Print
 پڕوپاگه‌نده ‌یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن
Thursday, July 2, 2009
 پێشڕه‌و جه‌مال

پڕوپاگه‌نده ‌یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دو تێرمی سیاسین و به‌کاردێن له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵبژاردنه ‌گشتیه‌کاندا بۆ
به‌ئاگاهێنانی ده‌نگده‌ران به‌لیسته‌ جیاوازه‌کان و بۆ زیاتیر وشیارکردنه‌وه‌یان له‌به‌رنامه‌و کاری ئه‌و لایه‌نه‌که‌ ئاماده‌ی کردوه ‌بۆ چه‌ند ساڵی داهاتو، هه‌ر له‌رێی پروپاگه‌نده‌وه‌ لیسته‌ جیاوازه‌کان ده‌توانن کێبڕکێیه‌کی سیاسی ئه‌نجام بده‌ن هه‌مو هه‌وڵێکیان بخه‌نه‌کار بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به‌رنامه‌کانیان و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر میله‌ت به‌ شێوازێکی راستیانه، ‌به‌بێ ناوزڕاندنی هیچ کام له‌کاندیده‌کان، ئه‌م پرۆسه‌ش ئه‌نجام ده‌درێت به‌هاوکاری ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و کۆڕوکۆبونه‌وه ‌ئه‌و بودجه‌یه‌ی که ‌بۆ ئه‌م پڕۆسه‌ دابین ده‌کرێت له‌هه‌ندێ وڵات له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بۆیان دابین ده‌کرێت یاخود له‌رێی ئابونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی حیزب و هه‌ندێجار له‌لایه‌ن که‌سانی سه‌رمایه‌داره‌وه‌ سپۆنسه‌ر ده‌کرێن.

 پڕوپاگه‌نده ‌یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ڕاستیدا یه‌ک مانا ده‌به‌خشن ئه‌ویش ته‌نها کارکردنه‌ بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌رکه‌وتوی ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام گه‌ر بێت و ئاورێک له‌حیزبه‌کانی رۆژئاوا بده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین هێنده‌ی وشه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کارده‌هێنن وشه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ به‌کارناهێنرێت، بێ گومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ زڕاندنی وشه‌ی پروپاگه‌ندا له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا و له‌جه‌نگی جیهانی دوهه‌م له‌لایه‌ن هه‌ردو ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری ﴿ئه‌ڵمانیای نازی﴾ و ﴿چینی کۆمونیسمی﴾ که‌ له‌رێی پڕوپاگه‌نده‌کانیانه‌وه‌ سیاسه‌ته‌کانیان به‌سه‌ر میله‌ت دا ده‌سه‌پاند و ده‌بوه‌ به‌ربه‌ستێکیش بۆ هه‌ر فکرو ئایدۆلۆژیایه‌کی نوێ ـ بۆیه ‌ئێستاش زۆر له ‌ئێمه ‌وشه‌ی پڕوپاگه‌نده ‌به‌ وشه‌یه‌کی نه‌گه‌تیف ده‌بینین له‌کاتێکدا ‌هه‌مان مانای ده‌بێت وه‌ک بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ هه‌وڵدانێکه ‌بۆ گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌یه‌ک.

