ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
زۆنگاوێك له‌شوێنێكدا دروستده‌بێت، شوێنێك بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌و شوێنه تاكه شوێنی گونجاوی ئه‌و زۆنگاوه‌یه ته‌مه‌نی خۆی تێدا درێژكاته‌وه. ئه‌م زۆنگاوه لێره‌و له‌وێ له‌نێو كه‌ڵه‌كه‌بوونی رووداوه‌كاندا دروست ده‌بێت، ده‌بێته زه‌مه‌نێكی تایبه‌ت كهڕۆحی سه‌رده‌م له‌گه‌ڵ خۆیدا رائه‌كێشێت، له‌هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی ده‌ئاڵێت، لولی ده‌دات و هیلاكی ده‌كات. ئه‌م زۆنگاوه له‌دوای كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زمونه‌كان شوێنێك ده‌دۆزێته‌وه، تێدا زه‌مه‌نی خۆی، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانی تردا ده‌كات. زه‌مه‌نی زۆنگاوه‌كه، ده‌بێته زه‌مه‌نی باڵاده‌ست، ژیان له‌بن قوڕولیته‌ی ئه‌و زۆنگاوه، له‌نێو ماسیه گۆشت خۆر و بن رووكهژههراویهكان، به‌زه‌لیلیه‌وه مومكینه. به‌گوێڕایه‌ڵی بۆ زه‌مه‌نی بۆگه‌نبوونی زۆنگاوه‌كه، ژیان توانای به‌رده‌وامی هه‌یه. شوێنی ئه‌و زۆنگاوه له‌ئه‌زمونی ئێمه‌ی كوردا، كوردستانی باشووره، ئه‌زمونی زیاتر لهههژدهساڵی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه.
سه‌ره‌تای ئه‌م زۆنگاوه له‌ئه‌زمونی شوڕشهكانمانهوه، توخمه پێكهاته‌كانی قه‌رز كردووه. ئه‌زمونی ئه‌قڵی سیاسی كوردی به‌درێژایی مێژوو له‌باكوره‌وه بۆ باشور، له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئه‌زمونێكی دووباره‌ی ئه‌قڵێكی سیاسی خێڵه‌كی پاوانخوازی ترسناك بووه. كه‌ڵكه‌بوونی هه‌ڵه‌كان بووه هه‌رجاره‌ی لهزمهنێكدا و به‌جۆرێك و لهفۆرمێكدا خۆی دووباره‌كردۆته‌وه. ترۆپكی ئه‌م ئه‌زمونه له‌شوێنێكدا جێگیر بووه، كهبارودۆخێكی مێژوویی له‌باری بۆ ره‌خساوه، توانیویه‌تی زۆنگاوێكی سیاسی بۆ خۆی دروست بكات، زه‌مه‌نێك دروست بكات كه‌ناوی ده‌نێم (زه‌مه‌نی زۆنگاوه‌كه).
