ئایا چوار پارته‌که ده‌بنه رکابه‌ر (ئۆپۆزیسیۆن)؟
هیچیه‌ك له‌و چوار پارته (سۆسیالیست/ زه‌حمه‌تکێشان/ کۆمه‌ڵ/ یه‌کگرتوو)، گه‌ر ئه‌مڕۆ ئاڵای یاخیبوونیش هه‌ڵکات، هه‌موو ته‌نگه‌ژه‌و ناڕه‌واییه‌کانی کوردستان بقۆزێته‌وه، هێشتا ناتوانێت ببێته رکابه‌ری کاریگه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته. هۆکاری سه‌ره‌کیی له چه‌ندێتیدا نییه؛ به‌ڵکو زیاتر باجی خۆگنخاندنو خۆگونجاندنه کامێلیۆنییهکانه له دارستانه پڕ دڕنده‌که‌ی (ینك/ پدك)دا... به واتایه‌کی روونتر: ئه‌وان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هێنده‌یان له ده‌سه‌ڵات په‌ژراند، هێنده‌یان بۆ داپۆشی، هێنده هاوڕاو هه‌ماهه‌نگی بوون، تا متمانه‌ی خۆیان لای گه‌ل لاواز کرد.
رکابه‌ربوون، له ئه‌مڕۆی گهندهڵو پارتسالاری هه‌رێمی کوردستاندا کێشه‌ی ژماره‌ی نییه، به‌ڵکو پێویستی به متمانه‌یه.
به بڕوام، گه‌ر ناوه‌ندێکی ئۆپۆزیسیۆن بسازێت، سه‌ره‌تا له رووی چه‌ندێتیه‌وه پچووكیش بێت، به مه‌رجێك پاشخانێکی شه‌رمه‌زارو سه‌رزه‌مینێکی فشۆڵ ((مه‌به‌ست دوای راپه‌ڕینه)) داڵده‌ی نه‌دابێت، هه‌ڵگری خواسته زیندووه‌کانی ئه‌مڕۆ بێت‌و پڕۆژه‌ی زانستیی هاوسه‌نگ به فاکته‌کانی نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی به‌رهه‌ڤ بکات، له کاتێکی پێوانه‌ییدا ده‌بێته پێشڕه‌وی په‌یامێکی راسته‌قینه بۆ گۆڕان‌و خاوه‌نی بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان.
ئه‌و پارتانه به گشتیی ((به‌ده‌ر له یه‌کگرتوو)) له ره‌وشێکی داماوییدان، که‌س ئیره‌ییان پێ نابات. له راستییدا ئه‌وان ته‌نها شینی ئه‌وه ده‌که‌ن، دوو زلپارتهکه، بارودۆخه‌که به‌ره‌و خراپتر نهبهنو ژیانیان له په‌ناوه به‌رده‌وام بێت؛ له‌سه‌ر میراتی شۆڕشگێڕییو مێژووی به‌ر له راپه‌ڕین بژێن؛ ده‌یانه‌وێت بێلایه‌نیی بپارێزن، هێنده‌ی ده‌کرێت سه‌رکرده‌کانیان به ده‌ردی سه‌رکرده‌کانی دوو زلپارتهکه نه‌چن، روویان بێت خۆیان نیشانی میلله‌ت بده‌ن.
ئه‌وان، نه هه‌رگیز رکابه‌ر بوون، نه ده‌یانه‌وێت ببنه رکابه‌ر. له‌وانه‌یه پێشیان ناخۆش بێت خه‌ڵك تۆمه‌تی ئۆپۆزیسیۆنبوونیان بداته پاڵ!
ئه‌وان له نێوان ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستپیسی فریوده‌رو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چهپاودا "ده‌وار"یان هه‌ڵداوه...
