مه‌حمود ره‌زا ئه‌مین
رۆژی هه‌ینی، 10/6/2009 هه‌ڵبژاردنی گشتیی سه‌رکۆماری ئێران له نێوان چوار کاندیدکراوی سه‌رکۆماردا، ئه‌نجام درا: ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، میر حوسه‌ین موسه‌وی، موحسن ره‌زایی و مه‌هدی که‌ڕوبی. ناوه‌کانی دووه‌م و چواره‌م سه‌ربه باڵی ریفۆرمخوازی میانڕۆن. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نوێنه‌ری باڵی کۆنسێرڤه‌تیڤی توندره‌وو ره‌زاییش سه‌ربه باڵی کۆنسێرڤه‌تیڤی میانڕۆ بو.
چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکی ئیران و دنیا له هه‌ڵبژاردنه‌که:
له‌به‌ر زۆر هۆ که دواتر به‌خێرایی ئاماژه‌یان پێ ئه‌ده‌م، خه‌ڵکی ئێران و دنیا له سیاسه‌ته‌کانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ناڕازی بون. ئه‌و حه‌ماسه‌ی خه‌ڵکی ئێران بۆ به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا پیشانیان دا، ئاماژه‌بو بۆئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه له ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بێزارن و ئه‌یانه‌وێ له‌رێگه‌ی سندوقی ده‌نگانه‌وه بیگۆڕن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئێران و دنیاشی سه‌رسام کرد، ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌که بو.
وه‌زیری ناوخۆی ئێران (صادق محصولی) که له‌ناو سوپای پاسدارانا بوه به هاوڕێی نزیک و دڵسۆزی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، به خێراییه‌کی سه‌ر سوڕهێنه‌ر رایگه‌یاند که نه‌ژاد به رێژه‌ی 62.6% به‌رامبه‌ر 33.7% له موسه‌وی بردۆته‌وه. به‌ڵام پێشتر موسه‌وی مژده‌ی سه‌رکه‌وتنی به لایه‌نگرانی راگه‌یاندبو. محه‌مه‌د خاته‌می، سه‌رکۆماری پێشوتری ئیران پێرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی پێشکه‌شی موسه‌وی کردبو. ئه‌وان هه‌ردوکیان زانیاری وردیان له هه‌ندێک به‌رپرسی وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌رئه‌گرت، بۆیه له سه‌رکه‌وتن دڵنیا بون.
راگه‌یاندنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆی ئێرانه‌وه، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئیران و ته‌واوی چاودێرانی دنیای سه‌رسام کرد. چونکه به‌گوێره‌ی هه‌مو لێکدانه‌وه‌یه‌کی زانستیانه‌ی ئیرانی و نا ئێرانی، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به راده‌یه‌کی خراپ ململانێکه‌ی ئهدۆڕاند. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک ئاژانسی جیهانی و هه‌ندێک کاناڵی زانیاریی ئیرانی وایان بڵاوکرده‌وه که، راوێژکاره‌کانی داوای دانبه‌خۆداگرتن یان لێکردوه، ئه‌گینا نه‌ژاد هه‌ر پێش جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان بهتهمابوه دۆڕاندنی خۆی رابگه‌یه‌نێ.
زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێران بۆچی له نه‌ژاد بێزار بون؟
له سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی نه‌ژاددا ئێران له‌سه‌ر زۆر ئاست توشی قه‌یران و کێشه‌ی گه‌وره هات:
یه‌که‌م: له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ئابوری:
له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ژاددا، راده‌ی ساڵانه‌ی هه‌ڵاوسان گه‌یشتۆته 15- 30%. له 70 ملێون ژماره‌ی دانیشتوانی ئێران، 20 ملێون که‌س که، ئه‌کاته 28.57% ی ژماره‌ی دانیشتوان، بێکار که‌وتون. به‌رپرسانی سپای پاسداران به‌ڕێوه‌بردنی ئابوری ئێرانیان گرتۆته ده‌ست. له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش‌دا به‌شی شێریان بردوه. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و وه‌زیری ناوخۆ و کۆمه‌ڵێک وه‌زاره‌تی تری گرنگ له‌ده‌ست سه‌رکرده‌کانی پاسداراندان. رژێمی سیاسی و سپای پاسداران (مقایچه)ی دوو شت ئه‌که‌ن: پاره و نفوز به‌رامبه‌ر پاراستنی کورسی حوکمی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی. 85% ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان موڵکی ده‌وڵه‌تن و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکرده گه‌وره‌کانی پاسداراندان. ئه‌مه بوه‌ته هۆی لاوازکردنی ئازادیی ئابوری و زاڵکردنی ئابوریی ره‌یعی. به‌شی زۆری ئابوری رهیعیش ئه‌وانه ئه‌یخۆن و که‌ڵکی لێوه‌رئه‌گرن که بڕوای ته‌واویان به "پره‌نسیپه‌کانی شۆڕشی ئیسلامی- خه‌تی ئیمام خامه‌نه‌ئی و نه‌ژاد" هه‌یه. 85% ی کۆی داهاتی هه‌نارده، له فرۆشتنی پهترۆلهوه ئه‌چێته خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، نه‌ژاد بڕێ له‌م پاره‌یه وه‌کو "سه‌ده‌قه: خێر" ئهداتهوهبه رهشوڕوتی وڵات. به‌هۆی سیاسه‌تی ئه‌تۆمیی نه‌ژاده‌وه، سزا ئابورییه‌کانی خۆرئاواش باری ئابوری ئێرانیان ئه‌وه‌نده‌ی تر قورسکرد. له سایه‌ی ئه‌م هه‌مو هه‌ڵه ئابورییانهدا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه ئه‌ژین، گه‌یشتۆته زیاتر له 18 ملێون که‌س.
دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستی ئازادییه گشتییه‌کانی خه‌ڵک:
له‌سه‌رده‌می حوکمی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا ئازادییه گشتییه‌کان به‌رته‌سکتر کرانه‌وه. ئازادیی رۆژنامه‌نوسی بۆ باڵی ریفۆرمیستانی ناو ده‌سه‌ڵات بێهێزتر کرا. بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاریی زانکۆکان سه‌رکوتکرا. له‌سێداره‌دانی نه‌یارانی رژێم به هه‌نگاوی گه‌وره چوه پێش. ئامرازه‌کانی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی به‌ته‌واوی خرانه خزمه‌تی باڵی (خامه‌نه‌ئی- نه‌ژاد). بۆ راکردن له کێشه ناوخۆییه‌کانی وڵات و به‌رته‌سکتر کردنه‌وه‌ی ئازادییه گشتییه‌کانی خه‌ڵک، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌رده‌وام دروشمی نه‌ته‌وه‌یی ئاگرینی ده‌رخواردی خه‌ڵک و دوژمنی وه‌همی بۆ ئێران داتاشیوه.
سێیه‌م: له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه:
په‌ندێک هه‌یه ئه‌ڵێ: "پێم بڵێ هاوڕێکانت کێن، تا پێت بڵێم تۆ کێیت". له‌م دنیا پان و به‌رینه‌دا دۆسته‌کانی ئێران بریتین له: سوریا، سۆدان، کۆریای باکور، کوبا، ڤه‌نزه‌ویلا، به‌رازیل، له‌گه‌ڵ چه‌ند بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی وه‌کو حیزبوڵڵای لوبنانی، حه‌ماسی فه‌له‌ستینی، میلیشیای سه‌در و، هه‌ندێک ئه‌ڵێن: تۆڕی تیرۆرستی ئه‌لقاعیده‌ش. له‌به‌رامبه‌ردا سیاسه‌تی ئه‌تۆمیی نه‌ژاد؛ هه‌وڵدانی به‌رده‌وام بۆ خۆ پڕچه‌ک کردن؛ هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌کانی له ئیسرائیل؛ ئینکارکردنی هۆلۆکۆستی جوله‌که؛ هه‌ڕه‌شه‌کانی له ده‌وڵاتانی که‌نداوی فارس و ده‌ستوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی هه‌ندێکیان و عێراق؛ ده‌ستوره‌دان له‌کاروباری ناوخۆی فه‌له‌ستین، لوبنان و میسر، ناحه‌زییه‌کی زۆری ناوچه‌یی و ناوده‌وڵه‌تی بۆ ئێران به‌رهه‌مهێناوه و قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی گرانتر کردوه.
هه‌مو ئه‌و هۆیانه پێکه‌وه بون به‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆری ئێران، به‌تایبه‌تی گه‌نجان، زانکۆکان، کاسبکارو چینی ورده بۆرجوازی شار له سیاسه‌تی حوکمه‌ته‌که‌ی نه‌ژاد بێزار ببن و ئاماده‌بن له هه‌ڵبژاردنی گشتیی سه‌رکۆماردا تۆڵه‌ی لێ بکه‌نه‌وه. هه‌ر بۆیه پێشبینی ئه‌کرا، نه‌ژاد له ته‌واوی شاره گه‌وره‌کانی ئێران‌دا بیدۆڕێنێ.
ده‌نگدانی گشتیی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمارو چه‌ند ژماره‌یه‌ک:
نزیکه‌ی 45 ملێون که‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بو. به گوێره‌ی به‌یاننامه‌که‌ی وه‌زیری ناوخۆ، ئه‌و رۆژه نزیکه‌ی 83% ده‌نگده‌ران چوبون بۆ ده‌نگدان. له‌و ژماره‌یه 62.6% ده‌نگیان به نهژادو 33.7% ده‌نگیان به موسه‌وی داب‌و. گوایه ته‌نیا 100 هه‌زار که‌س ده‌نگیان به که‌ڕوبی داب‌و که به‌ڕێژه‌ی سه‌دی ئه‌کاته 0.26%. باقیه‌که‌ی که ئه‌کاته 3.44% رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی موحسنی ره‌زایی و 600 ده‌نگی به‌تاڵ بوه.