جیاوازیه‌کانی پڕوپاگه‌نده‌ له‌سیستمی تۆتالیتار و سیستمی دیموکراسیدا:
 ١-  له‌سیستمی تۆتالیتاردا زه‌ختێکی زۆر ده‌کرێته ‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا به‌بێ گوێدانه‌دان به‌شوێن و کاتی ئه‌م پرۆسه‌و له‌هه‌مو شوێنه ‌گشتیه‌کاندا بڵاوده‌کرێته‌وه، ‌به‌ڵام له‌سیستمی دیموکراسیدا په‌یوه‌ست ده‌بێێ به‌و ماوه‌ی که‌بۆی داده‌نرێت و هه‌وڵ ده‌درێت له‌و شوێنانه‌دا پڕوپاگه‌ندا ئه‌نجام بدرێت که‌له‌لایه‌ن ده‌زگاکانه‌وه ‌بۆیان ده‌ست نیشان کردوه‌.
٢-  له‌سیستمی تۆتالیتاردا ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌که‌ونه ‌خزمه‌ت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو به‌درێژای کاته‌کان پڕوپاگه‌نده ‌بۆ یه‌ک لایه‌ن ده‌که‌ن و ده‌که‌ونه ‌چه‌واشه‌کردنی میله‌ت، به‌ڵام له‌سیستمی دیموکراسیدا ده‌زگاکانی راگه‌یاندن بێلایه‌نی خۆیان راده‌گه‌ێنن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن راستیه‌کان بۆ میله‌ت ئاشکرا بکه‌ن.
٣-  له‌سیستمی تۆتالیتاردا ترساندن و نانبڕینی میلله‌ت له‌هه‌ر بیروبۆچونێکی جیاواز ده‌بێته ‌فاکته‌‌رێک بۆ زیاتر به‌هێزکردنی پڕوپاگه‌نده‌و هه‌وڵ ده‌درێت هیچ ده‌نگێکی جیاواز نه‌بێت، به‌ڵام له‌سیستمی دیموکراسیدا میلله‌ت ئازاده‌ له‌هه‌مو بیروبۆچونه‌کانی و خۆی بریار له‌سه‌ر ده‌نگدانی ده‌کات.
٤-  له‌سیستمی تۆتالیتاردا سامانی میلله‌ت به‌کاردێت بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو ده‌زگا حکومیه‌کان ده‌که‌ونه ‌پڕوپاگه‌نده ‌و لادانی کاردمه‌ندانی حکومی له‌سه‌ر بیرورای جیاواز، به‌ڵام له‌سیستمی دیموکراسیدا حکومه‌ت ده‌بێته ‌حکومه‌تی  هه‌مو لایه‌ک و هیچ جۆره‌سه‌ر پێچیه‌ک قبوڵ ناکرێت.

پڕوپاگه‌نده‌و هه‌ڵبژرادنه‌کانی کوردستان:
٢٢ مانگ رۆژی ده‌ستپێکردنی پڕوپاگه‌نده‌ی قه‌واره ‌سیاسیه‌کانه ‌ئه‌شێ ئه‌م به‌رواره‌ ته‌نها بۆ ئه‌و قه‌واره‌ سیسیانه‌بێت که ‌رێز له‌به‌هاکانی پرۆسه‌ی دیموکراسی ده‌گرن و په‌یوه‌ست ده‌بن به‌و خاڵانه‌ی که‌له‌لایه‌ن کۆمسێۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ دیاری کراون، ئه‌وه‌ی جێی تێبینی و سه‌رنجه ‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ چه‌ند قه‌واره‌یه‌کی سیاسی زۆر ده‌مێکه ‌ده‌ستی پێکردوه‌و به‌رده‌وام له‌کۆرو کۆبونه‌وه‌دان بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌و پرۆژانه‌ی که‌سێ چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌بو جێبه‌جێ بکرانایه ‌زۆر له‌وه‌ش سه‌یرتر تێکه‌ڵاوکردنی حیزب و حکومه‌ته ‌بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌رهه‌مان کارو چالاکیه‌کانی حکومه‌ت له‌لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه ‌به‌خه‌ڵک ده‌فرۆشرێنه‌وه ‌و ده‌یکه‌نه ‌چالاکی حیزبی، بێگومان ئه‌مه‌ش جۆرێکه‌ له‌بێمتمانه‌ی ئه‌و حیزبانه‌و بێبه‌رنامه‌یان بۆ داهاتو، یاخود هه‌ندێجار له‌که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه ‌خه‌بات و تێکۆشانی رابرددو به‌میلله‌ت ده‌فرۆشنه‌وه ‌له‌وان وابێت هه‌مو ئه‌و ده‌نگه ‌جیاوازانه‌ تازه‌ له‌دایک بون و که‌سانی نه‌ناسراو تێکۆشه‌ر نین له‌کاتێکدا ئه‌وان ده‌نگی راسته‌قینه‌ی میله‌تن، جا بۆیه ‌هیوادارم ئیتر به‌س بێت ئه‌و شێوازی پڕوپاگه‌نده‌و له‌جیاتی هێنده ‌له‌سه‌ر خه‌بات و تێکۆشانی شاخ بدوێن که‌ به‌ره‌نج و تێکۆشانی هه‌مو ئه‌و پێشمه‌رگه ‌قاره‌مانانه ‌ئه‌نجام درا با بێنه‌ مه‌یدان و له‌کێبرکێیه‌کی سیاسی و له‌مێزگردێکی راسته‌قینه‌ به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌که‌یان کاروبه‌رنامه‌کانی داهاتویان بۆ میلله‌ت شیبکه‌نه‌وه‌و ئێمه‌ش به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین که‌ ده‌نگمان بخه‌ینه ‌پاڵ ده‌نگی ئه‌و لیسته ‌که ‌به‌ڕاستی داکۆکی له‌ مافه‌کانمان ده‌کات.

Sbeiy.com © 2007