Print
 ئاماژه‌كانی‌ قبوڵكردنی‌ ده‌ستوور
Monday, June 22, 2009
هیوا جه‌مال 


شاره‌زایانی‌ ده‌ستووری‌‌و روناكبیران‌و زۆرینه‌ی‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌لێن‌و كه‌موكوریی‌ زۆری‌ تێدایه‌، به‌تایه‌بت كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێمانا زیادكراون‌و وه‌ك كاڵایه‌ك به‌باڵا سه‌رۆكدا بڕاوه‌.

ئه‌گه‌ر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ئه‌م ره‌شنوسی‌ ده‌ستووره‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌جدی‌ بیانه‌وێت تێی‌ په‌ڕێنن‌و بیخنه‌ په‌رله‌مانی‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌وه‌‌و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بده‌ن ئه‌وا كۆمه‌لێك شیكردنه‌وه‌‌و ئاماژه‌  له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ ناكرێت هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر نه‌كرێت.

بۆ یه‌كێتی‌،كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ هاوپه‌یمانی‌ ستراتیژییان ئیمزاكردووه‌، ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌دات كه‌، ئه‌وحیزبه‌ به‌فعلی‌ ته‌سلیمی‌ پارتی‌ بووه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بیه‌وێت ده‌توانێت سه‌ریدا بسه‌پێنێت‌و ئه‌میش شه‌رعییه‌تی‌ بۆ ده‌دات، ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌لێت كه‌ یه‌كێتی‌ له‌رووی‌ ده‌رونییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا ناتوانێت به‌رگری‌ له‌و مافانه‌ بكات یان ره‌خنه‌ی‌ له‌و بریارانه‌ هه‌بێت كه‌ ده‌درێن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مكان پێده‌لێت كه‌ یه‌كێتی‌ به‌ته‌واوی‌ قه‌ناعه‌تیكردووه‌ وه‌ك حیزبی‌ پله‌ دوو مامه‌ڵه‌بكات، ئاماژه‌یه‌كی‌ تری‌ رازیبوونی‌ یه‌كێتی‌ به‌و ره‌شنوسی‌ ده‌ستوره‌ی‌ ئێستا، ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌ حیزبێكی‌ سۆسیال دیموكرات ده‌زانێت به‌ ڵام به‌ عه‌مه‌لی‌ له‌گه‌ڵ‌ شه‌رعییه‌تدان به‌ بنه‌ماڵه‌بوونی‌ سیستمی‌ حوكمرانی‌ هه‌رێمدایه‌...

بۆ  جه‌ماوه‌ری‌ پارتی‌، قبوڵكردنی‌ ده‌ستوور به‌م شێوه‌یه‌ی‌ كه‌هه‌یه‌، ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌دات كه‌ جه‌ماوه‌ری‌ پارتی‌ به‌درێژایی‌ كاركردن به‌ده‌ستوور له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌سێك دواتریش كوڕه‌كه‌یی‌‌و نه‌وه‌كانی‌ حكومییان بكه‌ن، بۆجه‌ماوه‌ری‌ غه‌یره‌ بارزانی‌ كه‌ له‌وبڕوایه‌دام زۆرینه‌ن له‌ ناو پارتیدا قبوڵیانه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌یان به‌فعلی‌ ببێته‌ حیزبی‌ بنه‌ماڵه‌و تا ئه‌وان‌و پارته‌كه‌یان هه‌بێت یه‌ك بنه‌ماڵه‌ حكومییان بكات، (راسته‌ پارتی‌ له‌دوای‌ مه‌لا مسته‌فاوه‌ مه‌سعود بارزانی‌ كردووه‌ به‌سه‌رۆك به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت‌و لانی‌ كه‌می‌ بروای‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ناوخۆ هه‌یه‌ ده‌توانن ئه‌و سه‌رۆكه‌ لاببه‌ن‌و كه‌سێكی‌ دیكه‌ بكه‌نه‌ سه‌رۆكیان له‌ په‌یره‌وی‌ ناوخۆی‌ پارتیشدا ئاماژه‌یه‌كی‌ وا نابینرێت كه‌ ته‌نها بارزانییه‌كان سه‌رۆك بن)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ غه‌یره‌ بارزانییه‌ به‌مه‌ رازیی‌ بن ده‌شێت ئه‌و هه‌له‌یان له‌ده‌ست بچێت.