تێرسن له‌شانۆگه‌ری (ئهستێلكه مه‌زنه‌كه) دا، كه‌برای نوسه‌رمان(فاروق هۆمه‌ر) له‌ئینگلیزیه‌وه وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی. باس له‌دوو كه‌س ده‌كات له‌به‌رده‌م به‌نداوێكی گه‌وره راوه‌ستاون، یه‌كێكیان رۆشنبیرهو ئه‌ویتریشیان خزمه‌تكاری ئهستێلكهكهیه. ره‌ونه‌قی ئهستێلكهكه له‌به‌ر تیشكی مانگ، حه‌زی مهلهكرن ده‌بزوێنێت. به‌ڵام ئه‌وه خزمه‌تكاری به‌نداوه‌كه‌یه، ئه‌وه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ ئهستێڵكه مه‌زنه به‌سه‌ر بردووه، ده‌زانێت له‌پشت ره‌ونه‌ق و روونی و جوانی به‌نداوه‌كه، توخمێكی كوشنده‌ی نه‌بینراو خۆی شاردۆته‌وه. توخمێكی كوشنده هه‌موو ئه‌وانه بۆ نێو قوڵایی خۆی، بۆ ئه‌به‌د په‌لكێشده‌كات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو رۆژ به‌ڕۆژ به‌نداوه‌كه له‌ملاو له‌ولا درزی تێده‌كه‌وێت، رۆژێك دێت، ده‌ته‌قێت ئه‌و كوشنده‌ییه په‌لده‌هاوێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی و هه‌موو دنیا وێرانده‌كات. ئیرۆنیهكی سه‌یره، گاڵته‌جاڕیه‌كی بێوێنه‌یه له‌هه‌رێمی ئێمه‌دا چه‌نده‌ها به‌نداوی ئاوه‌ها نه‌ك ره‌مزیانه ته‌قیونه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئه‌قڵی ئیداری هه‌رێم به‌نداوی ئاوه‌های به‌فیعلی دروستكردووه، كه‌له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م لافاودا ته‌قیونه‌ته‌وه. ته‌قینه‌وه‌ی ره‌مزی دنیای به‌نداوی ترسناكی زۆنگاوی سیاسی، په‌لی هاویشتۆته دنیای ریاڵی كوردیه‌وه، پهلیهاوێشتۆتهوه كولتوری سیاسی و خه‌ونمان به‌داهاتوویه‌كی دیموكراسیانه‌وه.
به‌نداوی ئه‌قڵیه‌تی زۆنگاو له‌چركه‌ساتێكی پێگه‌یشتنی مێژوویدا، له‌گه‌نده‌ڵیدا، درزی تێكهوتوهو و ده‌یه‌وێت هه‌موو كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ خۆیدا رابداته نێو بێ ئیراده‌یی و تاریكی. لێره‌وه ئه‌قڵیه‌تی سیاسی كوردی زۆنگاوێكی سه‌یری له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه پێكهێناوه، رۆژ به‌ڕۆژ توخمهترسناكه، مونۆپۆڵخوازیهكهی به‌حوكمی دهستبهسهرگرتنی ده‌سه‌ڵات و سامانی نه‌ته‌وه‌دا، هه‌موو سنورێكی مۆراڵ و سیاسه‌تی به‌زاندووه. دیاره ساڵانێكی دوورودرێژه قسه له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی ئه‌م زۆنگاوه ترسناكه ده‌كه‌ین كهبهوهحشیهتهوه په‌لاماری ژیانیداوه و ده‌یه‌وێت لهزۆنگاوهكهوه، سه‌رجه‌م ژیانی ئێمه له‌خۆیدا گێژدا. ده‌یه‌وێت هه‌مووان بۆنی قه‌وزه ریاكارهكانی ئه‌و له‌خۆمان بده‌ین و له‌سه‌ر نه‌زمی شه‌پۆله‌كانی ئه‌و گهمهبكهین، زۆنگاوه‌كه ده‌یه‌وێت ببێت به‌ژیان به‌پڕاوپڕی مانا. ئه‌م زۆنگاوه نه‌بینراوه سیاسیه، له‌ئه‌زمونی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌زمونی سیاسی پارتی و یه‌كێتیدا خۆی به‌رجه‌سته كردووه، له‌زه‌مه‌نێكی ره‌مزیه‌وه، لهزۆنگاوێكی سیاسیه‌وه، ده‌یه‌وێت ته‌واوی رووبه‌ره‌كانی ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی ئێمه داگیر بكات.