به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی راگه‌یاندنی ره‌سمیی حوکمه‌تی ئیران، ژماره‌کان به‌م شێوه‌یه باس ئه‌کرێن:
- 37 ملێون که‌س ده‌نگی داوه؛
- 21 ملێونیان ده‌نگیان به موسه‌وی داب‌و که، ئه‌کاته 56.756% ده‌نگی ده‌نگده‌ران؛
- 10 ملێون ده‌نگیان به نه‌ژاد داب‌و که، ئه‌کاته 28% ده‌نگه‌کان؛
- زیاتر له 3 ملێون ده‌نگ به موحسنی ره‌زایی و نزیکه‌ی 2 ملێون ده‌نگیش به مه‌هدی که‌ڕوبی درابون.
نیشانه‌کانی تهزویریکردنی ئیراده‌ی خه‌ڵک:
1- ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌کان به خێراییه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر و باوه‌ڕپێنه‌کراو له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆوه راگه‌یه‌نرا. به‌و خێراییه زانینی ئه‌نجامی ته‌واوی هه‌ڵبژاردن له وڵاتانی پێشکه‌وتوشدا، که ده‌نگدان ئه‌لیکترۆنی یه، بۆ ئه‌و ژماره زۆره، زه‌حمه‌ته.
2- له گونده‌که‌ی موحسنی ره‌زایی، که ته‌واوی دانیشتوانه‌که له‌گه‌ڵ موحسن په‌یوه‌ندی خوێن و خزمایه‌تی و عه‌شایه‌رییان هه‌یه، له کۆی 900 ده‌نگ، 830 ده‌نگ بۆ نه‌ژاد حساب کراون! یانی 92.22% ی خزمه‌کانی موحسنی ره‌زایی ده‌نگیان به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد داوه!
3- هه‌مان سینارێو له شوێنی له‌دایکبونی موسه‌وی و که‌ڕوبی ش دووباره کراوه‌ته‌وه.
4- مه‌هدی که‌ڕوبی نزیکه‌ی 2 ملێون ده‌نگی هێناوه، که‌چی ده‌سه‌ڵاتداران 100 هه‌زار ده‌نگیان بۆ حساب کردوه!
5- ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی سه‌ربه رژێم، له‌وانه ئاژانسی دهنگوباسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاژانسی فارس بۆ هه‌واڵه‌کان، ته‌له‌فزێون و رادێو ره‌سمییه‌کان به‌هه‌ماهه‌نگی خه‌ڵکیان چه‌واشه کردوه. بۆ بڕواهێنان به خه‌ڵک که نه‌ژاد براوه‌یه، ژماره‌ی زۆر نزیک له‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له ناوه‌نده جیاجیاکانی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگ، بڵاوکردۆته‌وه. هه‌وڵیان داوه ده‌رونی خه‌ڵک به بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنی نه‌ژاد، رابهێنن.
6- تاقیکردنه‌وه‌ی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران راگیرا. چونکه ده‌سه‌ڵات ئه‌زانێ زانکۆکانی له‌گه‌ڵ نیه‌و، پێشوه‌خت زانیویه‌تی ئه‌نجامه‌که له ده‌سه‌ڵاتداران قه‌بوڵ ناکه‌ن.
7- موسه‌وی و لایه‌نگرانی: محه‌مه‌د خاته‌می، ره‌فسنجانی، ره‌زا خاته‌می و، دوو پاڵێوراوه دۆڕاوه‌که‌ی تریش که هه‌مویان پێکه‌وه له کاربه‌ده‌سته پایه بڵنده‌کانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن و له‌ناو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا لایه‌نگر و سه‌رچاوه‌ی زانیاری وردیان هه‌یه، هه‌مویان کۆکن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌سکاری کراوه.
8- به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتیی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ناوی عه‌سکه‌ری که زانیاری وردی سه‌باره‌ت به ته‌زویرکردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که به میر حوسه‌ینی موسه‌وی داب‌و، رۆژی 3 شه‌ممه، 16/6/2009 له‌ناو تاران‌دا، له هه‌لومه‌رجێکی ته‌مومژاویدا کوژرا. ئه‌م کوشتنه ئاماژه‌یه بۆ له‌ناوبردنی شایه‌ته‌کانی ته‌زویرکردن.
