سالار باپیر
"من ئاماده‌م بمرم، به‌ڵام هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك ئه‌وه‌نده گرنگ نیه که شایه‌سته‌ی ئه‌وه بێت خه‌ڵك له پێناویدا بکوژم"
گاندی
به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود با‌رزانی
رۆژباش ...
ئه‌م نامه‌یه وه‌کو دوو که‌سی ده‌سه‌ڵاتدار که ئه‌مڕۆ چاره‌نووسی ملیۆنه‌ها که‌ستان له ده‌ستدایه، ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتان ده‌که‌م. ئه‌ڵبه‌ته من بێجگه له بوونی هه‌ندێك که‌سوکار و مشتێك یادگار له کوردستان هیچ شتێکم نیه که راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به کوردستانه‌وه بمبه‌ستێته‌وه. له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه کوردستانم به‌جێهێشتووه و زیاتر له نیوه‌ی ته‌مه‌نم له تاراوگه به‌سه‌ربردووه، هه‌ربۆیه زۆر راشکاوانه ده‌یڵێم که مه‌خابن هه‌ست به هیچ ئینتیمایه‌ك بۆ کوردستان ناکه‌م و ئه‌م وڵاته‌ی ئێستام که بۆ 22 ساڵه تێیدا ده‌ژیم به وڵاتی یه‌که‌می خۆم ده‌زانم، چونکه ئه‌م وڵاته جگه له ناسنامه و هۆشیاریی هه‌روه‌ها ئه‌وپه‌ڕی ئازادیی بۆ دابین کردووم.
ئه‌م کورته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م هه‌ر ته‌نها بۆ جه‌ختکردنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که بێباکم له ده‌سه‌ڵاتی ئێوه و لایه‌نی مه‌عنه‌وی و مرۆڤایه‌تی لێده‌ربکه‌یت مانی ئێوه یان نه‌مانتان هیچ له ژیانی ماددیی من ناگۆڕێت.
به‌ڕێزان، ئه‌گه‌رچی له ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دره‌نگه‌دا ئێوه سه‌دان هه‌زار کوردی تاراوگه‌تان له مافی ده‌نگدان بێبه‌ش کردووه به‌ڵام په‌یڕه‌وکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له خۆیدا به‌رزترین لووتکه‌ی پیاده‌کردنی دیموکراسیه، به‌ڵام ته‌نها و ته‌نها ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی راسته‌قینه و ئاشتیانه بێت. ئه‌گه‌رچی له راستیدا ئه‌وه‌ی که له ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا له کوردستان پیاده کراوه زیاتر گه‌ڕه‌لاوژێیه‌کی سیاسی بووه نه‌ك دیموکراسی، ته‌نانه‌ت به پێوه‌ری دیموکراسییه‌کانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، بۆ نموونه تورکیا یان ئیسرائیل، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له کوردستان هه‌نگاوێکه به ئاڕاسته‌ی راست و دروستدا و بردنی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارییه به‌ره‌و مه‌ده‌نییه‌ت و دیموکراسی و دوورکه‌وتنه‌وه له خێڵه‌کی و کوشتار. بێگومان هه‌موو که‌سێکی به‌ویژدان و هۆشیار چاك ده‌زانێت که ئه‌وه کار و ئه‌رکێکی ئاسان نیه، به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌کو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا، چونکه دیموکراسییه‌ت هاوردنی کاڵایه‌کی وه‌کو ئۆتۆمبێل و ته‌له‌فۆنی مۆبایڵ نیه له بازاڕه‌کانی رۆژئاواوه، به‌ڵکو شۆڕشێکی بنه‌ڕه‌تیه له هه‌ڵسوکه‌وت و تێڕوانینی تاکه‌که‌س به پشتیوانیی ده‌سه‌ڵاتێکی خاوه‌ن سیسته‌م.
به‌ڕێزان، به داخه‌وه هێشتا تاکی کورد نه‌گه‌شتۆته ئه‌و ئاسته و ئێوه‌ش به درێژایی 18 ساڵ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی به‌رژه‌وه‌ندیی ماددیی حیزب و بنه‌ماڵه‌ی خۆتان بوون ئه‌وه‌نده رێخۆشکه‌ر نه‌بوون بۆ ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. له ئه‌و روانگه‌یه‌وه، ده‌شێت مه‌حاڵ بێت که له پێش و پاشی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بتوانرێت ململانێیه‌کی ئاشتیانه‌ی بێخوێنڕشتن پیاده بکرێت (هیوادارم هه‌ڵه‌بم)، به تایبه‌تی که ئه‌زموونه‌کانی رابردوو هه‌مووی خوێناویی بوون و هاوکاتیش ده‌وڵه‌تان و لایه‌نه‌کانی ناوچه‌که ئاشتی بۆ کوردستان ناخوازن. هه‌روه‌ها هه‌روه‌کو ده‌گووترێت، ئه‌مه هه‌ڵبژاردن نیه هه‌ر ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵك به‌ڵکو بۆ زۆر که‌س داکۆکی و ململانێیه بۆ ملیاره‌ها دۆلار سامان و بازرگانی و بیره نه‌وت!
