Print
 بۆچی‌ پێویستمان به‌چاكسازییه‌ ؟
Monday, June 22, 2009
دانا فوئاد 

هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ خۆشگوزه‌رانی‌ بژی‌، پێویسته‌ هه‌ریه‌كێك له‌ بواره‌ كانی‌ (ئابووری‌، كۆمه‌لاَیه‌تی‌، سیاسی‌) به‌سه‌ركه‌وتویی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت و بتوانێت هاوكێشه‌یه‌كی‌ ته‌واو دروستبكات له‌نێوان هه‌رسێ‌ بواره‌كه‌دا، تاوه‌كو هه‌موو چین وتوێژه‌كانی‌ خه‌ڵك سود له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ باشه‌كانی‌ ببینن و هه‌موولایه‌ك به‌ئاسوده‌یی‌ بژین، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م بوارانه‌ به‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ كۆمه‌ڵگا داده‌نرێت و هه‌ریه‌كه‌یان هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و خۆشگوزه‌رانی‌ هه‌نگاوبنێن، ئه‌م ئه‌ركه‌ش له‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تدایه‌ كه‌ئه‌م كارانه‌بكات، ئه‌ویش به‌ نه‌خشه‌و پلانێكی‌ تۆكمه‌ له‌هه‌موو ئاسته‌ كارگێرییه‌كانداو به‌پشت به‌ستن به‌كه‌سانی‌ پسپۆڕو خاوه‌ن شاره‌زا به‌پێی‌ ئه‌و توانایه‌ی‌ كه‌له‌كاره‌كانیاندا هه‌یانه‌، تا بتوانێت كۆنترۆڵی‌ كاره‌كانی‌ بكات و توشی‌ گرفت نه‌بێت له‌چۆنیتی‌ به‌ڕێوبردنی‌ كاره‌كاندا.

به‌لاَم ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ واقعی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان بكه‌ین ده‌بینین له‌ هه‌رسێ‌ بواره‌ كه‌دا لاوازییه‌كی‌ ته‌واو له‌چۆنێتی‌ به‌ڕێوبردنی‌ كاره‌كاندا هه‌یه‌و حكومه‌ت به‌پێی‌ پێویست هه‌ڵنه‌ساوه‌ به‌چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌هاتونه‌ته‌ رێی‌ ئه‌و بوارانه‌ی‌ كه‌باسمان كرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردودا حكومه‌ت توانیویه‌تی‌ چه‌ند كارێك به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت وه‌ك دابینكردنی‌ ئه‌من و ئاسایش و به‌رقه‌راربونی‌ ئازادی و هه‌روه‌ها به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌ك، به‌لاَم ئه‌مانه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا بگاته‌ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ شانبه‌شانی‌ ولاَتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بوه‌ستێت وپشت به‌به‌رهه‌می‌ خۆی‌ ببه‌ستێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كارانه‌ی‌ كه‌كردویه‌تی‌ رێگا خۆشكه‌ره‌ بۆ بنیاتنانی‌ گۆمه‌ڵگایه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

ئه‌گه‌ر بێن سه‌یری‌ بواری‌ ئابووری‌ بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌م بواره‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا لاوازییه‌كی‌ زۆری‌ پێوه‌ دیاره‌، له‌ربه‌رئه‌وه‌ی‌ تائێستا پشت به‌به‌رهه‌مه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستین و نه‌مانتوانیوه‌ كه‌رته‌ئابوورییه‌كانی‌ وه‌ك كه‌رتی‌ پیشه‌سازی و كه‌رتی‌ كوشتوكاڵی‌ له‌ناوخۆدا په‌ره‌ پێ بده‌ین و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان بكه‌ین، تا بتوانین به‌به‌رهه‌می‌ ناوخۆ پێداویستییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ش چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی‌ خراپی‌ به‌جێهێشتووه‌ وه‌ك دروستبونی‌ هه‌ڵئاوسان له‌ناو بازاره‌كانداو زیادبونی‌ دیارده‌ی‌ بێكاری‌ هه‌روه‌ها دابه‌زینی‌ به‌های‌ دراوو به‌رزبونه‌وه‌ی‌ ئاست گشتی‌ نرخ، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌دێنه‌ رێی‌ ئیش و كاره‌كانی‌ كه‌رته‌ئابوورییه‌كان، به‌پشت به‌ستن به‌كه‌سانی‌ پسپۆرو شاره‌زا له‌م بواره‌دا، دابینكردنی‌ سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كان بۆیان، تاوه‌كو چیتر پشت به‌به‌رهه‌می‌ ناوخۆ ببه‌ستین.

سه‌باره‌ت به‌بواری‌ سیاسی‌، ده‌بینین له‌كوردستاندا زۆربه‌ی‌ ئیش و كاره‌كانی‌ حوكومه‌ت حیزب به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو حیزب ده‌ستی‌ خستۆته‌ ناو كاروباره‌ حكومییه‌كانه‌وه‌، كۆنترۆڵی‌ كاروباره‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كردووه‌، زۆربه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ژێر ره‌حمه‌تی‌ حیزبه‌كاندا كاره‌كانیان به‌رێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی‌ خراپی‌ به‌جێهێشتوه‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ رۆژانه‌ خه‌ڵكی‌ ناڕه‌زایی‌ خۆیان ده‌رده‌بڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م حیزبانه‌ كاره‌كان ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیاندا به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن، له‌سه‌ر سروشتی‌ كاره‌كانی‌ خۆیان لایانداوه‌ كه‌ته‌نها كاری‌ سیاسییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ته‌نها له‌و بواره‌دا كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و خزمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ بكه‌ن، كاری‌ حیزبی‌ له‌حكومه‌ت جیا بكه‌نه‌وه‌. تا كاری‌ سیاسی‌ وێنه‌یه‌كی‌ جوان لای‌ خه‌ڵكی‌ به‌جلێ‌ بهێڵێت.

سه‌باره‌ت به‌ بواری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌، ده‌بینین هاولاَتی‌ رۆژانه‌ بێزاریی‌ خۆیان ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر به‌ كه‌می‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ وه‌ك ئاوو كاره‌باو نه‌بونی‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبون و زۆربونی‌ دیارده‌ی‌ بێكاری‌ له‌ناوچینه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ها زۆربونی‌ كێشه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك زیادبونی‌ رێژه‌ی‌ سوتانی‌ ژنان و چه‌ندین كێشه‌ی‌ تر، هه‌موو ئه‌مانه‌ چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی‌ خراپی‌ به‌جێ‌ هێشتووه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگادا.بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت هۆشیاری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ لای‌ هاولاَتیان فراوان بكات و ئه‌و توانایه‌ی‌ كه‌هه‌یه‌تی‌ به‌كاری‌ بهێنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان.

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌م كێشانه‌یه‌ پێویسته‌چاكسازی و گۆڕانكاری‌ بكرێت له‌ سیستمی‌ به‌رێوبردنی‌ كاره‌كانی‌ ناو حكومه‌تدا.

 

Sbeiy.com © 2007