Print
 په‌رله‌مانتاران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانێكی‌ دروست له‌ كوردستاندا نییه‌
Sunday, January 25, 2009


راپۆرت: دیه‌ فازڵ

په‌رله‌مانتاران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانێكی‌ دروست نییه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ بتوانێت به‌ ته‌واوی‌ چاودێربێت به‌سه‌ر كاروباره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و دوربێت له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزب، خۆشیان وه‌ك په‌رله‌مانتار به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن، پێشیانوایه‌ كه‌  باشترین رێگا بۆ ریفۆرمی‌ په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌  هه‌ر حیزبه‌ به‌ جیا به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن دور له‌ هاوپه‌یمانێتی‌ سیاسی‌.

تا ئێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دو خولی‌ په‌رله‌مان هه‌بوه‌، خولی‌ یه‌كه‌م له‌ 134 ئه‌ندام پێكهاتبو له‌ (1992- 2005)، خولی‌ دوه‌میش له‌ 111 په‌رله‌مانتارو له‌ (2005- 2009)، كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ لیستی‌ داخراو ئه‌ندامه‌كانیان هه‌ڵبژێردراون‌و گشت ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان كورسیان به‌ده‌ستهێناو ئه‌ندامیان هه‌یه‌، هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان پێكهێناوه‌، هه‌ربۆیه‌ نه‌توانراوه‌ په‌رله‌مان وه‌ك خودی‌ په‌رله‌مانتاران باسی‌ لێوه‌ده‌كه‌ن، سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆی‌ بپارێزێت.

هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستادا باس له‌ ریفۆرمی‌ په‌رله‌مان بكرێت، تا له‌ خولی‌ داهاتودا گۆڕانێك له‌ په‌رله‌مان‌و بیركردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كاندا بكرێت. هه‌ر په‌رله‌مانێك كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت، یان له‌ رێگای‌ لیستی‌ حیزبه‌كان یان هه‌ر لیستێكی‌ دیكه‌، كه‌ رێژه‌یه‌ك داده‌نێت‌و هه‌ر لیسته‌‌و ژماره‌یه‌ك كه‌س كاندید ده‌كات، یان به‌ رێگای‌ بازنه‌یی‌ ده‌بێت كه‌ حیزب كاندیدی‌ خۆی‌ ده‌بێت‌و له‌مه‌دا تاكه‌كه‌سیش ده‌توانێت خۆی‌ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ تا ئێستا په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژێردراوه‌،  له‌ رێگای‌ لیستی‌ داخراوه‌وه‌ بو، له‌مباره‌یه‌وه‌ د. ناسح غه‌فور، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پێیوابو كه‌ باشترین رێگا بۆ ریفۆرمی‌ په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر حیزبه‌ به‌ جیا به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، نه‌ك به‌ یه‌ك لیست دابه‌زن‌و هاوپه‌یمانێتی‌ سیاسی‌ له‌نێوانیاندا هه‌بێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، كه‌ لیسته‌كان مه‌جبورن به‌رگریی‌ له‌ بۆچونه‌كانی‌ یه‌كتر بكه‌ن‌و پشتگیریی‌ یه‌كتر بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌توانن دوای‌ هه‌ڵبژاردن یه‌كبگرن.

په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ئێستادا هێنده‌ی‌ وابه‌سته‌ی‌ حیزبه‌كانه‌، هێنده‌ خه‌می‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ی‌ خودی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان خۆیان، به‌ وته‌ی‌ ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان، ئه‌و ململانێیه‌ی‌ ئێستا له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێویسته‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵك بێت، به‌داخه‌وه‌ ململانێكان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ حیزبه‌ نه‌ك خه‌ڵك.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا كه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حیزبایه‌تی‌ پێكهاتوه‌، به‌ڵام ده‌كرێت په‌رله‌مانتاران خۆیان سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆیان بپارێزن، حه‌سه‌ن به‌رزنجی‌، ئه‌ندامی‌ خولی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مان، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ "راسته‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان له‌ رێگای‌ حیزبه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێن، به‌ڵام پێویسته‌ په‌رله‌مانتار شانازیی‌ به‌ كه‌سێتی‌ خۆیه‌وه‌ بكات‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌بێت‌و لایه‌نگری‌‌و پشتگیریی‌ حیزب‌و لایه‌نێكی‌ دیاریكراو نه‌كات، چونكه‌ له‌ هه‌مو دنیادا حیزب به‌شداریی‌ په‌رله‌مان ده‌كات، به‌ڵام به‌مشێوه‌یه‌ی‌ كوردستان ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌نێو په‌رله‌ماندا نییه‌".
ئه‌مه‌ش به‌ بۆچونی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كاتێك ده‌بێت كه‌ په‌رله‌مانتارانیش له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رابردویه‌كی‌ پاك‌و لێهاتویی‌ بێت، باوه‌ڕیان به‌ توانای‌ خۆیان هه‌بێت‌و بۆ هه‌مو شتێك نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حیزبه‌كانیان، به‌پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵك كه‌ ده‌نگیان بۆ داون، كاربكه‌ن‌و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆیان‌و حیزبه‌كه‌یان لێك نه‌ده‌نه‌وه‌‌و به‌پێی‌ یاساو ویژدان كاربكه‌ن.

