چیا عباس
(به لێبوردنه‌وه بۆ برای به‌رێز وشاعیری گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌مان كاك جه‌مال غه‌مبار بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م تایتڵه له شیعرێكی به‌رێزی)
ده‌ریای وشه‌كان
ساڵانێكه ده‌ریای رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، حیزبی وئه‌وانی تریش وبه‌تایبه‌تی سیاسیه‌كه‌ی، ته‌نراوه به بۆچون وبیروڕاو هه‌ڵسه‌نگاندن وره‌خنه وگله‌یی وپهڵاماری ره‌وا ونارهوا، ته‌نراوه به جۆره‌ها لێكدانه‌وه وشێكردنهوه وپرۆژه وپرۆڤه بۆ گۆران ونوێكردنه‌وه.
ئه‌م ده‌ریایه له تكاندنی دڵۆپ به دڵۆپی وشه‌كان له فه‌زای ئازادیه‌كی بێَ ناسنامه‌وه ده‌چێت كه ئیراده‌ی ئالهی كۆیانی كردۆته‌وه. به‌رهه‌می هوشیاری ونه‌فامی ودڵسۆزی وفروفێله، به‌ڵام بۆته به‌شێك له كه‌ڵتوری سیاسی وكۆمهڵایهتیمان وپانتاییهكی به‌رینی سوچ وقوژبنهكانی ده‌رون ومێشكمانی كێڵاوه. ئه‌و دڵۆپانه هاژه‌هاژ وفركهفركێیانه، بێ ئارام ودرندانه وزۆرزانانه له زۆران بازی وده‌ست لهملاندان، لهنهفرهت كردن له‌یه‌كتر وماچ وموچدان وروكهشی ئه‌و ده‌ریایه‌یان به‌و دیمه‌نانه رازانۆتهوه.
خه‌ڵكی بێزارن، وه‌ك شاعیری گه‌وره‌ی مبللهتهكهمان، جه‌مال غه‌مبار، له شیعری "په‌ڕینه‌وه به فرمێسكه‌كانی زێوانێكدا.." ده‌ڵێت:
توڕه‌یه نیشتمان. توڕه‌یه..
له‌و سنوقانهی پڕن له ژنكوشتن، توڕه‌یه..
له بێوادهیی هاوڕێ زاهیدهكانی دوێنێی توڕه‌یه..
له هه‌مان شیعردا:
نیشتمان عه‌وداڵه به شوێن
ئه‌و حه‌رفانه‌ی
چاوه‌ڕوانیی هه‌مومان ئه‌نوسنه‌وه
له كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك....
ده‌رگایه‌ك، ئه‌گه‌ر له بێده‌نگییدا بشكێت
خه‌تای ئێمه‌یه، نه‌ك به‌ردی نزا..
توڕه‌یه نیشتمان... توڕه‌یه..
چاوه‌ڕوانی بێهوده‌یی كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه به‌و وشانه‌ی كه نیشتمانێك عه‌وداڵیه‌تی ته‌نگی به‌ئومێدی خه‌ڵكی هه‌ڵچنیوه و بێزاریشی كردوه وته‌نانه‌ت توڕه‌تر وهارتری كردوه. كاتی ئه‌وه هاتوه گله‌یی وگازه‌نده و پڕۆژه ونیمچه پڕۆژه وپڕۆڤهكان وشانۆگه‌ری و وشه ره‌قه‌كان هه‌زار پات نه‌كه‌ینه‌وه وبۆچون وچاره خهیاڵاویهكان به‌لاوه بنێن وخۆمان راتهكێنین وبه‌خه‌به‌ر بێینه‌وه. كاتی ئه‌وه هاتوه گوێ له خه‌ڵكی بگیرێت وزه‌مینه‌ی گۆڕان وراستكردنه‌وه به فیكرێكی گونجاو سازده‌ین.
ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌كیه‌ی كه هه‌مو كوردێكی دڵسۆز ده‌یكات ودور له فرت وفێڵی سیاسی وگه‌مه گومانلێكراوه‌كانی سیاسه‌تمه‌داران، ئایا زه‌مینه فكریه‌كان وئامرازه‌كانی ئه‌و گۆڕان وراستكردنهوهیه چین؟ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر بۆشایی بنیات نانرێت وپێویستی به ئاراسته فیكریه‌كان هه‌یه.
ده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه:
زه‌مینه‌ی رێكخراوه‌یی وسیاسی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له ره‌حمی بزافی نه‌ته‌وایه‌تی كورده‌وه هه‌ڵقوڵاوه وئه‌و زه‌مینه‌یه به درێژایی ده‌یان ساڵ ئامانجه‌كان وناوه‌رۆكی پلان وشێوه‌ی كاركردنیانی ده‌ست نیشان كردوه. له‌و مێژوه درێژه‌دا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه هیچ كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردوه وبهڵكه ئاستی لێبوردنی له لادان وهه‌ڵه‌و كاره قێزه‌وه‌نه‌كانی سه‌ركرده‌كانی له‌و روانگا نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بوه. له‌گه‌ڵ به‌ده‌ست هێنانی به‌شێك له ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌و حیزبانه ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست وله‌رێگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه حیزب ودهسهڵاتدارهكانی له پله‌ی یه‌كه‌مدا پاداشتی ماندوبون وقوربانیه‌كانی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه وبهبۆچونی خۆیان ده‌بێت هه‌نوكه قه‌رزه‌كانی مێژوی ماندوبونیان بداته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتداران پێره‌وی یاسا وسیسته‌می خۆیان ده‌كه‌ن وله‌و رێگه‌یه‌وه هه‌م حوكمرانی وههم حیزبایه‌تی وههم مێژوییان كردۆته قه‌ڵغان وپاساو بۆ پێشێلككردنهكانی یاسا وعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی وئازادی ودیموكراسیه‌ت. ئه‌زمونی نزیكه‌ی بیست ساڵی باشوری كوردستان بۆمان ده‌رده‌خات ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زۆر زه‌حمه‌ته تێربێت وهه‌ر خه‌ریكی په‌لاماردانه وكهڵپه تیژه‌كانی چه‌قاندۆته جه‌سته‌ی حیزب وحوكم ومیلله‌ت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا شكستی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه له‌چه‌ند بوارێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ستیاردا كه بونه‌ته مایه‌ی ناره‌زایی توند نه‌ك ته‌نها له باشوری كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری كوردستانی گه‌وره‌دا. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستا له‌مێژودا بۆ كورد ماندو بون، به‌ڵام هه‌نوكه وپاش نزیكه‌ی بیست ساڵ هۆكارێكی سه‌ره‌كی توره‌یی وماندوبونی كوردن.
له‌نێو ئه‌م گێژاوه نه‌ته‌وه‌یی وشه‌ری ده‌سه‌ڵات وچاوبازی له‌گه‌ڵ ره‌ونه‌قی دیموكراتیه‌ت ومهدهنیهتدا وته‌وژمی خشكه ئاسای ئیسلامیه‌كان وگهمارۆدانی توندی داگیركه‌رانی كوردستان بۆ حوكمرانیمان، به‌شێكی گرنگی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان به‌ده‌ست نه‌هێنراون وئه‌وه‌شی ده‌سكه‌وته رۆژانه له‌لایه‌ن شۆڤێنیزمی نه‌توه‌كانی دراوسێمان داسێكی تیژیان له گه‌ردندا توندكردوه، خه‌ڵكی توڕه‌یه وداوای گۆڕانكاری وعه‌داله‌ت ویاسا ده‌كات.