9- وه‌ستانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک رهمزو رێکخراوی گرنگی رۆحانی، وه‌کو: (ێیه الله حسینعلی منتڤری)، (ێیه الله صانعی)، کتله‌ی خه‌تی ئیمام خومه‌ینی و، جه‌معیه‌تی رۆحانیی مجاهدین له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانی (مرشد) بۆ سه‌پاندنی ئه‌نجامی راگه‌یه‌نراو، ئاماژه‌یه‌کی ترن بۆ گومانکردن له ته‌زویری ئیراده‌ی خه‌ڵک. شایه‌نی باسه (ێیه الله حسینعلی منتڤری) له سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه تا ماوه‌یه‌کی که‌م پێش مردنی ئیمام خومه‌ینی، جێنشینی ئیمام بو. ئیمام له جێنشینی خۆیی خست چونکه داوای جیاکردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت له‌یه‌کتری و هه‌ڵگرتنی هه‌ژمونی پیاوانی ئاینی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ئه‌کرد. منتڤری له‌و زه‌مانه‌وه هه‌م ده‌ستبه‌سه‌ره‌و هه‌م به‌شداری هیچ چالاکییه‌کی سیاسی نه‌کردوه. دوای 20 ساڵ له خۆ که‌نارخستن، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگی دا.
ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵه راستبێ که نه‌ژاد به تهمابوه له زوه‌وه دان به دۆڕاندنی خۆ‌یا بنێ، به‌ڵام راوێژکاره‌کانی نه‌یانهێشتوه، ئه‌وا گومان بۆ ئه‌وه ئه‌چێ نه‌ژاد خۆی نه‌یکردبێ، بۆی کرابێ. کاردانه‌وه‌ی خێرای (مرشد أعلی) و (مجلس صیانه‌ی د‌ستور) و پیرۆزبایی کردن له نه‌ژاد، ئه‌کرێ وه‌ها لێکبدرێنه‌وه که (مرشد) و (مجلس) له پشت تهزویرکردنهکهوه بن. توڕه‌یی هاشمی ره‌فسه‌نجانی له (مرشد) ئاماژه‌یه‌کی تره بۆئه‌وه‌ی (مرشد) ده‌ستی له مه‌سه‌له‌که‌دا هه‌بێ.
ئه‌نجامی ته‌زویرکردنه‌که
1- هه‌ر سێ کاندیده دۆڕاوه‌که ئه‌نجامی راگه‌یاندراویان رهفزکرد؛
2- میر حوسه‌ینی موسه‌وی و لایه‌نگرانی، له‌وانه محه‌مه‌د خاته‌می داوای دووباره کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان کرد؛
3- (مرشد أعلی) و (مجلس صیانه د‌ستور) به توندی دژی داواکه وه‌ستان و داوایان کرد هه‌موان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که قه‌بوڵ بکه‌ن؛
4- میر حوسه‌ینی موسه‌وی و لایه‌نگرانی و دوو پاڵێوراوه‌که‌ی تریش، که زانییان (مرشد) نیازی هه‌یه ئه‌نجامه‌که به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێ، کۆبونه‌وه‌و بڕیاریاندا خۆپیشاندانی هێمنانه ده‌ست پێ بکه‌ن. رۆژی 13/6 له ئه‌نجامی بانگه‌وازی موسه‌وی دا، به‌ته‌نیا له تاران زیاتر له 4 ملێون که‌س به‌شداریی خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشانده‌ران به درێژایی نزیکه‌ی 15 کیلۆمه‌تر، له مه‌یدانی ئینقیلابه‌وه بۆ مه‌یدانی ئازادی، ته‌واوی شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌که‌یان لێوان لێو کردبو. موسه‌وی، خاته‌می، که‌ڕوبی و ره‌زایی له پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ره‌کان بون؛
5- دوای 2 رۆژ خۆپیشاندانی ملێونیی له‌تاران و چه‌ند شارێکی تری ئیران، (مرشد) ناچار بو داوا له (مجلس) بکات له‌باتی 10 رۆژ، له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا گوێ له موسه‌وی و 2 پاڵێوراهکهی تر بگرن. هه‌روه‌ها داوای لێکردن رازی ببن کارته‌کانی ده‌نگدان سه‌رله‌نوێ ببژێردرێنهوه؛
6- میر حوسه‌ینی موسه‌وی و خاته‌می رایانگه‌یاند یاریی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان فریویان نادا، به که‌متر له دووباره کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن رازی نابن؛
7- پێشبینی ئه‌که‌م (مرشد) و (مجلس) ناچار ببن ته‌نازولی تر بکه‌ن.