ئه‌زمونێكی‌ زۆر كه‌ممان هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ دیكه‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ شێوه‌ی‌ دروستبون‌و پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌مانیش تایبه‌تمه‌ندیی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌مو حیزب‌و لایه‌نه‌كانی‌ نێو په‌رله‌مان هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ په‌رله‌مان نه‌توانێت كاروباره‌كانی‌ حكومه‌ت به‌چاوێكی‌ ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ته‌ماشابكات، چونكه‌ ره‌خنه‌ ده‌بێت له‌لایه‌نه‌كانی‌ خۆیان.

چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ش وه‌ك د. فوئاد بابان، په‌رله‌مانتار، ئاماژه‌ی‌ پێكرد، جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ په‌رله‌مان كارێكی‌ ئاسان نییه‌ تا پێگه‌ی‌ كورد له‌ عێراق به‌ته‌واوی‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت له‌ڕوی‌ سیاسییه‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا بارودۆخی‌ سیاسیی‌ وڵات جێگیر نییه‌‌و ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ قسه‌ی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌‌و هێشتا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا رێكنه‌كه‌وتون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ عێراق هه‌ر به‌ناو "فیدراڵه‌"، بۆیه‌ ناتوانرێت هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك به‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كاربكات‌و حیزب كاریگه‌ریی‌ نه‌بێت له‌سه‌ری‌.

ئه‌م تێكه‌ڵبونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب‌و په‌رله‌مانه‌ وایكردوه‌ كه‌ ده‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن بونی‌ نه‌بێت له‌ په‌رله‌ماندا، به‌ وته‌ی‌ د. ناسح كێشه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن نییه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ حیزبه‌كانی‌ نێو په‌رله‌مان هه‌مان ئه‌و حیزبانه‌ن كه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنن، هه‌ربۆیه‌ "گه‌ر حیزب هه‌بێت له‌ په‌رله‌مان، خۆشیان به‌ ئۆپۆزسیۆن دابنێن، راست ناكه‌ن"، چونكه‌ له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت.

د. ناسحیش ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ریفۆرمی‌ په‌رله‌ماندا لانیكه‌م پێویسته‌ ره‌چاوی‌ بێلایه‌نیی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نابێت سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان به‌ر له‌ په‌رله‌مانتاران یان له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مانتاران ده‌نگ بدات،  چونكه‌ كاریگه‌ری‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ لیسته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت دوای‌ هه‌موان ده‌نگ بدات، چونكه‌ ده‌نگی‌ ئه‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و 3 كه‌سه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بێلایه‌ن بن.

له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی‌ حیزب هه‌یه‌تی‌ له‌ په‌رله‌ماندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران بیانه‌وێت گوشار بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن چاودێری‌ حكومه‌ت بن‌و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان، ئاخه‌ر جه‌میل، ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ كوردستان، په‌رله‌مانتارانی‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌م وه‌سفكردو بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: "په‌رله‌مانتاران خۆیان به‌رپرسن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاربكه‌ن‌و به‌دواداچونیان هه‌بێت، كه‌س رێگریی‌ له‌به‌رده‌میاندا ناكات، به‌ڵام خۆیان كه‌مته‌رخه‌من".