فیكری چه‌پ وگۆران وراستكردنه‌وه
بۆ ئه‌و مه‌به‌ستی گۆڕانه چه‌ند بۆچونی جیاواز زه‌مینه‌ی فكری خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. هه‌ندێك، كه به‌ژماره كه‌م نین، داوای بوژاندنه‌وه‌ی فیكری چه‌پی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌راده‌ی سه‌ره‌كی نمونه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ساڵانی هه‌فتاكان ده‌هێننه‌وه، داوای خۆرێكخستنه‌وه وخۆكۆكردنهوه ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری چه‌پ به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن. هه‌ربۆیه ئه‌و بۆچونانه زۆر به توندی مه‌حكومی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان دا ده‌كه‌ن. زه‌مینه‌ی فیكری ئه‌م ره‌وته مه‌به‌ستیه‌تی به سازدانی دیسپلینی رێكخراوه‌یی وعهقائیدی توند‌و تۆڵ ده‌توانێت گۆڕان ونوێكردنه‌وه له‌ناو حیزب‌دا ئه‌نجام بدات كه به‌دایكی گۆڕانكاریه‌كانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی دنیادا وله باشوری لای خۆمان ئاسان نیه فیكرێكی چه‌پ له كێڵگه‌ی پر گورگاندا به‌كاربێت.
ئه‌م فیكره نهستوڵجیاویه پاكه پشتئه‌ستور به ئه‌زمونێك له زه‌مه‌نێكی دیاریكراو له مێژودا هه‌م نیشانه‌ی ئاستی توندی ناڕه‌زاییه وههم په‌نابردنه به‌ر فیكرێك كه له نائومێدی وتورهییهوه هه‌ڵقوڵاوه. خۆئهكهر بێینه باسی خواستی چه‌په كلاسیكیه‌كانی كوردستان، ده‌بینین به‌شێكی به‌رچاویان بونه‌ته پاشكۆی ده‌سه‌ڵات وته‌ڵاقی عه‌قیده وپرنسیپه‌كانی مێژویان داوه وئه‌وی تریشی به‌ده‌ردی ئاردی ناو د‌رك چوه.
گرنگترین لاوازی ئه‌م فیكره له‌وه‌دایه كه باوه‌رێكی توند به فیكرێكی چه‌سپاو ونهگۆڕاو به‌سه‌ر ناوهڕۆك وئامرازه‌كانی جێبه‌جێكردندا زاڵ بوه ودیموكراسیه‌ت له‌نێویدا به ئاسته‌م نوزه‌ی لێوه‌دێت. كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێ كوێرهش له‌سه‌ر ده‌ستی كۆنه چه‌په‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێش‌و ناكرێته‌وه كه ئێستاكه وله په‌راوێزی بارودۆخه‌كه‌دا پارچه پارچه بون وهه‌ندێك لێیان كاراكتاری ئه‌وپه‌ری پیسبون وسهرگهردانین. به‌كورتی وكوردی پێناسه‌ی چه‌پی لای خۆمان وه‌ك چێشتی مجه‌وری لێهاتوه. ئه‌م خه‌ڵك وبۆچونانه له‌پرۆسه‌ی گۆڕاندا رۆڵی خۆیان ده‌بێت كاتێك زه‌مینه‌یه‌كی فیكری گونجاو بره‌خسێت وخۆیان بكه‌ن به‌به‌شێك له‌و پڕۆسه‌یه.
فیكری ده‌سه‌ڵات وگۆران وراستكردنه‌وه
زه‌مینه‌ی فیكری بۆچونێكی تر كه له ده‌سه‌ڵاتداران ودهوربهرهكهیهوه كاری بۆده‌كریت لای وایه فیكر وپڵانی ئه‌وان وه‌ك ئیراده‌ی ئالیهی كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه. ئه‌م بۆچونه لهروانگای ده‌سه‌ڵات وره‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مێژوه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵه كوشنده وكاره شه‌رمه‌زاریه‌كانیان، نزیكه له فیكری تۆتالیتاری حیزبه كۆمۆنیسته كۆنه‌كان ودارژاوهتهوه به فیكرێكی خێله‌كی شاراوه وله ره‌فتاری تاكرهوهكان ده‌چێت رازاوه به "فیكرێكی لیبراڵی" نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركه‌ش و "ده‌هۆڵی دیموكراتیه‌ت" یش سه‌مای ئاهه‌نگه‌كه‌ی بۆ گه‌رم ده‌كات. سه‌یره ده‌سه‌ڵاتێك تاسه‌ر ئێسك تاكره‌و بێت وله‌هه‌مان كاتیش‌دا خۆی به په‌پوله‌ی دیموكراسیه‌ت ولیبراڵیهت پیشان بدات.
