Print
 ئه‌وانه‌ی‌ رابوردومان لێزه‌وت ده‌كه‌ن خۆیان رابوردیان نییه‌
Saturday, July 4, 2009
مامۆستا صاڵح ژاژڵه‌یی‌

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاریدا له‌رۆژی‌ 25/7/2009دا هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كورستان ئه‌نجام بدرێت و رۆژی‌ 22/6/2009 بانگشه‌ی‌ هه‌ڵبژارده‌ ده‌ست پێبكات.

یه‌كێتی‌ و پارتی‌ مانگێك پێش ئه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان ده‌ست پێكردو شوێنه‌ گشتییه‌كان و فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌تیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ كارده‌هێنا و بۆنه‌ی‌ جۆراوجۆریان رێكده‌خست به‌مه‌به‌ستی‌ پڕوپاگه‌نده‌كردن.

كاتێ‌ كه‌ له‌ 22/6/2009 به‌ فه‌رمی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ستی‌ پێكرد، به‌رپرسه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ په‌نایان برده‌ به‌ر زۆر شتی‌ ناڕه‌وا بۆ تۆقاندن و ترساندنی‌ هاوڵاتیان.

ئه‌و ره‌فتارانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌وانه‌ موچه‌ بڕینی‌ ئه‌وانه‌ی‌ بیروڕای‌ جیاوازیان هه‌یه‌. ده‌ركردنی‌ زۆر كه‌س له‌ پۆسته‌كانیان و گواستنه‌وه‌یان بۆ شوێنێكی‌ تر.

هه‌ڕه‌شه‌كردنی‌ به‌رده‌وام له‌ هاوڵاتیان كه‌ موچه‌كانیان ده‌بڕن ئه‌گه‌ر ده‌نگ بۆ لیستی‌ گۆڕان بده‌ن. به‌رپرسه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌به‌رده‌وامی‌ باسی‌ سه‌روه‌ریه‌كانی‌ خۆیان و حیزبه‌كانیان ده‌كه‌نن و پێمان ده‌فرۆشننه‌وه‌...

ئه‌وانه‌ بۆ هه‌مو شتێ‌ په‌نا ده‌به‌نه‌وه‌ به‌ر رابوردو، چونكه‌ شتێكی‌ ئه‌وتۆیان نه‌كردوه‌ و به‌رنامه‌شیان نییه‌ بۆ دوا رۆژ. خه‌باتی‌ پێشمه‌رگانه‌یان ده‌كه‌نه‌ منه‌ت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و هه‌مو ئه‌و موچانه‌ی‌ به‌ هاوڵاتیانی‌ ده‌ده‌ن و هه‌مو ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی‌ كه‌ بۆیان به‌ به‌خشیش و مه‌كره‌مه‌ی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت هاوڵاتیان ملكه‌چی‌ ئه‌وان بن.

له‌ هه‌موی‌ گرنگتر ئه‌وانه‌ی‌ له‌ سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و قسه‌ ده‌كه‌ن زۆر بێ‌ باكانه‌ و بێمنه‌تانه‌ ده‌دوێن و ده‌ست به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ ئێستا به‌ ده‌ستهاتوه‌ به‌رهه‌می‌ ره‌نج و خه‌باتی‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانه‌ و رێگا ناده‌ین كه‌س ئه‌م حكومه‌ته‌مان لێتێكبدات و له‌ ناوی‌ ببات.

زۆر شانازی‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و به‌ ده‌نگی‌ به‌رز ده‌ڵێن كێ وه‌كو ئێمه‌ ده‌توانێ‌ وڵات به‌ڕێوه‌به‌رێ‌ و وه‌كو ئێمه‌ وڵات ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان بكات، له‌ دروستكردنی‌ قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و دروستكردنی‌ رێگاوبان؟

من ده‌مه‌وێت وه‌ڵامی‌ هه‌ندێك له‌و وتانه‌ بده‌مه‌وه‌ و رونی‌ بكه‌مه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان. منیش زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م و شایه‌تی‌ ئه‌وه‌م كه‌ تا ئێستا كه‌س به‌ قه‌ده‌ر ئه‌مانه‌ گه‌نده‌ڵییان نه‌كردوه‌ و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌یان تاڵانیان نه‌كردوه‌. سامانی‌ به‌ر پرسه‌كانی‌ دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار شایه‌تی‌ ئه‌وه‌یه‌، شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌م كه‌ تا بۆیان كرابێ‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان داڕماندوه‌ و هه‌مو هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان كردوه‌ته‌ موچه‌خۆرو به‌رخۆر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ملكه‌چیان بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نان بڕینیان لێبكه‌ن ئه‌گه‌ر ده‌نگیان بۆ نه‌ده‌ن.