له وه‌ڵامی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی دوو زلپارتهکه بۆ پڕۆژه‌که‌ی ئه‌وان ده‌رکه‌وت، چه‌نده ده‌سه‌ڵات داشی سواره‌و چۆن به‌رزه‌فتی هه‌ڵوێسته لاوازهکانیانی کردووه... (ئیمانوێل کانت/ ١٧٢٤- ١٨٠٤) ده‌ڵێت: «هه‌ر که‌س خۆی بکات به کرم، نابێت گله‌یی بکات گه‌ر پێی پێدا بنێن!»
که‌واته له رابردوودا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگێك، خهوشو هۆکاری سه‌ره‌کیی ناکاراییو رکابهرنهبوونی ئه‌و پارتانه، نه‌بوونی ویست‌و خوازی "بوونهئۆپۆزیسیۆن" بووه نه‌ك شتێکی دی. ئێستا گه‌ر ئه‌و "خوازه" دروستیش ببێت، به‌هاو متمانه‌ی نزمه‌و پێویستی به کاری زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی رۆ بنرێته‌وه.
ئیسلامیی‌و رکابه‌ربوون
گه‌ر هه‌موو پارتێكیش له کوردستان خه‌و به‌وه‌وه ببینێت، رۆژێك له رۆژان ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست بێت؛ به بڕوام ته‌نها (یه‌کگرتووی ئیسلامی) له رۆژهڤیدایه، رۆژێك له رۆژان ببێته ئۆپۆزیسیۆن.
ئه‌و پارته زۆر ژیرانه توانی له پڕۆژه ئایینییه‌که‌ی خۆیدا، تێکه‌ڵه (کۆمبیناسیۆن)ێك دروست بکات: هه‌سته‌وه‌ریی ئایینیی کۆمه‌ڵگه‌ی قۆسته‌وه؛ ئه‌زموونی له هه‌ڵه‌و کاره‌ساته‌کانی (ئیسلامی سه‌له‌فی) سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتن له یاسا په‌یڕه‌وکراوه‌کانی ئیسلام (فقه) وه‌رگرت؛ بووه ئاشتیخواز‌و سڤێلویست، چه‌کدارییو تۆقاندنی ره‌ت کرده‌وه؛ کاری خێرخوازیی ئه‌نجام دا؛ بایه‌خی به شارنشینییو شارستانیی (ته‌مه‌دون) دا؛ پۆسته هه‌ستیاره‌کانی رێکخراوه‌که‌ی به کادری ئاکادێمیی پڕ کرده‌وه. هه‌روه‌ها سوودی له پشتگیریی دارایی ده‌وڵه‌تگه‌لێك وه‌رگرت، که جگه له ئامانجی ئایینیی‌و رامیاریی، ئامانجی نه‌ژادپه‌رستییان له پاڵپشتیکردنی پڕۆژه‌که‌یدا نه‌بوو... به‌و شێوه‌یه، بیانووی چه‌پاندن‌و لێدانی له‌سه‌ر خۆی نه‌هێشت؛ خاڵی لاوازی نه‌دایه ده‌ست زلهێزه‌کانی کوردستان؛ پراگماتیستانه رامیاریی به‌ڕێوه برد... له ماوه‌یه‌کی پێوانه‌ییدا بووه ژماره‌یه‌کی هه‌ستپێکراو.
جگه‌له‌وه‌ش یه‌کگرتوو، نه به‌یتوبالۆره‌ی شۆڕشگێڕیی پێش راپه‌ڕینی هه‌یه تا به سه‌نگی به‌ڵێنه‌کانی ئه‌و مێژووه له مه‌حه‌ك بدرێت؛ نه ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه تا به درۆ بخرێته‌وه.
