه‌روه‌ریی رابوردوی حیزب هه‌رگیز ناتوانێ پاکانه بۆ گه‌نده‌ڵی و په‌ککه‌وته‌یی ئیستای حیزب بکا.
مادام گۆڕین له ناو حیزبه‌وه ناکرێ و مادام حیزب خۆی بۆته رێگری گۆڕین و، مادام حیزب ئامانج نیه که‌واته ئه‌بێ به دوای گۆڕین دا بگه‌ڕێین له ده‌ره‌وه‌ی حیزب.
گۆڕینی ئه‌شخاس یا گۆڕینی سیسته‌م
هه‌ندێک ئه‌ڵێن:
ئه‌گه‌ر فڵان لابرا و فیسار خرایه جێگه‌ی..
ئه‌گه‌ر له سه‌رکردایه‌تی حیزب چه‌ند که‌سێ لابران و چه‌ند که‌سێکی تر چونه جێگایان..
ئه‌گه‌ر له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دا چه‌ند وه‌زیرێ لابران و چه‌ند که‌سێ له جێگه‌ی ئه‌وان کران به وه‌زیر..
ئیتر بارودۆخه‌که ئه‌گۆڕێ و چاکسازی ده‌س پێ ئه‌کا.
له راستی دا ئه‌مه جگه له خۆشباوه‌ڕی شتێکی تر نیه.
سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له سه‌ر چه‌ند پایه‌یه‌ک دامه‌زراوه له‌وانه:
تێکه‌ڵکردنی حیزب و ده‌زگاکانی جێبه‌جێکردن و یاسادانان و داوه‌ری
ده‌سگرتن به سه‌ر پاره و ئاسایش و پۆلیس و پشمهرگهدا
تاریکاندنی بودجه و، کاروباری ئابوری و دارایی و بازرگانی
تاریکاندنی پێوه‌ندی سیاسی هه‌رێم و ده‌ره‌وه
له به‌ر ئه‌وه که‌س، چه‌نده که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتدار بێ، چاک بێ یان خراپ، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یا وه‌زیر بێ، ره‌نگه کاریگه‌ریی هه‌بێ له سه‌ر جۆری ئه‌دائی کاره‌که‌ی خۆی و به‌رده‌سته‌کانی له شوێنه‌که‌ی خۆی دا، به‌ڵام ناتوانێ کاریگه‌ریی له سه‌ر تێکڕای سیسته‌مه‌که هه‌بێ. بۆیه له بارودۆخی ئیستای کوردستان دا قه‌یرانه‌که له کێشه‌ی که‌س و که‌سایه‌تی ده‌رچوه و، به گۆڕینی که‌س بارودۆخی کوردستان چاک نابێ، چونکه سیسته‌می گشتی وڵاته‌که له گه‌ڵ ویستی زۆرایه‌تی کورد ناکۆک و ناساز و له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کوردا ناگونجێ.
ئه‌گه‌ر کێشه‌که گۆڕین بێ و، گۆڕین له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دا بێ، ئینجا چه‌ندین پرسیاری سه‌ره‌کی، به‌ڵام ئاڵۆز و سه‌ربه‌گۆبه‌ند، سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن و، هه‌ریه‌که‌یشیان له لایه‌ن که‌س و گروپی جیاوازه‌وه به جۆری جیاواز وه‌ڵام ئه‌درێنه‌وه:
پرسیاری یه‌که‌م: گۆڕین چۆن ئه‌کرێ؟
وه‌ڵام:
· به به‌کارهێنانی توندوتیژی: کوده‌تا، شۆرش، راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی شار
· به موعاره‌زه‌ی شارستانی: مانگرتن، خۆپیشاندان، بایکۆتی هه‌ڵبژاردن، به‌گژاچونه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستان
· به ململانێی دیمۆکراتی: هه‌ڵبژاردن له هه‌مو ئاسته‌کان دا
پرسیاری دوه‌م: گۆڕین به چی ئه‌کرێ؟
وه‌ڵام:
· به دامه‌زراندنی حیزێکی نوێ
· به پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی فراوانی موعاره‌زه‌ی رێکخراو
· به دروستکردنی ئالته‌رناتیڤی سه‌ندیکایی
· به رێکخستنی لیستی جیاواز و مونافیس له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا
پرسیاری سێیه‌م: گۆڕین له چی دا ئه‌کرێ؟
وه‌ڵام:
· له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دا
· له چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی یاسادا
· له جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان دا....
پرسیاره‌کان سه‌ختن وه‌ڵامه‌کانیان سه‌ختترن!