ته‌حه‌دییه‌کانی به‌رده‌م (مرشد) و (مجلس)
(مرشد) و ده‌سه‌ڵات به‌گشتی روبه‌ڕوی کۆمه‌ڵێ ته‌حه‌دی گه‌وره‌و سهخڵهتکهر بونه‌ته‌وه. ئه‌نجامی ئه‌م کێشه‌یه، ئه‌گه‌ر ته‌سلیمبونی موسه‌وی و لایه‌نگرانی و 2 کاندیده دۆڕاوه‌که‌ی تر نه‌بێ به (مرشد) و (مجلس)، باقی ته‌حه‌دییه‌کان ده‌سه‌ڵاتی رژێمی ئیسلامیی (ویلایه‌تی فه‌قیهـ) ئه‌خه‌نه غه‌رغه‌ره‌وه:
1- ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کان ژمێردرانهوهو ئه‌نجام وه‌کو خۆی مایه‌وه، نا ره‌زایه‌تی و عصیانی مه‌ده‌نی درێژه ئه‌کێشن؛
2- ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کان ژمێردرانهوهو ده‌رکه‌وت ته‌زویر کراوه و موسه‌وی ده‌رئه‌چێ، (مرشد)، (مجلس) و (نه‌ژاد) روبه‌ڕوی به‌رپرسیاریی گه‌وره‌و ناڕه‌زایه‌تی توند ئه‌بنه‌وه. ئه‌سڵه‌ن ئه‌هلیه‌تی (مرشد) ئه‌که‌وێته ژێر پرسیار و گرنگترین پایه‌ی (ولایه‌تی فه‌قیهـ) ئه‌ڕوخێ؛
3- ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کان ژمێردرانهوهو ده‌رکه‌وت ته‌زویر کراوه، به‌ڵام هیچ کاندیدێکیان ده‌نگی پێویستی نه‌هێناوه، سه‌ره‌ڕای ئیحراجی و نه‌مانی متمانه به (مرشد) ئه‌بێ هه‌ڵبژاردن بکرێته‌وه. شاره‌زاییم له ده‌ستورو قانونی ئێرانی دا نیه، نازانم نه‌ژاد له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌زویری کردوه یان بۆی کراوه، مافی به‌شداربونی ئه‌درێته‌وه یان نا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مافی به‌شداریکردنه‌وه‌ی هه‌بێ، به دڵنیاییه‌وه به موسه‌وی ئه‌دۆڕێنێ؛
4- بردنه‌وه‌ی موسه‌وی و بونی به سه‌رکۆمار، به‌و شێوه‌یه، درزی گه‌وره ئه‌خاته په‌یوه‌ندی نێوان (مرشد) و (مجلس) و (شورا) له لایه‌ک و حوکمه‌ت له‌لایه‌که‌ی تر؛
5- ئه‌گه‌ر هیچ یه‌کێک له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه رویان نه‌دا، موسه‌وی و کاندیده‌کانی تر و لایه‌نگره‌کانیان داوای دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان کرد‌و (مرشد) رازی نه‌بو، عصیانی مه‌ده‌نی درێژه ئه‌کێشێ و هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئابوری ئێران به‌رگه‌ی ناگرێ؛
6- ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیه‌وێ به‌زۆر مل به‌و بزوتنه‌وه‌یه دابنه‌وێنێ، ئێران چ وه‌کو دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان و چ وه‌کو گه‌ل دابه‌ش ئه‌بێ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کدا. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری هێزه چه‌کداره‌کانی ئێران بده‌نه پاڵ (مرشد) و (نه‌ژاد) هێشتا ناتوانن ئێران بگێڕنه‌وه بۆ حاڵه‌تی 9/6/2009؛
7- ئه‌گه‌ر بۆ به‌رگرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تی و عصیانی مه‌ده‌نی (مرشد) ناچار بو رازی ببێ هه‌ڵبژاردن دووباره بکرێته‌وه، به دڵنیاییه‌وه ریفۆرمیسته‌کان ئه‌یبه‌نه‌وه و تهزویرچییان ئه‌که‌ونه به لێپرسینه‌وه‌ی قانونی و ده‌ستوری.
8- چه‌ند یه‌کێک له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه روبده‌ن یان رونهدهن تازه پیرۆزیی (مرشد) که‌وتۆته ژێر گومان.
که‌واته له هیچ حاڵه‌تێکدا ئێران ناتوانێ بگه‌رێته‌وه بۆ دۆخی 9/6/2009. به‌و شێوه‌یه رۆژی 10/6/2009 له مێژوی ئێران‌دا ئه‌بێ به‌رۆژی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له سیستمی سیاسی و حوکمڕانیی ئێران‌دا.
له گێڕانه‌وه‌ی روداوه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌کاندا، مه‌به‌ستم هه‌یه. وه‌کو به ناونیشانی وتاره‌که‌وه دیاره، ئه‌مه‌وێ له روداوه‌کانی چه‌ند رۆژی رابردوی ئێران ده‌رس و په‌ند هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان هه‌م بۆ لیسته ململانێکهرهکانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی پارله‌مانی کوردستان ههڵێنجێنم:
په‌نده‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی
ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌هۆی ته‌زویرکردنی ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه خۆیان و وڵاته‌که‌یان توشی قه‌یرانێک کردوه که که‌س به‌خیلی یان پێ نابا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا لام گرنگه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد په‌ندی پێویستی لێ وه‌ربگرن و په‌یامه‌کان خراپ نهخویننهوه و وا زه‌ین نه‌که‌ن که ره‌نگه ته‌زویرکردن بۆ خۆیان ئاسانتر بێ و نیازیان هێنابێ ئه‌گه‌ر "روباره‌که بشیان با، هه‌ر لێی بده‌ن!".