(یه‌کگرتوو)، وه‌ك تێبینی ده‌کرێت، له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه، تا له‌سه‌ر ئاستی عێراق؛ هه‌روه‌ها لای ئه‌مێریکاو تورکیا‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان؛ له‌مبه‌ریشه‌وه له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ، خۆی بکاته لایه‌نێکی هێند کاریگه‌ر، که ئیدی سه‌ربه‌خۆیانه هه‌نگاو هه‌ڵبێنێت. چ وه‌ك کارایی خۆی‌و گوزه‌رکردنی له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی جیهانو ره‌وتی رامیاریی زلهێزه‌کان؛ چ وه‌ك هه‌ڵه‌و تاوان‌و خهمساردییو نوشوستیی دوو زلپارتهکه، ببێته جێگره‌وه‌یه‌کی کارا؛ گۆڕانکارییه‌کی هاوشێوه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کانی (ئیسلامی سیاسی) له تورکیا بخه‌مڵێنێت.
به‌ڵام ئه‌و پارته، له سۆنگه‌ی نه‌بوونی "دێمۆکراسیی" له هه‌رێمی کوردستان، ناتوانێت به‌و سه‌نگه‌ی ئێستاوه خۆی وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن رابگه‌یه‌نێت. چوونکه له لانکدا لێی ده‌درێت؛ یان ده‌بێت هه‌ر وا بمێنێته‌وه، یاخود لانیکه‌م له رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه هێنده‌ی یه‌کێك له دووزلپارتهکه به‌هێز بێت... بۆیه له ئه‌مڕۆدا، چاوه‌نواڕی ئۆپۆزیسیۆنبوون له‌و پارته‌ش ناکرێت...
دژی ئه‌وه‌م به ره‌هایی بگوترێت: "کار له‌سه‌ر گریمانه‌و گومان ناکرێت"... بایه‌خ نه‌دان به گریمانه‌و گومان، نه‌بوونی پێشبینییو لێکدانه‌وه‌ی زانستیی پێشهات؛ له کورتبینیی، نه‌بوونی رێکار، چارهنوسخوازییو ملکه‌چبوون بۆ گۆڕانی سروشتیی زیاتر، هیچی دی نین.
له‌و روانگه‌یه‌وه بڕوام وایه، گه‌ر پێدراوو رێکه‌وتیش کارێك بکه‌ن، یه‌کگرتوو سبه‌ینێ ببێته فه‌رمانڕه‌وا، دوور نییه له‌به‌ر هه‌مان هۆکار ((واته نه‌بوونی دێمۆکراسیی))، له ئیسلامییه‌کانی تورکیا باشتری بۆ بچێته سه‌رو سیستمێکی ئایینیی سامناك دابمه‌زرێنێت.
به‌های پڕۆژه‌ی چوار پارته‌که
زانای رامیاریی (ڤیلهێلم هێنیس/ ١٩٢٣) ده‌بێژێت: «ریفۆرم هه‌میشه زه‌ره‌رمه‌نده‌کان ده‌یخه‌نه روو؛ ئه‌وانه‌ی "بیللی"یان له ده‌ستدایه، به ته‌مای ئه‌وه نین کارتی باشتریان بێته ده‌ست».
پڕۆژه‌ی چوار پارته‌که بۆ چاکسازیی، هه‌رچه‌نده هیوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵناچنرێت، لێ هێشتا ههنگاوێکی زۆر باشبوو، جێگای ده‌ستخۆشیه... ئه‌وان وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن پڕۆژه‌که‌یان پێشکه‌ش نه‌کرد، بۆیه مافی خۆیانه هه‌ر مه‌به‌ستێکی پۆست‌و پایه‌و داراییان له‌و پڕۆژه‌یه‌دا هه‌بێت. به تایبه‌تیی گه‌ر بزانین، دوو زلپارتهکه چه‌نده به‌رانبه‌ریان نادادپه‌روه‌رن.