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارانیش كه‌مته‌رخه‌مبن له‌ئاست داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵك‌و حیزب زاڵ‌ بێت به‌سه‌ریاندا، ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانیش هۆكارێكی‌ دیكه‌یه‌ بۆ زاڵكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب، چونكه‌ ناكرێت سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حیزب دیاری‌ بكرێن، به‌ڵام د. فوئاد بابان پێیوابو كه‌ بونی‌ حیزب له‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت كاریگه‌رییه‌كی‌ باشی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، وتیشی‌: "له‌ ئێستادا سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان كه‌ به‌رنامه‌ی‌ كارو پرۆگرامه‌كانی‌ په‌رله‌مان داده‌نێت، ره‌چاوی‌ ئه‌و ته‌باییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ حكومه‌تدا هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵده‌درێت ره‌خنه‌كان زۆر توندوتیژ نه‌بن‌و ره‌چاوی‌ حیزبه‌كان بكرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتاران سوربون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بودجه‌ تاوتوێ‌ نه‌كه‌ن تا دو ئیداره‌كه‌ یه‌كنه‌گرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ بینرا پاش ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م یه‌كیانگرته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران پێدابگرن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان، ئه‌وا ده‌توانن گوشار له‌ حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گوشاره‌ وه‌ك پێویست نه‌كرا بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ 3 وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ كه‌ ماوه‌، هه‌ربۆیه‌ تا ئێستا یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌.

جگه‌ له‌ بونی‌ حیزب وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌م له‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام  په‌رله‌مانی‌ كوردستان تا ئێستا‌و دوای‌ دو خول لیژنه‌ی‌ راوێژكاری‌ یان كه‌سانی‌ شاره‌زاو پسپۆڕی‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا نییه‌، تا سودیان لێوه‌ربگرێت له‌ كاتی‌ بڕیاردان‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكان، په‌رله‌مانتارانیش نه‌بونی‌ راوێژكار بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران به‌ كه‌موكوڕی‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، نه‌بونی‌ راوێژكارانی‌ تایبه‌ت به‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ كه‌موكوڕی وه‌سفكرد‌و بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ په‌رله‌مانتارانیش راوێژكار ده‌ستنیشان نه‌كرێت، زۆر پێویست بو كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان چه‌ندین راوێژكاری‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا هه‌بێت تا بڕیاردان‌و لێكدانه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان به‌ زانیاریی‌‌و لێكدانه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نتر بكه‌ن.


له‌ سه‌رو هه‌مو كه‌موكوڕییه‌كانیشیه‌وه‌، په‌رله‌مانی‌ ئێستای‌ كوردستان نه‌یتوانیوه‌ له‌ئاست كێشه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خه‌ڵكدا بێته‌ وه‌ڵام، چونكه‌ ئه‌و چاكسازییه‌ی‌ ئێستا له‌ رێگای‌ پێشكه‌شكردنی‌ پرۆژه‌‌و راپۆرت‌و یاداشته‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌نجامی‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ كه‌ له‌ رێگای‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن‌و گه‌یاندنی‌ ده‌نگیانه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر كردوه‌، كه‌چی‌ په‌رله‌مان هه‌ر بێده‌نگه‌، د. فوئاد رونیكرده‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كه‌مته‌رخه‌میی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێستای‌ كوردستان كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌یتوانی‌ له‌ئاست كێشه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خه‌ڵكدا بێته‌ وه‌ڵام، هه‌ربۆیه‌ ریفۆرمی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ پێویسته‌، كاتێك ره‌خنه‌كانی‌ خه‌ڵك گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌كان پرۆژه‌ی‌ چاكسازیی‌ پێشكه‌ش بكه‌ن‌و كار بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بكه‌ن، كه‌چی‌ په‌رله‌مان هه‌ر ته‌ماشاده‌كات‌و ده‌نگی‌ نییه‌، له‌كاتێكدا ده‌بو ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانێكی‌ دروستمان هه‌بوایه‌، ئه‌وا پێویست بو ئه‌و چاكسازییه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵبدایه‌، چونكه‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك‌و هه‌ڵبژێردراوی‌ خه‌ڵكن.

په‌رله‌مان به‌ دانپێدانانی‌ خودی‌ په‌رله‌مانتاران نه‌یتوانیوه‌  په‌رله‌مانێكی‌ دروست بێت‌و جێبه‌جێكاری‌ ئه‌و به‌رنامه‌ی‌ كاره‌بێت كه‌ سه‌ره‌تا كاری‌ بۆ كردوه‌‌و هێنده‌ وابه‌سته‌ی‌ حیزب  نه‌بێت، ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتار، له‌مباره‌یه‌وه‌ ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌یتوانی‌ به‌پێی‌ خواستی‌ خه‌ڵك بێت، ئه‌وا پێویسته‌ خه‌ڵك له‌كاتی‌ ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی‌ داهاتو، ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت‌و ئه‌مجاره‌ ده‌نگ بۆ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتارانێك بدات كه‌ به‌ڕاستی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك بن نه‌ك حیزبه‌كانیان‌و به‌ته‌واوی‌ ریفۆرم له‌ په‌رله‌ماندا كرابێت.

 

Sbeiy.com © 2007