بۆ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ جگه‌ له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌گه‌ر به‌و ره‌شنوسی‌ ده‌ستوره‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ رازیبن، ئه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌دات كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ندێكیان جگه‌ له‌ ماكیاجكردنی‌ ده‌سه‌ڵات (وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بۆ قسه‌كردنیان له‌سه‌ر مه‌له‌سه‌ی‌ فره‌حیزبی‌‌و دیموكراسی‌) هیچی‌ ترنییه‌، ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌شمان پێده‌دات كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ بروایان به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ هه‌رگیز ناگه‌نه‌ ده‌سه‌لات‌و سه‌رۆكایه‌تیان به‌رناكه‌وێت جا ده‌لێن بۆچی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ له‌ حكومه‌ت هه‌یانه‌ به‌ برینی‌ بده‌ن.

بۆ رۆشنبیران‌و كه‌سانی‌ بێلایه‌ن‌و ره‌خنه‌ گره‌كان، ئاماژه‌ی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌دات كه‌ گرنگ نییه‌ به‌لایانه‌وه‌ كێ‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكیان‌و كێ‌ تا سه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆك، ئه‌وان ته‌نها ئیشییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌خنه‌ بگرن‌و موچه‌و‌و ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنوسن‌و كۆڕبگرن، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ چی‌ ده‌بێت گرنگ نییه‌.

بۆ گروپی‌ ره‌خنه‌یی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێَن له‌به‌ر نه‌بوونی‌ شه‌فافییه‌ت‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان لای‌ كه‌سێك وازیان له‌ ئیمیتیاز‌و پله‌وپایه‌كانیان هێناوه‌‌و ژیانی‌ شاهانه‌یان وه‌لاناوه‌‌و هاتوونه‌ ریزی‌ خه‌ڵكه‌وه‌، ده‌بێت به‌جدی‌ كارله‌سه‌ر ئه‌وه‌بكه‌ن كه‌ ئه‌و ده‌ستووره‌ی‌ بڕوایان به‌م ره‌شنوسه‌ی‌ ئێستای‌ نییه‌ ره‌تیبكه‌نه‌وه‌، جه‌ماوه‌ری‌ ئه‌وان لێره‌دا قورساییه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌بێت ئیشكردنه‌كه‌ ته‌نها ره‌خنه‌گرتن نه‌بێت پێویستی‌ به‌ گرتنبه‌ری‌ رێوشوێنێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات وا لێبكات له‌و بریاره‌ی‌ داوێتی‌ په‌شیمان بێته‌وه‌.

بۆ سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ چین‌و توێژه‌ هه‌ژاره‌كانن‌و ئه‌وانه‌ن كه‌ یاساكان له‌به‌رامبه‌رییاندا كاران‌و تیخه‌كانیان تیژن، ده‌بێت ئه‌و ره‌شنوسه‌ری‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌یه‌ك ده‌نگ‌و ره‌تیبكه‌نه‌وه‌‌و چاوه‌رێی‌ فه‌رمان‌و ئاراسته‌ی‌ حیزبه‌كان‌و سه‌ركرده‌كان نه‌كه‌ن هه‌ر له‌ ده‌وامنه‌كردن، مانگرتنی‌ گشتی‌‌و خۆپیشاندان،  ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێت به‌شێوه‌ی‌ ئاشتیانه‌‌و مه‌ده‌نیانه‌ بیگرنه‌به‌ر، باجه‌ماوه‌ری‌ كوردستان ئه‌وه‌باشب زانن مانگێك بێ‌ كاروكاسپی‌ بن باشتره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ تا مردنیان سه‌رۆكێكیان هه‌بێت، بۆنه‌وه‌كانیشیان  نه‌وه‌كانی‌ سه‌رۆكه‌كه‌ حكومیان بكات.

Sbeiy.com © 2007