ئه‌و پڕۆژه‌یه گه‌ر له‌وانی دی باشتریش بێت، هێشتا تێروپڕ نییه. پێشه‌کییه‌کی ناپێویست نێزیکه‌ی (٤٠%)ی رووپێوی پڕۆژه‌که‌ی داگیر کردووه... له زۆر لایه‌نی (ئابووریی/ رامیاریی) تینوو به دهستکارییو چاکسازیی نه‌دوواوه... گه‌ر ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێشی بکردایه، هه‌ر له ئێستا باشتر نه‌ده‌بوو، چوونکه بواری کارتۆنییکردنی زۆر تێدایه.
بۆ نموونه ئه‌و خاڵه‌ی په‌یوه‌ست به پێشنیاری دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێکی ئاسایش سه‌ر به "سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم"؛ ئایا گه‌ر دابمه‌زرێت، جگه له دیکۆرو پاره بۆتهرخانکردن چیی دیکه‌ی له‌ده‌ست دێت؟ ئایا ره‌وشی له ره‌وشی "ئه‌نجومه‌نی باڵای پارته سیاسییه‌کان" باشتر ده‌بێت؟!. به بڕوام گه‌ر بهاتباو پێشنیاری "ئه‌نجومه‌نێکی ئاسایش" له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، بۆ که‌سانی بێلایه‌نی ئاکادێمی بکرایه، راپۆرتیان سه‌باره‌ت به هه‌ر ره‌وشێك هه‌بوایه‌و میرییان له پێنگاڤهکان ئاگادار بکردایه‌ته‌وه زۆر باشتر ده‌بوو.
لێ به گشتیی، گه‌ر پڕۆژه‌که دوو دێڕیش با، هه‌ر به‌های خۆی ده‌بوو...
له ململانێی دواهه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیی ئه‌ڵمانیا ساڵی (٢٠٠٥)، هه‌موو تانه‌و پلارهکان له پارتی (ئێس پی دی) که له‌گه‌ڵ (سه‌وزه‌کان) له ده‌سه‌ڵاتدا بوون، هێنده‌ی ئه‌وه زیانمه‌ند نه‌بوو، کاتێك کاربه‌ده‌ستێکی به‌رزی رامیاریی خودی پارته‌که، له میدیادا ره‌خنه‌ی توندی گرت.
چوار پارته‌که، ئه‌مڕۆ گه‌ر بۆ دیکۆریش بێت، به‌شداری میرین. جه‌ختکردنه‌وه‌ی ناڕه‌وایی‌و گه‌نده‌ڵیی له پڕۆژه‌که‌ی ئه‌واندا، لا پاڵ بڵاوکراوه‌که‌ی سکرتێری گشتیی (ینك)، باشتریین به‌ڵگه‌ی له ده‌م وه‌رگیراوی ناڕه‌وایی‌و گه‌نده‌ڵیی رامیاریی‌و ئابوورییه.
پڕۆژه‌که ئه‌و هیوایه‌ی به‌خشی، که ئه‌و پارتانه چیی دی به بێده‌نگیی نامێننه‌وه.
له هه‌مووی گرنگتر، به‌هۆی پڕۆژه‌که‌ی ئه‌وانه‌وه، به فه‌رمیی، ههڵوێستو دیتانه‌ی (رامیاریی/ دێمۆکراسیی) ده‌سه‌ڵات که‌وتنه روو... وه‌ڵامه‌که‌ی (پدك/ ینك) ئه‌وه‌ی جه‌خت کرده‌وه، ئومێدی خۆڕاستکردنه‌وه له‌و دوو پارته ناکرێت. چوونکه خۆیان به هه‌ڵه نازانن‌و له سه‌رووی رهخنهوهن.