خه‌بات وماندوبون له‌مێژودا وله‌گه‌ڵ مێژودا ده‌كرێت ببێت به‌زه‌مینه‌ی متمانه وخۆشه‌ویستی ئێستا وئاینده. به‌شێك له ئه‌زمونه‌كانی دنیا نیشانمان ده‌ده‌ن كه نمونه‌ی ئه‌و سه‌ركرده ورابهرانه زۆره كه ههنوكهیان به مێژو هه‌راسان كردوه ومتمانه‌ی ئاینده‌شیان له‌و گه‌رده‌لوله‌دا له‌ده‌ست داوه.
هه‌ڵگرانی ئه‌م فیكره لهدهسڵاتداران یا ئه‌وانه‌ی لێی نزیكن خۆیان نه د‌رك ده‌كه‌ن ونه‌دانی پێداده‌نێن كه ئه‌وان هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌و باره ئاڵۆز ونالهبارهی كوردستانن ودهشیانهوێت ته‌نها له روانگا ورێگه‌ی ئه‌وانه‌وه بناغه وپرنسیپه‌كانی گۆران ونوێبونه‌وه دابرێژرێن. ئه‌وان د‌رك به‌وه‌ناكه‌ن كه ده‌مێكه مۆراڵی سیاسیان كاڵبۆته‌وه ومیلله‌ت به‌راشكاوی ده‌یانبینێت ولێیان توره‌یه.
فیكری ئیسلام وگۆڕان وراستكردنه‌وه
زۆرینه‌ی كورد موسڵمانن، له‌مێژه‌وه موسڵمانی كورد وه‌ك تاك وه‌ك رێكخراو وهه‌روه‌ها مزگه‌وته‌كان وبه‌شێك له زانایانی ئیسلام رۆڵی باشیان له بزافی كوردایه‌تیدا هه‌بوه. له‌م بارودۆخه‌ی هه‌نوكه‌ی هه‌رێمدا بێجگه له‌وه‌ی له‌سایه‌ی هاندان وپێرهوكردنی رێبازی به‌ره‌ڵڵایی كۆمه‌ڵایه‌تی وپێشێلكردنی به‌ها به‌نرخه‌كانی ئایینی ئیسلام، ئه‌و فه‌ساد وناعهدالهتیهی به‌رپاش بوه، بونه‌ته هۆكارێكی توند كه ره‌وشی ئاینییش خواست وداواكاری توندی گۆران وچاكسازی تێدا زاڵ بوه. بۆچونه‌كانی ئایینی بۆ گۆران وراستكردنه‌وه له‌زۆر شوێنی دنیادا رۆڵی كاریگه‌ر وبه‌رچاویان هه‌بوه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا ولای خۆشمان ئیسلامی سیاسی وئاینی ئیسلام وتوندرهوی موسڵمانان به‌ئاڵۆزی تێكه‌ڵی یه‌كتر بون. ئاسان نیه پێناسه‌یه‌كی موسڵمانان و بزوتنه‌وه وحیزب ورێكخراوه ئیسلامیه‌كان بكه‌ین كه به‌بێگومانه‌وه بڵێین ئه‌مانه به‌شێكی زیندوی گونجاون له‌گه ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ گۆرانگاری ونوێبونه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌كرێت وه‌ك كورد پابه‌ندی خوای خۆی بێت وله پرنسیپه پیرۆز وبه‌ها به‌نرخه‌كانی ئیسلامه‌وه دژ به ناعه‌داله‌تی وفه‌ساد وبهرهڵڵایی بێت. ئه‌مه‌ش كه‌ره‌سه‌یه‌كی ئاماده‌ی به‌رده‌سته كه ده‌بێت بگونجێنرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌مینه فكریه‌ی بۆ گۆڕان ونوێبونه‌وه سازده‌كرێت.