له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م زۆنگاوه ترسناكه، به‌شێكی زۆر له‌ڕۆشنبیران به‌ڕه‌ونه‌قی نوێنه‌رانی ئه‌و زۆنگاوه هه‌ڵخه‌ڵه‌تان، وه‌ك چۆن له‌شانۆگه‌ری ئهستێڵكهمهزنهكهدا، (چێرچ)ی رۆشنبیر، به‌ڕه‌ونه‌ق و جوانی ئهستێلكهكه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێت. زۆر له‌ڕۆشنبیران وه‌ك به‌شێك له‌به‌رگریكردن له‌قه‌واره و شه‌ڕكردن له‌دژی فاشیه‌ت پشتگیری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان كرد. چ بهبێدهنگبوونیان به‌رامبه‌ر تاڵانیهكانیان، چ به‌به‌شداریكردن بێت له‌هه‌موو بواره‌كانی حیزب و بڵاوكراوه‌كانیاندا. هه‌ندێكیان به‌و ره‌ونه‌قی به‌رگریكردنه له‌قه‌واره‌ی كوردی سه‌رسامبوون، به‌شێكی دیكه‌یان بڕیاریان دابوو ئه‌ركی نوسه‌ری وسیاسی و رۆشنبیریان فڕێده‌نه نێو بێده‌نگیه‌وه. ئه‌م زۆنگاوه رۆژ به‌ڕۆژ له‌كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی كینه و بوغز و رق و كۆنه‌قین و تاڵانیه‌وه خۆی پێكده‌هێنا. چیرۆكی ئه‌م زۆنگاوه له‌یه‌كه‌م پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێم خۆی ئاشكراكرد، هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه چوو، كه‌چی ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌یه‌كتری قبوڵنهدهكران، ئیدی سیاسی لهفیگورێكی مرۆڤێكی شۆڕسگێرهوه بوو به فیگورێكی سته‌مكاری به‌ته‌ماعی چڵێس. ده‌بوایه هه‌رێم بكرێت بهزۆنگاو، ده‌بوایه سامانی ئه‌م زۆنگاوه بۆ هه‌ردوولا بێت، ئه‌وه‌ی ناوی ژیانی مه‌ده‌نیه‌و له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی تێدابوو، ئه‌وه به‌ر په‌لاماری بێ مووچه‌یی و نانبڕین، برسیكردن و ئیفلیجی ئیداریی كه‌وت، كه‌ئه‌وسا ناوی بۆشایی ئیداریان لێنابوو. سه‌یر له‌وه‌دایه بۆشاییه‌كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ بهئیدارایهكی راسته‌قینه پڕنه‌بۆته‌وه، ئه‌وه‌ی كهههژدهساڵه هه‌یه، ئه‌قڵیه‌تێكی په‌نگخواردووی زۆنگاو ئاسایه، ئه‌قڵیه‌تێك كهكولتوری سیاسه‌ت ده‌كات بهنێچیرێكی باش بۆ چڵێسی و ته‌ماعه لهبنههاتووهكانی. ئیدی ئه‌مه چ رۆحێكی هیلاكی هاوڵاتیان بوو له‌نێو ئه‌و زۆنگاوه‌دا ئاسۆگه‌كانی له‌به‌رده‌مدا كزده‌بوو، ئه‌وه چ رۆحێكی نا‌ئومێد بوو ده‌روازه‌كانی ژیانی به‌ڕوودا داده‌خرا. لێره‌وه دروستكردنی مۆدێلی (مرۆڤی نا‌ئومێد) یه‌كه‌مین پرۆدۆكتی ئه‌م ئه‌قلیه‌ته زۆنگاوییه بوو. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مۆدێله، ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ستی كوردی، بهمیكانزمێكی وهئاگاوه، كاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی مۆدێلێكی دیكه‌ی مرۆڤ كرد، كه‌به (مرۆڤی زۆنگاو) ناویده‌به‌ین.