وه‌ڵامی دوو زلپارتهکه بۆ ئه‌وان
کاتێك (ئۆلیڤه‌ر کرۆموێڵ/ ١٥٩٩- ١٦٥٨) ده‌یه‌وێت وه‌ك ئه‌ندام پارله‌مان دژی (کارلی یه‌که‌م/١٦٠٠- ١٦٤٩) جه‌مسه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه دروست بکات. واته پێشئه‌وه‌ی ببێته هێزی گۆڕان‌و پاشای ئینگلته‌را له دار بدات، سیستمی کۆماریی دابمهزرێنێتو ببێته خوێن‌ڕێژ، گوتوویه‌تی: «گه‌ر منیش پاشا بوومایه، ریفۆرمم دوا ده‌خست!»... واته: پاشا نه‌ك هه‌ر حه‌زی به ریفۆرم نییه، به‌ڵکو گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵات، کۆڵه‌که‌ی مانه‌وه‌ی رژێمه‌که‌یه‌تی؛ گه‌ر ریفۆرم بکات تیا ده‌چێت، بۆیه ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام ریفۆرم دوا بخات!
خه‌وشه‌کانی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی له هه‌رێمی کوردستان، وه‌ك له به‌شی یه‌که‌میشدا باسکرایه‌وه، به‌شێکن له خه‌سڵه‌ته‌کانی سیستمه‌که.
((جارێك له وتارێکدا گوتم: بوونی رێژه‌یه‌کی دیاریکراو له بێکار که نه‌گاته ئاستی مه‌ترسی، مه‌رجی مانه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه؛ به‌و شێوه‌یه سه‌رمایه‌دار، هه‌میشه ئالتێرناتیڤی له به‌رده‌سته، تا ناڕاسته‌وخۆ بیانکاته هه‌ڕه‌شه‌و له کاتی ناڕه‌زایی کرێکاراندا ببنه جێگره‌وه‌ی مانگرتووانو ناڕازییه‌کان. بۆیه هیچ رژێمێك که سیستمه‌که‌ی سه‌رمایه‌دارییه، ئاماده نییه له‌سه‌دا سه‌د چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه بکات، به‌ڵکو له سنوورێکدا رای ده‌گرێت!)).
سیستمی گه‌نده‌ڵی (رامیاریی/ ئابووریی) هه‌رێمی کوردستانیش، زه‌مینه‌یه‌کی باش‌و به‌پێزی مشهخۆرییو بازرگانیی‌و دزیی گه‌وره‌یه، مه‌حاڵه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بیه‌وێت له ناوی ببات، ته‌نها ده‌یه‌وێت له ئاستێک‌دا که مه‌ترسیی نه‌بێت رای بگرێت!
له‌وانه‌یه گه‌ر ئه‌و چوار پارته‌ش، هێنده‌ی دوو زلپارتهکه گه‌وره بان، له‌وان باشتر نه‌بان؛ له‌وانه‌یه گه‌ر دوو زلپارتهکه هێنده‌ی ئه‌وان پچووك بان، له‌وان باشتر بان...
لێ راستییه‌کان ده‌ڵێن، گومانه‌کان هه‌رچۆنێك بن، نابنه پاساوی نادادپه‌روه‌رییه‌کانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و پارتانه ناڕه‌واییان به‌رانبه‌ر ده‌کرێت؛ مافی خۆیان نادرێتێ؛ رامیارییانه ده‌چه‌پێنرێن؛ له هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌ڵاواردنیان به‌رانبه‌ر په‌یڕه‌و کراوه.
ته‌نها ئه‌و راستییه‌ی که ده‌بێژێت، ته‌نانه‌ت بودجه‌ی میریش له کوردستان زلپارتهکان دیاریی ده‌که‌ن، ئاستی تراژێدیی سیستمی فه‌رمانڕه‌وا به زه‌قیی دهردهخاتو ئیدی پێویستی به روونکردنه‌وه‌ی زیاتر نییه!