هه‌ربۆیه ئێوه ئه‌رکێکی ئێجگار مێژوویی و گه‌وره و سه‌ختتان له ئه‌ستۆدایه و، یه‌که‌م ده‌بێت رێگربن له خۆێنڕشتن و دووه‌میش خوڵقاندنی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌کی ده‌ستپاکانه. به بۆچوونی من ده‌شێت تاکه میکانیزمێکی عه‌مه‌لی که بتوانێت ئه‌وه مسۆگه‌ر بکات بریتیه له ده‌ستوبرد پێکهێنانی ده‌سته‌یه‌کی باڵا (بۆ نموونه 15 که‌س) بۆ رێنووێنی و چاودێریکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که و رێگرتن و هێورکردنه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نگژه و گرژییه‌ك له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات له لایه‌ك و لایه‌نه رکه‌به‌ره‌کان له لایه‌کی تر. جگه له خودی هه‌ردوو به‌ڕێزتان و به‌ڕێز سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێزانی سه‌رکرده‌ی هه‌موو لیسته‌کانی تر، پێویسته ئه‌و ده‌سته باڵایه پێک‌بێت له چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ری سه‌ربه‌خۆی ناو و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، بۆ نموونه رێزدار جه‌مال نه‌به‌ز، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی تورکمان و ئاشوریی و نوێنه‌رێکی رێکخراوی 'چاك' و رێکخراوی ئافره‌تان. ئه‌ڵبه‌ته چاکتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری هه‌ر کام له پارچه‌کانی تری کوردستانیش وه‌کو میوان ئه‌ندام بوونایه.
به‌ڕێزان، شنه‌بای گۆڕان هه‌ڵیکردووه و باشتره رێگه‌ی لێنه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته گه‌رده‌لوول و ته‌ڕ و وشك پێکه‌وه بسوتێنێت. گۆڕان خواستی ته‌نها که‌سانێکی جیابووه‌وه‌ی پارته‌کانی ئێوه نیه، به‌ڵکو خواست و پێویستییه‌کی سروشتیی هه‌موو خه‌ڵکه و مه‌حاڵه هیچ هێزێك بتوانێت چۆك به ئاره‌زووی گۆڕانی میلله‌ت دابدات. یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ده‌وڵه‌تانی هاوبیری، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو هێز و زه‌بروزه‌نگه‌یان نه‌یانتوانی رێگه له خواستی گۆڕان و پێرۆستریکا و گلاسنۆست بگرن، رژێمی شاهانشای دۆستی نزیکی ئه‌مه‌ریکا نه‌یتوانی خۆی له به‌رده‌م رك و خواستی سه‌ره‌تا خوێندکاران و دواتر هه‌موو میلله‌تی ئێران‌دا رابگرێت (که ئێستا پێده‌چێت له‌وێ هه‌مان به‌سه‌رهات دووباره به‌ڕێوه‌بێت) و، نموونه‌کانی ئه‌و راستییه زۆرن و دڵنیام به‌ڕێزتان له من چاکتر ده‌یزانن.
به‌ڕێزان میلله‌ت زۆر تووڕه‌یه، به راده‌یه‌ك که هه‌ر ته‌نها سلبیاته‌کانی ئێوه ده‌بینێت (که به‌داخه‌وه زۆرله ئیجابیاته‌کان زیاترن) و، ئه‌مجاره میلله‌ت به تایبه‌تی له سه‌رکرده‌کان پڕه و له کردنی هیچ کارێکی ره‌وا و ناڕه‌وا له به‌رامبه‌ریان سڵ ناکاته‌وه. هه‌ربۆیه رژانی یه‌ك دڵۆپ خوێن، شه‌پۆل و لێشاوێکی ئێجگار زۆری خوێنڕشتن و دڕه‌نده‌یی لێده‌که‌وێته‌وه و، کورد واته‌نی سه‌ر و ماڵی ئێوه و ئه‌وانیش تێده‌چن. دڵنیام که که‌سانێکی هه‌رزه له ناو پارته‌کانی ئێوه و لایه‌نه‌کانی تردا هه‌بن که هه‌م بۆ پاراستنی سامان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان و هه‌م له ساده‌ییانه‌وه هانی ئێوه و لایه‌نه‌کانی تر بده‌ن که تووندوتیژیی و ساخته پیاده بکه‌ن، لێره‌دا جیاوازیی نێوان سه‌رکرده‌ی هۆشیار و راسته‌قینه له‌گه‌ڵ نه‌فام و هه‌رزه ده‌رده‌که‌وێت.
به‌ڕێزان، بێگومان ئێوه ئازاد و سه‌رپشکن که چ رێگه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام هاوکات میلله‌تیش سه‌رپشکه که چۆن داکۆکی له مافی خۆی بکات و ئازاده که په‌نا بۆ هه‌ر شێوازێکی خه‌بات ببات، ئه‌گه‌رچی حه‌ز ده‌که‌م که فه‌رمووده‌یه‌کی مه‌هاتما گاندی پێشکه‌شی میلله‌ت بکه‌م که ده‌ڵێت "من ناتوانم فێری تووندوتیژییت بکه‌م چونکه من خۆم باوه‌ڕم پێی نیه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت فێر ده‌که‌م که سه‌ر له به‌رده‌م هیچ که‌سێکدا دانه‌نه‌وێنیت ته‌ناته‌ت ئه‌گه‌ر به هۆیه‌وه ژیانیشت له‌ناوبچێت".
سوپاس...