مۆدێلی (مرۆڤی زۆنگاو) ره‌گه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌عسیزم، وه‌ك توخمێكی شۆڤێنی و فاشیستیهكی پان عه‌ره‌بیزم. به‌عس ئه‌ندامه‌كانی خۆی به‌جۆرێك په‌رورده ده‌كرد كه‌خاوه‌نی هیچ كه‌رامه‌تێكی مرۆیی نه‌بن، ته‌نانه‌ت له‌چوارچێوه‌ی پارتهكهشیاندا خاوه‌نی رای سه‌ربه‌ست نه‌بوون، به‌مجۆره رووی به‌عسیه ئۆرگینالهكان له‌نێو ژیانی كۆمهڵكهدا، هه‌میشه روویه‌كی به‌د و ناشرین بووه. له‌دواجاردا به‌عس ئه‌وه‌نده مرۆڤه‌كانی نێو حزبه‌كه‌ی خۆی، به‌تایبه‌ت كادێر و ره‌فیق و ئه‌ندامه باڵاكانی سووك ده‌كرد، كه‌جگه له‌حیزب و سه‌رۆك نه‌بێت له‌هیچ شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا جێگه‌یان نه‌بێته‌وه. لێره‌وه هه‌وڵدان بۆ به‌عسیكردنی كۆمه‌ڵگه، جگه له‌و ناواخنه سیاسیه شۆڤێنزمهی هه‌ڵگری بوو، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ڵگری گرێ ده‌روونیه‌كانی گروپه‌ی به‌عسیه‌كانیش بوو له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. فۆرمكردنی كۆمه‌ڵگه و رووتاندنی له‌بڕیاردان و هه‌ڵبژاردن و ئازادی و ملكه‌چی بێ مه‌رج، بۆ راپێچكردنیان بۆ جه‌نگه‌كان سیاسه‌تێكی دنیای ترسناكی به‌عس بوو. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌مجاره‌یان له‌دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان و له‌دوای رووخانی سه‌دام به‌ئێجگاری، ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌په‌نابردن به‌رده‌م نانبڕین و تاڵانی سامانی گومرگ و پاشان شه‌ڕی ناوخۆ و له‌دوا وێستگه‌شدا ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی پشكی كورد كهلهسهداحهڤدهی سامانی نه‌وتی ئێراقی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه جگه له‌به‌كارهێنانی سیاسه‌ته‌كانی تۆقاندن له‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی زانیاری و پاراستن و ئاسایش و دژه‌تیرۆره‌وه.. هه‌موو ئه‌م ئامڕازانه وه‌گه‌ڕخراون بۆ دروستكردنی (مرۆڤی زۆنگاو)، ئه‌مه هه‌مان میتۆدی كۆنینه‌ی به‌عسه له‌فۆرمێكی دیكه‌دا، كه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ پیاده ده‌كرێت.
له‌م بێوگرافیا غه‌مباره‌وه ده‌گه‌ینه به‌رده‌می دوو مۆدێل له‌مرۆڤ، كه‌ئه‌م ده‌بێته ته‌واوكه‌ری ئه‌ویتر و ئه‌م كار له‌سه‌ر ئه‌یتر ده‌كات. مۆدێلی (مرۆڤی زۆنگاو) و (مرۆڤی نا‌ئومێد) ده‌بنه دوو ئه‌ڵقه‌ی ته‌واوكه‌ری یه‌كتری، ئیشی مۆدێلی زۆنگاو كاركردن بووه له‌سه‌ر بڵاوه‌كردنی (نائومێدی)، به‌مانای دروستكردنی (مرۆڤی نا‌ئومێد) بووه. به‌مجۆره خه‌ونه‌كانی كوردستانی بوون و هاوڵاتیبوون و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موویان پابه‌ند بوون به‌پێكه‌نینی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكایی و موخابه‌راتی ده‌وروبه‌ر. ئیدی (ئومێد) له‌نێو (نائومێدیدا) پابه‌ند بوو به‌پێكه‌نینی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی زۆنگاوێكی سیاسی، كه‌تائێستا سته‌مكارانه خۆی وه‌ك دڕنده‌یه‌كی نادیار درێژده‌كاته‌وه. به‌مجۆره جۆرێك ئومێدێك له‌نێو ئه‌و له‌شكره نائومێده‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردبوو كه‌من به(ئومێدی