Print
 بەخشینی خوێن بە گۆڕان لە كەركوك
Tuesday, April 13, 2010

ئێستا كاتی ئەوە ھاتوە باسی دوبارە دروستكردنی گۆڕان بكەین لە كه‌ركوك، چونكە پاش ھەڵبژاردنەكان زۆر باسی ھۆیەكانی ناڕێكی گۆڕان لە كەركوك كرا، ھەرچەنە ھەندێك ناوی شكستیان لێنا، بەڵام من ناوی ئەنێم ناڕێكی... من نامەویێت باسی چۆنێتی رێكخستنی گۆڕان بكەم لە كەركوك لەبەر دو ھۆ، یەكەم ئەوە رەنگە زۆرتر ئیشی شارەزایانی رێكخستن بێت، ئەوەش من نیم، دوەم بە باوەڕی من بزوتنەوەی گۆڕان پێش رێكخستنی رایەڵەكانی لە كەركوك پێویستی بە بڵاوكردنەوە چەمكی گۆڕانە، پێویستی بە رونكردنه‌وه‌ی په‌یامی كوردانەی گۆڕانە لە كەركوك. بۆیە من لێرە تیشك دەخەمەسەر چۆنێتی بڵاوكردنەوەی بیرۆكەی گۆڕان بۆ زندوكردنەوەی لاشەی گۆڕان لە كه‌ركوك، ئەوەش بە بەخشینی خوێن بە ئەم بزوتنەوەیە.

بۆ؟
رون و ئاشكرایە، لە كاتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق، بون بە ھەواداری گۆڕان لە شاری سلێمانی رەنگە تاڕادەیەكیش لە شاری ھەولێر زۆر ئاسایی بو، بەپێچەوانەوە رەنگە باوڕنەكردن بە گۆڕینی بیروھزری كاركردن و لێنەپرسینەوە لە دەسەڵات دەكەوتە قاڵبی ھەلپه‌رستن و نۆكەری. بەڵام بە 90 كم لە خواروی شاری سلێمانی و سەروی شاری ھەولێر لە شارەكانی كەركوك و دھوك تەنانەت باوه‌ڕكردنی بە چەمكی گۆڕان وەك خیانەت وا بو لە دۆزی میللەت و كوردایەتی، بون بە گۆڕان پێویستی بە ھەڵوێستێكی جوامێرانە بو، چونكە رەنگە نەك تەنانەت نان بڕینی لێ دەكەوتەوە بگرە كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتیشی لێدەكەوتەوە. ئەمەش دەگرێتەوە بۆ چۆنێتی بیركرنەوە و منتاڵەتی تاكی كورد لە ئەو شاران، نەبونی بیرۆكەی یاخی بون لە كۆمەڵگاكە. كوڕە سەر بە پارتێكە یان لایەنێك چونكە باوكی و مامەی و خەزوری وان، برا گەورە حیزبێكی پێ باشە برا بچوكەكانیش ھەروەھا. چاوەڕوان مەبن زۆر بە زوی خەڵكانی كەركوك و دھۆك واز لە كەس و كاریان بێنن دوای گۆڕان بكەون، چونكە بیركردن لە ئەو ناوچانە زۆر پەیوەستە بە پەیوەندی كۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە كۆمەڵگایانە ناكرێت یاخی بن لە رۆژ و شەوێك بۆیە بۆئەوی ئەم كۆمەڵگایە رابێنی لەسەر یاخی بون پێویستی بە پشوی درێژ ھەیە و كاری زۆر لەوە زیاتر كە شارێك وەك سلێمانی یان ھەولێر پێوستی پێبێت. بە كورتی دەبێت زەمینەكە بره‌خسێنێت پاشان دەستبەكار بكەیت.

چۆن؟
1- دروستكردن و دامەزراندنی نوخبە
• دەبێت ئەم نوخبەیە لە ناو ھێلكەی گۆڕانەوە بێتە دەرەوە، نەك كۆمەڵێ كەس بن بە عەقلیەتی دەستكەوت و تۆڵەسەندنەوە كاربكەن.
• دەبێت ئەم نوخبەیە خاوەن كاریزمایەك بن بتوانن كاریگەری بكەن لەسەر دەوروبەریان، نەك تەنانەت نزیكترین كەس لە خۆیانەوە باوەڕی بە قسە و كردەوەكانیان نەبێت.
• ئەم نوخبەیە نابێت لە پڕ دەركەون، دەبێت كەسانێك بن ساڵانێك بێت دژی ئەو بارودۆخەی كەركوك بن، ئەم ھەڵوێستەیان ئاشكرابێت لە لای خەڵكی كەركوك. چونكە تۆ ناتوانیت بە رۆژ و شەوێك ببیت بە گۆڕان ئەگەر چەند ساڵێك تێی نەقوڵتابیت.
• ئەم نوخبەیە توشی قەیرانی زۆر دەبن بۆیە دەبێت پێكھاتبێت لە كەركوكیه‌كانی ناوە و دەرەوە بۆ سود وەرگرتن لە ھەردو ئەزمونەكە.