گه‌ر دوو زلپارتهکه له گوتار‌و کرداریشدا چاووڕاو په‌یڕه‌و بکه‌ن، لانیکه‌م چوار پارته‌که له پڕۆژه‌که‌یاندا راستییان پێکاوه... هێشتا هیچیه‌ك له‌و پارتانه ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی نییه تا کوێرانه به گه‌نده‌ڵ ناو بنرێت... هه‌موو پارته‌کانی کوردستان مافی خۆیانه، له سیستمێکی ته‌ندروستی دێمۆکراسییدا که خۆیان باوه‌ڕیان به پرینسیپه‌کانی هه‌یه، به پێی یاساگه‌لێك بودجه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌یان ههبێتو به ماف‌و ئازادیی پێویسته‌وه بای باڵی خۆیان بده‌ن.
ئه‌و لایه‌نه‌ی هه‌ستیارتر رووبه‌ڕووی پڕۆژه‌ی چوار پارته‌که بووه‌وه (پدك) بوو... له لایه‌ك، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ره‌کییه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له پله‌ی یه‌که‌مدا رووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌بنه‌وه... له لایه‌کی دی، چوار پارته‌که داوای وازهێنانی سه‌رۆکی هه‌رێم له سه‌رۆکایه‌تی پارته‌که‌ی ده‌که‌ن. که ئه‌وه بۆ (پدك) مایه‌ی په‌ژراندن نییه.
هه‌رچه‌نده ئه‌و داوایه‌ی چوار پارته‌که ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌وانیش گومانیان له پایه‌ی باوکانه‌ی که‌سی سه‌رۆکی هه‌رێم نییه‌و گه‌ر هه‌مووان به چاوێك سه‌یر بکات ئه‌و خاوه‌ندارێتییه ده‌سه‌لمێنن... لێ ئه‌وه بۆ (پدك) کاره‌ساته. گومانه له دادپه‌روه‌ریی سه‌رۆکی هه‌رێم. گومانه له راستگۆیی باڵاتریینو پیرۆزتریین که‌سی ئه‌و پارته... دواجار دادپهروهرییو راستگۆیی سه‌رۆك یان سکرتێری پارت له‌و جۆره پارتانه‌دا، وه‌ك دادپهروهرییو راستگۆیی خودا وایه، نابێت که‌س گومانی لێی هه‌بێت. هه‌ر که‌س گومانی لێی هه‌بێت، نێزیکایه‌تی "تابو"وه.
گه‌ر ئه‌و خودایه دۆو دۆشاویش تێکه‌ڵ بکات پڕه له زانایی... یه‌کێك ده‌وڵه‌مه‌ند دهکاتو یه‌ك هه‌ژار. یه‌کێك جوان‌و یه‌ك ناشیرین، یه‌کێك ته‌واوو یه‌ك که‌مئه‌ندام، هه‌مووی پاساوی خۆی هه‌یه... دروستبوونی گهندهڵێکیش وه‌ك دروستبوونی مێشێك پڕه له زانایی خودایی... به‌خشینی پاره‌و پایه به ناپاك‌و کۆنهبهعسییهك شتێك نییه جگه له لێبوردهییو میهری خودا... ئه‌وه‌ی خراپ له‌و خودایه بدوێت ده‌می خوار ده‌بێت؛ گه‌ر نا، ده‌بێت باوه‌ڕداران بۆی خوار بکه‌ن!
وه‌ڵامی (ینك/ پدك) بۆ چوار پارته‌که له هه‌ڵچوون‌و دژوێژییو خێڵڕهفتاریی زیاتر هیچی دی تێدا نه‌بوو. ته‌نها شایانی ئه‌وه‌یه، بکرێته پێوه‌ر بۆ تێگهیشتنو هه‌ڵوێستی رامیاریی خۆیان... ئه‌وان رکابه‌ر نین، لێ دوو زلپارتهکه سه‌لماندیان، ته‌نها هێنده رێگه نیشانی رکابه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌تا بکه‌ونه‌وه ژێر چنگی خۆیان.
یان وه‌ك (فرانز کافکا/ ١٨٨٣- ١٩٢٤) گوتی: «"وا باشه تۆ رێڕهوهکهت بگۆڕیت" پشیله ئه‌وه‌ی به مشك گوت‌و قووتی دا!».