نمونه‌ی توركیا كه حیزبێكی ئیسلامی خۆی له‌گه‌ڵ ژیانی دیموكراسیه‌تدا گونجاندوه وده‌سه‌ڵاتی گرتۆته ده‌ست وله‌گه‌ڵ داواكاری وپرنسیپه‌كانی ئه‌وروپای دیموكراسیه‌تدا چاوبازی وده‌ست له‌ملان ده‌كات، یا تهفرهیهكی مێژوییه له‌بیری ئیسلامدا یا گه‌مه‌یه‌كی سیاسی وفیكری ترسناكه كه‌تێدا كرۆكی سه‌ره‌كی ئیسلام، كه ده‌سه‌ڵاته، مه‌به‌سته.
فیكری دیموكراتیه‌ت وگۆڕان وراستكردنه‌وه
ئاڕاسته‌یه‌كی تری فیكری كه هه‌م له‌ناو ده‌سه‌ڵات وههم له‌ناو حیزبه‌كاندا ولای هه‌ندێك له رۆشنبیران ره‌گ وریشه‌یان هه‌یه لایان وایه كه په‌رله‌مان ورێكخراوه مه‌ده‌نی ودیموكراتیه‌كان ده‌توانن له‌رێگه‌ی یاساوه گه‌مارۆی ده‌سه‌ڵات وحیزب بدرێت وناچاریان كه‌ن بۆ گۆرانكاری. هه‌رچه‌نده زه‌مینه‌ی فیكری ئه‌م ره‌وته نزیكه له پرنسیپه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات ولیبراڵهكانهوه، به‌ڵام خۆبه‌ستنه‌وه‌ی توند به‌و بیرۆكه‌یه وته‌نها په‌نابردنه به‌ر ئه‌و ئالیه‌ته بۆ گۆرانكاری له سیسته‌م وعهقڵیهت وپێكهاته‌ی حیزبی وحوكمرانی هه‌رێمدا نزیكتره له فه‌نتازیایه‌كی ساكاری ساده له‌وه‌ی له واقیعه‌وه نزیك بێت.
چونكه له‌و وڵاته‌ی لای ئێمه گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان وچاودێری ولێپرسینه‌وه كه خودی پارڵهمانه لای ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ك خه‌تمی شه‌رعیه‌ت به‌كارده‌هینرێت بۆ ره‌وادان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌سه‌ڵات وده‌ست وپێوهندهكهی وپێشێلكردنییان بۆ یاسا وبه‌ها به‌رزه‌كانی دیموكراسیه‌ت ومافی مرۆڤ. پارڵهمانیش بێ نقه وبه قورمیش وریمۆتی ده‌سه‌ڵاتداران وحیزبه‌كان یاساكان په‌سند ده‌كات وبهسهمایهكی سه‌یر وه‌لای خۆی بۆ دیموكراسیه‌ت ومیلله‌ت ده‌خاته‌رو. هه‌رچه‌نده ده‌نگانێك له‌ناو ئه‌و پارڵهمانهدا هه‌ن كه بهریمۆتی كه‌س ناكه‌ونه جموجوڵ وبه ده‌هۆڵی كه‌سیش سه‌ما ناكه‌ن. به‌ڵام كاریگه‌رییان له‌ئاستێكی به‌رچاودا نیه وده‌سه‌ڵاتیش بهمۆرهكردن وپۆزهوه ده‌یه‌وێت بیان ترسێنن ودهنگهكانیان كپكهن.
