Print
 رۆژمێری‌ هه‌ڵبژاردن
Saturday, July 11, 2009
  سه‌ردار قادر

 به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ساته‌وه‌ختی‌ راپه‌رین، دێته‌وه‌ یادمان رۆژمێری‌ راپه‌رین، هه‌ر رۆژه‌ی‌ شارێك، شارۆچكه‌یه‌ك رزگار ئه‌كراو بێ‌ ویستی‌ خۆمان رۆژمێرێك دروست بو بۆ راپه‌رین...

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رۆژگاری‌ ئه‌نفال، دێته‌وه‌ یادمان رۆژمێری‌ ئه‌نفال، هه‌ر رۆژه‌ی‌ ناوچه‌یه‌ك و چه‌ند دێ‌ یه‌ك ئه‌نفال ئه‌كراو و وێران ئه‌كراو خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بێ‌ سه‌رو شوێن ئه‌كرا...

به‌ كات رۆیینی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌بێته‌ یادوه‌ری‌ بۆمان، هه‌ر رۆژه‌ی‌ شارێك بانگه‌شه‌ ده‌ست پێئه‌كات، هه‌ر رۆژه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك و لێشاوی‌ خه‌ڵكییه‌ به‌ره‌و شوێنێك ئه‌ڕوات، هه‌ر رۆژه‌ی‌ مانشێتێك و هه‌واڵێك...

هه‌موی‌ رۆژمێرێكه‌ و له‌ یادوه‌ربماندا ئه‌مێنێ‌...
كامه‌ یادوه‌ری‌؟
ئه‌نفال چی‌ بۆ به‌جێهێشتین؟
كۆمه‌ڵێك ئازار و ون بونی‌ كه‌سه‌كانمان، وێران بونی‌ دێ‌ كانمان، رۆیین به‌ره‌و سنور و گیرسانه‌وه‌مان له‌و دیو سنور...

منی‌ هاولاَتی‌ ئه‌م رۆژمێره‌ ئه‌نوسمه‌وه‌ له‌ لای‌ خۆم، منی‌ هاولاَتی‌ پرسیار ئه‌كه‌م و جێگه‌ی‌، وه‌لاَم به‌ بۆشایی‌ به‌جێ‌ دێڵم و له‌ داهاتودا هه‌وڵ ئه‌ده‌م وه‌لاَمه‌كانم ده‌ست كه‌وێت...

 یادوه‌ری‌ هه‌ڵبژاردن بۆ من :
ساڵ 1985 بو له‌سه‌ر نه‌چون بۆ جه‌یشی‌ شه‌عبی‌ خوێندكاران له‌ دوا قۆناغی‌ خوێندنی‌ زانكۆ فه‌سڵ كرام وه‌ ئه‌و كات لێپرسراوی‌ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ هێڵی‌ موسڵ بوم، به‌ره‌و شاخ رۆییم و بومه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ له‌ ساڵی‌ 1980 وه‌ بوبومه‌ ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی‌، به‌رده‌وام بوم تا دوای‌ ئه‌نفال به‌ بریارێك فه‌سله‌كان وه‌رگیرانه‌وه‌ گه‌رامه‌وه‌ بۆ خۆێندن ته‌واو كردن و به‌ردوامیش كاری‌ رێكخستن وشانه‌ چه‌كداره‌كانی‌ شالاَویشم ئه‌كرد...

ساڵ 2009 یه‌، بیمه‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تیم له‌ پله‌ی‌ مقده‌مه‌وه‌ ئه‌كرێته‌ سه‌رباز! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ من له‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌دا گۆشه‌یه‌كم هه‌بو و جارجاره‌ ئه‌نوسم و به‌ هه‌واداری‌ لیستی‌ گۆران ناوزه‌د ئه‌كرێم!

ئه‌م حاڵه‌ته‌ ته‌نها نمونه‌یه‌كه‌ له‌ زۆرینه‌یه‌ك له‌ براده‌ره‌كان كه‌ له‌وساته‌ وه‌خته‌دا له‌ رۆژمێره‌كه‌دا پێكه‌وه‌ بوین.

ئه‌مه‌یه‌ قه‌ده‌رمان ته‌نانه‌ت زوڵم له‌ مێژومان ئه‌كه‌ن؟

سه‌هۆڵه‌كه‌یه‌:
لێشاوی‌ سه‌یاره‌كان دێن و ئه‌ڕۆن بانگه‌شه‌ ئه‌كه‌ن بۆ لیستی‌ گۆڕان! ئه‌وه‌ شه‌قامی‌ كوردییه‌، ئه‌وه‌ شه‌قامی‌ كوردییه‌ به‌ هه‌مو ئازارو گرفته‌كانیه‌وه‌، ئه‌كرێت ئه‌و هه‌ڵوێستی‌ شه‌قامه‌ چاكتر ته‌عبیری‌ لێبكرێت و نه‌بێته‌ بێزاری‌ بۆ كه‌س و بكرێنه‌ داهێنانی‌ نوێ‌ له‌ بانگه‌شه‌... له‌ئێستادا هه‌مو لیسته‌كان وێنه‌ی‌ سه‌رۆك و كه‌سی‌ یه‌كه‌م به‌رز ئه‌كه‌نه‌وه‌، هه‌مو ده‌نگه‌كان له‌ یه‌ك ئه‌چن و به‌ هه‌مان ریتم بانگه‌شه‌ ئه‌كه‌ن، هه‌مان ئسلوبی‌ ساڵی‌ 1992ه‌، جیاوازی‌ كامه‌یه‌؟

لێپرسراوه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت:
هه‌مو پێئه‌كه‌نن، ماچ ئه‌به‌خشنه‌وه‌، ئه‌چنه‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان، پاره‌ ئه‌به‌خشنه‌وه‌، ره‌خنه‌ قبوڵ ئه‌كه‌ن، شار ئاوه‌دان ئه‌كه‌نه‌وه‌، په‌یمان ئه‌ده‌ن كه‌ ئیتر ولاَتمان نوێ‌ بكه‌نه‌وه‌... ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ڕی‌ به‌ پڕۆژه‌ی‌ ئه‌وان نه‌بێت، ئه‌وه‌ چقڵه‌و ده‌بێ‌ فرێ‌ بدرێت، هه‌ر خۆیانن ئه‌مانكه‌نه‌ خۆفرۆش و له‌ به‌ره‌ی‌ میلله‌ت لامان ئه‌به‌ن.

چاوه‌ڕوانین ئه‌م رۆژمێره‌ له‌ داهاتودا چی‌ ئه‌گرێته‌ خۆ؟
كێن ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م رۆژمێره‌ ئه‌نوسنه‌وه‌و له‌ یادیان ئه‌مێنێ‌؟

هه‌ر كه‌سه‌ بێناوه‌كانن... بێپشت و په‌ناكانن... ئه‌و گه‌نجانه‌ لایان ئه‌مێنێت كه‌ به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچ ئه‌كه‌ن.

 

Sbeiy.com © 2007