قه‌ڵب) ناوی ده‌به‌م، ئومێدی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌به‌دی و پارتی سه‌روه‌ر لهپێچێكی مێژوویدا هه‌موو ئه‌م هه‌ڵانه له‌چواچێوه‌ی خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات. هه‌ڵگرانی ئومێدی ساخته ناتوانن مه‌زنده‌ی ئه‌وه بكه‌ن كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی سه‌روه‌ر و سه‌ركرده، مرۆڤ هه‌بێت بتوانێت دنیای خۆی بگۆڕێت. ئه‌م مرۆڤه ئه‌وه‌نده نا‌ئومێد كراوه كه‌توانای خه‌ونبینی نه‌ماوه، ئیراده‌ی ئه‌وه‌نده زه‌وتكراوه، فانتازیای توانای ئه‌وه‌ی نیه گۆڕانكاری له‌ده‌ره‌وه‌ی پارته‌كه‌ی مه‌زنده بكات. ئه‌م مرۆڤه ئه‌وه‌ی له‌بیركردووه كه‌ئه‌وه ئیراده‌ی مرۆڤه‌كانه پارت و سیاسه‌ته‌كان پێكده‌هێنێت، حكومه‌ته‌كان دروستده‌كات و ده‌یڕووخێنێ وده‌چێته نێو جه‌نگه‌كانه‌وه دژی فاشیه‌ت، شه‌ڕ بۆ ئازادی و نانی خۆی ده‌كات. ئه‌وه ئیراده‌ی مرۆڤه كه‌ئه‌م دنیایه قه‌ره‌باڵغه‌ی دروستكردووه، ئه‌مه ئیراده‌یه فانتازیایه‌ك بۆ گۆڕان پێكده‌هێنێت، شۆبنهاوه‌ر ده‌ڵێت: دنیا فانتازیای منه.. ئه‌مه ئیراده‌یه كهدنیا ده‌كاته فانتازیه‌كی به‌رینی كارله‌سه‌ر كرا‌و. ئه‌م مرۆڤه نائومێده‌ی نێو زۆنگاوه‌كه ئه‌وه‌نده نا‌ئومێد كراوه كه‌هه‌موو فانتازیایه‌كی سیاسی لێزه‌وتكراوه، ئومێده‌كانی ته‌نها ئومێدێكی ساخته‌ن، كه‌مرۆڤی زۆنگاو بهگوێچكهیدا ده‌چرپێنێت، به‌وه‌ی هه‌موو باش و خراپه‌كان، هه‌موو چاره‌سه‌ر و كێشه‌كان لهزۆنگاودایه و ده‌بێت له‌نێو زۆنگاوی سیاسی‌دا چاره‌سه ر بكرێت. ئه‌وه مرۆڤی زۆنگاوه بهنائومێد ده‌ڵێت: من هه‌ڵبژێره چونكه من قه‌ده‌ری نه‌گۆڕی تۆم.
به‌ڵام باسهرنجێكی خێرا له‌و مرۆڤه نائومێده بده‌ین ، كهئهقڵیهتی زۆنگاو ره‌وانه‌ی نێو به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌كانی ناوخۆی كردووه. له‌زه‌مه‌نێكی تردا ده‌ینێرێته به‌رده‌م سنوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن. ئه‌م نائومێده هه‌ر له‌خۆڕاو له‌شه‌و و رۆژێكدا دروست نه‌بووه، به‌ڵكو بهپڕۆسهیهكی ماڵیكردنی له‌سه‌رخۆدا تێپه‌ڕیووه، كه‌ژیانی ناو زۆنگاوه‌كه فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ری بووه. ده‌توانین سه‌ره‌تاكانی نائومێدی له‌بێده‌نگی له‌به‌رامبه‌ر سته‌مكاری كوردیدا بدۆزینه‌وه، له‌كورده ناموسیهكی بێ‌مانا وه‌های له‌م مرۆڤه نائومێده كردووه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بێت ئه‌م هێزانه پاشگه‌زبنه‌وه له‌و سیاسه‌ته چه‌وته‌یان. یاخود بڕوای به‌خۆی هێناوه كه‌هێزه ده‌ره‌كیه‌كان و بارودۆخه‌كه لێپسراوی ئه‌م هه‌موو ستهمكاریهن، نه‌ك جه‌وهه‌ری ئه‌قڵیه‌تی سیاسی باڵاده‌ست. ئه‌م مرۆڤه نائومێدانه له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی گۆدۆتدا، به‌ژماره‌یه‌كی بێ‌شومار ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبان پێكهێناوه، تائێستاش له‌و (ئومێده‌یان كهلهنائومێدیدا بۆته ئومێد. خه‌ون ده‌بینین بهگۆدۆتی حیزبه‌وه وه‌ك فریادڕه‌سێك، تائێستاش خۆیان به ئومێدی قهڵبهوه هه‌ڵواسیوه و له‌وانه‌یه له‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌شدا جارێكی دیكه هه‌مان هه‌ڵه‌ی پێشوو دووباره بكه‌نه‌وه.