پارڵهمهنهكهمان نه‌بۆته ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی كاریگه‌ر كه بتوانێت ئه‌ركه‌كانی خۆی وه‌ك نوێنه‌ری میلله‌ت جیبَهجێ بكات. هه‌ر له‌سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی پارڵهمانهوه (كه زۆر له كۆرێكی حیزبی ده‌چێت) وده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی، له لێدوان وپهسندكردنی یاساكانی (نه‌وت، رۆژنامه‌گه‌ری، فره‌ژنی، خوێندنی باڵا، بودجه‌كانی حكومه‌ت، تێكهڵاوكردنهوهی سێ وه‌زاره‌ته لهتكراوهكان، شه‌فافیه‌ت له‌مه‌ر داهات وسهرفیاتی حكه‌مه‌ت، رۆڵی كورد له به‌غدا، جیبَهجێنهكردنی ماده‌ی 140، یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان....تاد)، تا هه‌وڵه بێسهمهرهكان بۆ لێپرسینه‌وه له‌چه‌ند وه‌زیرێك، له بێده‌نگی وترس نیشتن لێی له به‌دواداچون ولێپرسینه‌وه له‌هه‌ندێك ئه‌ندامی خۆی له‌مه‌ر ساخته‌كردنی بهڵگنامهكانی خوێندنیان تاببنه ئه‌ندام پارڵه‌مان، له مێژوی پر شه‌رمه‌زاری چه‌ند ئه‌ندامێكی كه هه‌نوكه له دهمراستهكانی پارڵهمانن. پارڵهمانێك ئه‌مانه كاره‌كته‌ر وروخساری بن چۆن ده‌توانێت ئاورێكی جدی له میلله‌ت بداته‌وه وگۆرانكاری بۆ به‌دی بهێنێت.
جكه له‌م پاشكۆیهتیهی پارله‌مان بۆ حیزب وده‌سه‌ڵاتداران، پێویسته له‌ئاستی ژیانی رێكخراوه‌یی وحوكمرانی وپه‌رله‌مان ی‌دا ئۆپزسیۆن به‌كار بێت بۆ ئاراسته‌كردنی خه‌ڵكی بههوشیاركردنهوهیان له‌لادانی ده‌سه‌ڵات له به‌ها پیرۆزه‌كانی كوردایه‌تی ودیموكراتیهت وحوكمی یاسا. ئه‌وه‌ی له‌م پارڵهمانهی خۆمان به زهرهبینیش نابینرێت ئۆپزسیۆنیكی كاریگه‌ری خاوه‌ن به‌رنامه ومتمانه‌ی میلله‌ته.
فیكره‌كانی تر له‌به‌رده‌م گۆڕان وراستكردنهوهدا
له نێو ئه‌م فیكر وبۆچهنانهدا هه‌ندێك بیرۆكه‌ی ساواش له گروگاڵدان، بیرۆكه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان له‌ئاستی شه‌قامدا به‌شێوه‌ی راپه‌ڕین وبه‌كارهێنانی توندی، بیرۆكه‌ی پرۆتێستی توندی حیزبی، بیرۆكه‌ی گرێدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه نارهزاكان له شه‌قامی كوردی وریفۆرمخوازان وبزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه له‌كوردستان بونی سیاسی وچهكداریان هه‌یه وهه‌روه‌ها بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان له چوارچێوه‌ی پلاتفۆرمێكی نه‌ته‌وایه‌تیدا بۆ ناچاركردنی ده‌سه‌ڵات تا چۆك دابدات، بیرۆكه‌ی چاوه‌روانی بۆ گۆرانكاری سیاسی گه‌وره له‌ئاستی عێراق وناوچه‌كه ودنیادا كه ده‌رفه‌تێك بره‌خسێنێت ده‌سه‌ڵاتداران تێدا خۆیان نه‌گرن.
