Print
 نه‌وشیروان و وێنه‌! عه‌قڵ و سۆز و هه‌ڵبژاردن
Monday, June 29, 2009
ئاراس عومه‌ر

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ سیاسه‌تکردن نازانم، به‌ڵام به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆجیک ئه‌وه‌‌ تێگه‌شتوم، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که‌ سیاسیکاری سه‌رکه‌وتو ‌ پێویسته‌ گرنگی پێبدات، خواست و ئاره‌زوی میله‌ته‌که‌ی و ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کات. به‌ڕای من، هه‌ر سیاسیکارێک ئه‌گه‌رچی له‌ به‌رزترین پۆستیشدا بێت، بیرکردنه‌وه‌ی چه‌نده‌ مۆدێرن و پێشکه‌وتو بێت، پێویسته‌ دواجار بڕێک له‌ گوێڕایه‌ڵی تێدابێت بۆ ئه‌وانه‌ی ڕابه‌رایه‌تیان ده‌کات، واز له‌ هه‌ندێک له‌ بیروبۆچونه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی بهێنێت و ته‌سلیم به‌ بیروبۆچون و حه‌زو ئاره‌زوی هه‌وادارانی ببێت، له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆزی ئه‌واندا بجوڵێته‌وه‌ و هه‌ستیان فه‌رامۆش نه‌کات، ئه‌گه‌رچی بۆچونی خۆیشی له‌ هی هه‌وادارانی پێ ڕاستتر بێت. به‌ڕای من ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ گرنگه‌کانی سیاسه‌ت که‌ ناکرێت فه‌رامۆش بکرێت.

رۆژی 22/6/2009 له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین ساته‌کانی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌کانی ‌هه‌ڵبژاردندا، جه‌ماوه‌ری گۆڕان به‌ گڕوتینێکی گه‌وره‌وه‌ بینران، له‌نێو پۆسته‌ر و وێنه‌کاندا که‌ بۆ بانگه‌شه‌کان ئاماده‌کرابون، وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بینرا، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ یه‌که‌مین کاردانه‌وه‌دا نه‌وشیروان داوای له‌ هه‌وادارانی لیسته‌که‌ی کرد که‌ وێنه‌کانی ئه‌و لابه‌رن، به‌و به‌هانه‌یه‌ی که‌ چیتر وا باشه‌ شوێن تاکه‌ که‌س نه‌که‌وین و له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و کارو پلانی لیسته‌کان بڕیار بده‌ین نه‌ک تاکه‌ که‌س.

ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی عه‌قڵیانه‌ی بۆ ئه‌م جۆره‌ بڕیار و بیرکردنه‌وه‌یه‌ بکه‌ین، ده‌بینین زۆر ڕاسته‌و به‌ ته‌واوی له‌ شوێنی خۆیدایه‌، به‌ڵام ئایا سروشتی ده‌نگده‌ری کورد چۆنه‌ و چۆن بڕیار ده‌دات؟ ئایا هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاتی ئێمه‌ خاڵین له‌ عه‌تف و سۆز و هه‌موان به‌ عه‌قڵ بڕیار ده‌ده‌ن؟! ئایا هه‌مو هه‌وادارانی لیسته‌که‌ی نه‌وشیروان که‌سانێکن که‌ به‌ عه‌قڵ گه‌شتونه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی که‌ لیسته‌که‌ی ئه‌و کارو پلانی گونجاوی پێیه‌ بۆیه‌ ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر که‌مێک واقیعبینانه‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌ نه‌خێر، نه‌ هه‌مو تاکی کورد ده‌نگده‌رێکی عه‌قڵانی و بیرکه‌ره‌وه‌ن، نه‌ لیسته‌که‌ی نه‌وشیروانیش خاڵیه‌ له‌و که‌سانه‌ی به‌ سۆز و عه‌تف دوای لیسته‌که‌ی که‌وتون، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ده‌نگده‌ری کورد که‌سانێکن که‌ سۆز سه‌رچاوه‌ی بڕیاریانه‌، له‌ناو هه‌وادارانی گۆڕانیشدا که‌سانێک ده‌بینین که‌ هۆگری خودی نه‌وشیروان خۆین، که‌سانێک ده‌بینین مارانگه‌ستوی ده‌سته‌ڵاتن، که‌سانێک ده‌بینین تینوی گۆڕانن، که‌سانێکیش ده‌بینین که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌ شوێن به‌رنامه‌ی ئه‌و لیسته‌ که‌وتون.