شایه‌تی‌ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ده‌م كه‌ هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵی‌ دوژمنه‌كان بون هه‌رگیز په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵیاندا نه‌یساندوه‌ و فه‌رمانه‌كانی‌ ئه‌وانیان جێبه‌جێ كردوه‌ و وازیان له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ میلله‌ت هێناوه‌.

شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌م كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هه‌مو ئاواته‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردیان خسته‌ گوڕه‌وه‌ و كردیانه‌ خه‌ونی‌ شاعیرانه‌. یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كیش كه‌ركوك و به‌ ئامانجه‌كانی‌ ناگات، چونكه‌ ئه‌و دو حیزبه‌ ناكۆكی‌ كۆنیان هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌ دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیانددا ده‌گه‌رێن. شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌م كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هه‌تا ئێستا هیچ ده‌ستكه‌وتێَكی‌ ستراتیجی‌ گرنگیان بۆ كورد به‌ ده‌ست نه‌هێناوه‌ و نابنه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند و ئه‌مانه‌ به‌ دوای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ سامانن.

به‌رپرسه‌كانی‌ هه‌ردو حیزب په‌یمانی‌ زۆر قه‌به‌ و گه‌وره‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن كه‌ له‌ داهاتودا خزمه‌تگوزاری‌ گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن و هه‌لی‌ كاركردن ده‌ره‌خسێنن و گه‌شه‌ به‌ ئابوری‌ وڵات ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر حیزبێك ئۆپۆزسیۆن بێ‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتا نه‌بێ‌ ئه‌م په‌یمانانه‌ هه‌تا راده‌یه‌ك به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ‌، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ 18ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌و سامانێكی‌ زۆریان له‌ به‌رده‌ستتدایه‌، ئایا كێ‌ ده‌ستی‌ گرتبون كه‌ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان نه‌كه‌ن؟

ئه‌وه‌ خێره‌ كه‌وتونه‌ته‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌مانچه‌و زه‌وی‌ و سه‌یاره‌ و پاره‌ و قیرتاو كردنی‌ رێگاكان و تاپۆكردنی‌ خانوی‌ بێ تاپۆ و زیادكردنی‌ موچه‌و دامه‌زراندنی‌ هاوڵاتیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پله‌ و پایه‌یان؟.

هه‌مومان ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی‌ ئێمه‌یه‌. به‌رتیلمان ده‌ده‌نێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێده‌نگمان بكه‌ن و له‌جاران زیاتر دزیمان لێبكه‌ن. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ئێستادا بونه‌ بازرگانی‌ شه‌ڕو چاو چنۆكانه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆریان وه‌رگرتوه‌ و له‌ حیسابی‌ هاوڵاتیان ده‌وڵه‌مه‌ند بون ژماره‌یان كه‌مه‌ و هه‌موشیان ناسراون.

رۆژێك دێت باجه‌كه‌شی‌ ده‌ده‌ن. به‌ڵام با به‌رپرسه‌كان باش بزانن كه‌ هه‌مو هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ گه‌وره‌ و بچوك و پیرو گه‌نجه‌وه‌ هوشیارن و جارێكی‌ تر ناخه‌ڵه‌تێین.

هاوڵاتیان به‌گشتی‌ گۆڕانیان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێ گۆڕان بكه‌ن بۆ به‌دێهێنانی‌ ئایینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان و دوارۆژی‌ نه‌وه‌كانیان.

دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ ده‌بمه‌ سه‌ر هه‌ره‌شه‌ ئامێزه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ رۆژانه‌ بۆنه‌ جیاجیاكاندا ده‌یانفه‌رمون و خۆیان كردوه‌ته‌ خاوه‌نی‌ هه‌مو خه‌بات و ماندوبون و سه‌روه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌مو جوانیه‌كانی‌ رابردو بكه‌نه‌ موڵكی‌ خۆیان و هه‌مو ناشرینه‌كانیش بده‌ن به‌ كۆڵی‌ ئێمه‌دا.