بۆئه‌وه‌ی به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد رۆشن بکه‌مه‌وه، ئه‌م په‌ندانه‌یان له روداوه‌کانی دوای 10/6/2009 ی ئێرانه‌وه بۆ ئه‌ژمێرم:
1- ئێران و سیستمه‌که‌ی له هه‌مو رویه‌که‌وه له کوردستان و سیستمه‌که‌ی دامهزراوترن. داموده‌زگاکانی پاراستنی ده‌سه‌ڵات له ئێران، له داموده‌زگاکانی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌هێزتر، دامه‌زراوتر، پۆشته‌وپه‌رداختر و ئاڵۆزترن، ئینجا ناتوانن خه‌ڵک ده‌مکوت بکه‌ن؛
2- ئێران وڵاتێکه له‌ماوه‌ی زیاتر له 25 سه‌ده دا، به‌شێوه‌ی ئاسایی له هه‌مو رویه‌که‌وه گه‌شه‌ی کردوه‌و بۆ پێشه‌وه چوه، یه‌کێکه له وڵاته کاریگه‌ره‌کانی ناوچه‌که. دامه‌زراوه‌و خه‌ته‌ری له‌ناوچونی له‌سه‌ر نیه. ئه‌م سیفه‌تانه هیچیان له کوردستاندا نین؛
3- رژێمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران 30 ساڵه ئابڵوقه‌ی ئابوری و دیبلۆماسی له‌سه‌ره‌و به‌رگه‌ی گرتوه. به‌رگه‌ی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی عێراق- ئێرانی گرت و نه‌ڕوخا چونکه توانای هه‌یه به‌شی بژێوی ناوخۆ کاڵای پێویست و جۆراوجۆر به‌رهه‌م بهێنێ. به‌ڵام کوردستان به‌شی یه‌ک سه‌عات ژینی خه‌ڵک به‌روبومی ناوخۆی نیه و قوڕگی میلله‌ت له‌ده‌ستی بێگانه‌دایه؛
4- ئێران سنوری وڵاته‌که‌ی و کلیلی ده‌روازه‌کانی به‌ده‌ست خۆیه‌وه‌ن. ئه‌گه‌ر رژێمه‌که نه‌یه‌وێ چۆله‌که ناتوانێ سنوری ببه‌زێنێ... ده‌سه‌ڵات نه‌یه‌وێ هیچ رۆژنامه‌نوسێکی بێگانه ناتوانێ داخڵی وڵات ببێ و ریپۆرتاجی رۆژنامه‌نوسی ئاماده بکاو ره‌وانه‌ی ده‌روه‌ی ئێرانی بکا. له کوردستان هه‌لومه‌رجه‌که ته‌واو پێچه‌وانه‌یه...ده‌سه‌ڵات ناتوانێ رێگه له هیچ رۆژنامه‌نوسێکی بیانی بگرێ.
5- ئێران به‌ئیراده‌ی خۆی، خۆی له دنیا دابڕیوه. کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر دنیادا کراوه‌ته‌وه.
6- ئێران خۆی خاوه‌نی خۆیه‌تی. کوردستان خاوه‌ن و کوێخای زۆرن. چاوی: حوکمه‌تی ناوه‌ندیی به‌غدا؛ ئه‌مه‌ریکا؛ بریتانیا‌و ئه‌وروپا؛ تێكڕای رێکخراوه مرۆڤدۆسته‌کانی جیهان و تێکڕای ئاژانسه‌کانی هه‌واڵی جیهانی و ناوچه‌یی له‌سه‌ره؛
7- ئێران زۆر به‌رژه‌وه‌ندی و کاڵای هه‌یه بتوانێ په‌یوه‌ندی ئابوری و دیپلۆماسی‌یان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و دنیا پێ بکڕێ. کوردستان بێجگه له به‌رهه‌مهێنانی کاڵای دیموکراسیی راسته‌قینه، هیچ به‌رهه‌مێکی تری نیه که‌ڵکی گۆڕینه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات به به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کانی پێوه بێ؛
8- پاروی ده‌می خه‌ڵکی ئێران له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدایه و هێزێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناتوانێ به‌لوعه‌که‌ی بگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حوکمه‌تی ناوه‌ندی مانگێک 17% بودجه نه‌دات به کوردستان خه‌ڵک له‌برسا ئه‌مرن و حوکمه‌ت ئه‌که‌وێ؛
9- ئه‌گه‌ر حوکمه‌تی تاران به مانگ و ساڵ به‌رگه‌ی عصیانی مه‌ده‌نی بگرێ، ئه‌وا حوکمه‌ته‌که‌ی کوردستان به‌رگه‌ی هه‌فتان ناگرێ؛
10- ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئێران به‌و شێوه‌یه رقیان له ده‌سه‌ڵات هه‌ستابێ که رۆژانه ئه‌یبینین، ئه‌وا خه‌ڵکی کوردستان هه‌زار ئه‌وه‌نده رقیان له ده‌سه‌ڵات و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانی و دزی و پاوانکاری و زوڵم و سته‌م و ده‌مکوتکردن و نانبڕینهکانی هه‌ستاوه؛
11- ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی ئێستای ئێران له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی گه‌لدا مل دانه‌وێنن، ئه‌وا ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ ئه‌یانگرن و ئه‌یانده‌ن به‌دادگا، به‌ڵام له کوردستان ته‌جره‌به‌ی خراپمان هه‌یه: خه‌ڵک که توڕه‌ییان گه‌یشته ئاستی ته‌قینه‌وه کۆنترۆڵ ناکرێن: په‌لامار ئه‌ده‌ن و وێران ئه‌که‌ن و ئه‌کوژن؛
12- ئه‌گه‌ر (مرشد) و نه‌ژاد و لایه‌نگره‌کانیان گومانی دزینی سامانی نیشتمانی یان لێ نه‌کرێ، توڕه‌یی خه‌ڵک به‌هۆی خراپ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه دروست بوبێ، ئه‌وا سه‌رچاوه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵکی کوردستان هه‌م به‌ئه‌نقه‌ست خراپ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم و هه‌م به ئه‌نقه‌ست دزینی سامانی نیشتمانی و هه‌م به‌ئه‌نقه‌ست زه‌لیلکردنی هاوڵاتیانه؛
13- ئه‌گه‌ر رێژه‌یه‌کی دیاریکراوی خه‌ڵکی ئێران به‌هۆی عه‌قیده و راستگۆیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا، له پشتیانه‌وه مابنه‌وه، ئه‌وا رێژه‌یه‌کی زۆر له‌وه که‌متر له‌ترسی نان نه‌بڕین و سوکایه‌تی پێنه‌کردن له پشت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کورده‌وه وه‌ستاون؛
14- ئه‌گه‌ر له ئێران به‌هۆی عه‌قیده و دین و ده‌ستور و که‌لتوره‌وه (مرشد) و هه‌ندێک ده‌زگاو سه‌رکرده‌ی تر پێرۆز بن، یان پێرۆزکرابن، ئه‌وا له‌لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، بێجگه له نیشتمان و که‌رامه‌تی مرۆڤ و ئازادییه‌کانی هیچ که‌سێک و هیچ ره‌مزێک و هیچ شتێک پیرۆز نین؛
15- ئه‌گه‌ر ره‌مزه‌کانی ریفۆرم له ئێران ئاوا توانای جوڵاندنی جاده‌و رێبه‌ریکردن و کانالیزه‌کردنی توڕه‌یی خه‌ڵکیان هه‌بێ، توانای که‌سایه‌تییه ریفۆرمیسته‌کانی کوردستان، له توانای ئه‌وان که‌متر نیه؛
16- ئه‌گه‌ر غه‌درلێکراوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی سه‌رکۆماری ئێران بێجگه له ده‌زگا ده‌ستوری و قانونییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران خۆی، هیچ ده‌ره‌تانێکی تریان نه‌بێ په‌نای بۆ به‌رن، ئه‌وا ئه‌گه‌ر له کوردستان گزی بکرێ و ئیراده‌ی خه‌ڵک ته‌زویر بکرێ، ده‌رگای دادگاکانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌به‌رده‌م شکاتی گزیلێکراوانی کوردستاندا کراوه‌ن؛
17- ئه‌گه‌ر دنیا له دوره‌وه چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری ئێرانی کردبێ، ئه‌وا دنیا له‌ناو ماڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورددا چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌کا.
له‌به‌ر هه‌مو ئه‌و جیاوازییانه هه‌قه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، له‌باتی جارێک هه‌زار جار بیربکه‌نه‌وه ئینجا ئیراده‌ی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7/2009 دا ته‌زویر بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ته‌زویرکردن هه‌ر ئه‌وه نیه ژماره‌یه‌ک کارتی زیاد فڕێ بده‌یته ناو سنوقێکی ده‌نگدان، یان دره‌نگتر ناوه‌ندێکی ده‌نگدان له روی ده‌نگده‌راندا بکه‌یته‌وه ئه‌گه‌ر گومانت هه‌بو خه‌ڵک له‌و ناوه‌نده که‌مترین ده‌نگ به تۆ ئه‌ده‌ن، یان ناوه‌ندێکی له‌و بابه‌ته زوتر له‌کاتی دیاریکراو دابخه‌ی، به‌ڵکو نان بڕین و هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی، ترساندنی ده‌نگده‌ر به‌هه‌ر هۆو ئامرازێک، قۆرخکردنی ره‌وایی و پیرۆزی بۆ لیستێک، تاپۆکردنی خوێنی شه‌هیدان له‌سه‌ر حیزبێک و زۆرشتی تریش ئه‌چنه خانه‌ی ته‌زویرکردنی ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه.