نه‌ته‌وه وگۆڕان
زه‌مینه‌ی فیكری به‌پیت وبه‌ره‌كه‌ت بۆ گۆران وراستكردنهوهی ئه‌م دۆخه زه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه. رۆژانه له باشوری كوردستان قوربانیانی كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان له ئه‌نفال وكیمیاباران وكوشتنی به‌كۆمه‌لی كورد وقوربانیانی شه‌ره شومه‌كانی ناوخۆ وكورده‌كانی ناوچه دابراوه‌كان له هه‌رێم كه كه‌وتونه‌ته نێو به‌رداشی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كان وشوڤێنیهتی پیكهاته‌كانی تری ناوچه‌كانیان، ده‌نگی پرۆتێست ونارهزاییان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دهردهدبرن. له‌ئاستی لاوازی ئهداكانی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌هه‌مان شێوه. كۆكردنه‌وه وگرێدانی ئه‌م ناڕه‌زاییه نه‌ته‌وه‌ییه كاریگه‌رترین وهه‌ستیارترین زه‌مینه‌ی فكریه بۆ گۆران، چونكه میلله‌ت وخاك به‌یه‌كه‌وه توڕه‌ن. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی ناچاربكرێن ملكه‌چی داواكاری وخواستهكانی میلله‌ته‌كه‌یان بن.
به‌كورتی چه‌نده میلله‌ت وخاك توره‌ن ئه‌وه‌نده‌ش فیكر وبۆچون له‌ئارادان. پێویسته نه‌ته‌وه سود له‌هه‌مو رۆڵه دڵسۆز وخهمخۆرهكانی خۆی وه‌ربگرێت. خه‌می سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م ئه‌م بۆچونانه جكه له گۆڕانكاری ونوێكردنه‌وه پاراستنی حكومه‌تی هه‌رێم بێت به‌هه‌ر نرخێك پێویست بكات. له‌ده‌ستدانی ئه‌و حكومه‌ته مانای خۆكوشتنه. ته‌نها رێگه‌ی كاریگه‌ریش رێگای نه‌ته‌وایه‌تی هێمن وعهقلانیهته، ریگه‌ی راستكردنه‌وه‌ی دۆخی ئێستا وته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كانی بزافی كوردایه‌تی له‌باشور كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ناتوانن ئه‌نجامی بده‌ن. رێگه‌ی گرێدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناره‌زایی وگله‌یی وتوره‌یی وبێزاری توێژه‌كانی میلله‌ته له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه نهتهوایهتیهدا.
پێویسته ئه‌م فیكره جیاجیایانه هه‌وڵه‌كانیان یه‌كبخه‌ن بۆ به‌رانگاربونه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی وفه‌ساد وسهرگهردانی وخۆشیان ئاماده‌ش بكه‌ن بۆ ملمڵانێهكی دیموكراسیانه له‌رێگه‌ی به‌شداریكردنی هاوبه‌شیان له سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی له هه‌رێمدا ئه‌نجام ده‌درێن به‌مه‌به‌ستی گرتنی ده‌سه‌ڵات، یا خهڵقاندنی ئۆپزسیۆنێكی راسته‌قینه كه به‌ره‌ی ئۆپزسیۆنی میلله‌ت دروست بكات ومتمانه‌ی میلله‌تی هه‌بێت. گرێدانه‌وه‌ی ئه‌م دو لایه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ودیموكراسیه‌ت خۆئاماده‌كردنێكی زۆری پێویسته له‌هه‌مو بواره‌كان وئهگهرهكانی ئاینده‌دا. ناكرێ چاوه‌ڕوان بكه‌ین هاشمی وموتڵهگ وعه‌لاوی قوڵایی ستراتیژیمان بن بۆ چاككردنی دۆخی كوردستان، ته‌نها قوڵاییمان سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تیه له كوردستانی گه‌وره، قوڵاییهكه ئه‌گه‌ر زیره‌كانه وبههێمنی بخرێته‌گه‌ر ده‌توانێت رۆڵی مێژویی خۆی ببینێت له كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌ی میلله‌ت ده‌مێكه چاوه‌روانیه‌تی.