Print
 ترسی دڵی شێرکۆ بێکه‌س و هه‌ڵبژاردن
Saturday, June 27, 2009
فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید سویسرا

ڤۆلتێر ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌موومان به‌رهه‌می لاوازین،  هه‌موومان شێواوین وبه‌لای ئه‌وه‌دا ده‌چین که‌ هه‌ڵه ‌بکه‌ین،  له‌به‌رئه‌وه‌لێگه‌ڕین باله‌یه‌کتری ببورین،  ئالوگۆڕی لێبورده‌یش بکه‌ین له‌شێتێتی یه‌کتر...


ئه‌مڕۆ به‌بزوێنه‌ری ره‌وت و پارته‌سیاسییه‌کان،  خه‌ڵکی کوردستان چوونه‌ ناوکه‌مپینی بانگه‌شه‌ بۆهه‌ڵبژاردن، چه‌ند هه‌فته‌ی ئاینده‌ش رۆژی 25 ته‌مموز هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌چێته‌ به‌رده‌م بنکه‌کانی هه‌ڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنه‌ره‌کانیان به‌ده‌ستی خواست وئیراده‌ی خۆیان.؛

ئه‌م گه‌مه‌ سیاسییه‌ی له‌م پێنج هه‌فته‌یه‌ پێدا تێپه‌ڕده‌بین گه‌مه‌یه‌کی سه‌خت وپڕملاملانێی وکێبڕکێی فراونه‌ که‌ترسی سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌ لای چاودێرانی سیاسی وخه‌م خۆرانی گه‌له‌که‌مان و ئه‌وه‌ی که‌مێک شعوری مه‌ینه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌بێت گه‌مه‌یه‌کی سه‌خته‌و ده‌کرێت بۆ هه‌موولا یه‌ک ناوی لێبنێین قۆناغێکی پڕ له‌لێپرسراویه‌تی. بۆیه‌ ده‌کرێت له‌م چه‌ند رۆژه‌ کورته‌دا خۆمان دوورخه‌ینه‌وه‌ له‌ده‌مارگیری سیاسی وحیزبی که‌ببێته‌ هۆکاری پشێوی و نائارامی سیاسی له‌ژیانی خه‌ڵک.

ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ته‌ک راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و به‌باڵاهه‌ڵدانی گۆرانی وهۆنینه‌وه‌ بۆ لیسته‌کان، هه‌ڵمه‌تێکی فراوانی میدیایی به‌چه‌مک و تێڕوانینه‌کانی تۆڵێرانسی ولێبوورده‌یی به‌ڕێ بخرێت، تا هه‌واداران وئه‌ندامانی حیزب وهه‌رقه‌واره‌یه‌کی سیاسی دوور له گیانی هه‌ڵه‌شه‌یی وسه‌ره‌ڕۆیی بتوانن بانگه‌شه‌و به‌یت وبالۆره‌ به‌حیزب و لیسته‌که‌ی خۆی دا هه‌ڵبدات.

شاعیری گه‌وره‌ی کورد شێرکۆ بێکه‌س له‌ دیمانیه‌کی گۆڤاری واڵاپرێس دا جگه‌له‌وه‌ ده‌ڵێت: من له‌م هه‌ڵبژاردندا بێلایه‌ن ده‌بم و ده‌نگ ناده‌مه‌ هیچ لایه‌نێک و نابمه‌ ریکڵام بۆ هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵه‌کانی رابرددو دووباره‌ناکه‌مه‌وه‌.

له ‌په‌یڤێکی تری دا ده‌ڵێت: له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش ناشارمه‌وه‌ که‌من لای خۆمه‌وه جۆره‌ ترسێک له‌دڵمدایه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سانێکی هه‌لپه‌رست و شه‌ڕخوازو گێره‌شێوێن ئه‌م پرۆسه‌ جوانه‌ تێک بده‌ن و خوانه‌خواسته‌ خوێن رشتنی تێبکه‌وێ؛ له‌ په‌یڤێکی جوانتردا ده‌ڵێت: گه‌ر دیموکراسی خوێناوی بکرێ ئیترهیچ به‌هایه‌ک بۆ ئازادی وجوانی دیموکراسی نامێنێته‌وه‌...

جاده‌کرێت ئه‌مڕۆ واقیعیه‌تی هه‌لومه‌رجی هه‌ڵبژاردن به‌دنیابینیه‌کی لێبوورده‌وه‌ لێ بنۆاڕین وکارله‌سه‌ر خوێناوی نه‌کردنی دیموکراسی وسه‌رخستنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌موو لاخه‌می گه‌ووره‌ بێت،  چوون یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی نادیموکراسی له‌بنکه‌ی لیستی گۆڕان له‌شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین دڵی هه‌موومانی داخورپاند.

له‌ئێستادا کوردستان که‌وتۆته‌ به‌رده‌م زومی کامێرا جیهانییه‌کان، که‌وتۆته‌ به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گفتانه‌ی رۆژانه‌ به‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی ده‌فرۆشینه‌وه‌ له ‌دیموکراسی بوونی وڵات. بۆیه‌ ئه‌رکی پاراستنی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و داموده‌زگاکانیه‌تی که ‌به‌ڕاسته‌وخۆ لێپرسراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر پاراستنی گیانی هاوڵاتیان وبانگه‌شه‌که‌رانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، جا ئیترئه‌و چالاکه‌ڤانانه‌ی هه‌ڵبژاردن سه‌ر به‌هه‌ر حیزب و خه‌تێکی سیاسی بن.

ده‌با کارێک بکرێت زوومی کامێراجیهانییه‌کان، زوومی له‌مه‌حه‌کدانی دیموکراسی و پێوه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردن نه‌مان خاته‌ به‌رده‌م زه‌ڕه‌بینی لێپێچینه‌وه‌، تاهه‌ڵبژاردنیش بۆمان نه‌بێته‌ فایلێکی ره‌ش، تاهه‌موولامان به‌یه‌ک هیمه‌ت و دوور له‌ڕق لێبوونه‌وه‌، دوور له‌عه‌ قڵی دۆڕا و براوه‌ پرۆسه‌که‌تاقی بکه‌ینه‌وه‌ و گۆڕانی نه‌وعی له‌ژیانی سیاسی و ئابووری بۆخه‌ڵکی کوردستان بنیاتبنێین.

Sbeiy.com © 2007