په‌نده‌کان بۆ لیستی گۆڕان و لیسته سه‌ربه‌خۆکانی تر:
1- سوپای پاسداران پارێزه‌ری رژێمی ئیسلامی ئێران و داچهقێنهری کۆڵه‌که‌کانی خۆگرتنی رژێمه‌که‌و پارێزه‌ری سنوره‌کانی ئێران بو له داگیرکردنی سپای عێراق، که‌چی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خۆی و لق و پۆپه‌کانی دایانه پاڵ ده‌سه‌ڵاتداران و که‌وتنه سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ری خه‌ڵک. لیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی لیستی هه‌ردوو حیزبه دهسهلاتدارهکه ئه‌بێ پێشبینی بکه‌ن که هیزه چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، که تێکڕایان هی هه‌ردوو حیزبه‌که‌ن هه‌مان رۆڵ ئه‌بینن. بۆیه پێویست ئه‌کات زۆر به‌وردی هه‌ڵسوکه‌وتیان بخرێته ژێر چاودێری و تێکڕای پێشێلکارییه‌کانیان دۆکیومێنتهیشن بکه‌ن؛
2- له‌ئێسته‌وه حساب بۆ فێڵه‌کانی: دره‌نگ کردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێک؛ زوو داخستنی ناوه‌ندێکی تر و بڕی کارتی پێویستی ده‌نگدان و مه‌ره‌که‌بی پێویستی په‌نجه‌مۆر، بکه‌ن؛
3- رێگه نه‌ده‌ن هیچ ناوه‌ندێکی ده‌نگدان چه‌ند بچوکیش بێ، به‌بێ بونی نوێنه‌ری لیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌نگی تیا بدرێ؛
4- رێگه نه‌ده‌ن حاکمه‌کانی ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان له‌و حاکمانه بن که، زه‌لیلی حیزب و ژێر فه‌رمانی سه‌رکرده‌و کادره مێشک داخراوه‌کانی حیزبن؛
5- زۆر باش ئه‌که‌ن ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری تێکڕای لیسته سه‌ربه‌خۆکان هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیاندا هه‌بێ بۆ چاودێریکردنی هه‌ڵسوکه‌وتی نوێنه‌ره‌کانی لیستی ده‌سه‌ڵات و جوڵه‌ی گوماناوی خه‌ڵکانی سه‌ربه حیزب له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان؛
6- گرنگه حساب بۆ ئه‌و زانیارییه رۆژنامهنوسییانه بکرێ که سه‌باره‌ت به (مه‌ده‌نی پۆش)ه کانی زانیاری، پاراستن، ئاسایش، پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی ده‌سه‌ڵات، بڵاوئه‌کرێنه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی فێڵی ته‌کنیکی و ئه‌لیکترۆنیه‌وه باس ئه‌کرێن؛
7- ده‌ستوبرد کردن له تۆمارکردن و گه‌یاندنی پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و لق و پۆپه‌کانی به کۆمیساریای باڵا‌و ئاژانسه‌کانی جیهان، فاکته‌رێکه نابێ فه‌رامۆش بکرێ؛
8- پێویسته لیسته‌کانی ئۆپۆزسێون له ماوه‌ی که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردندا په‌یامی رون و ئاشکرا بده‌ن به لیستی ده‌سه‌ڵات: ئه‌گه‌ر ته‌زویر بکه‌ن حاڵتان له حاڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ئێران خراپتر نه‌بێ، باشتر نابێ؛
9- ئه‌گه‌ر هه‌مو ئه‌وانه دادیان نه‌داو ده‌سه‌ڵات گزی خۆی هه‌ر کرد، پێویسته سێ و دوو له راگه‌یاندنی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و عصیانی مه‌ده‌نی و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی راگه‌یاندراوی هه‌ڵبژاردن، نه‌کرێ؛
10- سه‌رۆکی لیسته‌کان ئاماده‌بن وه‌کو موسه‌وی، که‌ڕوبی، ره‌زایی و خاته‌می له پێشی پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بن و کۆنترۆڵیشی بکه‌ن تا کار و توندوتیژیی نه‌خوازراوی لێ نه‌که‌وێته‌وه... هه‌روه‌ک وریای ئه‌وه‌ش بن هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ زڕاندنی په‌یامی خۆپیشانده‌ران، به‌ناوییه‌وه ره‌فتاری تێکده‌رانه بنوێنن.
هیوادارم ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد په‌ندی دروست له روداوه‌کانی ئێران وه‌ربگرن و باش هه‌لومه‌رجی نوێی دنیا بخوێننه‌وه، خۆیان له‌وه ناشیرینتر و خه‌ڵکی کوردستان له‌وه زیاتر گیرۆده‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌کانیان نه‌که‌ن.