به‌دیوێكی تردا ئه‌و كاره‌ی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه بووه پڕۆژه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م ئه‌قڵه سیاسیه زۆنگاوییه، پێداچونه‌وه نه‌بوو به‌هه‌ڵه‌كانی رابوردوو، به‌ڵكو به‌رده‌وامی بوو لهبهزۆنگاوكردنی دنیای وێران وكاركردن بوو له‌سه‌ر كه‌سێتی رۆح برینداری كوردی. كاریان له‌سه‌ر كردنی (زۆنی ئارام) كهخۆرئاوا بۆ پاراستنی كوردی داینابوو، بۆ (زۆنگاوێكی ئارام). چه‌نده مرۆڤی كورد خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی بۆ یه‌كمجار بوو هێزی ده‌وه‌ڵه‌تی ناوی ده‌بات و ده‌یپارێزت لهكهڵبهی شۆفێنزمی پان عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌نده‌ش نا‌ئومێد بوو به‌بوونی به‌هاوڵاتی له‌م زۆنه ئارامه‌دا. لێره‌وه عهبهسیهتێك، پوچگهراییهك، جۆرێك لهنهلیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی به‌ره‌و دووڕێگهچارهسهر برد، یان ده‌بوایه زۆنگاو به‌جێبهێڵێت و به‌ره‌و ژیانێكی دیكه مه‌نفایه‌كی بێ‌مانا و سه‌خت هه‌ڵبژێرێت، یاخود به‌ناچاری لهزۆنگاوهكهدا بمێنته‌وه و گۆڕانكاری ئه‌نجامبدات. دیاره ئومێدی (نائومێدێك به‌گۆڕان) جیاوازه له‌و مرۆڤه نائومێده‌ی كه‌حیزبی كوردی به‌رهه‌می هێناوه. نائومێدی یه‌كه‌م، نائومێدی حزبی، هیوای به‌هیچ گۆڕانكاریه‌ك نه‌ماوه و هه‌ویرێكی ئاماده‌یه بۆ به‌شداری له‌پێكهێنانی زۆنگاوه‌كه. دیاره پاداشتی بچوكیش له‌م به‌رامبه‌ره‌دا زیاتر ئه‌م نائومێدیه ده‌كات بهزۆنگاویزم. به‌ڵام نائومێدی دووه‌م هه‌وڵده‌دات له‌نائومێدی خۆیدا گۆڕانكاری بكات و كایه‌یه‌كی فكری و رۆشنبیری بۆ خۆی پێكدێنێت كه‌له‌داهاتوودا كاری له‌سه‌ر ده‌كات. به‌دیوێكی تردا (پوچگه‌رایی) و نیهلیزم له‌باره فهلسهفیهكهیدا، له‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا، ره‌خنه‌گرتنێكی تونده له‌هه‌موو كۆنه‌خوازی و له‌جه‌وهه‌ردا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه لهستهمكاریهكانی سوستێمی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی باو. ئه‌م خوێنده‌وه‌یه بۆ عه‌به‌سیه‌ت ره‌هه‌ندێكی ئومێدگارانهیه بۆ ژیان، هیوایه‌كه بۆ دروستكرنی مۆدێلێك مرۆڤی سه‌ربه‌ست و ئازادتر له‌وه‌ی كه‌هه‌یه. به‌ڵام (پوچگه‌رایی شه‌ڕانیه‌كان) كاره بۆ نائومێدكردنی مرۆڤ، له‌پێناو كردنی بهكۆیلهیهكی ده‌سه‌ڵاتێك، كهپهل بۆ ئه‌به‌دیه‌ت ده‌هاوێت. لێره‌وه ساده‌و ساكاری شهڕانیهكیان، یاخود (كاڵفامی پیاوخراپان) به‌ته‌عبیری (هانا ئاڕێنت) مرۆڤ ده‌كاته ئۆبێكتێكی كار له‌سه‌ركراو، مرۆڤ ووردهكاتهوه بۆ ئامڕازێكی ده‌سه‌ڵات، رووتی ده‌كاته‌وه له‌ماناكانی خۆی.