2- ختابی سیاسی
• دەنگدەری تۆ كوردن ئیتر پێویست ناكات بەشەرمەوە بانگەشەی كوردایەتی خۆت رابگەینیت.
• حیزبەكانی تر 7 ساڵە لە كەركوك حیزبی كارتۆنی عەربی و توركمانی و ئاشوری دروستدەكەن، پارەی تیاسەرف دەكەن، بەڵام ھەمو 4 ساڵ جارێك دەنگەكانیان ناگاتە 1000 دەنگ.
• بایه‌خدان بە ئەو كەسانەی دەنگت پێ دبەخشن، نەك روكردن لە وه‌ڵام دانەوەی حیزبەكانی تر چی لەسەر تۆ ئەڵێن.
• ھەبونی پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ نەتەوەكانی تر لەسەر ئاستی دبلۆماسی نەك نەتەوەیی.
• دوركەوتن لە داواكردنی پۆست لەسەر خاڵی نەتەوەیی، با پارێزگاری كەركوك توركمان بێت یان عەرەب بێت، شەرت ئەوەیە دانشتوانی كەركوك قایل بكەیت تۆ ئەلتەرناتیڤێكی جیاوازی و خزمەتی ئه‌وان بكەیت، كە خزەمەتیانت كرد، پاشان ھەمو دەنگت پێی ئەدەن. ئەوسا تۆش دەتوانیت داواكاریه‌كانت بەپێی دەنگدەرەكانت بەرز بكەیت.
• داواكاریه‌كان بۆ خزمەتكردنی خەڵك بێت نەك بۆ غروری سیاسی. من چی لە 42 بەڕێوەبەر و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و بەرپرسی پۆلیس بكەم، كە كوردن وھاوڵاتی كورد لە شارەكە لەپێش نەتەوەكانی تر رازی نین و بچوكترین خزمەتگوزاریان نیە.
• دەبێت ئەو ئاواتەی بزوتنەوەكە بە خەڵكی رادەگەێنێت لە خواستی میلەت كەمتر نەبێت، زۆریش گەورە نەبێت كە پێی جێبەجێ نەكرێت و جەماوەر باوەڕی پێ نەكەن.

3- دروستكردنی میدیای ئازاد
• گۆڕان دژ بە كارە ناڕەواكان كاردەكات، میدیای ئازادیش شایەتی بۆ ئەدات ئەگەر راست بێت، ئەگەر چەوتشبێت؟ راستی دەكاتەوە.
• میدیای ئازاد دەبێتە چاودێر لە سەر بارودۆخەكە، بێلایەنانە ھەڵسەنگادنی كارەكان دەكات، ئەوسا دانشتوانی كەركوك راستێكان بە چاوی سێیەم دەبینن كە میدیای ئازادە.
• میدیای ئازاد پێشت نابەستێت بە زانیارێكانی حیزب بۆ تەوجیھكردنی میلەت بۆیە دەبێتە چاودێر بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانیش.
• وەك سەرەتا ئەكرێت ئەم میدیایە كۆمەك لە حكومەتی ناوخۆی كەركوك وەربگرێت، بەڵام بۆ ماوەیەكی دیاریكراوی كورت بەبێ منەتی كەس و پاشان پشت ببەستێت بە ریكلامی بازرگانی.
• كۆمەڵێ رۆژنامەنوسی بەتوانا ھەن لە كەركوك، بەڵام بەھۆی نەبونی میدیا سەربەخۆ پەنایان بردۆتە حیزبەكان بۆ ئەوەی دۆر نەكەون لە كاری رۆژنامەوانی.

دەرئەنجام؟
پاش دابینكردنی ئەم خاڵانە، زەمینە لە بار دەبێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچونی جیاواز، ئەوسا دەتوانیت چاوەڕێی ئەنجامی باش بكەیت. ئەوسا كۆمەڵگا یاخی دەبێت و تەوقی دابونەریت ئەشكێنێت. رەنگە لە ئەم قۆناغە دەكرێت پێشبینی بكەیت دانشتوانی شاری كەركوك پێشوازی لە چەمكی گۆڕان بكەن. لێرە زیاتر كاری رایەڵەكان دەردەكەوێت بۆئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی ئامادەبن. رۆڵی نوخبە لێرە رەنگە كەمتر بێت بە یەكجاری بتاوێتە ناو رایەڵەكان. بەڵام نابێت لێرە دەرفەت بدەیت بۆشای دروست بێت لە نێوان گۆڕانخوازان و دەستەی بڕیاردەران. بۆئەوی گۆڕانخوازان ھەست بكەن دەنگی ئەوان بڕیارەكان دەگۆڕێت. دەبێت ھەستێكی وا بدەیت بە گۆڕانخوازان لە كەركوك كە ئەگەر ئەوان ئامادەنەبن شتەكان وەك خۆی دەمێنێت، بەڵام ئەگەر ئامادەبن زۆر دەگۆڕێت. ئینجا دێن، زۆر بە جۆش خرۆشەوە دێن... بەڵام ئەگەر ئەوان ھەست بكەن ھەبونیان وەك نەبونە، ئەگەڕێنەوە.

Sbeiy.com © 2007