ده‌یانه‌وێت رابردومان لێزه‌وت بكه‌ن و سه‌روه‌ریه‌كانمان پێ بفرۆشێته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ دنیایه‌كی‌ تره‌وه‌ هاتبین، ئه‌مه‌ له‌ كاتێدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌و به‌رپرسانه‌ نه‌ك خاوه‌نی‌ هیچ سه‌روه‌رییه‌ك نین، به‌ڵكو له‌ سه‌خته‌كاندا له‌م وڵاته‌ نه‌بون و دڵۆپێك ئاره‌قیان نه‌ڕشتوه‌.

پێشینان راستیان وتوه‌: "ماڵ له‌ خانه‌ خوێ‌ حه‌رامه‌".

كاتێ‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌مان به‌ خوێن به‌ ده‌ستهێناوه‌ و رێگا ناده‌ین ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌مان لێزه‌وت بكه‌ن، یان هه‌ندێكیان ده‌فه‌رمون جارێكی‌ تر رێگا ناده‌ین دوژمنان یاری‌ به‌ چاره‌نوسی‌ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن، با بزانین مه‌به‌ستیان كێیه‌؟.

ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان ئه‌وانه‌ بێ كه‌ به‌ لیستی‌ جیاواز به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی‌ لیستی‌ گۆڕان، ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ركارێكی‌ خراپه‌ و زۆر نابه‌جێیه‌، به‌ڵكو كاره‌ساتیشه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ژێر چه‌تری‌ لیستی‌ گۆڕاندا كۆبونه‌وه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ هێنانه‌دی‌ ئایینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ دوا رۆژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. به‌شێك له‌وانه‌ كاتی خۆی‌ پێشمه‌رگه‌ بون و به‌شداری‌ خه‌باتی‌ رزگاییان كردوه‌ و چه‌ندین جار بریندار بون و له‌ سه‌ر لێواری‌ مه‌رگ گه‌ڕاونه‌وه‌. زۆریان خاوه‌ن شه‌هید و ماڵ و مناڵی‌ خۆیان و كه‌سوكاریان ده‌ربه‌ده‌ر بون و له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ راوه‌دو نراون.

به‌شێكی‌ تریان له‌ سه‌ر دڵسۆزییان بۆ شۆڕش زیندانی‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون. به‌شێكی‌ تریان كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌زی‌ شه‌هیدانن كه‌ خۆشه‌ویسترین كه‌سی‌ خۆیان له‌ ده‌ست داوه‌.

به‌شێكی‌ تریان گوندنیشینه‌كانن كه‌ دوا پاروی‌ خۆیان له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرده‌ دو له‌ته‌وه‌، به‌شێكی‌ تریان نه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ن و بێبه‌شن له‌ هه‌مو خۆشییه‌ك.

تۆ بڵێی‌ ئه‌مانه‌ هه‌وڵبده‌ن ئه‌م حكومه‌ته‌ بڕوخێنن كه‌ به‌خوێنی‌ خۆیان به‌ ده‌ستیان هێناوه‌؟. ئێمه‌ی‌ هه‌وادارانی‌ لیستی‌ گۆڕان نه‌ك حكومه‌تی‌ ده‌ڕوخێنین، به‌ڵكو وه‌كو بیلبیله‌ی‌ چاومان ده‌یپارێزین، چونكه‌ خوێنمان له‌ پێناودا رشتوه‌ خه‌باتمان بۆ كردوه‌ له‌ پێناویدا ماندوبوین و ئاره‌قمان بۆ رشتوه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ناوماڵی‌ خۆمان رێكبخه‌ین و حكومه‌ت بكه‌ینه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ چڕنوكی‌ حیزب دوری‌ بخه‌یته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌ستی‌ ئه‌وانه‌ له‌ حكومه‌ت دوربخه‌یته‌وه‌ كه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر حازری‌ و حكومه‌ته‌كه‌یان كردوه‌ته‌ گه‌نده‌ڵستان.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه‌ له‌ حكومه‌ت دوربخه‌ینه‌وه‌ كه‌ پاره‌ی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ لێده‌شارنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ داهاتی‌ گومرگ و فرۆشتنی‌ نه‌وت و باجمان لێزه‌وت ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌شارنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ گریێبه‌ستی‌ وه‌همی‌ مۆر ده‌كه‌ن بۆ سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه‌ بێ‌ ده‌ست بكه‌ین كه‌ سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌كه‌ن و سامان كۆده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ین خه‌مخۆر و دۆستی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌ك ئه‌وان.