 له‌م کاته‌دا و له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌ی نه‌وشیرواندا، لیست و کاندیداکانی تر ده‌بینین هه‌مو ڕێگایه‌کی مه‌شروع و نامه‌شروعیان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ، هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکیان خستوه‌ته‌ خاڵێکه‌وه‌ به‌ سودی خۆیان بێت، به‌ هه‌موو جۆرێک به‌رده‌وامن له‌ کڕینی هه‌ست و عه‌قڵ و سۆزی خه‌ڵکدا به‌ هه‌ر نرخێک بوه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌نجامیشی هه‌بوه‌، چونکه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌ک وتمان ئاستی لێکدانه‌وه‌ و بڕیاردانی به‌شی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێره‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و کۆنترۆلکردنه‌ی هه‌ست و سۆزیانه‌وه‌ و بڕیاره‌کانیان دووره‌ له‌ تێڕامانی عه‌قڵی.

له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌و بابه‌تانه‌ی باسمان کرد، به‌ڕای من وا پێویسته‌ نه‌وشیروان: یه‌که‌م، لایه‌نه‌ سۆزداریه‌کان پشتگوێ نه‌خات، پێویسته‌ وێنه‌کانی له‌به‌رچاوی خه‌ڵک بن و ئه‌وه‌ش کارێکی هێنده‌ ناگونجاو نیه‌ تا به‌و خیراییه‌ ئه‌و کاره‌ ڕه‌ت بکاته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌موو دنیاشدا ئه‌وه‌ ده‌بینرێت.

دووه‌م: گه‌ر هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ دوره‌په‌رێز بێت و تێکه‌ڵاوی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر نه‌کات، ده‌نگێکی زۆر له‌و ده‌نگانه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات که‌ تیاماون و هه‌ڵوێستیان ڕوون نیه‌، ئه‌وانه‌ی ته‌نها یه‌ک جوڵانی سۆزداریان ده‌وێت تا ڕایانکێشێت بۆلای خۆی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یکات ڕکابه‌ره‌کانی که‌سانی شاره‌زای بواری خوتبه‌ و حه‌ماسه‌تیان هه‌یه‌ که‌ به‌‌ به‌ڵێنی ناڕاست چه‌نده‌ها کورسی له‌و که‌سانه‌ دروست ده‌که‌ن، بۆیه‌ داوامان وایه‌ که‌ نه‌وشیروان به‌ به‌ڵێنی ڕاست کۆنترۆڵیان بکات و ئه‌و کاره‌ باشتره‌ له‌وه‌ی به‌ کاری ناڕاست له‌ خشته‌ ببرێن.

سێیه‌م: ئه‌وه‌نده‌ خواست و خولیای هه‌واداره‌کانی ڕه‌ت نه‌کاته‌وه‌، کاتێک وێنه‌کانی ئه‌و به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ با وازیان لێبهێنێت، کاتێک ده‌ڕژێنه‌ سه‌رشه‌قام و پشتیوانی ده‌رده‌بڕن، با سه‌رپشکیان بکات، چونکه‌ وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا وتمان، سیاسیکاری سه‌رکه‌وتو زۆرجار ده‌بێت ته‌سلیمی خواستی هه‌وادارانی ببێت.

چواره‌م: ئه‌مه‌ شه‌ڕی ده‌نگه‌، کێ ده‌نگی زۆر بهێنێت له‌ ئاینده‌دا ئه‌وه‌ ده‌نگی ده‌ڕوات، ڕاسته‌ پێویست وایه‌ لیستی گۆڕان و نه‌وشیروانیش لیستێکی عه‌قڵانی بن له‌ بڕیار و کردار و هه‌ڵوێستیاندا له‌ په‌رله‌مانی ئاینده‌دا، به‌ڵام له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگدا، میکانیکێکی عه‌قڵانی ڕووت بۆ ده‌نگده‌رانی ئه‌م وڵاته‌ سوودی نیه‌، پشتبه‌ستن به‌ سۆز جوڵاندنێکی ڕاستگۆیانه‌ش هیچ نه‌نگیه‌کی تێدا نیه‌ و ده‌بێت بکرێت، بۆیه‌ ئاساییه‌ وێنه‌کانی هه‌ڵبواسرێن، تێکه‌ڵیی راسته‌وخۆی خه‌ڵک بکات، وتاری گه‌رموگوڕ و به‌ڵێنی راستگۆیانه‌ بدات، له‌پاڵ عه‌قڵدا سود له‌ سۆز وه‌رگرێت و ئه‌و لایه‌نه‌ش فه‌رامۆش نه‌کات، چونکه‌ ده‌نگده‌ری ئێره‌ زۆر قۆناغ ماوه‌ بیبڕن و ڕکابه‌ره‌کانیشی هه‌مومان ده‌یانناسین چۆن ده‌نگ کۆده‌که‌نه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007