سیفه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌م ئهقڵهسیاسیه زۆنگاوخوازیه ده‌ركردنی مرۆڤه له‌هاوكێشه‌ی سیاسی. مرۆڤ له‌هه‌موو میكانزمه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی زۆنگاودا بونێكی په‌راوێزخراو و دوورخراوه‌یه، نامۆیه به‌هه‌موو كرده‌یه‌كی سیاسی. تاوه‌كو ئێستا سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی كاری له‌سه‌ر رووتكردنه‌وه‌ی ماناكانی هیومانیهت كردووه له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، مرۆڤ دواشته له‌سیاسه‌تی ئه‌ودا بیری لێبكرێته‌وه. مرۆڤ له‌نێو بازنه‌كانی ئه‌قڵیه‌تی سیاسی زۆنگاوخوازدا ئۆبێكهته، شتێكی مه‌وزوعیه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام خودێكی هیومانی و سوبێكت نیه. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌یر نیه كهمیكانیزمی ئیداره‌ی كوردی له‌ئه‌زمونی هه‌ژده‌ساڵی خۆیدا، كاركردن بووه بۆ رووتكردنه‌وه‌ی مرۆڤ لههیومانیهتی خۆی، كردنی بووه بهكۆیلهیهكی كه‌ڕوڵاڵ. له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌وڵیداوه گه‌نده‌ڵی بكاته كو‌لتورێك بۆ ژیان.
دیاره چه‌ند ساڵه خه‌ڵكی له‌نێو ئه‌و زۆنگاوه رهمزیهدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌موویان ملیان بۆنه‌داوه، هه‌موو ئیراده‌ی خۆیان نهشكانۆتهوه بۆ یاریه سیاسیه ترسناكه‌كانی، خۆیان بۆ سامان و رهونهقیهكانی شلنهكردووه. ئه‌م ملنه‌دان و شه‌ڕی ئیراده‌گه‌ری و ته‌نانه‌ت خوێناویه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌نێو زۆنگاوه‌كه وه‌ك شوێن و له‌ده‌ره‌وه‌ی زۆنگاوهكهش بۆ نێو هێزی باڵاده‌ستی زۆنگاوه‌كه ئاڕاستهكراوه. ئه‌م ئیراده‌یه بۆ گۆڕان نێزیك بۆته‌وه لههاوكۆیهتی، لهبهرگریكرندێكی رۆشنبیرانه‌وه و تێزی ره‌خنه‌گرانه‌وه خه‌ریكه ده‌بێته ئیراده‌یه‌كی سیاسی هاوكۆ، بێگومان سه‌ره‌ڕای جیاوازی دنیابینی هه‌ریه‌كه، هاوكۆییهك هه‌یه بۆ تێپه‌ڕبوون به‌نێو ئه‌م زۆنگاوه و جێهێشتنی له‌نێو زه‌مه‌نی خۆیدا تاوه‌كو به‌ته‌واوه‌تی ووشك ده‌كات...