تۆ بڵێی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێئاگا بن و جیاوازی‌ ئێمه‌ و ئه‌وان نه‌كه‌ن؟ تۆ بڵێی‌ ئه‌وانه‌یان له‌ ئێمه‌ پێباشتربێ‌ له‌ ئێمه‌ كه‌ رۆژگارێك بو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ نزیك گوندێًكدا ئاشكرا ببوایه‌ گونده‌كه‌شیان ده‌سوتاند؟

له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ كه‌ ئێستا زۆر ده‌م گه‌رمن و زۆر بێ باكانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان هه‌مو ئه‌مه‌ی‌ ئێستایان به‌ ده‌ستهێنا بێ، به‌ڵام له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ئه‌وان له‌سه‌قاوه‌تی‌ وڵاتێكی‌ ئه‌وروپادا خه‌ریكی‌ سه‌ماكردن بوبن له‌ ساڵرۆژی‌ له‌ دایك بونی‌ سه‌ركرده‌دا.

تۆبڵێی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وانه‌یان له‌ ئێمه‌ پێباشتربێ‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1990 له‌ وڵاتێكی‌ ئه‌روپا ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ نه‌بوه‌ له‌ سه‌ر دۆزی‌ كوردو وتویه‌تی‌ من كاسپی‌ ده‌كه‌م و حیزبی‌ نیم.  

تۆ بڵێی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌وانه‌یان پێباشتربێ‌ له‌ ئێمه‌ كه‌ رۆژگارێك خه‌ریكی‌ له‌تكردنی‌ یه‌كێتی‌ بون و گه‌وره‌ترین سوكایه‌تیان به‌ شۆڕش ده‌كرد؟

تۆ بڵێی‌ ئه‌وانه‌یان پێباشتربێ‌ له‌ ئێمه‌ كه‌ تا ساڵی‌ 1984 عه‌سكه‌ری‌ فیرار بون و هه‌مو ئه‌مانه‌ش ئیستا ملیۆنێرن و بونه‌ته‌ ده‌مسپی‌ ئه‌م میلله‌ته‌.

تۆ بڵێی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌وانه‌یان پێباشتربێ‌ له‌ ئێمه‌ كه‌ زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ گه‌نجانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌نه‌ قوربانی‌ خۆیان و گه‌وره‌ترین دوژمنایه‌تییان بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ دروستكردون و ئێستاش له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی‌ سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌ مویان به‌ به‌ره‌وه‌ ناچێ‌؟.

ئه‌گه‌ر هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جیاوازی‌ ئێمه‌ و ئه‌وان نه‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وانیان لا باشبێ جارێكی‌ تر حه‌قیان نییه‌ گله‌یی‌ بكه‌ن و ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستایان پیرۆز بێ.

ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ شانازی‌ به‌ رابردوه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و رابردوه‌ هی‌ ئێمه‌شه‌ و هه‌مومان به‌شدارین له‌ باشه‌ و خراپه‌ی‌ رابوردو.

هه‌ر وه‌كو وتم لیستی‌ گۆڕان چه‌ترێكه‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئایینده‌یه‌كی‌ گه‌شی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بێ‌ جیاوازی‌ بیروڕا. ئێمه‌ داوای‌ چاكسازی‌ و پاكسازی‌ و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سه‌روه‌ری‌ یاسا ده‌كه‌ین ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت شه‌فافیه‌ت له‌ هه‌مو شتێكدا هه‌بێ و گه‌نده‌ڵی‌ نه‌مێنێ‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بگۆڕین به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌واندا بێت.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گۆڕان بكه‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌، لیستی‌ گۆڕان هیوای‌ هه‌موانه‌ و گومانی‌ تێدا نییه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و هه‌مو هاوڵاتیان له‌ ژێر چه‌تری‌ خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ‌ گۆڕان بكرێ و ئایینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ خۆتان و نه‌وه‌كانتان و ده‌سته‌به‌ر بكرێ‌ ده‌نگ به‌ لیستی‌ گۆڕان بده‌ و رێگا مه‌ده‌ مشه‌خۆره‌كان و ئه‌وانه‌ی‌ رابوردویان نییه‌ ببنه‌ خاوه‌نی‌ رابوردوی‌ خۆتان.

با هه‌مومان ده‌نگ به‌ لیستی‌ گۆڕان بده‌ین بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ دامو ده‌زگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ده‌ستی‌ پیسی‌ مشه‌خۆره‌كان.

Sbeiy.com © 2007